ئەردۆغان و رووکردنەوە مەککە!

لە چەند ساڵی رابردووی تورکیا و ئەزموونی سەرکردایەتی (ئەردۆغان)دا، خولیا ستەمکارییەکانی ئەردۆغان، لە کەس شاراوە نەبوون. لەناو تورکیا و لە دەرەوە، هۆشداریی زۆر درا لەسەر هەوڵەکانی سوڵتانێکی رانەگەیەنراو بۆ کۆکردنەوەی کۆی دەسەڵاتە سیاسی، یاسایی، سەربازی، دادوەری و ئابوورییەکان لەدەستی خۆیدا، سوڵتانێک کە هەموو ئامرازێک رەوا دەکات بۆ گەیشتن بە "ئامانجە پیرۆزەکەی". لە ئاکامی سەرکەوتنی کەمپەینی بەڵێ بۆ هەموارەکانی دەستووری تورکیا، پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ئەم سوڵتانە رانەگەیەنراوە، بە دەسەڵاتە کەمەکانی ئەوسای وەکو سەرۆککۆمار، زۆر دەستکراوە ئامانجەکانی دەبردە پێش، ئێستا و پاش ئەوەی بەپێی دەستوور دەسەڵاتەکانی بێسنوورن و هیچ رێگەیەک نییە بۆ لێپرسینەوەی، تورکیا بەرەو کوێ دەبات؟ 

ئەردۆغان لەڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵێک قەیرانی گەورەی ناوخۆیی و دەرەکی، توانی بە بردنەوەیەکی شەرمن لە ریفراندۆمێکی گوماناویدا، پێگەی خۆی وەک سەرۆککۆمارێکی دەستکراوە، بۆ چەندین ساڵی تر زامن بکات. ئەردۆغان بەم هەموو قەیرانەوە، تورکیا بەرەو کوێ دەبات؟ تێگەیشتن لەمە، پێویستی بە ئاوڕدانەوەیەکی رەخنەیی قووڵ هەیە لە مێژووی دەوڵەتی تورکیای مۆدێرن و گیرخواردنی لەنێوان "برۆکسل" و "مەککە"دا. 

لەسایەی گۆڕانکارییە مێژوویی، سیاسی و هزرییەکانی خۆرئاوای سەدەی نۆزدە، چەمکەکانی نەتەوە، دەوڵەتی نەتەوەیی و ناشیونالیزم، دەگەنە حەرەمی "پیاوە نەخۆش"ەکەی خۆرهەڵات. ساتەوەختی لەبەریەکهەڵوەشانی خەلافەتی عوسمانی، ساتەوەختی دروستبوونی نەتەوەی جیاوازە لەهەناوی ئەو ئیمپراتۆریەتەدا، کە نیو هەزارە بەناوی خوداوە لەسەر زەوی، نادادپەروەرانە حوکمی دەکرد. لەگەڵ دروستبوونی ئەم هۆشیارییە نەتەوەییەدا، تورکەکان پێش عەرەب، ئەرمەن و کورد، لە پرۆسەی لاساییکردنەوەیەکی تەواوی خۆرئاوادا، نەتەوە و دەوڵەتی نەتەوە دەگەیەننە پیرۆزترین پێگە. ئەتاتورک، لە پرۆسەی مۆدێرنیزەکردنی تورکیا و چێکردنی دەوڵەتی نەتەوەییدا، دەوڵەت دەخاتە جێگەی هەموو ئەو چەمکە پەتیانەی پێشتر پیرۆزبوون و نەتەوەی تورک دەکاتە سەرچاوەی هەموو دەسەڵات و پیرۆزییەکان.

ئەم ناشیونالیزمە هاوردەکراوە، بەدرێژایی سەدەی رابردوو تا ئێستاش، دەوڵەتی تورکیای خستووەتە جەنگێکی بەردەوام لەگەڵ رابردووی خۆی. تورکیای تورکەکان، لە ماوەی نزیکەی سەدەیەکدا، وەک (سامۆیل هانتینگتن) دەڵێت، لە تەنگژەیەکی بەردەوامدا بووە لەنێوان "پشتکردنە مەککە و رووکردنە برۆکسل، یان پشتکردنە برۆکسل و رووکردنەوە مەککە." 

کاتێک ئەردۆغان و ئیسلامییەکانی تورکیا دەسەڵاتیان گرتەدەست، بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ پەیوەندیی تورکیا لەگەڵ ئەوروپا دەکرد. ئەگەرچی گوتاری "گێڕانەوەی سەروەرییەکانی خەلافەتی عوسمانی" لە چەقی بیرکردنەوەی ستراتیژیی ئەردۆغان و یارانیدایە، بەڵام سەرەتا جەختیان لە ئەوروپیبوونی تورکیا دەکردەوە. لەبەرئەوەی زوو دەستبردن بۆ ئەم بابەتە، وەک خۆکوژییەکی پێشوەخت دەبوو، ئەردۆغان بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە هیچ دژیەکیەک نییە لەنێوان ئیسلام و دیموکراسی و دەکرێت تورکیای زۆرینە- موسوڵمان ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بێت. 

