ئەزموونی ئەنجوومەنی ئاسایش بگوازرێتەوە بۆ دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت
دەستبەکار بوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای ماوەیەکی زۆر و دەستنیشانکردنی هێڵی گشتی کاری دەسەڵاتی جێبەجێکار، کە ئاماژە لە رەنگدانەوەی خواستی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەکات، گەشبینی هاووڵاتیانی بەشێوەیەکی گشتی لێکەوتووەتەوە.
دیارە گەشبینی رای گشتی گرنگی خۆی هەیە و رەنگدانەوە لە متمانەی خەڵک دەدات لە بەرنامەی حکومەت و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمەش حکومەت دەباتە ناو دۆخێک کە تەنیا رێگای لە پێشەوەی سەرکەوتن بێت.
بەڵام ئەوەی گرنگە دەبێ هاووڵاتیان و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو دیدگایەیان لەلا دروستبێت کە سیاسەتی ریفۆرم لە کەرتی گشتی پرۆسەیەکی دريژخایەن، پڕزەحمەت، و زۆر جار وەکو لە ئەزموونی وڵاتان بینیومانە مەترسیدارە. لەم بابەتەدا باس لە خیاراتی بەمۆديرنکردنی دامەزراوەکانی کەرتی گشتی دەکەم و هەوڵدەدرێت بە گشتی و کورتی ستراتیجی ریفۆرم باسی لێبکرێت بە رۆشنایی هەندێ مۆدیلی مێژوویی و حکومەتی هەرێم دەتوانێ و پێویستە تاوتوێی بکات.
ستراتیژی سەرەکی حکومەتی هەرێم لە دەستپێکی دامەزراندنیەوە بریتی بووە لە خۆپاراستن- گەشەسەندن. کەواتە کاری هەرە سەرەکی حکومەت پاراستنی قەوارەی دەستووری، یاسایی و جوگرافی بووە و شەڕی تیرۆریستانی داعش و کاردانەوەکانی دوای پرۆسەی ریفراندۆم ئەو حەقیقەتەی سەلماند. کەواتە یەکێک لە رۆڵە هەرە سەرەکییەکانی ئيستای حکومەت بریتیە لە بەهێزکردنی دامەزراوە نەتەوەییەکان بۆ کارکردن بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی نەتەوەیی. دیارە ئەم بابەتە گفتوگۆیەکی زۆری لەسەر کراوە لەلایەن توێژەرانی ناوخۆیی و دەرەکی.
هەندێ مۆدێلی مێژووییمان بەدەستەوە هەن بەتایبەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکان کە دەکرێت سوود لە مێژووی بەدامەزراوەکردن و مۆدێرنکردنی دامەزراوە سیاسییەکانیان وەربگرێن. باسەکە داڕشتنی کار نیە لەم نووسینەدا هەرچەندە ئەمەیان گرنگی خۆی هەیە، بەڵکو باسەکە گرینگیدانە بە دەستپێکردنی ریفۆرم لە خواستێکی ئارەزوومەندانە بۆ پێویستییەکی هەنووکەیی. زۆربەی وڵاتانی خاوەن سیستەمی مۆدێرنی بەڕێوەبردن، دامەزراوەکانیان بەو شێوەیە بونیاد ناوە کە رێگریان لە کۆمەڵکوژی هاووڵاتیانیان کردووە لە رێگەی تۆکمەکردنی دامەزراوەی بەرگری وڵات. دیارە ئەم کارەش لە رێگەی دووبارە داڕشتنەوەی فەلسەفەی کاری رێکخراوەیی بووە لە ستراکتۆری خێڵی و پێش مۆدێرن بۆ شێواز و ستراکتۆری مۆدێرن. لە دامەزراندنی خزم و کەس بۆ دروستکردنی تێکنۆکرات لەسەر بنەمای دابەشکردنی ئەرک و سەروەری یاسا.
بۆ نموونە ئەگەر سەیری مێژووی دامەزراوەکانی حکومەتی ئەڵمانیا بکەین، ئەو کات پروشا کە وەکو کوردستان هەرجار لای گیراوبوو بەو وڵاتانەی کە لە کێبرکی بوون لەگەڵیان، کە چۆن لە رێگای پيشبرکێی بەهێزکردنی توانای سەربازی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ توانیان دامەزراوەکانیان تۆکمە، بەرنامە بۆداڕێژراو، درێژخایەن و سەربەخۆ و دوور لە دەستێوەردانی حیزب و ئەکتەرە دەستڕۆیشتووی کۆمەڵایەتی بکەن. سامۆئێل هانتینتۆن لە کتێبی سیستەمی سیاسی لە کۆمەڵگە کە لە قۆناغی گواستنەوەدان زۆر بە جوانی ئەمەی روونکردووەتەوە.
