سیاسەتی كەمكردنەوەی رێژەی خۆكوشتن لە كوردستان
لە ژمارە 290ی (رووداو) لە 23/12/2013، باسمان لە هۆكارەكانی خۆكوشتنی ئافرەتان لە كوردستان، راگەیاندن و خۆكوشتنی ئافرەتان و هەڵسەنگاندنی تیۆری دۆركهایم كرد. لێرەدا هەوڵدەدەم باس لە رێگاكانی كەمكردنەوەی ئەم گرفتە بكەم، هەرچەندە هەندێك لە پسپۆڕان پێیانوایە كە ناتوانرێت دیاردەی خۆكوشتن بنەبڕ بكرێت، بەڵكو لێكۆڵەران یاخود لایەنی پەیوەندیدار پێویستە لەسەریان چارەسەری ئەو كەسانە بكەن كە رزگاریان بووە لە هەوڵی خۆكوشتن و داڕشتنی سیاسەتێك یان پلانی درێژخایەن بۆ چارەسەری گرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكانی قوربانیان.
ئێستا سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر لایەنی چارەسەری دەكاتەوە، زیاتر لە بنەبڕكردنی یاخود هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی خۆكوشتن، بۆیە پێویستە پلانی ستراتیژی درێژخایەن بگرێتەبەر لە ڕێگای ئەم خاڵانەی خوارەوە:
1- وشیاركردنەوەی گشتی: پێویستە حكومەت هەوڵ بدات بۆ بەرزكردنەوەی هۆشیاركردنەوەی گشتی تاكەكانی كۆمەڵگە سەبارەت بە گرفتی خۆكوشتن و هۆكارە كۆمەڵایەتییەكانی خۆكوشتن و پەرەسەندنی پرۆگرامەكان لە نێوان چینی هەرزەكاران و لەنێوان قوتابیان لە قوتابخانەكاندا. پێویستە جەخت لەسەر چاودێریكردنی پەیوەندی باشی نێوان منداڵان و دایك و باوكان بكرێتەوە. هەروەها دابینكردنی سەنتەری راوێژكاری كە لاوان بتوانن سەردانی بكەن و داوای یارمەتی بكەن. لەسەرووی هەموو ئەمانەوە پێویستە حكومەت ئاگاداری لە دەستدانی لایەنی كۆمەڵایەتی و ئابووری قوربانیانی خۆكوشتن بێت و تێچوونی خۆسووتاندن بە تایبەتی لە نێوان چینی لاواندا. ئەمانەش لەوانەیە بە خول و هۆشیاركردنەوەی ماڵ بە ماڵ لەسەر نەهێشتنی خۆشتن بێتە دی. ئەم هەڵمەتەش پێویست ناكات تەنیا تایبەت بكرێت بەو كەسانەی كە هەوڵی خۆكوشتنیان داوە، بەڵكو بەهەمانشێوە پێویستە ئەو كەسانەش بگرێتەوە كە مامەڵە لەگەڵ قوربانیانی خۆكوشتن دەكەن. بۆ نموونە: توێژەری كۆمەڵایەتی، مامۆستایان، دایك و باوك، ئەندامانی خێزان، ئەفسەرانی پۆلیس، رێكخراوەكانی ئافرەتان و داو و دەزگاكانی حكومەت.
2- ئامار: لە هەرێمی كوردستاندا ئاماری وردمان نییە دەربارەی خۆكوشتن. بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش پێویستە لەسەر لایەن و دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت رێگە بدەن بە توێژەران تاوەكو ئامار و زانیاری تەواو بەدەست بهێنن لەسەر خۆكوشتن. هەروەها ئامارەكانیش پێویستە لەلایەن كەسانی پرۆفیشناڵ لە بواری ئامار رێكبخرێن تاوەكو بتوانرێت رێژەی خۆكوشتن دەستنیشان بكرێت لە هەموو ناوچەكانی كوردستان تاوەكو لەم ڕێگەیەوە بتوانرێت چارەسەری گونجاو بە گوێرەی ڕێژەی خۆكوشتن لە ناوچەكە دیاری بكرێن.
