تكایە كۆتایی بێنن بەمافی بێ ئەرك و ئەركی بێ ماف

بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان
بۆ ڕای گشتی
 
كارلۆ كافیرۆ لەكۆتایی كتێبەكەیدا كە پوختەی كتێبی سەرمایەی كارل ماركسە، لەپاش خاڵی چوارەمی سەرەتای دەرئەنجام گیرییەكەوە و لەسەر زمانی كرێكارانی ئەوسەردەمە دەڵێت:
(ئیتر بەسە مافی بێ ئەرك ، ئیتر بەسە ئەركی بێ ماف) زۆر روونە لای كرێكارانی ئەوسەردەمە سەرمایەدار و بۆرجوازەكان مافی بێ ئەركیان هەبووە و یاسا و دەوڵەتیش پشتی گرتوون و، ئەركی بێ مافیش بەشی كرێكارانی بەدبەخت و چەوساوەكان بووە، ئەم تراژیدیایە زۆری خایاند و شۆڕش و خەباتی زۆری بۆكرا تا بەشێك لەمافەكان گەڕایەوە بۆ كرێكار و زەحمەتكێش و ماندووە نەحەساوەكان. بەڵام تا ئێستاش لەهەندێك وڵاتدا تراژیدیاكە بەردەوامە و خەباتیش هەر بەردەوام دەبێت.
 
لەم هەرێمەی ئێمەدا كە لەچاو دۆخی گشتی ناوچەكە هەرێمێكی خواپێداو و دەوڵەمەندە بەسامانی مرۆیی و سرووشتی، ئەگەر جوان و باش وەبەربهێنرێت لەهەردوو سەرچاوەكەدا پلەی ژیانی تاك و كۆمەڵگە خۆشگوزەرانی تێدەپەڕێنێت و پاش چەند ساڵێك لەتوانایدا دەبێت بگاتە قۆناخی گەشەسەندن.
 
بۆئەوەی ئامانج و مەبەستەكەم بپێكم و خزمەتێك بە كەرتی گشتی و خەڵك و كەرتی تایبەتیش بكەم بەپێویستم زانی ئەم چەند پێشنیازە بخەمەڕوو :
 
یەكەم : بۆئەوەی كەس مافی بێ ئەرك وەرنەگرێت، ئەو پلەتایبەتانەی خانەنشینكراون لە وەزیر و وەكیل وەزیر و راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی ، ئەوانەیان نەگەیشتوونەتە تەمەنی 63 ساڵی، بێ هیچ پارە و بەرانبەرێك و هەركەس بەپێی پسپۆڕی و توانای خۆی بیانگێڕنەوە بۆ خزمەت لەكەرتی گشتیدا، ئەڵبەت ئەم پێشنیازەم بۆ پاش جێبەجێكردنی یاسای چاكسازییە و گەڕاندنەوە و خستنەوە ناو خزمەتەكەش دەبێت خۆبەخشی بێت نەك دووبارە دامەزراندنەوە، ئەم پێشنیازە دوو سوودی هەیە یەكەمیان كەرتی گشتی سوودمەند دەبێت لەتوانا و پسپۆڕی ئەو پلەتایبەتانە و دووەمیش جگە لە دادپەروەری هەندێك لە داخوازی و گلەیی و گازندەی خەڵك چارەسەر دەبێت.
 
دووەم : لەساڵی 2003 وە لەعێراقەوە پارە و بودجەیەك هاتووە بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی و تا ئەو كاتەی من زانیاریم هەبوو هەرچەند بڕەكەی كەمبوو بەڵام زۆری بەڕێگای حیزبی دەكرا بۆیە پێشنیاز دەكەم ، مەسحێكی كۆمەڵایەتی بكەن بەتایبەت لە گوند و گەڕەكە هەژارەكاندا و دوور لە حیزب و سیاسەت، هەژاران بەپێی پێوەرێكی زانستی تۆمار بكەن هەركات حكومەت دەستیكرد بە جێبەجێكردنی یاسا و رێنماییەكانی چاكسازی ئەوانیش بەهرەمەند ببن.
 
سێیەم : رۆژانە رەخنە و گلەیی و گازندە هەیە كە حكومەت باج و گومرگ زیاد دەكات و لەبەرانبەردا خزمەتگوزاریی بۆ پیشەوەران و بازرگان و كەرتی تایبەت و بازاڕ زیاد ناكات ئەوەش دەرئەنجام ناهاوسەنگییەك دروستدەكات و ئەگەر بەردەوام بێت گەندەڵی لەجۆری نوێ سەرهەڵدەدات، بۆیە پێویستە كاتێك وەزارەتێك یان دەزگایەكی (!) كەرتی گشتی پێشنیاز دەخاتە بەردەست ئەنجوومەنی وەزیران بۆ زیادكردنی داهات با پێشنیازی خزمەتگوزاری نوێش هاوپێچ كات.
 
چوارەم : بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەكانی حكومەت چیتر نەدرێت بە كۆمپانیای بیانی ، ئەوەش چەند خزمەتێكی جۆراوجۆر دەكات :
 
یەكەم: وەك مانەوەی سەرمایەكە لە وڵاتی خۆمان
 
دووەم: ئەگەر كۆمپانیا خۆماڵی بێت هەلی كارەكەش بۆ كرێكار و دەستی كاری خۆمان دەبێت.
 
سێیەم: كۆمپانیا ناوخۆییەكان ناچار دەبن ئاستی كوالێتی كۆمپانیاكانیان بەرزكەنەوە لەهەموو روویەكەوە.
 
چوارەم: باجی داهاتی پرۆژەكان دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و دەبێتەوە بە داهات.