لە نێوان نەوەی ئێستا و نەوەی پێشوودا
زۆر گوتراوە و نووسراوە لەبارەی جیاوازییە بونیادییەکانی نێوان نەوەی پێشوو و نەوەی ئێستای کوردستان و هۆکارەکانی سەرهەڵدان یا دروستبوونی ئەم جیاوازییانە. بەڵام ئەوەی راستی بێ، ئێستاشی لەگەڵدابێ نەتوانراوە ئەم دوو جەمسەرە کۆمەڵایەتییە لە رووی فیکر و مەعریفە و جیهانبینیەوە لەیەکدی نزیک بکرێنەوە.
ئایا بوونی ئەم جیاوازییانە وەک چەند زەروورەتێکی مێژوویی دەردەکەون و پێویستە هەبن؟ یا نا... جیاوازییەکان رووکەش و کڵێشەیین و بەو قەوارەیە نین، کۆمەڵێک رۆشنبیر و توێژەر و نووسەر باسی لێوە دەکەن؟
بەڵام ئایا بە راستی جیاوازی هەیە لە نێوان ئەو دوو توێژە کۆمەڵایەتییەدا؟
نکۆڵی لەوە ناکرێت، لە زۆر رووەوە جیاوازی هەیە لە نێوان ئەم نەوەیەی ئێستا کە لە سەرەتای بیست و سییەکانی تەمەنیدایە، لەگەڵ ئەو نەوەی لە پەنجا و شەستەکانی تەمەنیدایە. بەڵام ئایا جیاوازییەکان رادیکاڵی و بوونیادین؟ یا سووک و ساکارن؟
من پێموایە کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی لە رووی بیروبۆچوون و هزر و باوەڕە سیاسی، ئایینی، کۆمەڵایەتی، تێڕامانی نێودەوڵەتی و پەیوەندیی نێوان دوو رەگەزی جیا ( نێر و مێ)، و ئامادەیی بوونی خەسڵەتی سەرکێشیکردن و ناڕەزایەتیی دەربڕین و حەز و ئاوات و خواستە تایبەتییەکان، ئەم دوو نەوە لە یەکدی جیا دەکاتەوە.
نەوەی پێشوو هەڵگری کۆمەڵێک بەهای جێگری کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتووریی جێگر و رەسەن بوون و لە ژێر هەموو ئەو بارودۆخە سەخت و ناسک و ناهەموارانەی بەسەر گەلی کورددا هاتوون، توانیویانە خۆڕاگر بن و ساردی و گەرمی و ناهەموارییەکان، کاریگەریی نەرێنی نەکاتە سەریان و هەر ئەمەش بووە تاوەکو ئێستا بووەتە رەمزی مانەوەمان بە زیندوویی و نەتوانەوەمان لە ناو بۆتەی رەگەزی داگیرکار بە هەموو فۆرم و ناوەڕۆک و ئامانجەکانیەوە.
لەمەش زیاتر، گۆشەنیگای نەوەی پێشوو بۆ بابەتەکانی وەک پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی نێوان گرووپ و تاکەکانی کۆمەڵگە، چۆنێتیی تێگەیشتن لە بابەتی خوێندن و خوێندەواری و بڕوانامەی زانکۆ و ئەکادیمی، پێکهێنانی خێزان و دەستگرتن بە بەها و دابونەریتە رەسەنە جڤاکی و کولتوورییەکان، شێوازی رەفتارکردن لەگەڵ دایک و باوک، تەواو جیاوازە لە هی نەوەی ئێستا.
ئەگەر لە رووی فەلسەفیشەوە لە جیاوازییەکان بڕوانین، دەبێت ئەم پرسیارە رووبەڕووی خۆمان بکەینەوە، کام نەوە لەسەر حەقە و کام نەوەش لەسەر رێچکەی هەڵەیە؟ کامیان رێچکەی راست و دروستی گرتووەتەبەر و کامیش لە سەر رێچکەیەکی چەوت و ناڕاستە؟
بەدەر لە رووە فەلسەفییەکەی ئەم بابەتە، من پێموایە نەوەی پێشوو بە سادەیی بیری دەکردەوە، بە سادەیی دەژیا و هەر بە سادەییش سەری دەنایەوە و چاوەڕوانی لە رادەبەری لە ژیان و ئاییندە و دونیای ماتریاڵی و رەفاهیەتەوە نەبوو. بەڵام نەوەی ئێستا، سادە بیر ناکاتەوە و ناشیەوێت سادە بژیت. هەڵبەتە ئەم بۆچوونە بەو مانایە نییە، نەوەی پێشوو نەزان بووبێت و ئەمەی ئێستا زانا و دانا و حەکیم بێت.
