رووداو هەنگاوێکی دیکە دەچێتە پێش
هیوا جەمال
وەکو یەکەم تەلەڤیزیۆنی کوردی، تۆڕی میدیایی رووداو هەنگاوێکی دیکە دەچێتە پێش، ئەویش بە برەودان بە بەدواداچوونی راستی و پشکنینی هەواڵەکان و ساخکردنەوەیان، کە بەشێکی تایبەتی بۆ فاکت چێک هەیە و لە "رۆژی هیوا جەمال" پێشکێش دەکرێت.
هەفتەی رابردوو بەشداریم کرد لە خولێکی چڕوپڕ بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەبارەی ساخکردنەوەی هەواڵ و زانیاری (فاکت چێکینگ)، راهێنانەکە لەلایەن ئەکادیمیای میدیایی فەرەنساوە بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی فەرەنسی لە بەغدا ئەنجامدرا.
رەنگە ئێستا بپرسیت، بۆچی ئەمە بۆ وەرگرەکانمان لە تۆڕی میدیایی رووداو گرنگە؟ وەڵامەکەی ئاسان دەبێت ئەگەر هەندێک بگەڕێیتەوە بۆ ئەو هەواڵە چەواشەکار و درۆیانەی کە بیستووتن، دەزانیت چەند کاریگەریی لەسەر تەندروستی و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی دروست دەکات.
بەگوێرەی توێژینەوەکان، هەواڵی ساختە و زانیاریی چەواشەکارانە زیانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی تەندروستی و کۆمەڵایەتیی بەرچاوی هەیە. ئەم زیانانە کاریگەرییان لەسەر تەندروستیی دەروونیی تاکەکان، متمانەی نێوان خەڵک و دامەزراوەکان، یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی و تەنانەت تەندروستیی گشتی دەکەن.
بەپێی توێژینەوەی رێکخراوی تەندروستیی پان ئەمریکی (PAHO) و کۆلێژی پەرستاریی زانکۆی جۆنز هۆپکینز، دەرکەوتووە چۆن زانیاریی هەڵە و هەواڵی ساختە لە سەردەمی پەتای Covid-19دا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی پابەندبوون بە رێکارە خۆپارێزییەکان، وەک بەستنی ماسک، دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و وەرگرتنی ڤاکسین. توێژینەوەکە دەریخستووە، بڵاوبوونەوەی زانیاریی نادروست، ترسی دروست کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک چارەسەری بێ بنەما و زیانبەخش بەکاربهێنن، کە راستەوخۆ زیانی بە تەندروستیی جەستەییان گەیاندووە.
توێژینەوەیەکی دیکە، کە گۆڤاری زانستیی The Lancet بڵاویکردووەتەوە، باس لەوە دەکات چۆن بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی زانیاریی هەڵە بووەتە هۆی تێکدانی هەوڵەکانی تەندروستیی گشتی. کاتێک خەڵک زانیاریی هەڵەیان پێدەگات، زیاتر مەیلیان بۆ ئەوە دەبێت کە رێنوێنییە زانستییەکان پشتگوێ بخەن، ئەمەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان زیاد دەکات.
لە رووی کاریگەری لەسەر تەندروستیی دەروونی، گۆڤاری Cyberpsychology, Behavior, and Social Networking توێژینەوەیەکی دیکەی بڵاوکردووەتەوە لەژێر ناونیشانی "پەیوەندیی نێوان بەرکەوتن بە زانیاریی هەڵە و تەندروستیی دەروونی."
ئەم توێژینەوەیە دەریخستووە کە بەرکەوتنی بەردەوام بە هەواڵی ساختە و زانیاریی چەواشەکارانە دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و سترێس. کاتێک تاکەکان بەردەوام رووبەڕووی زانیاریی دژبەیەک و ترسناک دەبنەوە، هەست بە نادڵنیایی و بێدەسەڵاتی دەکەن، کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر باری دەروونییان هەیە.
