یادی 41 ساڵەی شەهیدبوونی کاکە فەتاح

هەمیشە سەرکردە، بە ئاست و شێوازی جیاواز رۆڵی گەورەی لە بوارە جیاوازەکانی رێڕەوی مێژوودا بینیوە، بەڵام لە بواری سەربازی و سیاسی و حکومڕانیدا سەرکردەی سەرکەوتوو دەبێت نموونە بێت لە هەموو ئەو خەسڵەتە باشانەی لە سەرکردەی سەرکەوتوودا هەیە، دەبێت گوفت و رەفتاری وەک یەک بن.
 
ئەوانەی لە نزیکەوە لەگەڵ شەهید فەتاح کاریانکردووە یان ناسیویانە ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە ئەو بۆخۆی نموونەی هەموو ئەو سیفات و خەسڵەتانە بوو کە دەیویست لە برا و هەڤاڵ و پێشمەرگە و سەرکردەکانی دیکەدا هەبن. 
 
ئەو ئازا بوو، خۆڕاگر بوو، دڵسۆز بوو، کوردپەروەر بوو، دەستپاک و داوێنپاک بوو، ئەو مامۆستا بوو. رەنگە هەندێک کەس بە بڕیارێک و نوکەقەڵەمێک ببنە سەرۆک، بەڵام رەنگە نەبنە سەرکردەیەکی لێهاتوو. سەکردەی باش سەرۆکێکی باشە. مەرج نییە هەموو بەڕێوەبەرێک سەرکردە بێت، بەڵام هەموو سەرکردەیەکی باش بەڕێوەبەرێکی سەرکەوتووە. شەهید فەتاح پێشمەرگە و سەرکردە و مامۆستا و بەڕێوەبەر بوو.
 
ئەم سەرکردە و رێبەرە گەورەیە لە رۆژی 18ـی تشرینی دووەمی ساڵی 1980 لە شەڕێکدا لەگەڵ سوپای عێراق لە ناوچەی حاجی ئۆمەران شەهیدبوو. 
 
یەکێک لەو زاتانەی لە نزیکەوە شەهید فەتاحیان ناسیوە، شێرکۆ بێکەس، شاعیری گەورەی نەتەوەکەمان بووە. بەمشێوەیە باسی شەهید دەکات: 
 
پیاوێکی کەڵەگەتی سپیکەلەی قژکاڵی چاوگەشی تەوێڵ پانی هەمیشه دەم بەخەنده، خەندەیەک که وەک تیشکێکی هێمن چاڵێکی بچووکی ئەخسته خوار روومەتیەوه و سیمای شیرینتر دەکرد. له چنارێکی سپی ئەچوو، له بڵێسەیەکی باڵابەرز، یان له دار هەرمێیەک له وەختی گوڵکردندا، یان له قەڵبەزەیەکی کەف چڕین، که لێی ورد ئەبوومەوه، وەک سواری نێو داستانەکان، وەک "سیامەند" ی عاشق، وەک فەرهادێ ببینم وابوو. له راوەستاندا بەحاڵ شانێکی خوارتر رادەگرت. له ئاخاوتندا بەدەم و پلێکی شیرین و وتەی دانار دانارەوه بێ ئەوەی وشه له وشەی بکەوێ یان له ئاستێکدا گیربخوات، یان رستەیەک هەڵپڕوزێنێ، ئەدواو گوێگری حەیرانی خۆی ئەکرد. زیرەکانه له زۆر بواری فیکریی و رۆشنبیریی ئەدا و، له ئاشنا و رۆشنا هەره نزیکەکانی شیعری جوانیش بوو. وەک گوڵه کێویی سادەبوو. وەک کانیی روون بوو. وەك داربەڕوو بەهێزبوو، "ئاغا" یەتی له رەچەڵەکی بنەماڵەکەی زیاتر شتێ نەبوو ئەو هەرگیز پشتی پێ ببەستێ، بەدرێژایی چەندین ساڵی هاوڕێیەتیم هەستم به قۆقزیی ئەو ئاغایەتییه نەکردووه له هەڵسوکەوت و رەوشتی کۆمەڵایەتیی ئەودا، هەر (فەتاح) ی ئەنووسی و هیچی دیکە، کوردایەتی رێگا و کوردایەتی ئامانج و کوردایەتی رووگەی ئەو بوو.
 
له سەنگەرەکانی شۆڕشی ئەیلوولیشدا، له نێو ئەو دارستانەدا، له نێو چەندین سەرکردەی سیاسیی و سوپاییدا، بێ سێ و دووکردن دەڵێم: شەهید فەتاح له زۆربەی هەرەزۆریان چرای عەقڵی گەشتر و ورە و زاتی بەتینوتاو تر و توانای رێبەریکردنی گەورەتر بوو.