كابینه‌ی خزمه‌ت، یا كابینه‌ی بناغهدانەر؟
له‌م ڕۆژانه‌دا، ئه‌وانه‌ی سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و حزبایه‌تی هه‌یه، سه‌رگه‌رمی هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه‌ی چۆنیه‌تی پێكهێنانی كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمن. بۆچوونی هه‌موویان له‌سه‌ر ئه‌وه گردبووهتهوه کە كابینه‌ی ئه‌مجاره‌ی حكومه‌ت ده‌بێ باری گوزه‌رانی خه‌ڵك چاك بكات، خزمه‌تگوزاریی زیاتر پێشكه‌ش بكات، به جددی هه‌وڵی وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوچه (ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان!) بدات. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی كابینه‌ی ئه‌مجاره، هه‌ریه‌كه‌یان، داره‌كه‌ی مووسایان به ده‌سته‌وه گرتبێت و ئه‌وه‌ی لێیان داوا بكرێت، یه‌كسه‌ر بێ دواكه‌وتن جێبه‌جێی بكه‌ن!
تا نه‌خۆشیی ده‌ستنیشان نه‌كرێت، چاره‌سه‌ر مه‌حاڵه. ئایا كێشه‌ی ئه‌م هه‌رێمه ته‌نها دابینكردنی مووچه و خزمه‌تگوزارییه؟ ته‌نها زۆریی ژماره‌ی مۆڵ و شه‌قامی جووتساید و ئۆتۆمبیلی مۆدێل به‌رز نیشانه‌ی پێشكه‌وتنه؟! خۆ ئه‌گه‌ر وابێ، ئه‌وا ئه‌م هه‌رێمه شان له شانی مالیزیا ده‌دات!
تۆ وه‌ره سه‌دان خه‌سته‌خانه دروست بكه، به‌ڵام كاتێك زۆرینه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و دكتۆر و كارمه‌نده‌كانی گه‌نده‌ڵ و نادڵسۆز و خۆپه‌رست و بێ‌ویژدان بن، چۆن به‌ری لافاوی نه‌خۆشی كورد بۆ ئێران و ئوردن و توركیا و هیندستان ده‌گری؟! كاتێك قانوون ده‌بێته بووكەڵه‌ی ده‌ستی كوڕه مه‌سئوول و كچه ده‌وڵه‌مه‌ند، شه‌قام ده‌بێته مه‌یدانی جریدبازیی شۆفێری سه‌رخۆش و ده‌مانچه به‌ده‌ست، به‌بێ واسیته هیچ كاروبارێكت له زۆرینه‌ی فه‌رمانگه‌كاندا بۆ جێبه‌جێ ناكرێت، دزی و گه‌نده‌ڵی وه‌ك ئاوخواردنه‌وه ساده و ئاسان ده‌بن و كه‌سیش شه‌رمیان لێ ناكات، له‌وه دڵنیابه كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ڕیسهكهت بووه به خوری و ڕه‌نجت به فیڕۆ چووه. كه‌واته گرفت و كێشه‌كان گه‌لێ له دواكه‌وتنی مووچه و كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌كان گه‌وره‌تره و ئاو له سه‌رچاوه‌وه لێڵه.
به قه‌ناعه‌تی قووڵ و بڕوای ته‌واوەوە ده‌ڵێم، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تا بیناقاقا له دواكه‌وتوویی و بێ فه‌رهه‌نگی نوقومبوودا چاكسازیی ڕووكه‌ش هیچ سوودێكی نییه. ئه‌گه‌ر هه‌شیبێت، به‌رگه‌ی زۆر ناگرێت و پاش ماوه‌یه‌ك تووشی هه‌ره‌س و داڕمان ده‌بێت. ئاخر مرۆڤ به كه‌ره‌سته‌ی خاوی وه‌ك قوڕ و خشتی كاڵ ته‌نها خانوویه‌كی یه‌ك نهۆمی بۆ دروست ده‌كرێت، كه نهۆمه‌كانی بوون به دوو و سێ، ئه‌وا به‌رگه‌ی بارانی به‌خوڕ ناگرێت و داده‌ڕمێ. كه‌وایه ده‌بێ ئازایانه و ڕاستگۆیانه دان به‌وه‌دا بنرێت كه هێشتا ناكرێت كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی گه‌لێكی یه‌كگرتوو و هۆشیار ته‌ماشا بكرێت. كورد هێشتا له چوارچێوه‌ی ناوچه‌په‌رستی و عه‌شیره‌تگه‌ری و شارچێتی ده‌رنه‌چووه. هێشتا نازانێ به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وایه‌تی و نیشتمانی به‌ری چ دارێكه. ئه‌وه‌تا له كاتێكدا لێكسز لێده‌خوڕێت، دوا مۆدێلی ئایفۆن و لاپ‌تۆپ به‌كارده‌هێنێت، سه‌فه‌ری وڵاتان ده‌كات، باشترین خواردن و خواردنه‌وه نۆشی گیان ده‌كات، كه‌چی له‌سه‌ر فوڵ لایتێك، دوو كۆتر، چوار مه‌تر زه‌وی، چڵپاوی به‌ر ده‌رگا، ده‌مه‌بۆڵه‌یه‌ك یه‌كسه‌ر ده‌ست ده‌داته چه‌ك و یه‌كتر كوشتن!