لە رووی کاریگەری لەسەر متمانەی کۆمەڵایەتی و دامەزراوەیی، ناوەندی توێژینەوەی پیو (Pew Research Center)، راپرسییەکی کردووە و دەرکەوتووە "زۆرینەی ئەمریکییەکان دەڵێن هەواڵی ساختە کێشەیەکی گەورەیە." راپرسییەکانی ئەم ناوەندە بە بەردەوامی دەریانخستووە کە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە متمانەی خەڵکی بە میدیا، حکومەت و تەنانەت دامەزراوە زانستییەکانیش کەم کردووەتەوە. کەمبوونەوەی ئەم متمانەیە دەبێتە هۆی پشێویی کۆمەڵایەتی و لاوازبوونی هاوکاریی نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران، بەتایبەت لە کاتی قەیرانەکاندا.
بەگوێرەی نوێترین راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لەژێر ناونیشانی: راپۆرتێکی فرە رەهەند لەبارەی زانیاریی چەواشەکارانە، ئەم راپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە زانیاریی چەواشەکارانە بە مەبەستی دروستکردنی جەمسەرگیریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەکاردەهێنرێت. ئەمەش دەبێتە هۆی تێکدانی یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی گرژیی نێوان گرووپە جیاوازەکان.
بە کورتی، هەواڵی ساختە و زانیاریی چەواشەکارانە تەنیا کێشەیەکی میدیایی یان سیاسی نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆسەر تەندروستیی کۆمەڵایەتی. ئەم دیاردەیە لە رێگەی:
1. تێکدانی بڕیارە تەندروستییەکان: وادەکات خەڵک پشت بە چارەسەری نادروست و زیانبەخش ببەستن و رێنوێنییە زانستییەکان فەرامۆش بکەن.
2. لاوازکردنی تەندروستیی دەروونی: دەبێتە هۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێ، سترێس و خەمۆکی.
3. دابەزاندنی متمانەی گشتی: متمانە بە دامەزراوە بنەڕەتییەکانی وەک حکومەت، میدیا و زانست کەم دەکاتەوە.
4. دروستکردنی جەمسەرگیری و پشێویی کۆمەڵایەتی: دەبێتە هۆی لێکترازانی کۆمەڵایەتی و تووندوتیژی.
بە پشتبەستن بە داتاکان، چەندین تەلەڤیزیۆن و دەزگای میدیایی لە سەرانسەری جیهاندا بەش یان بڕگەی تایبەتیان بۆ راستکردنەوەی هەواڵی ساختە و چەواشەکارانە (فاکت چێکینگ) هەیە. لەنێو دامەزراوە گەورەکانی میدیا، تۆڕی میدیایی رووداو گرنگیی بەم بەشەی کاری میدیایی داوە، ئەمە دەتوانرێت وەکو ژانرێکی نوێی میدیایی پێناسە بکرێت.
هەندێک زانیاری و داتا لەو روانگەیەوە لە دوو قوتابخانەی میدیایی ئەمریکی و ئەورووپی دەخەمەڕوو:
• TEGNA ( کۆمەڵەی پەخشی ئەمریکی):
- ناوی بڕگە: "VERIFY" یان "VERIFY This"
- ئەم بڕگەیە لەسەر 64 کەناڵی تەلەڤیزیۆنیی ناوخۆیی سەر بە TEGNA لە 51 ویلایەتی جیاوازدا پەخش دەکرێت. "VERIFY" وەک پڕۆژەیەک لە وێستگەی WFAA لە دالاس دەستی پێکرد و دواتر فراوانکرا بۆ براندێکی نیشتمانی.
• Hearst Television (کۆمەڵەی پەخشی ئەمریکی):
- ناوی بڕگە: ناوی دیاریکراو و بەردەوامی نییە، بەڵام وەک بەشێک لە هەواڵەکان و بەرهەمی هاوبەش لەگەڵ FactCheck.org پەخش دەکرێت.
- وێستگە ناوخۆییەکانی سەر بە Hearst Television، بۆ نموونە WCVB 5 لە بۆستن، پەخشی دەکەن.
