ئێزدیایەتی بیروباوەڕی کۆن و نەتەوەیی کوردە
هەندێک دیاردە هەن کاراکتەری هەر پێکهاتەیەک دیاری دەکەن و هۆشیاری نەتەوەیی، ناسنامە و کەسایەتیش دەدەنە کۆمەڵگە. هۆکاری سەرەکی لەنێویاندا ئەو هەلومەرجە جوگرافییەیە کە کۆمەڵگە، گەل و نەتەوە تێیدا دەژیت و ئەو زمانەیە قسەی پێ دەکەن؛ هەروەها کولتوور و لە هەموویانیش گرنگتر سیستمی باوەڕ (ئایینی). لە راستیشدا ئەو شتانەی میللەتێک دەکەنە میللەت، ئەم هۆکارانەن.
لەگەڵ پێشکەوتنی شارستانییەت و تەکنەلۆژیا، مرۆڤەکان زیاتر روو دەکەنە بەها هاوبەشەکان، هەروەک چۆن زۆربەی خەڵک بڕوایان بە ئایینە ئاسمانییەکان هەیە و کتێبە پیرۆزەکان و زمانێکی تەکنەلۆژیای باو لە جیهانی ئەمڕۆدا بەکاردێنن.
لە مێژوودا هیچ گەل و نەتەوەیەک نییە خاوەنی سیستمێکی بیروباوەڕی خۆی نەبێت. لە قورئانیشدا هاتووە بۆ هەموو نەتەوەیەک پەیامبەرێک نێردراوە.
باشە پێش ئیسلام و تەنانەت پێش زەردەشتیش بیروباوەڕی گەلی کورد کە یەکێکە لە کۆنترین گەلانی جیهان، چی بووە؟ چەند شوێنەوار و رێوڕەسمی ئەو بیروباوەڕە کۆنە بۆ سیستمی بیروباوەڕی نوێ گوێزراونەتەوە؟ ئایا درێژەپێدەری بیروباوەڕی کۆنی کورد لە جیهانی ئەمڕۆدا هەیە؟
هەروەک میهرداد ر. ئیزادی لە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی ئەم دواییەدا لەبارەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەورووپا دەڵێت، بیروباوەڕی کۆنی نەتەوەیی کورد ئێزدی (یەزدانیتی)یە کە ئێزدێتی، عەلەوی، یارسانی، ئاهێزمای ئاناتۆڵیا و شارستانییەتی حیکمەت لەخۆدەگرێت.
بەداخەوە لەبەر ئەوەی گەلی کورد خۆی مێژووەکەی نەنووسیوە، ئەوانەی نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن یانیش هەوڵیان داوە بیتوێننەوە، بە دڵی خۆیان مێژووەکەیان نووسیوە و هەوڵیان داوە بەو شێوەیەش پیشانی جیهانی بدەن، بەڵام دواتر لێکۆڵەرانی رووس و رۆژئاوایی راستییەکانی مێژووی کوردیان ئاشکرا کردووە.
لە ئەنجامیشدا دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، هێزە داگیرکەرەکانی رۆژهەڵاتی نێوەراست، جوگرافیای وڵاتانی ئیسلام و بە تایبەتیش کوردستانیان پارچە پارچە کرد و دابەشیان کرد. ئەوان هەوڵیان دا ئێزدییایەتی وەک دیاردەیەک پیشان بدەن کە هیچ پەیوەندییەکی بە کوردەوە نییە؛ ئێستاش هەندێک عەرەب هەوڵ دەدەن بەو جۆرە پیشانی بدەن.
هەروەک بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە کۆماری تورکیادا ستراتیژیی کارت-کورت کاریگەر نەبوو و هەر شتێک کە لە دەستیان هات کردیان بۆ ئەوەی کوردی زازا، ئەوانەی بە زمانی هەرە دێرینی کورد قسە دەکەن و ئەوانەی عەلەوین وەک کورد هەژمار نەکرێن.
لە سەرەتاکاندا کاتێک کۆمەڵگە، گەلان و نەتەوەکانی ناعەرەب ئیسلامیان قبووڵ کرد، دەتوانین زیاتر لە جوو، مەسیحی، سابیئە، زەردەشتی، تێنگری، شامانیزم و براهمانیزم، کاریگەری ئێزدییایەتی ببینن. هەروەک چۆن ئەو کاریگەرییانە لەنێو هۆز و میرنشینە کوردییەکاندا دەبینین، دەتوانین لە مەزدەک، بابەک، خورەمی، کارماتی، مەنسوور حەلـلاج، سوهرەوەردی، عەلەویەتی ئەنادۆڵ، یەسەویەتی، یارسانی، نوسەیریتی، بەکتاشی، وەفایی، مەولەوی، ئاهیتی و لە نەریتەکانی دەرگا و تەریقەتی سۆفیگەری لە ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا ببینین.
لە گۆڕینی رووخساری شارستانیەتێکی ئیسلامیدا کە لەم کولتوورە پێکهاتبوو، ئەبو وەفا کوردی گەورەترین کاریگەری لە سەر بیروباوەڕی عەلەوی، بابا تاهیری هەمەدانی کە وەک یەکەم شاعیری کورد قبووڵکراوە، کاریگەری لە سەر بیروباوەڕی ئەهلی حەق هەبووە؛ هەروەها ئێزدیایەتیش لە کەسایەتی مسافر عەدیدا کۆبووەتەوە.
ئێزدییایەتی بیروباوەڕێکی کۆنە و تەنانەت لە ئایینی زەردەشتیش کۆنترە. لە راستیدا ئەگەری ئەوە هەیە کە زۆرێک لە رێوڕەسمەکانی ئایینی زەردەشتی لە ئێزدییایەتییەوە هاتبن:
-حەوت فریشتەی چاک و حەوت فریشتەی خراپ جیهان بەڕێوە دەبەن.
-بوونی چینێکی رووحانی بە ناوی ماگ کە لە باوکەوە بۆ کوڕ دەگوازرێتەوە، ئەوە نیشان دەدات کە تایبەتمەندی هاوبەشی هەردوو بیروباوەڕەکە هەیە
چینی رووحانیی ماگ کە لە بناخەدا لە مادەکان بوو، لە سەردەمی ئەخمینییەکان و پێش سەردەمی داریوش بۆ 25 ساڵ حوکمڕانی فارسیان کردووە. سەیدی، پیرایەتی و شێخایەتی کە لەنێو کوردانی سوننە، عەلەوی و ئێزدی لە دونیای ئەمڕۆدا لە باوکەوە بۆ کوڕ دەگوازرێتەوە، رەنگە ئەنجامی ئەو دیاردە مێژووییە بێت.
هۆزە کوردەکانی ماد کە دوا زەردەشتی خاوەنی کتێبی ئاڤێستای پیرۆزی زەردەشتییەکان لەنێو ئەواندا هەڵکەوتووە، ئەو کوردانەی لە نێو ئیمپراتۆرییەتی فارسەکاندا دەژیان، کوردانی سەر بە رۆما، ئایینی زەردەشتییان بە تەواوی قبووڵ نەکرد. ئەگەر قبووڵیان بکردایە، هەندێک پەرستگای ئاگریان دەبوو.
ئێزدیایەتی و ئیسلام
ئەو شوێنانەی کورد تێیاندا دەژیا، تاوەکو سەردەمی ئیسلام لەژێر دەسەڵاتی زۆر دەوڵەت و شارستانییەتدا بوون وەک مادەکان، فارسەکان، رۆمانییەکان، سێلۆکوس (312-129 پ.ز)، ئەشکانییەکان (247 پ.ز-224ز) و ساسانییەکان (224-651 زایین).
بەڵام ئەو کوردانەی که به گشتی بێبەش بوون له دەسەڵاتی ناوەندی، بە شێوەیەکی نیمچه سەربەخۆ، لە گەلی گەورە و ناوچە شاخاوییە سەختەکاندا ژیانێکی نیمچه کۆچەری و کۆچەری دەژیان، لە سەر بیروباوەڕە کۆنەکان ژیاون و ئەو بیروباوەڕەیان بە زارەکی گواستووەتەوە. هەرچەندە کۆچکردنیان سوودی بۆ هاتووچۆی ئازادیان هەبووە، بەڵام نەیهێشتووە بینای هەمیشەیی بۆ پەرستگاکان دروست بکرێت و بەرهەمی نووسراویان هەبێت.
ئەوان لە سەردەمی ئەخمینییەکاندا زەردەشتی، لە سەردەمی سێلۆکۆس و پارتییەکاندا ئایینی یۆنانی، یانیش لە سەردەمی دەسەڵاتی رۆمانییەکاندا وەک ئەرمەنەکان ئایینی مەسیحییان قبوڵ نەکردووە. ئەوانەی قبووڵیشیان کردووە، ژمارەیەن کەم بووە.
ئەگەر ژمارەی ئەو کەسانەی کە ئایینی مەسیحییان قبووڵ کردووە زۆر بووایە، دەبوو وەکو سریان، ئەرمەنی، نەستووری و کلدانەکان پێکهاتەیەکی دامەزراوەیی کەنیسەی کوردی یانیش پەرستگەیەکی ئاگری تایبەت بە کورد هەبوایە.
گەلی کورد کە لە مێژوودا ئایین و کولتوورە سەپێنراوەکانی رەتکردوەتەوە، قۆناخ بە قۆناخ ئیسلامی قبووڵ کرد. دوای قبووڵکردنی ئیسلام، بیروباوەڕی تەقلیدیی کورد بەتەواوی نەما. سەرەڕای ئەوەی بوون بە موسڵمان، هەندێک لە کوردەکان بە وەرگرتنی بیروباوەڕی نوێ و کۆن و بیروباوەڕی دیکە کە لەو جوگرافیایەدا هەبوون، بیروباوەڕی وەک ئێزدایەتی، ئەهلی حەق و عەلەوییان هێنایە ئاراوە.
ئیزادی لەبارەی ئەم بابەتەوە دەڵێت: "لە کۆنەوە تەنیا سێ لقی ئێزدایەتی گەیشتوونەتە ئەمڕۆ. ئەوانیش بریتین لە ئێزدایەتی، عەلەوی و یارسانی (بە عەلیولاهی یان ئەهلی حەقیش ناسراوە). بیروباوەڕی عەلەوی، هەروەها بیروباوەڕی نوسەیریش لەخۆدەگرێت کە لە لایەن بەشێکی کەمی عەرەبەکان لە سووریا و زۆرینەی عەرەبەکانی تورکیا قبووڵ دەکرێت.
ئێزدانیزم و ئێزدایەتی
ئێزدایەتی کە لقێکە لە باوەڕی کۆن بە یەزدانیزم (یەزدانەتی)، زۆرجار لەگەڵ یەزدانیزم تێکەڵ دەکرێت. بەراورد بە لقەکانی دیکەی یەزدانەتی، ئێزدایەتی رەسەنترە و رێوڕەسمە ئاینییەکانی لە یەزدانەتی نزیکترن؛ هەروەها زمان و بناخە کولتوورییەکەی زۆرتر کوردییە. عیبادەت، نزا کردن و رێوڕەسمە ئاینییەکانی دیکە هەموویان بە شێوەزاری کرمانجین.
لە سەرەتای دەسەڵاتی ئیسلامدا کاریگەری ئەو نەریتەی کە یەزادانەتی تێدابوو تا رادەیەک وەک دیاردەی مەزهەبی دەرکەوت. شەرەفخانی بەدلیسی پێش ساڵی 1600 لە کتێبی مێژووی کورد شەرەفنامەدا دەڵێت، زۆرینەی کورد سوننەن، بەڵام لە هەمان کاتدا بەشێکیان ئێزدیین؛ کاتێکیش باسی هۆز و میرنشینە کوردییەکان دەکات، ئەو تێگەیشتنە دەدات کە مەبەست یەزدانەتی بێت.
بۆ نموونە لە پێشەکی شەرەفنامەدا هاتووە:
هەموو کورد سەر بە مەزهەبی شافیعین و گرنگییەکی زۆر بە بنەماکانی ئیسلام، سوننەتی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەربێت)، کردەوەکانی خەلیفەکانی ئیسلام، نوێژ، زەکات، چوون بۆ حەج و رۆژوو دەدەن.
بەشێک لە کوردانی دانیشتووی موسڵ و دیمەشق، بۆ نموونە تاسنی، خالیدی و بسیانی و بەشێک لە بۆهتی، مەحموودی و دونبولی سەر بە مەزهەبی ئێزیدین.
ئەمانە شوێنکەوتوانی شێخ عەدی بن موسافیرن کە سەر بە خەلیفەکانی مەروانین و خۆیان بەوەوە گرێداوە. بەپێی بیروباوەڕی ناڕاستیان دەڵێن: شێخ عەدی رۆژوو و نوێژەکانی ئێمەی گرتووەتە ئەستۆی خۆی، رۆژی قیامەت بێ لێکۆڵینەوە و سزا دەمانباتە بەهەشت.
شەرەفخان کاتێک باسی میرنشینی هەکاری دەکات، دەڵێت:
"لەلایەکی دیکەوە کاتێک حەسەن بەگی ئاککۆیونیان حوکمڕانی خۆی لە ئێران بەهێزتر کرد، بەهۆی دوژمنایەتی و تووڕەیی زۆری بەرامبەر حوکمڕانانی کوردستان، سۆفی خەلیل وعەرەبشا کە لە فەرماندەی گەورەکانی تورکمانەکانی ئاکۆیونی بوون، بۆ هێرشکردنە سەر کوردستان و داگیرکردنی پارێزگای هەکاری بەرپرسیارێتیان پێدرا".
سۆفی خەلیل ماوەیەک چاوەڕێی دەرفەتێک بوو، کاتێک دەرفەتی بینی هێرشی کردە سەر هەکاری. هێرشەکە لە رۆژێکی چوارشەممە دەستیپێکرد.
هەرچەندە پاسەوانانی سنوور، ئێزدین شێر (عزەدین شێر)یان لە هێرشەکەی سەر وڵات ئاگادار کردەوە، بەڵام ئەو گوتی: 'ئەمڕۆ چوارشەممەیە، چوارشەممە رۆژی شەڕ نییە؛ ئەگەر ئەمڕۆ لەگەڵ دوژمن شەڕ بکەین، بەدبەختی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.'
ئامۆژگاری راوێژکارانیش بێ کەڵک بوو و (ئێزدین شێر) رازی نەبوو ئامادەکاری دژی دووژمن بکات. لە ئەنجامدا دووژمن بە فەرماندەیی سۆفی خەلیل و عەرەبشا دەستیان بە هێرش کرد. ئەو دوو فەرماندەیە ئێزدین شێریان گرت و کوشتیان. بەمشێوەیە پارێزگای جۆلەمێرگ بۆ تەنیا جارێک لە دەستی ئەو حاکمانەدا نەمایەوە و کەوتە دەستی بیانییەکان.
دوای ئەوەش تورکمانەکان ئەو ناوچەیەیان بەڕێوەبرد. ئەرکی ئاسایش و رێکخستن درا بە هۆزی دونبولی. ئەم هۆزە بۆ ماوەیەکی زۆر هەکارییان لە سەر ناوی ئاکۆیونیەکان بەڕێوەبرد، وەک دەزانرێت لای جووەکان شەممە پیرۆزە، لای مەسیحییەکان یەکشەممە و لای موسڵمانان رۆژی هەینی پیرۆزە، لای ئێزیدییە یەزدانییەکانیش رۆژی چوارشەممە پیرۆزە.
