ئەگەر بگەمە خزمەت جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی

ئەگەر بەخت یاوەرم بوو، لەو کاتەی کە کات نەماوە، لەو کاتەی کە هەموو دونیا و گشت رۆژنامە و کەناڵە هەواڵییەکان هەوڵدەدەن سەرۆک مەسعود بارزانی ببینن، لەجیاتی ئەوان من دەرفەتی ئەوەم هەبێت بۆ پێنج دەقییقە بە خزمەتیان بگەم، ئەوەی خوارەوەیان عەرزدەکەم:

جەنابی سەرۆک خودا قوەتت بدات، باوکی رەحمەتیم کە کرێکارێکی نەخوێندەواربوو دەیگوت: پشیلە بە مشکی گوت ( ئەگەر لەم کونە بێیتە دەرەوە و بچیتە کونەکەی دیكە، کە تەنیا دوو مەتریان نێوان بوو، فەردەیەک برنجی بێ چەڵتووکت دەدەمێ)، مشک زۆر بیری لێکردەوە، بەڵام بڕیاریدا ئەم قومارە نەکات، چونکە هەرچەندەی بیری دەکردەوە نەیدەزانی بڕینی ئەم دوو مەترە چ سیحرێکی بۆ پشیلە تێدایە کە فەردەیەک برنجی بێ چەڵتووک بێنێ، دڵنیابوو لەوەی کە پشیلە لە ماوەی ئەم دوو مەترە زەفەری پێدەبات.

جەنابی سەرۆک، کورد دەڵێ شەڕ و نیوە شەڕ هەر یەکە، دەوروبەری ئێمەش پڕە لە دڕندە، بۆیە تکایە هەر چی بەڵێنێکتان پێدرا بۆ دواخستنی گشتپرسی قبووڵی مەکەن، خۆ ئەگەر ئەوانەی دەیانەوێت کێشەکە چارەسەرکەن، دەتوانن دوای 25ـی مانگیش هەوڵبدەن. لە دوای 25-9یش ژیان هەر بەرەدوام دەبێت و گوشارەکانیش هەر بەردەوام دەبن.

دوو رۆژ پێشتر لە لەندەن کورد بە یەکدەنگ پاڵپشتیان لە ئێوە کرد، تکایە ئێوەش نەچنە ژێرباری هیچ گوشارێک. تائێستا زۆر باشتان هێناوە و ترسی ناوێت، دەست لە دەست و پشت بەخوا، هەرچی رووبدات لە مەترسی داعش و مالیکی زیاتر نابێ کە بە هیممەتی پێشمەرگە و هەموو لایەک تێپەڕین.

ئەنجامنەدانی ئەم گشتپرسییە زیانێکی یەکجار گەورە لە ورە و باوەڕی هەموومان دەدات، تکایە هەناسە ساردمان مەکەن.

سەربەخۆیی تاک ساڕێژە بۆ هەموو برینەکانمان.