له كاتێكدا سه‌ری بڕوا نوێژی ناڕوات، بۆی بلوێت ساڵی چوار عه‌مره و حه‌جێك ده‌كات، كه‌چی له زیاده مه‌سره‌فی كاره‌با و ئاو و خۆراك و پیسكردنی ژینگه و پێشێلكردنی قانوون‌دا یه‌كه‌می یه‌كه‌مه‌كانه!
تۆ چۆن ده‌توانیت هه‌وڵی چاكسازی بده‌یت له كاتێكدا منداڵه‌كانت له فێرگه‌كاندا فێری بێڕێزی به زمان و فه‌رهه‌نگی كوردی ده‌كرێن و مێشكیان به درامای توركی و ڕیكلامی ساخته تژی بووه؟! مامۆستاكان یان ئه‌وه‌تا به ڕبه‌ی چل- په‌نجا ساڵ پێشتر ده‌پێون، یانیش له‌ژێر باری قه‌رزدا هه‌راسان بوون. ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ و سه‌رجه‌م مێدیاكان شه‌و و ڕۆژ، له وێرانكردن و ئابڕوبردنی زمانی كوردیدا هه‌دادانیان نییه. ئه‌وان ته‌نها له هه‌ڵپه‌ی سنگ ڕه‌پێش خستن و ڕه‌خنه‌ی بێسهروبهردان و به ده‌گمه‌ن نه‌بێ، هۆشیان به‌لای هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌وه نییه. كار گه‌یشتووه‌ته ڕاده‌یه‌ك هه‌ركه‌سێك گیرفانی پڕ بێ، ده‌بێته خاوه‌ن وێستگه‌ی ته‌له‌فزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامه و شه‌لم كوێرم ناپارێزم، ژه‌هری ئاژاوه و دواكه‌وتوویی و نه‌فامی بڵاوده‌كه‌نه‌وه كه‌سیش نییه لێیان بپرسێته‌وه.
گه‌نده‌ڵی نه‌خۆشییه‌كی ساده نییه به ده‌رزی و ده‌رمان چاره‌سه‌ر بكرێت؛ شێرپه‌نجه‌یه‌كی سه‌خته و به خوێن و هه‌ناوی كۆمه‌ڵگه‌دا ڕه‌گی داكوتاوه. به‌بێ داڕشتنی پلانی پته‌و و ئاماده‌كاریی به‌هێز، له‌ناوبردنی ئه‌و ده‌رده سه‌خته مه‌حاڵه.
حكومه‌تی هه‌رێم ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك، مه‌سه‌له‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی بكاته خه‌می سه‌ره‌كی و ئه‌وپه‌ڕی تواناكانی بۆ داڕشتنه‌وه و به‌هێزكردنی كه‌رتی په‌روه‌رده بخاته گه‌ڕ. سه‌ره‌تاش ده‌بێ له پهروەردهوه ده‌ستپێبكات، ستراتیجی پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی كوردپه‌روه‌ری هۆشیار و باوه‌ڕبه‌خۆ وه‌ك به‌ردی بناغه‌ی په‌روه‌رده ده‌ستنیشان بكات. ئه‌مه‌ش كاری ڕۆژ و دوو ڕۆژ و ساڵ و دوو ساڵ نییه، به‌ڵكو لانیكه‌م 15 تا 18 ساڵی ده‌وێت، واته سه‌رجه‌م ماوه‌ی نێوان قۆناغی چوونه باخچه‌ی منداڵان تا لێبوونه‌وه له زانستگه و ده‌ستبه‌كاربوون وه‌ك كه‌سێكی به‌رهه‌مهێن.