نەوەی ئێستا بە نەوەی کۆمپیوتەر، دونیای مەجازی، فەیسبووک، سەتەلایت، ئینتێرنێت، گووگڵ و ئایفۆن و تەلەفۆن و وایرلێس ناسراوە. بە واتایەکی دیکە کاراکتەر و مەلەوانی ناو جیهانێکی پڕ لە شەپۆل و هەڵبەز و دابەز و پڕ لە ئیمکانیاتی جۆراوجۆری " پەیوەندییەکان"ـە.
بۆیە زۆر ئاساییە نەوەی ئێستا بە سادەیی نەژی و بە سادەییش بیر نەکاتەوە و چاوەڕوانییەکانی لە کۆمەڵگە و ژیان و دەسەڵاتدار، زۆر لەوە زیاتر بێت، نەوەی پێشوو بتوانێ لێی تێبگات و هەزمی بکات.
ئەم نەوە تێگەیشتنی لە جیهان و ژیان و پەیوەندیی نێوان تاک و رەگەزە پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگە لە وانە دایک و باوک و خێزان و قوتابخانە و مامۆستا و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن و پێکهێنانی خێزان و... تەواو لە هیی نەوەی کۆن جیاوازن.
هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە سەردەمانی پێشوودا، بۆ نموونە 50 ساڵ پێش ئێستا، جیهان سادە بوو، کاراکتەرەکان سادە بوون و هەلومەرجەکەش بەم شێوەیەی ئێستا نەبوو و کۆمەڵگە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش نەکەوتبوونە بەردەم زریانی وێرانکەری تەکنۆلۆژیا و تەوژمی شۆڕشی خێرای زانیارییەکان و بەها کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانیش بە جێگری دەردەکەوتن و دەپارێزران. بە واتایەکی دیکە، کۆمەڵگەی کوردی زیاتر لە کۆمەڵگەیەکی نەریتپارێز و کۆنسێرڤاتیڤ دەچوو تا جڤاکێکی مۆدێرن و پێشکەوتوو و تەنراو بە تەکنۆلۆژیای زانیارییەوە.
50 ساڵ بەر لە ئێستا کاراکتەرەکانیش سادەبوون...یا سپی بوون یان رەش، یا خزمەتکار و دڵسۆز و پاکوبێگەرد بوون یا خیانەتکار و ئەڵقە لە گوێ و خۆفرۆش (جاشەکان)، یا هەموو سەرمایەی ماددی و مەعنەوی خۆیان ئەخستە کار بۆ رزگاری و ئازادی، یا ئەوەتا پوولپەرەست و شێت و شەیدای پۆست و پلە و پایە و کورسی بوون.... زۆر بە ئاسانی دەکرا چاکە و خراپە لە یەکدی جیا بکرێنەوە.
رابردوو و کاراکتەرەکانی وەک پەڕاوی ( هاتوو و نەهاتوو/ حازر و غایب)ی قوتابخانە بوون. چەمک و مەفاهیمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سیاسی پێویستیان بە شرۆڤەکاری و لێوردبوونەوە نەبوو... تەنانەت زۆر بەئاسانی دەزانرا کێ چاکەکارە و کێش خراپەکارە، کێ خاوەنی کەسایەتییەکی پاکی کۆمەڵایەتی و ئایینی و نیشتیمانیی بەرزە و کێش خراپەکاری و گەندەڵی و دزی و ناپاکی و درۆزنی و ریاکاری و قۆڵبڕی چووەتە ناو خوێن و دەمارەکانییەوە....هەموو ئەمانە بەهۆی سادەیی ژیان و هەلومەرجەکانەوە دەکرا زۆر بەئاسانی و بێ ماندووبوون لێک جیابکرێنەوە.
بەدەر لەمانە، جاران کەس ناچار نەبوو مێشک و زهنیەتی خۆی بە شیتەڵ کردنەوە و تێگەیشتن لە چەمکەکانی دیموکراسی و ناسیۆنالیزم و کۆمۆنیزم و فاشیزم و ( نیزم)ـەکانی دیکەوە سەرقاڵ بکات یا بیەوێ بە رووکەش لاسایی وڵاتانی پێشکەوتوو بکاتەوە یا سیستەم و مۆدێلی حوکمڕانی نامۆ بە کولتوور بەها جڤاکی و ئایینییەکان، بەبێ دیراسەکردنێکی ورد و ئەکادیمییەوە، لە کۆمەڵگەی کوردی پیادە بکات.
هەموو ئەمانە وایانکرد نەوەی پێشوو ببێتە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندیی بنەڕەتییە، کە من پێموایە نەوەی ئێستا نییەتی. لەوانە نەوەی پێشوو لە ژێر گشت دۆخێکدا هیوا و ئومێدی خۆی نەدەدۆڕاند و هەمیشە پڕ بوو لە ئومێد بە ئاییندەی گەش و لە شکست و نسکۆش ترسی نەبوو و بڕوا و متمانەشی بە تواناکانی خۆی نەدەدۆڕاند.