• CBS News:
- ناوی بەش: "CBS News Confirmed"
- ئەمە یەکەیەکی نوێی هەواڵییە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە زانیاریی چەواشەکارانە، وێنە و ڤیدیۆی ناڕاستەقینە (دیپفەیک). "CBS News Confirmed" لە لیستی بەرنامەکانی CBS Newsدا هاتووە.
• Newsy (کەناڵێکی هەواڵی دیجیتاڵی):
- ناوی بەرنامە: "What the Fact"
- ئەم بەرنامەیە بە هاوبەشی لەگەڵ PolitiFact، کە یەکێکە لە گەورەترین ماڵپەڕەکانی راستکردنەوەی هەواڵەکان لە ئەمریکا، بەرهەم دەهێنرێت. بەرنامەکە لەلایەن ئارۆن شارۆکمان و کەیتی ساندەرز لە PolitiFact پێشکەش دەکرا و تێیدا بە بەکارهێنانی سیستمی "Truth-O-Meter" هەڵسەنگاندن بۆ لێدوانی کەسایەتییە سیاسی و میدیاییەکان دەکرا.
• PBS (کەناڵی گشتیی ئەمریکی):
- ناوی بەرنامە/زنجیرە: "Fake: Searching for Truth in the Age of Misinformation"
- ئەم زنجیرەیە ئامراز و کارامەییەکانی بیرکردنەوەی رەخنەگرانە و ستانداردە رۆژنامەوانییەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بینەران بتوانن راستی لە ناڕاستی جیا بکەنەوە و هەواڵی ساختە بناسنەوە.
- هەروەها PBS NewsHour بە یەکێک لە باوەڕپێکراوترین و بێلایەنترین بەرنامە هەواڵییەکان دادەنرێت و بە شێوەیەکی بەردەوام راستییەکان دەپشکنێت.
• Full Fact ( رێکخراوی خێرخوازیی بەریتانی):
- بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی سەربەخۆیان نییە.
- بە هاوبەشی لەگەڵ کەناڵە گەورەکانی بەریتانیا کار دەکات وەک BBC, ITV, و Sky News.
- Full Fact رێکخراوێکی سەربەخۆی بەریتانییە بۆ راستکردنەوەی راستییەکان. ئەوان لە کاتی هەڵبژاردنەکان و گشتپرسییەکاندا هاوکاریی میدیا دەکەن بۆ دابینکردنی زانیاریی پشتڕاستکراوە. زۆرێک لە کارمەندەکانیان پێشینەی کاری تەلەڤیزیۆنییان هەیە، بۆ نموونە کریس مۆریس کە پێشتر بەرپرسی "BBC Reality Check" بووە.
لە کوردستان و عێراق زانیاریی هەڵە وەکو هەر شوێنی دیکە هەن، تۆڕی میدیایی رووداو وەکو ئەرکێکی نیشتیمانی و رۆژنامەڤانیی کار لەسەر راستکردنەوەی هەواڵە ساختە و چەواشەکارەکان دەکات.
رەنگە چیدیەک ئەوە بۆ رووداو گرنگ نەبێت کە ژمارەی فۆڵەوەرسەکانی چەندن، چونکە ژمارەکانی گەیشتوونە ئاستێک کە رکابەری نییە، ئیدی رووداو وەکو هەموو کاتێک دەبێت زیاتر تەکەز لەسەر راستی و دروستیی هەواڵەکان دابنێت، وەکو هەر کەناڵێکی باوەڕپێکراوی سەنگین وەرگرەکانی چاوەڕێی ئەوەی لێدەکەن هەواڵە راستەکان لە رووداو ببیستن، رووداو وەکو پارسەنگ بۆ راستی و ناڕاستی هەواڵە بڵاوکراوەکان تەماشا دەکرێت.
رەنگە چەندین هاورێت هەبن کاتێ هەواڵێک دەبیستن دەڵێن با بچین بزانین رووداو چی دەڵێت، ئەگەر رووداو باسی کردبوو دڵنیایی وەردەگرن. ئیدی رووداو دڵنیاییە.