دروستكردنی فێرگه‌كان به شێوازێكی گونجاو كه پێداویستییه‌كانی په‌روه‌رده دابین بكەن، داڕشتنه‌وه‌ی سیسته‌م و به‌رنامه‌ی خوێندن، گرنگیدان به زمانی كوردی، باشتركردنی باری دارایی مامۆستایان و گه‌شه‌پێكردنیان و تاد.. پایه سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانی چاكسازیی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ن.
نابێ ئه‌وەش له‌بیر بكرێت كه په‌روه‌رده ته‌نها بریتی نییه له فێرگه و زانستگه، به‌ڵكو په‌روه‌رده‌ی ناو خێزان، مێدیا، مزگه‌وت و ڕێنوینییه دینییه‌كان، چالاكییه گشتییه فه‌رهه‌نگییه‌كان، ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ كاریگه‌رییان له‌سه‌ر په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنی مرۆڤ هه‌یه.
به داخه‌وه، له كورستاندا شتێك به‌ناوی سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگی واته ئه‌و چوارچێوه و ڕێسایانه‌ی سه‌رچاوه فه‌رهه‌نگییه‌كان و چۆنییه‌تی گه‌یاندنیان به خه‌ڵك دیاری ده‌كه‌ن، نییه و تا ئه‌م ساته‌ش كه‌س ئاگهی له‌و هه‌ڕه‌شه په‌نهان و ترسناكه نییه كه له ناوخۆ و ده‌ره‌وه ده‌كرێته سه‌ر فه‌رهه‌نگه‌كه‌مان. چونكه نه‌بوونی سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگی هاوتایه له‌گه‌ڵ نه‌بوونی سنوورێكی بێ پاسه‌وان و به‌ره‌ڵا كه هه‌موو كه‌سێك و هه‌موو شتێك به‌بێ كۆنترۆڵ پێیدا تێده‌په‌ڕێ.
ده‌بێ له‌مه‌ودوا سنووری نێوان ئازادی ڕاگه‌یاندن و به‌ره‌ڵلایی به جوانی دیاری بكرێت. ده‌بێ هێڵه سووره‌كانی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستنیشان بكرێن. ده‌بێ شاره‌زایی و ڕێزگرتن له زمانی كوردی پێشمه‌رجی سه‌ره‌كی بێت بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له كه‌رتی ڕووناكبیریدا كار ده‌كه‌ن.
وه‌زاره‌تی ڕووناكبیری ده‌بێ چاودێری جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگی بێت، نه‌ك وه‌زاره‌تی سازكردنی فێستیڤاڵ و خه‌ڵات دابه‌شكردن.
كاری سه‌ره‌كی ده‌ستگا مێدیاییه‌كان ده‌بێ هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردهواری بێت، له ڕه‌خنه‌گرتنی هه‌زارباره و داخوازیی بێ‌مانا دووربكه‌وێته‌وه، ده‌بێ ئه‌و ڕاستییه له خه‌ڵك بگه‌یه‌نرێت، كه ته‌مبه‌ڵی و گه‌نده‌ڵی ته‌نها تاوانی حكومه‌ت نییه.
ئه‌مڕۆ له چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌مدا، مایه‌ی داخه ناچارم له‌گه‌ڵ سالمی مه‌زندا بڵێمه‌وه:
توخوا بڵێ به حه‌زره‌تی نالی ده‌خیلی بم
به‌م نه‌وعه قه‌ت نه‌كا به سلێمانیا گوزه‌ر
سالم سیفه‌ت له بێ كهسییا با نه‌بێ هیلاك
من كردم ئه‌و نه‌كا له غه‌ما خوێنی خۆی هه‌ده‌ر
ئه‌م موڵكه نهڤمی نابێ به بێ چهبگی واریپی
بێ ئه‌و به قه‌صدی ئه‌م گهرهفه با نه‌كا سه‌فه‌ر