زیانەكە هەر بۆ كوردە
شوباتی ساڵی رابردوو، بۆ دیدارێكی رۆشنبیری لە شاری ئامەد بووین، لە كۆی پانێلەكانی دیدارەكەدا، ناوی دەوڵەتی كوردستان و پێشمەرگە و گەریلا و بارزانی و تاڵەبانی و ئۆجەلان، بەردەوام دووبارە دەبوونەوە. ئازادانە رەخنە لە سیاسەتی ئەردۆغان و دەوڵەتی توركیا دەگیرا. ئەم كەشەی لەوێ بینیم، وای لێكردم لە چەند برادەرێكم بپرسم، ئەرێ بەڕاست ئێرە توركیایە؟!
ئەوە رێكلام نییە بۆ دەوڵەتێك كە خاوەن تۆمارێكی رەشە لە زوڵم و ستەم دەرحەق بە كورد، هەموومان كەم تا زۆر زانیاریمان لەبارەی سیاسەتی پاكتاوكردنی نەژادی و نكۆڵیكردن لە بوونی میللەتێك بە ناوی كورد لەو وڵاتەدا هەیە. بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئەم چەند ساڵەی دوایی كوردی باكووری كوردستان، بە زۆر دەستكەوتی گەورە شاد بوون.
كورد لە هەڵبژاردنی 30ی ئاداری 2014 ی تایبەت بە شارەوانییەكان، بەناوی پارتی هەرێمی دیموكرات (BDP)، لەپتر لە سەت شارەوانیی شار و شارۆچكەدا، سەركەوتنی بەدەستهێنا، بەمەش ئیدارەی زۆربەی شارەوانی و دامودەزگاكانی حكومەت (جگە لە سوپا و پۆلیس)ی گرتە دەست. لە سایەی پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانەدا، باكووری كوردستان پێی نابووە قۆناخی ئاوەدانی و ئارامی. وەلێ هەنووكە خەریكە هەموو ئەو دەستكەوتانەی بە ئاشتی و هەڵبژاردن بەدەستهاتن، بە شەڕ كۆتاییان دێت.
بەداخەوە تادێ كێرڤی شەڕ و ئاڵۆزییەكانی ئەو بەشەی كوردستان لە هەڵكشاندایە، بەو هۆیەوە ژیانی هاونیشتمانیانی كورد لەژێر هەڕەشە و مەترسییەكی گەورەدایە.
هەروەك بەهۆی باری نائاسایی و شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی PKK، رۆژ بە رۆژ رەوشەكە خراپتر دەبێ. تا ئێستا پتر لە سەت و پەنجا هاونیشتمانی شەهید و سەتان بریندار هەیە. چوار سەت هەزار كەس ئاوارە و سەرگەردان بوونە، پرۆسەی خوێندن و خزمەتگوزارییە مرۆییەكان پەكیان كەوتووە. دەگوترێ زیاتر لە هەزار و پێنج سەت چالاكڤانی سیاسی و هاونیشتمانیی سڤیل لە زیندانەكانی ئەو وڵاتە ئاخنراون.
دەوڵەتی توركیا لەو شەڕەدا، هەموو سنوورێكی هۆڤیانەی تێپەڕاندووە، تەنانەت دەست لە كوشتنی ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتەش ناپارێزێ. نكۆڵی لەوە ناكرێت ئەردۆغان چەند ساڵی رابردوو سیاسەتێكی كراوە و زیرەكانەی بەرامبەر كورد پەیڕەو كرد، بەڵام خەریكە مەیلی شەڕخوازانەی ئەم دواییەی ریسەكە دەكاتەوە خوری.
ئەوەی پەیوەندی بە كوردیشەوە هەیە، پێویستە بێ پرسیار تێنەپەڕێ و حەقە دان بەو غروورە سیاسییەدا بنێین، كە پارتی دیموكراتی گەلان (HDP)، یان وردتر بڵێین PKK لە دوای تێپەڕاندنی بەربەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەو وڵاتە لە 7ی حوزەیرانی 2015دا، تێیكەوت و دۆستانیشی تا پێیانكرا، هانیان دا بێ منەت بێ.