نەبوونی کولتووری دامەزراوەیی مۆدێرن لە کوردستانی عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو راستییەی کە کاریزمای کارێکتەری سیاسی و کۆمەڵایەتی کاریگەریی و بەهای زیاتری هەبووە لە دامەزراوە فەرمییەکان چ لە سەردەمی شاخ و دواتر لە سەردەمی حوکمڕانی کورد لە 25 ساڵی رابردوو. ئەوە وایکردووە کە هەر حیزبێک یاخود سەرکردەیەک کە بەرپرسیاریەتی دامەزراوەیەکی گرتووەتە ئەستۆ، ئەوا سەرلەنوێ شێواز و ئالیەتی کارکردنی بەشێوەیەکی تەواو گۆڕانکاری پێکردووە.
کەواتا گرنگترین پێنگاڤ بۆ ئێستای کوردستان بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکومیە لە رێگەی زیادکردنی ئۆتۆنۆمی کارکردنیان لە چوارچێوەی هێڵی گشتی کاری حکومەت کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سەرکردایەتی دەکات. دیارە دروستکردنی ئەم دۆخە لە کارکردن و بە دامەزراوەکردن بە ئاسانی نایەتە کایەوە و باجی دەوێ ؛ دەبێت رێگە لە خەڵک و حیزبی بەرژەوەندی خواز بگیرێت و حکومەت بەدوای سیاسەتی پۆپۆلیستی نەکەوێت و بە مانای تەواوی وشە، دامەزراوەکانی لە فەلسەفەی کارکردن نەتەوەیی بن.
ئەمجۆرە لە سیاسەتی حوکمڕانی لە درێژخایەن کار ئاسانی دەکات بۆ دروستکردنی توێژی بۆرژوازی و خاوەن پسپۆڕی و چینی ناوەند کە بەهۆی ساقامگیری درێژخایەن لە ئەنجامدا پێشڤەچوونی ئابووریی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن دروستدەکات . ئەم توێژە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی خۆیان دامەزراوە نەتەوەییەکان دەپارێزن کە ئەمەش لە درێژخایەندا کارئاسانی بۆ مۆدێرنیزەکردنی جیلی دوای خۆیان دەکەن لە رێگای دامەزراوە شەرعییە حکومییەکان.
هەرێمی کوردستان بە حوکمی پەیوەستبوونی وەکوو بەشێک لە عێراق و هەلومەرجی نالەباری مێژوویی و یاسایی و جوگرافی و هەندێ جار کۆمەڵایەتی، ئەو پێگەیەی نەبووە کە بتوانێت بەشێوەیەکی سەربەخۆ کار بۆ بە دامەزراندنی دامەزراوەکانی نەتەوەیی بکات. هەرچەندە کاری زۆر کراون بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت کە دەکرا زۆر کاری باشتر ئەنجام بدرابان. گرنگ ئەوەیە کە بکرێت کەڵک وەربگیرێت لە هەندێ ئەزموونی باشی کاری دامەزراوەیی لە هەرێمی کوردستان.
یەکەک لە موئەشاراتی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، بریتییە لە سەرکەوتنی لە پاراستنی ئەمن و سەقامگیری. دیارە سەرۆکی ئێستای ئەنجوومەنی وەزیران راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایش بووە و بەشێوەیەکی گشتی رای گشتی لە ئەدای ئەم دامەزراوە رازین. دیارە ئەو ئەزموونە گرنگە لە ئەنجامی ئەو مەترسیانە هاتوونەدی کە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە هەروەک ئەزموونی وڵاتانی دیکە کە بە کورتی ئاماژەیان پێدرا.
هەرچەندە ئەم دامەزراوەیە وەکو هەموو دامەزراوەکانی دیکە رزگاری نەبووە لە هەندێ کێماسی، بەڵام دەکرێت ئەو مۆدێلە لە کارکردن بگوازرێتەوە بۆ ئۆرگانەکانی دیکەی حکومەت بە هەمان هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی و ئەخلاقی کارکردن. لە ئەنجامدا کارئاسانی دەکرێت لە بەهێزکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و بیرۆکراسیەکی مۆدێرن بونیاد دەنرێت لەسەر بنەمای لێهاتوویی و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی.