ئایا یەكێتی دەبێتە CHPی كوردستان؟
یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان، یەكێكە لە پارتە سەرەكییەكانی گۆڕەپانی سیاسی هەرێمی كوردستان و خاوەنی مێژوویەكی درێژی خەباتی شاخە. هاوكات پشكێكی گەورەی هەیە لە ئازادكردنی ئەم بەشە لە خاكی كوردستان و دواجار پێكهێنانی یەكەم كیانی سیاسی كوردی لە مێژووی هاوچەرخدا. دەبێت چی بێت وا لەم پارتە بكات خاڵی هاوبەشی هەبێت لەگەڵ پارتی گەلی كۆماریی توركیا CHP؟
هەرچەندە ئەم دوو پارتە لەڕووی شێواز و گۆڕەپانی كاركردنەوە دوورن لە یەك، بەڵام پێشهاتە نوێیەكانی كوردستان لێكچوونێكی سەرنجڕاكێشیان دروستكردووە لە نێوانیاندا. بەدەر لەوەی یەكێتی و جەهەپە هەردوو ئەندامی سۆسیال ئینتەرناسیۆنالن، پێگەی نوێی یەكێتی دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا و دابەزینی رێژەی دەنگەكانی بۆ نزیكەی نیوەی دەنگەكانی پێشووی خۆی، لێكچوونێكی دروستكردووە لە نێوان مێژووی جەهەپە و ئایندەی یەكێتی. وەرن با پێكەوە شرۆڤەیەك بكەین بۆ "یەكێتی نوێ" وەك جەهەپەی ئایندەی كوردستان.
پێش هەموو شتێك دەمەوێت تێرمی "یەكێتی نوێ" شیبكەمەوە. دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا كەلێنێكی گەورە لەناو یەكێتی دروست بوو كە ئەمە بە روونی رەنگیدایەوە لە رێژەی دەنگەكانی ئەو پارتە لە هەڵبژاردنە یەك لەدوای یەكەكان لە 25ی تەمموزی 2009 وە هەتا 30ی نیسانی ئەمساڵ. ئەمە یەكەم قۆناغی دروستبوونی "یەكێتی نوێ" بوو كە رێژەیەكی زۆری لایەنگرانی لەدەستچوو. قۆناغی دووەمیش لەگەڵ دووركەوتنەوەی جەلال تاڵەبانی لە گۆڕەپانی سیاسی بەهۆی باری تەندروستییەوە دەستیپێكرد، لە 17ی كانوونی یەكەمی 2012 كە تا ئێستاش بەردەوامە.
یەكێك لە دەرهاویشتەكانی غیابی تاڵەبانی بریتی بوو لە نەمانی مەرجەعی بڕیار لەو پارتەدا. بە كورتی لە 5 ساڵی رابردوودا دوو سەركردە بەهێزەكەی یەكێتی ئەو پارتەیان بەجێهێشت، نەوشیروان مستەفا بە ویستی خۆی و جەلال تاڵەبانی بەهۆی باری تەندروستییەوە. غیابی ئەم دوو سەركردەیەش دوو ئەنجامی زەقیان لەگەڵ خۆ هێنا، یەكەمیان: یەكێتی بووە پارتێكی لاواز لەڕووی پشتگیری جەماوەرییەوە (بە بەراورد لەگەڵ رابردووی خۆی). دووەمیان: بڕیاردان بووە مۆتەكەی ئەو پارتە و را جیاوازەكانی نێوان سەركردەكانی بووە هۆی ئەوەی نەتوانن لەسەر هیچ پرسێكی پەیوەندیدار بە ئایندەی یەكێتی و كوردستان بڕیار بدەن. لە راستیدا ئەم دوو دەرهاویشتەیە پێناسەی "یەكێتی نوێ"ن.
راستە "یەكێتی نوێ" بە بەراورد لەگەڵ رابردووی خۆی لاوازترە، بەڵام هێشتا لایەنێكی یەكلاكەرەوەیە بۆ پرسە گرنگەكانی وڵات. ئەوەتا هەموو دەبینین رازینەبوونی ئەو پارتە چەند مانگە بووە بە رێگر لەبەردەم پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نوێ. ئەم تایبەتمەندییەی یەكێتی، كلیلی تێگەیشتنە لە خاڵە هاوبەشەكانی "یەكێتی نوێ" و پارتی گەلی كۆماریی توركیا.
پارتی گەلی كۆماری هاوشێوەی یەكێتی نیشتیمانی پشكی شێری هەیە لە جەنگی رزگاریی وڵاتەكەی دوای جەنگی یەكەمی جیهانی و دامەزراندنی كۆماری توركیا. ئەم تایبەتمەندییە بووە هۆی ئەوەی ماوەیەكی زۆر جەهەپە پارتی سەرەكی توركیا بێت. بەڵام لەگەڵ كۆچی دوایی مستەفا كەمال ئەتاتورك لە 10ی تشرینی دووەمی 1938 كە دامەزرێنەری ئەو پارتە بوو، هێدی هێدی جەهەپە هێزی خۆی لەدەستدا، هەرچەندە عیسمەت ئینۆنو توانی بۆ ماوەی 12 ساڵ ئەو پارتە وەك گەورەترین هێزی توركیا بهێڵێتەوە.
