وەڵامێکی خێرا بۆ مەلا بەختیار؛ لە نیشتمانەوە سلێمانی ببینن!

مەلا بەختیار لەو گوتارەی کە ئێوارەی 17-12-2021 لە پێنجەم خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی پێشکێشی کرد، کەوتە نێو ھەڵە و شاشی و غەدر و تەنانەت چەواشەکاریشەوە، ھۆکارەکەی ھەرچییەک بێت، ناکرێت وەڵام نەدرێتەوە، چونکە مێژوو بەرپرسیارێتییە، ئەو بەرپرسیارێتییەی لێمان دەخوازێت بە بەڵگەوە قسە بکەین، لێمان دەخوازێت لە کونی دەرزییەوە سەیر نەکەین، گەورە ببینین و لە پەنجەرەی شارەوە کوردستان نەبینین و لە رێگەی ھونەرەوە مەرامە سیاسییەکانمان نەگوازینەوە.

ئەرێ کێ نکوڵی لە رۆڵی زێڕین، مێژوویی و باڵای شاری سلێمانی کردووە لە بواری رۆشنبیریدا، کە جارناجار کاک مەلا بەختیار دەیەوێت لە رێگەی ئەو سۆزەوە ھەندێک مەرام و ناڕاستی تێپەڕێنێت! سلێمانی بە بڕیاری پەرلەمان و حکومەتی ھەرێمی کوردستان کراوەتە پایتەختی رۆشنبیری و پێش ئەو بڕیارە و ئێستا و دواتریش ھەر ئەو شارە زیندووە رۆشنبیرییەیە، کە مایەی شانازیی ھەمووانە، ھەموو ئەوانەیش، بە کاک مەلا بەختیاریشەوە، کە دەیانەوێت لە سلێمانی-یەوە سلێمانی ببینن، غەدر لە سلێمانی دەکەن. دەبێت لە نیشتمانەوە سلێمانی ببینن و، ئیتر بینینی گەورە و بچووک و پارادۆکس و ئیشکالیەتەکانی نێوانیان بابەتێکی قسەھەڵگرە و لێرە ھەر ئەوەندە دەڵێین: سلێمانی شایەنی بینینی گەورەیە و خاوەنی بینینە بچووکەکان زەرەری زۆریان لە سلێمانی داوە!

کاک بەختیار لە باسکردنی سێکوچکەی بابان، کە هەموولایەک دەزانین گەنجینەی زیندووی شیعری کلاسیکی کوردین، قووڵبین نییە، ئەی چی لە مەولەوی و خانی و جزیری دەکات؟
 
ئەرێ کاک بەختیار بۆ ناوی ئەو یەکەم شانۆگەرییەمان پێ ناڵێت کە باسی کرد، ناو و شوێن و نووسەر و ستافەکەی، خۆ ئەگەر پێش (پایز: مانگی یانزەی 1921، قوتابخانەی ئەربیل ئولا/ ھەولێر، شانۆگەریی سەلاحەدین ئەیووبی) بێت، بە شانازییەوە دەبێت بە یەکەم چرای شانۆ و کاک بەختیاریش وەکو دۆزەرەوەی ئەو مێژووە ناوی دەچێتە نێو مێژووی هونەری شانۆوە، چاوەڕێی دەکەین!
 
سەبارەت بە یەکەم مێژوونووسی کوردیش، ھەر کەوتە ھەڵەوە، بەڕاستی کاک بەختیار ئاگای لە شەرەفنامە نییە؟! چاوەڕێم نەدەکرد کاک بەختیار بەم ھەموو تەجرەبەوە ئەم چەواشەکارییە گەورانە بکات!
 
ئێ خۆ قسەکانی سەبارەت بە بڕی پارەکەی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دھۆکیشی ھەر دروست نەبوو، لەوەی پار ساڵی سلێمانیش، کە گوتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوکاریی نەکردووە و ھی ئەمساڵی سلێمانیش، ھەر شاشی کرد و باشی نەگوت، واتە ھەڵەی کرد! بە کورتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری ھاوکاریی ماددیی ئەوەی پاری سلێمانی و ھی ئەمساڵیشی دەرکردووە، وەکو کاک حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوان بۆی راستکردەوە.

لەوەش تێنەگەیشتم ئەم ھەموو پەلارە چی بوو کاک بەختیار لە رۆژی پڕڕەنگی ئۆپنینگ گرتیە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئیدی زەمانەکە وایە، زەمینی ئەو قسەکردنە پڕ ھەڵە و غەدر و پەلارانەشی ھەس!
 
* د. سالار عوسمان، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان