ئەڵمانیا خۆی لە خۆی دەپارێزێ
لە کوردیدا قسەیەکی باو هەبوو دەیانگوت "خۆپاراستن باشترین چارەسەرە". ئەمە چەندە بۆ مرۆڤ راستە هێندەش بۆ دامەزراوە و تەنانەت وڵاتانیش راستە. بۆنموونە وڵاتێکی دیموکراسیی وەکو ئەڵمانیا چەندە ئەمڕۆژانە خۆی بۆ خۆپاراستن لە شەڕێکی چاوەڕوانکراو لەگەڵ رووسیا ئامادە دەکات، هێندەش لەنێوخۆیدا خۆی لەخۆی دەپارێزێ. رەنگە پێتان سەیر بێ و بڵێن: ئەمە چۆن دەبێ؟ بەردەوام بن لە خوێندنەوە تا بۆتانی روونبکەمەوە.
لەدوای نەمانی رژێمی نازی لە ئەڵمانیا، کۆماری فیدراڵیی ئەڵمانیا بە کۆمەڵێک میکانیزمی ئاڵۆز دامەزرایەوە کە وایکردووە جارێکی دیکە دیکتاتۆر دروستنەبێتەوە. واش بکرێ هەرچی بڕیاری گرنگە بە کۆدەنگی و بە بەشداریی هەمووان بدرێن. جگە لەوەش رێگە نەدرێ هەرگیز جارێکی دیکە راسیزم و تووندئاژۆیی لە ئەڵمانیا بەهێز ببێتەوە.
یەکێک لەو میکانیزمانە کە رێگە لە بەهێزبوونی تووندئاژۆیی دەگرێ هەبوونی دامەزراوەیەکی هەواڵگریی نێوخۆییە کە کاری ئەوەیە چاودێریی ئەو کەس و دامەزراوانە بکات کە یان تووندئاژۆن یان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕۆن. دامەزراوەکە ناوی (فەرمانگەی فیدراڵیی پاراستنی دەستوور)ـە و هیچ دەسەڵاتێکی جێبەجێکردنی نییە، بەڵکو دەتوانێ زانیاری و لێکدانەوەی زانیارییەکانی بداتە وەزارەتی نێوخۆی فیدراڵی، بەڵام لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە و راپۆرتێکی ساڵانەی فەرمانگەکە حکومەتی ئەڵمانیا دەتوانێ بە رێگەی جۆراوجۆر "مەترسییەکانی سەر دەستوور" نەهێڵێت.
یەکێک لەوانەی کەوتووەتە ژێر زەڕەبینی فەرمانگەکە پارتێکی سیاسیی ئەڵمانیایە کە چەندین ساڵە نوێنەرەکانی لە پەرلەمانی فیدراڵی و پەرلەمانی هەرێمەکانیشدا هەن. پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا AfD لەلایەن فەرمانگەی پاراستنی دەستوورەوە وا ناسێندرابوو کە گومانی راستئاژۆیی تووندئاژۆیانەی لێدەکرێ. ئەمەش دەرگا بۆ وەزارەتی نێوخۆ دەکاتەوە تاوەکو لەوە بکۆڵێتەوە کە ئەو پارتە قەدەخە بکرێ. پارتەکە سکاڵای لەسەر فەرمانگەکە تۆمار کردبوو، بەڵام ئەمڕۆژانە دادگەیەکی ئەڵمانیا حوکمی دا کە هەڵسەنگاندنی فەرمانگەکە راست بووە. بەمەش گەنگەشەی داخستن یان دانەخستنی پارتەکە لەنێو رای گشتیی ئەڵمانیادا گەرم بووەتەوە.
ئەوەی بۆ من سەرنجڕاکێشە و بۆ کوردستانیش وانەی تێدایە یەک شتە. ئەویش ئەوەیە کە تەنانەت لە دیموکراسیی تۆکمەی وەک ئەڵمانیاشدا دەکرێ پارتێکی سیاسی قەدەخە بکرێ، بەڵام ئەوە وەک سزای یاسایی و بۆ رکابەری لەسەر دەسەڵات ناکرێ. واتە دادگایەکی فیدراڵی لە ئەڵمانیا نییە کە هەندێک لایەنی دەستڕۆیشتوو بڕیاری دژی رکابەرەکانیان پێ دەربکەن. دەزگایەکی هەواڵگریی نێوخۆییش نییە کە رکابەرە سیاسییەکانی فڵان پارت و سەرکردە بسڕێتەوە و تۆمەتیان بۆ دروست بکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئابڕوویان بەرێت. ئەوەی کە هەیە دامەزراوەی دەستوورین کە بە میکانیزمی ئاڵۆز هەموویان چاودێرن بەسەر یەکدییەوە و ئەرکی کۆتاییان ئەوەیە کە وابکەن ئەڵمانیا خۆی لە خۆی بپارێزێ.