هەرێمی سوننە لە ئەفسانەی پێكەوەژیاندا

 من نموونەیەكم لە هەمەڕەنگیی عێراقی. خوێنم ، خوێنی هەردوو تایفەی عێراقی تێدایە و هەروەها براكانم لە دایكە كوردە دووەمەكەمن . لەوەتەی پێگەیشتووم بەوە راهاتووم كە جیاوازی لەنێوان رۆڵەكانی گەلەكەمدا نەكەم .

ماوەی پێنج ساڵ بەسەریەكەوە چەند بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنیم لەبارەی عێراقەوە پێشكەشكردن ، لەو بەرنامانەدا ئەوەم رەتكردەوە ئەو دەستەواژانە بەكاربێنم كە ئاماژە بۆ تایفە دەكەن ، كە لەبەر پێویستیش بەكارمدەهێنان بەشێوەیەكی راستەوخۆ داوای لێبووردنم لە بینەران دەكرد ، چونكە من تەنیا باوەڕم بە نیشتمانی دایك هەیە و خوێنەكەشم هەر بە عێراقی دەمێنێتەوە ، بەڵام ئەمڕۆ لەبەر بارودۆخی ئێستا پرسیارێك دەكەم كە زۆر لەسەر دڵم گرانە بیكەم ، ئەویش ئەوەیە ئایا ئێمە پێویستیمان بە راگەیاندنی هەرێمێكی سوننە هەیە ، دوای رزگاركردنی خاكەكەمان لە داعش؟ ئایا پێكەوەژیان لەنێوان پێكهاتەكانی وڵاتدا بەشێوەیەك تێكچووە كە بەوشێوە ئازاردەرە دابەشمان بكات ؟

خوێنەری خۆشەویست ، لەبەشی دووەمی زنجیرە وتاری كەوتنی ئەفسانەكان لە عێراقدا ، كە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەینووسم ، باسی رووخانی بەڵێنی دووەم دەكەم ، كە ئەویش پێكەوەژیانی نیشتمانییە ، بەڵام من نامەوێ بەدرێژی باسی هۆكارەكان بكەم و پەنجەی تۆمەت بۆ ئەم لایەن یان فڵان حیزب درێژ بكەم . بەڵام هۆكارەكان ئاشكران و رێڕەوی رووداوەكانیش لە عێراق رووەو هاتنەپێشەوەی هەرێمەكانە . لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ئیمارات و لە جیهانیشدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەركەوتووترین نموونەی سیستەمی فیدرالین .

رێگەم بدەن پێناسەیەكی ئاسانی فیدرالیی بكەم:

فیدرالی یەكێكە لە شێوازەكانی بەڕێوەبردنی دەسەڵات ، لەو سیستەمەدا دەسەڵاتەكان بەپێی دەستوور لەنێوان حكومەتێكی ناوەندیی ( یان حكومەتێكی فیدرالیی ) و یەكەی حكومیی بچووكتر ( هەرێم یان ویلایەت ) دابەشدەكرێن ، هەردووكیشیان پشت بە یەكتر دەبەستن و سەروەری دەوڵەتیان لەنێواندا بەشكراوە . هەرێم و ویلایەتەكانیش ، بە یەكەی دەستووریی دادەنرێن و هەریەكەیان سیستەمێكی بنچینەیی خۆیان هەیە كە دەسەڵاتەكانی یاسادانان ، جێبەجێكردن و دادەوەرییەكەی دیاریدەكەن كە ئەوانە ئۆتۆنۆمیی هەرێمەكە یان ویلایەتەكە پێكدێنن ، بەوشێوەیەش ناتوانرێت ئەو دەسەڵاتانە بەشێوەیەكی تاكلایەنە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە بگۆڕدرێن . سیستەمی دەسەڵاتدارێتی فیدرالی لەئاستی جیهاندا زۆر بڵاوە، هەشت لە گەورەترین وڵاتانی جیهانیش لەڕووی رووبەرەوە ، بەشێوەی فیدرالیی بەڕێوەدەبرێن ، كە دووانیان ئیمارات و ئەمریكان .
 