بەدلیسی لە بەشی میرەکانی جزیرەدا دەڵێت:
بەگوێرەی مێژوونووسانی باوەڕپێکراو و دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، بنەماڵەی میرەکانی جزیرە دەگەنەوە خالید بن وەلید کە یەکێک بووە لە خەلیفە ئەمەوییەکان. لە نێو باوباپیرانیان، یەکەم کەس کە لە جزیرە حوکمڕانی کردووە، کەسێک بووە بە ناوی سلێمان بن خالید. ئەم بنەماڵەیە پێشتر تێگەیشتنی ئێزیدییەکانی لەبارەی شوومبوونی قبوڵ دەکرد. دواتر خودا رێگەی راستی پێشانیاندا و وازیان لە بیدعە {داهێندراو} هێنا، رێگەی ئیسلامیان کردە رێنوێنی خۆیان و پەیوەست بوون بە کۆمەڵگەی ئەهلی سوننەت و جەماعەتەوە. مزگەوت و مەدرەسەیان دروست کرد و گوندی باش و زەوی بەپیتیان بۆ تەرخان کرد.
ئایا خالید بن وەلید هاوەڵ و فەرماندەیەکی سەرکەوتووی ئیسلام نەبوو؟ نەریتی ئێزیدییەکان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئایا مێژووی خالید کە بەدلیسی لە پێشەکیەکەیدا باسی کردووە پەیوەندی بە عەشیرەتی کوردانی خالیدی یەزدانییەوە نییە؟ ئەو دیاردەیەی لێرەدا تێدەگەین، ئێزیدیزم نییە، بەڵکو یەزدانیزمە.
بەدلیسی، لە درێژەی بابەتی میرەکانی جزیرەدا دەڵێت: شارۆچکەی گورگیل (ئێستا پێی دەگوترێت دێرگوڵ) دەکەوێتە سەر شاخی جوودی، دەگوترێت کەشتییەکەی نوح (سڵاوی خودای لەسەر بێت) لەسەر ئەم شاخە نیشتەوە. عەشیرەتی ئەم شارۆچکەیە لە حەوت بەرەباب پێکهاتووە.؛ چوار لەوانە حوسێنین: شەهریۆری، شەهرییی، گورگیل، ئیستۆری.
سێیەکەی دیکە ئێزدین: نڤیدکاڤون، شۆڕەش، هەیڤدل.
بەدلیسی باسی بنەماڵەی بەناوبانگی دورزیی جانپۆلات دەکات کە هەندێکیان بوون بە سوننە و هەندێکیان لە لوبنان مانەوە، لە میرنشینی کیلیسەوە تا ئەنتاکیە و لەوێشەوە تا میرنشینی تەرابلوس حوکمڕانییان کردووە، کە بەم شێوەیەیە:
دەگوترێت بەپێی گێڕانەوە جێی متمانەکان، ئەوان ئامۆزای میرەکانی هەکاری و (عمادیە) ئامێدین. ئەمانە سێ برا بوون و ناویان شەمسەدین، بەهادین و مەنتەشا بووە.
حوکمڕانەکانی هەکاری لە نەوەی شەمسەدین بوون و کورد پێی دەڵێت شەمۆ. فەرمانڕەواکانی عمادیە (ئامێدی) کە لە نەوەی بەهادین بوون، پێیان دەگوترا باتین و فەرمانڕەواکانی کیلیس پێیان دەگوترا مەند، لە بەر ئەوەی لە نەوەی مەنتەشا بوون.
بە هەر شێوەیەک بێت، مەند لە سەرەتادا توانی هۆزێکی کورد لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و لەگەڵیاندا چوو بۆ دیمەشق و میسر و کەوتە خزمەتی دادوەرە ئەیوبییەکانەوە. ئەیوبییەکان شارۆچکەی قوسەیر لە نزیک پارێزگای ئەنتاکیەیان پێ بەخشی. مەند و پیاوەکانی لە زستاندا لەم شوێنە نیشتەجێ بوون. پێکهاتەیەک لە کوردانی ئێزدی کە پێشتر لەو خاکەدا دەژیان، لە دەوری مەند کۆبوونەوە. بەم شێوەیە رۆژ لە دوای رۆژ ناوبانگ و کاریگەرییەکەی زیاتر بوو. کورد لە هەموو شوێنێکەوە هاتنە لای، هەروەها کوردەکانی نزیک جۆم و کیلیسیش پەیوەندییان پێوە کرد.