پرسیار ئەوەیە، ئایا HDP چ ئەنجامێكی لەو سیاسەتە دەستكەوت؟ یان ئەوانەی هانیان دەدا بە زمانی هەڕەشە و گوڕەشە بەرسڤی قۆناغەكە بداتەوە، چ ئاسۆیەكیان دەبینی و لە چ گۆشەنیگایەكەوە رەوشەكەیان دەخوێندەوە. هەروەك لەو قۆناغەدا گوتاری بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، زۆر توندتر لە گوتاری PKK دەبینرا.
وەلێ هەنووكە كە كار لە كار ترازاوە، پێچەوانەكەی دەبینین و لە ئاست ئەو هەموو خوێنڕژان و ماڵوێرانیەی هاونیشتمانیانی باكووری كوردستاندا، كەمترین هەڵوێست و دەنگیان نابیسترێ.
هەروەك پێموانییە ئەوانەی دوێنێ هانی PKK یان دەدا بێ منەتانە مامەڵە بكات، لە دڵسۆزییان بووبێت بۆ ئەو حیزبە، پێشموانییە ئەوانەی ئەمڕۆش بە دروشم و گوتاری ئاگرین دەدوێن، یەك تۆزقاڵ خزمەت بە خودی PKK و خەڵكی سڤیلی ئەو بەشەی كوردستان بكەن. قسەیەك هەیە، ئەوەی لەشەڕ نەبێ شیری تیژە، هەڵبەت ئەوەی لەناو ئاگرەكەشدا نەبێ نازانێ ئازارەكەی چەند سەختە. كەس بە قەد كەسوكاری قوربانییەكان، یان خەڵكی ئاوارە و بێ ماڵ و حاڵ، هەست بە گەورەیی كارەساتەكە ناكات.
هەزاران قسەو دروشمی زل، دوو پوولی قەڵپ ناهێنێ. سیاسەتكردن لە دەرەوەی عەقڵ و لۆژیك، تەنیا ماڵوێرانی لێ چاوەڕوان دەكرێ. مەبەستی من نییە ئۆباڵی ئەو رەوشە بخەمە ئەستۆی PKK، بەڵام ئەوەی هەموو لایەك دەیزانێ، ئەوەی لەو رەوشە ئاڵۆزەدا زەرەرمەندە، دەوڵەت نییە، بەڵكو كوردی مافخوراو و بەشمەینەتە. سەت ئەوەندەی تریش پشێوی و خوێنڕژانی باكووری كوردستان، دەوڵەتی توركیا ناگەیەنێتە قۆناغی چۆكدادان و كەوتنە ژێر باری داخوازییە رەواكانی گەلی كورد. بەداخەوە ئێستا لە توركیا هیچ شتێك لە خوێنی كورد هەرزانتر نییە، بەرداشی شەڕ و پێكدادانەكان تەنیا كورد دەهاڕێ، ئاگرەكە بێ بەزەییانە هەژار و بێ دەرەتانی گوند و شارۆچكەكان دەكاتە ئامانج.
لەولایەشەوە، بەو پێیەی رۆژ بە رۆژ سیاسەتمەدارانی كورد دەخرێنە زیندان و دادگایی دەكرێن، ئایندەی بزاڤی ئازادیخوازیی گەلی كورد، بێ مەترسی نییە. پێدەچێت دەوڵەتی توركیا بەو واقیعە شادومان بێت، بە تایبەت لە كاتێكدا كە دەنگی دونیای دەرەوە لە ئاست ئەو هەموو تاوانانە، نابیستێت.
مادام لەم هەلومەرجەدا رژێمی توركیا باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد نەماوە، ئەگەر PKK لەم شەڕەدا جددیە، باشتر وایە هەوڵ بدات پشێویەكە لە ناوچەكانی باكووری كوردستانەوە بگوازێتەوە نێوجەرگەی توركیا و شارە گرنگەكانی و ناوەندەكانی بڕیار. ئاخر ناكرێ كورد تاكە قوربانیی شەڕەكە بێ و تورك و دەسەڵاتدارانی دەوڵەتیش، سەلامەت لێیدەرچن.