هەڵبژاردنەكانی 24ی ئایاری 1950 بە فەرمی كۆتایی بە دەسەڵاتی جەهەپە لە توركیا هێنا و پارتی دیموكرات بە مسۆگەركردنی 53%ی دەنگەكان بووە بەهێزترین پارتی توركیا. دوای ئەم مێژووە پارتی گەلی كۆماری بووە پارتی پارێزگاری ستاتوكۆ. راستە لەو كاتەوە تا ئەمڕۆ تەنها بۆ 3 خولی 4 ساڵی توانیویەتی بێتەوە سەر دەسەڵات، بەڵام بە درێژایی ئەو ساڵانەی كە ئۆپۆزیسیۆن یان پارتی قەدەغەكراو بووە، توانای خۆی لەدەست نەداوە بۆ پارێزگاریكردن لەو ستاتوكۆیەی لە سەرەتای پێكهێنانی كۆماری توركیاوە كردوویەتی بە یاسای نەگۆڕی ئەو وڵاتە. هەتا ئێستاش راستە جەهەپە بەشێك نییە لە دەسەڵات، بەڵام ئایدیۆلۆژیای ئەو پارتە سیستم و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات دیاری دەكات.
بەواتایەكی دیكە، لە توركیا هەڵبژاردنەكان بڕیاردەدەن "كێ" وڵات بەڕێوە دەبات، بەڵام پارتی گەلی كۆماری بڕیاری داوە "چۆن" وڵات بەڕێوە دەڕوات. یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش، تەنانەت ئەگەر پارتی سێیەمیش بێت، پارێزگاری لەو ستاتوكۆیە دەكات كە لە راپەڕینەكەی 1991ەوە دروستی كردووە و لایەنی یەكلاكەرەوەیە بۆ ئەوەی "كەی" و "چۆن" كابینەی هەشتەم پێكدەهێنرێت.
خاڵێكی دیكەی هاوبەشی نێوان پارتی گەلی كۆماری و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، را جیاوازەكان و ململانێ ناوخۆییە لەبن نەهاتووەكانی ناو هەردوو پارتن. بوونی رای جیاواز لەناو پارتێكدا شتێكی ئاساییە، بەڵام كاتێك ئەو جیاوازی بۆچوونە بووە هۆی ئەوەی پارتەكە نەتوانێت بڕیاربدات و سیاسەتێكی یەكگرتووی هەبێت، ئەوكات دۆخی نائاسایی دەستپێدەكات. هەتا ئێستا جەهەپە كۆنگرەیەكی نەكردووە بەبێ شەڕ و دەمەقاڵە و ململانێ.
هاوشێوەی ئەمە، یەكێتیش بەهۆی تەكەتولات و برینی گانگرینیی نێوان كوتلەكان ناتوانێت كۆنگرە سازبكات. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك وەزیرانی توركیا لە وەسفی پارتی گەلی كۆماریدا دەڵێت "كۆمەڵێك خەڵكن كە لە بەرزترین ئاستدا نەفرەت لە یەك دەكەن، جاروبار كۆدەبنەوە و شەڕ دەكەن لە نێوان خۆیان". ئەم پێناسەیە بەم توندییەوە، ئەمڕۆ بۆ وەسفی یەكێتی ناگونجێت، بەڵام رۆژ بە رۆژ دووبەرەكی و فراوانبوونی ململانێی ناوخۆیی، ئەو پارتە بەرەو ئەو چارەنووسە دەبات.
ئەگەر "یەكێتی نوێ" لە ماوەی ئەم 5 ساڵەی رابردوودا چۆن هێناویەتی بەو جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا گومانی تێدا نییە كە دەبێت بە نموونەی جەهەپە لە كوردستان. بەڵام بێگومان تەنها هەوڵ بۆ پارێزگاریكردن لە ستاتوكۆ بەس نابێت بۆ یەكێتی. بەڵكو پێویستە بە جددی بیر لە هەستانەوەی راستەقینەی خۆی بكاتەوە، چونكە رەنگە ئاتمۆسفێری سیاسیی كوردستان بۆ پارێزگاریی ستاتوكۆ، هێندەی ئەوەی توركیا ئاسان نەبێت.
قۆناغێكی ئاڵتوونی هەیە لە مێژووی جەهەپە كە بە پرۆسەی هەستانەوەی جەهەپە ناودەبرێت، یەكێتی دەتوانێت سوود لەو ئەزموونە وەربگرێت. قۆناغی هەستانەوەی جەهەپە لە ساڵی 1972 لەگەڵ بولانت ئەجەوید دەستپێدەكات. ئەجەوید كەسایەتییەكی خاكی بوو كە هێزەكەی لەناو خەڵكەوە هەڵقوڵابوو، توانی جارێكی دیكە لە هەڵبژاردنەكانی 1973 و 1977 پارتی گەلی كۆماری بگەیەنێتەوە دەسەڵات.
شرۆڤەكارانی سیاسەتی توركیا هەمیشە ئەجەوید بە "خوێنێكی نوێ" بۆ جەهەپە ناو دەبەن. جا ئەگەر "یەكێتی نوێ"ش بتوانێت بە "خوێنێكی نوێ"وە بێتەوە سەر گۆڕەپانی سیاسی، ئەوا چانسی ئەوەی هەیە بگەڕێتەوە بۆ رۆژانی زێڕینی خۆی، گەرنا ئەوا رۆژ بە رۆژ نزیكتر دەبێتەوە لەو پێناسەیەی ئەردۆغان بۆ CHPی دەكات.
bestoon.othman@rudaw.net