3- هێڵی فریاگوزاری: پێویستە لەسەر حكومەت هێڵی فریاگوزاری 24 كاژێری راوێژكاری دابین بكات بۆ ئەو كەسانەی پێویستیان پێیە، نەك تەنیا بۆ نەهێشتنی خۆكوشتن یان ئەو كەسانەی هەوڵی خۆكوشتنیان داوە، بەڵكو بۆ ئەو كەسانەش كە لە ژێر فشاردان یاخود ئەو كەسانەی هیچ كەسیان نییە پەنای بۆ بەرن.
4- راوێژكاری: پێویستە سەنتەری راوێژكاری بكرێتەوە بۆ ئەو كەسانەی كە گرفتی كۆمەڵایەتی و دەروونییان هەیە لەگەڵ خزمەتگوزاری دابین كرابێت لە لایەن كەسانی پسپۆری مەیدانی لە كۆمەڵناسی، دەروونناسی، پزیشكی دەروونی و زانای ئایینی، پێكەوە كار بكەن وەك یەك گرووپ. ئەم سەنتەرە راوێژكارییە پێویستە هەموو شار، قەزا، ناحیە و گوندەكان بگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان، چونكە بە گوێرەی توێژینەوەكان زۆربەی قوربانییان ئافرەتن و خەڵكی دەرەوەی شارن، یاخود باكگراوندی لادێیان هەیە.
5- رۆڵی راگەیاندن: میدیا بە یارمەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە بینای سیاسەت یاخود كۆدێك بكات بۆ بڵاوكردنەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن، بۆ ئەمەش پێویستە سوود لە ئەزموونی ئاكاری میدیای (Media ethics) لە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ نموونە بەریتانیا وەربگیرێت. لە بری بڵاوكردنەوەی كەیسەكانی خۆكوشتن بەشێوەیەكی راستەوخۆ، پێویستە لەسەر راگەیاندنەكان لە راپۆرتەكانیاندا جەخت لەسەر خۆپارێزی یاخود پەنا نەبردن بۆ خۆكوشتن، راوێژكاری یاخود چارەسەركردنی گرفتە كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان بكەنەوە. پێویستە ئەو كەناڵ و وێبسایتانە بلۆك بكرێن كە زانیاری لەسەر خۆكوشتن، توندوتیژی یاخود هەر رەفتارێك بڵاودەكەنەوە كە زیان بە تاكەكانی كۆمەڵگە دەگەیەنێت.
6- فێركاری ئاینی: پێویستە لەسەر وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی بە دابینكردنی فێركاری ئاینی بۆ ئافرەتان و بەشێوەیەكی تایبەت بۆ لاوان و نەخوێندەواران. ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان لە زیانەكان و كاریگەری كرداری خۆكوشتن لەسەر خێزان و كۆمەڵگە.
7 – یاسا: بەپێی یاسا لە هەرێمی كوردستاندا خۆكوشتن تاوان نییە، بەڵام یارمەتیدانی كەسێك بۆ خۆكوشتن یاخود هەوڵدانی خۆكوشتن ئەوا بە تاوان دادەنرێت. هەندێك لە كەیسەكانی خۆكوشتن بە قەزاوقەدەر یاخود هەبوونی نەخۆشی دەروونی تۆمار دەكەن، بۆ ئەوەی خۆیان لە سزای یاسایی و كۆمەڵایەتی دەرباز بكەن. بۆیە پێویستە لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لێكۆلینەوەی وردتر بكات لەسەر حاڵەتەكانی خۆكوشتن بۆ ئەوەی كەسی تاوانبار بە سزای خۆیان بگەن. دەشتوانرێت بیر لە یاسایەك بكرێتەوە بۆ بە تاوان ناساندنی كرداری خۆكوشتن وەكو وڵاتانی سعودیە، كوێت و پاكستان!