بەدلیسی لەو بەشەی کە باس لە میرنشینی سولەیمانییەکان دەکات کە لە دەوروبەری ئامەد و پاسوور (قولپ) حوکمیان کردووە، دەڵێت: زۆرێک لە عەشیرەتە کوردەکانی سەر بەم میرنشینە ئێزدی (لە راستیدا یەزدانی بوون) بوون:
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە لە بەرهەمەکانی ئەو کەسانەی باسی بنەماڵەی سولەیمانییەکانیان کردووە، گواستراونەتەوە؛ کاتێک عەباسییەکان مەروانییەکانیان لەنێوبرد، سێ منداڵەکەی ئەشەک مەروان لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە پیاوەکانیان توانیبویان فەلەستین بەجێبهێڵن و خۆیان بگەیێننە پارێزگای پاسوور و لەوێش لە گەلیی خۆخ لە قەزای خەزالی جێگیر ببن.
بە تێپەرینی کات، هۆزەکانی ئەو لایە کە دیارترین و بەهێزترینیان عەشیرەتی بانووکی بوو، لە دەوری ئەم تازەهاتووانە کۆبوونەوە. بەم کارە ناوبانگیان دەرکرد و پشتیان بەهێز بوو. دواتر لە سایەی پاڵپشتی و جیهادی ئەو هۆز و عەشیرەتانە، قەڵاکانی پاسوور، جیسکا، تاس، حەسۆلی، مەیافەرقین تاوەکو کەناری رووباری دیاربەکر و زەوییەکانی دەوروبەری ئەو شوێنانە، هەروەها قەڵاکانی بێدیان، کارووکان، دلکێلۆکیا، ربات، جریس، ئیدنک، سەلیک و گەنج-یان، لە دەستی کافرەکانی جۆرجی و ئەرمەنی دەرهێنا و حکومەتێکی سەربەخۆیان لەو شوێنانە دامەزراند.
دوای ئەمە زۆربەی ئەو مەروانیانەی کە لە میسر و دیمەشق پەرش و بڵاو بوون، هاتنە ئێرە و لە دەوریان کۆبوونەوە. کۆمەڵگەکە لە کۆتاییدا دابەش بوو بەسەر هەشت گروپی سەرەکیدا: بانووکی، هەڤیدی، دلهران، بۆجیان، زیلان، بسیان، زکزیان و بەرازی، هەندێک لەو هۆزانە ئەهلی سوننەتن و شوێنکەوتووی ئیمامی شافیعی (ر.ع)ن. هەندێکی دیکەشیان رێبازی ئێزیدییان گرتەبەر.
بەدلیسی دەڵێت، حوکمڕانی سۆهرانیان دا بە حوسێن بەگی داسنی، کە یەکێک لە منداڵەکانی میرەکانی هۆزە ئیزدییەکان.
بۆ حەسەن بەگی بن ئیواز بەگی بن میر حەمیتیش کە یەکێکە لە بەیتەکانی میرنشینی مەحموودیان، دەڵێت: "ئەو کەسەی کە بیدعەی ئێزدایەتی لە نێو عەشیرەتی مەحموودیان بنبڕکرد و رۆژوو، نوێژ، حەج و زەکاتی بڵاوکردەوە، منداڵەکانی هاندا بۆ خوێندنی کتێبی کۆن و فێربوونی فەرز و سوننەت، هەروەها قوتابخانە و مزگەوتی دروستکرد."
*لێکۆڵەر و نووسەر، مەهمەت حەنیفی ئالر ئەم دەقەی لە کتێبە چاپنەکراوەکەی بە ناوی "پیری پیران ئەبولوەفا ئەلکوردی و شارستانیی عیرفان ئەنادۆڵ" وەرگرتووە و بۆ یەکەمجار لێرە بڵاو دەکرێتەوە.
*مەهمەت حەنیفی ئالر لە ساڵی 1959 لە ناحیەی پانۆسی پارێزگای ئاگریی باکووری کوردستان لەدایکبووە. لە نێوان ساڵانی 2007 بۆ 2011 پەرلەمانتاری ئاگری بووە. زمانی کوردی، ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی و تورکی دەزانێت.