ئەم گوتارەی ئەکەپەی ئەردۆغان و سیاسەتەکانی سەرەتایان، زۆر کەسیان تووشی کۆمەڵێک خۆشخەیاڵیی گەورە کرد. زۆر بوون ئەوانەی باسیان لە نموونەی تورکیای ئەکەپە و ئەردۆغان دەکرد، وەک بەڵگەی تەبایی ئیسلامی سیاسی و دیموکراسی، وەک بەڵگەی باشحوکمڕانیی ئیسلامییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیهێنانی گەشەی ئابووری، یان وەک بەڵگەی کرانەوەی راستەقینەی تورکیا بەرامبەر بە کورد. هەندێک لە ئەکادیمییە زەبەلاحەکانی ئێمە، بەوەندە نەوەستان، بەڵکو باسیان لە ئەزموونی پۆست- ئیسلامی دەکرد لە تورکیای ئەکەپە و رەخنەگرانی ئیسلامی سیاسییان بە ئیسلامۆفۆبیا تۆمەتبار دەکرد! بەڵام ئەمڕۆ ئاراستەی ستەمکارانەی ئەردۆغان هەموو ئەم بەڵگانە پووچەڵ دەکاتەوە. پێشێلکردنی پرەنسیپە دیموکراسییەکان و مافەکانی مرۆڤ و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی بە بەرگێکی ئیسلامییەوە، بەڵگەی زیندوون لەسەر کۆتایی سروشتیی هەموو بزاڤێکی ئیسلامی سیاسی لە ستەمکاری و داخرانێکی ئایدیۆلۆجیی مەترسیداردا. تورکیای ئەردۆغان، ئەمڕۆ ئەزموونی سەرەتای پشتکردنەوە برۆکسل و رووکردنە مەککە دەکات. 

تورکیای مۆدێرن وەک دەوڵەتێک کە کۆمەڵێک وێنای خەیاڵی و راستەقینەی هەیە لەسەر خۆی و پێگە جیۆستراتیژییەکەی، هەمیشە کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تێکەڵ کردووە. هەندێک جار سیاسەتی ناوخۆ بە کەرەستەی دەرەکی مامەڵەی لەگەڵ کراوە، بەپێچەوانەشەوە لە زۆر دۆخدا سیاسەتی دەرەوە درێژکراوەی سیاسەتی ناوخۆ بووە. ئەم درێژکردنەوەیەی سیاسەتی ناوخۆ بۆ دەرەوە، لە دۆزی کورددا روونتر دەبینرێت. بەشێکی زۆر لە سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاراستەیەکی دژەکوردیان هەبووە و دژەکوردبوون کراوەتە مەرجێک بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکان. تەنانەت پەیوەندییە ناهاوسەنگەکانی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مەرجدارە بە دژایەتیکردنی کوردی بەشەکانی تری کوردستان!
  
کورد لە تورکیا گرێکوێرەی سیاسەتی گیرخواردنە لەنێوان برۆکسل و مەککەدا. سەفەری تورکیا بەرەو برۆکسل، سەفەرێکی مەرجدارە. یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکان چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی کوردە لە تورکیا. ئێستا ئەردۆغان تێگەیشتووە لەوەی کە ئەوروپا چیتر جێگەی تورکیایەکی تێدا نابێتەوە کە لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵاتی سوڵتانێکدا، هەموو بەها و پرەنسیپەکان پێشێل دەکات. لێرەوەیە ئەردۆغان بەدوای سەفەرێکی بێمەرجدا دەگەڕێت و لەو بڕوایەدایە کە سەفەری مەککە لەهەموو کات زیاتر ئاسانتر و بێمەرجترە. لەکاتێکدا کە مەککە و بیرکردنەوەی مەککەیی، مافی مرۆڤ و دیموکراسی رەتدەکاتەوە، باشترین جێگەیە بۆ سەفەری ئەردۆغان بەسواری هەستی ئاینداریی خەڵکی تورکیا و ناوچەکە.

لێرەدا کورد دیسان بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم سەفەری مەککەیی سوڵتاندا. لە چەند ساڵی داهاتوودا مامەڵەی سوڵتان لەگەڵ ئەم بەربەستە، مامەڵەیەکی زۆر توندتر دەبێت لە تەنیا بۆردومانکردن و وێرانکردنی شار و کوشتنی هاووڵاتی سیڤیل. پرسیارێک کە تەنها ئایندە دەتوانێت وەڵامی بداتەوە، ئەوەیە: ئایا کورد دیسان دەبێتەوە بە قوربانییەکی بێدەنگ کە لەژێر سمی ئەسپە ئیسلامییەکەی سوڵتاندا خوێنی لێدەڕژێت، کەچی تەنها سوپاسی خودا و نزای تەمەندرێژیی بۆ سوڵتان دەکات؟ یان کورد دەبێتە ئیرادەیەکی بەهێز لەبەردەم رەوتی سەفەرە خوێناوییەکی سوڵتاندا و رێگە نادات "خەلافەتی زوڵم" لەسەر ئێسکی ئەو بینابکرێتەوە؟