رەنگە سەرچاوەی بە سادەیی ژیان و هیوانەبڕاوی نەوەی پێشوو بۆ "بەسادەیی" بیرکردنەوەیان بگەڕێتەوە و "نائومێدی" نەوەی ئێستاش بۆ واقعبینی و واقعگەرایی و بەرزیی ئاستی داواکارییەکانیان بگەڕێتەوە. لەوانە کەڵەکەبوونی دەیان پرسیاری جۆراوجۆری بێ وەڵامی کۆمەڵایەتی، ئایینی، سیاسی و رووناکبیری، زانستی و ئەکادیمی، کە رەنگە جاران قەت بە زەینی نەوەی پێشوودا نەهاتبن و کەسیش بیری لێنەکردبێتەوە.
لە کۆتاییدا پێموایە نەوەی پێشوو بەرهەمی سەردەم و هەلومەرجی ژیانی ئەوکاتی خۆی بوو و، نەوەی ئێستاش بەرهەم و دەرەنجامی زەمەنی تایبەت بە خۆیەتی.
هەر بۆیەش جار ناجارێک دەبینین جیاوازییەکانی نێوان ئەم دوو نەوەیە بەهۆی تێڕامان و پەروەردە و بیروبۆچوونە جیاوازەکانیانەوە لە کاتی روودانی رووداوەکانی کۆمەڵگە و جیهانی دەرەوە، بە زەقی دەردەکەون.
کۆمەڵگەی کوردی بەهۆی ژێردەستەیی و ستەمی دەسەڵاتدارانی بەغدا و خەباتی نەتەوایەتی گەلەکەی لە پێناوی ئازادیدا بە درێژایی 80 ساڵی رابردوو و دامەزراندنی چەندین پارت و بزووتنەوەی سیاسیی دژ بەیەک و بەرژوەندیخوازەوە، لە هەموو روویەک و بە هەموو پێوەرێک، کۆمەڵگەیەکی ماندوو و شەکەت و هیلاکە.
هەر ئەمەشە وای کردووە نەوەیەک (نەک هەر هەمووی) دروستببێت، لە حاڵەتی دروستبوونی بچووکترین کێشەدا، دەست بۆ هەنبانە بۆرینەیەکی پڕ لە جنێو و سووکایەتیکردن ببات و لایەنی بەرامبەری پێ سووک و چروک بکات. ئەم حاڵەتەش جاران ئەگەر دیاردە بووبێت، بەداخەوە لەم سەردەمەدا بووەتە حاڵەتێکی تا بڵێی قێزەون بۆ ناشرینترکردنی کۆمەڵگە و رووبەڕووبوونەوەی تاکەکانی بەهۆی پەروەردەی سەقەت و رووحی سەرکێش و وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکان و بە حیزبیبوونی کۆمەڵگەوە لە هەموو روویەکەوە.
نەوەیەکی کۆنی ماندوو و هیلاک کە توانای وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی کۆمەڵگەی بە گشتی و بۆ گەنجان بە تایبەتی نییە و بەهۆی پەرتەوازەیی و بەردەوامیدانی بە دووبەرەکی و ململانێی سیاسی و شکستەکانەوە، نەیتوانیوە بپڕژێتە سەر دۆزینەوەی چارەسەرێکی ریشەیی و گونجاو بۆ ئەو دەیان کێشەیەی بەهۆی کەڵەکەبوونیانەوە بەرۆکی گرتووە و بووەتە هۆکاری زیاتر رووبەڕووبوونەوەی هەردوو جەمسەری نەوەی کۆن و سەرکێشییەکانی نەوەی نوێوە.
ئەوەی بۆ ئێستای دەسەڵاتداران بە گشتی و ناوەندەکانی زانست و ئەکادیمەوە بە گشتی یەکجار گرنگە، تێگەیشتنە لە رەگەزە پێکهێنەرە سەرەکییەکان، بەرژەوەندییە دژ بە یەکەکان، بەرژەوەندیی حیزبەکان، پەیامی حیزبەکان، ئامانجی حیزبەکان لە دامەزراندنیان، چین و توێژەکان، داواکاری و خواستەکان، پێداویستییە ماددی و مەعنەوییەکان، ئاسۆی ئاییندە و گەیشتن بە حەز و ئاواتە تایبەتییەکان و خۆشکردنی زەمینەی گەیشتن بە ئامانجەکان، بە هاوکاری هەموو ئەوانەی لەم هەرێمە بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵات و نفوز و خەمخۆری راستەقینەن.