بارزانی هەلێكی گرنگی لە دەست دا


لە ماوەی رابردوودا دوو کۆبوونەوەی گرنگ لە کوردستان بەڕێوەچوون. یەکێکیان پلینیۆمی یەکێتی و ئەوی دیکە پەرلەمانی هەڵبژێردراو بوو. هەردوو کۆبوونەوەکە زۆر خاڵی هاوبەشیان هەبوو، بەڵام جیاوازییەکی سەرەکیش.

کۆبوونەوەکەی یەکێتی کەمتر لە کاژێرێکی خایاند، کە ئەنجامی شکستی هەڵبژاردن و بەردەوامی قەیرانەکانی نێوخۆی حیزبەکە بوو. مەبەستی سەرەکی کۆبوونەوەکە درێژکردنەوەی شەرعییەتی حیزبەکە بوو تا بەستنی کۆنگرە و دواخستنی کێشەکان تا کاتی کۆنگرە. 

هۆکارێکی سەرەکی دیکە بۆ کورتخایەنی کۆبوونەوەکە بۆشایی گەورەی غیابی مام جەلال بوو. نەک تەنیا بووەتە هۆی قەیرانی سیاسی، بەڵکو هۆکاری پەرتەوازەیی حیزبەکەشە.

کۆبوونەوەکەی دیکە لەلایەن پەرلەمانی هەڵبژێردراوەوە ئەنجامدرا کە تەنیا بۆ ئەندامانی نوێی پەرلەمان بوو بۆ ئەوەی سوێندی یاسایی بخۆن و دواتر هەموویان چوونە ماڵەوە. روخساری بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لەو کەسانە دەچوو کە کێشەیەکیان هەیە و نازانن چی لەبارەوە بکەن. ئەوەی خوێی کرد بە برینەکەدا، رێگەگرتن بوو لە چوونەژوورەوەی میدیا بۆ رووماڵکردنی کۆبوونەوەکە، سەرەڕای بوونی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، كە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچووە.

هۆکارەکانی پەلەپروزێی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان روونن. بەڵام دەكرا بەمجۆرە نەبێت. سەرەڕای بوونی قەیرانی سیاسی لەنێو حیزبە سیاسییەکاندا لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئەو رۆژە هەلێکی باش لە ئارادابوو بۆ ئەوەی پرۆسەکە بخرێتە سەر رێگا دروستەکەی.

بەپێچەوانەی پلینیۆمەکەی یەکێتییەوە، دەکرا لەم کۆبوونەوەیە سەركردەیەكی لێ بووایە بۆ دابینکردنی دید و ئاڕاستە بۆ هەنگاوی داهاتوو: پێکهێنانی حکومەت.

 لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبونەوەکە تاکە بەرپرسی فەرمی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو. كە دەکرا بەشداری کۆبوونەوەکە بێت وەک دڵنیاکردنەوەیەک بۆ پەرلەمانتارە هەڵبژێردراوەکان، کە هەنگاوی یەکەمی پرۆسە دیموکراتییەکە کۆتایی هاتووە و ئێستا ئیرادەی خەڵکی کوردستان لەدەستی ئێوەدایە بۆ ئەوەی وەریگێڕن بۆ واقیعێکی سیاسی.

بە رووخساری شتەکاندا، سەرۆکوەزیرانی دەستنیشانکراو کارێکی ئاسانی نابێت لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو، وەکچۆن لەئارادابوونی چەندین ئەگەر بۆ پێکهێنانی حکومەت و بوونی ئاڵۆزی لەنێو حیزبە سیاسییە جیاوازەکاندا نادڵنیاییەکی زۆر لەنێو خەڵکدا دروستدەکەن.

هەنگاوی زۆر کەم گیراونەبەر بۆ تێپەڕاندنی ئەم نیگەرانیانە. لەکاتی قەیران و نادڵنیایی خەڵک روودەکەنە سەرکردەکان بە مەبەستی رێنمایی، دڵنیابوونەوە و رێبەریکردنیان. وەک سەرۆکی هەموو لایەنەکان و کەسێک کە پێویستە بەدوورییەکی یەکسان لە هەموویان راوەستێت، لە پاش هەڵبژاردنەكان، سەرۆکی هەرێمی كوردستان ئەو رۆڵەی نەبینیوە. کۆبوونەوەی پەرلەمان هەلێکی گرنگ بوو لە کیسی چوو.