ئایا گەلی عێراق لەڕووی تیڕوانینەوە ئامادەیە بۆ فیدرالی ؟

هیچ گونجاو نییە فیدرالی و دروستكردنی هەرێمەكان بهێنرێنە پێشەوە كە خەڵكی عێراق لەڕووی تێڕوانینەوە ئامادە نەبێت بۆی ، هەروەها هەڵەیە دروستكردنی هەرێمەكان وەك شێوازێك بۆ لێكجیاكردنەوەی ئێمەی سوننە و شیعە بهێنرێتە پێشەوە ! ئەگەر مەبەست لەهێنانەپێشەوەی فیدرالی بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری و دروستكردنی پێشكەوتنی خزمەتگوزارییەكانە وەك ئەوەی لە كوردستانی عێراقدا هەبوو پێش داگیركاریی داعش ، لەگەڵ مانەوەمان بەیەكگرتوویی ، باببێت . بەڵام ئەگەر بۆ ئەوەیە لەڕووی ئایینزاییەوە دابەش ببین ، ئەوە كەموكورتییەكی مێژووییە بەرامبەر هەموومان و ، ویژدانی زیندووی عێراقی قبوڵی ناكات .
 
ئایا حیزبە مەزهەبییەكان دەتوانن هەرێم بەڕێوەببەن ؟

ئەگەر وادابنێین كە ئاراستەی رووداوەكان بەرەو دابەشبوونی تایفین ، ئەوكات ئێمە لەبەردەم شەڕێكی گەورەداین ، كە پاڵەوانەكانی عەشیرەتەكانی ناوچە رۆژئاواییەكان و سەرۆكی حیزبە ئایینییەكانن ، ئینجا دەكەوینە فەلەكی ئەوەوە كێ فەرمانڕەوایی هەرێمی سوننە دەكات؟ شەڕە گەورەكەی دیكەش ، پاڵەوانەكانی ئەو حیزبە ئایینیانەن كە دەسەڵاتدارێتی بەغدایان بەدەستەوەیە و زۆرینەیان بەدەستەو، دیارترین سەرۆكەكانیان دەچنە ئێران بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی ، كێ فەرمانڕەوایی هەرێمی شیعە بكات؟! ئەوەش زۆر درێژەدەكێشێت لەسەر حیسابی سەقامگیری و خزمەتگوزارییەكان ، هەروەها لەسەر حیسابی گەلیش . هەروەها نەبوونی شارەزاییە راستەقینەكان ، ئەوكات دەزانی بەڕێوەبردنی هەرێمێكی سەركەوتوو ئاسان نییە .
 
ئایا رازیدەبین لەڕووی تایفییەوە پەرتەوازەبین لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و ببینە نووكتەیەكی تایفی ؟

لە رێگەی وتارەكەمەوە پەیامێك ئاراستەی هەموو سیاسییەكان دەكەم و دەڵێم ، پاكبن لە خستنەڕووی سیستەمی فیدرالیدا و، بەشێوە راستەكەی بیخەنەڕوو ، نەك بەشێوە مەزهەبییەكەی ، ئەگەر باوەڕتان بە دواڕۆژ و رۆژی حیساب نییە ، بەلانیكەم چەند لاپەڕەیەكی كاری باش بۆ خۆتان و میزۆپۆتامیا تۆماربكەن و چەمكەكان وەك خۆیان بخەنەڕوو ، سیستەمی فیدرالی وەك خۆی بخەنەڕوو ، بۆ ئەوەی ببێتە بنچینەی دروستكردنی پێكەوەژیان و بەدیهێنانی سەقامگیری لە عێراق ، نەك بۆ لێكجیاكردنەوەمان بەشێوەی مەزهەبی .