پێویستە ئەمریکا بۆ هاوکاریکردنی کازمی ململانێکانی لەگەڵ ئێران لە عێراق دابمرکێنێتەوە
نووسینی: باربارا سلاڤین*
دوو هەفتە لەمەوبەر لە 6ی ئایاردا پەرلەمانی عێراق لە چوارچێوەی سیستەمێکی نەتەوەگەری و مەزهەبیی پشکپشکێنەدا کە لەدوای کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆریەتی سەدام حسێن لەلایەن ئەمریکاوە جێگیرکراوە، مستەفا کازمیی بە شەشەم سەرۆکوەزیرانی عێراق پەسەندکرد.
بەو پێیەی کە کازمی هێشتا هەندێک گەنجە و لە تەمەنی 53 ساڵیدایە و ئەزموونی لە بوارەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و هەوڵگریدا هەیە، هەندێک خاڵی ئەرێنیی گرنگی هەن کە لە سەرۆکوەزیرەکانی پێش خۆی جیای دەکنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رووبەڕووی هەندێک ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە. ئەرکی کازمی، لە کاتێکدا کە دەبێت کاریگەرییەکانی نزمبوونەوەی نرخی نەوت و پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کەمبکاتەوە، بریتییە لە گەڕاندنەوەی بڕوای خەڵکی تووڕە و پەرتەوازەبووی عێراق بە حکومەت. هەروەها دەبێت بەنێو دوو هێزی دەرەکیی گەورەدا هاتووچۆ بکات کە بە داخەوە بۆ عێراق هەردووکیان کێشەیان لەگەڵ یەکدی هەیە، ئەوانیش ئێران و ئەمریکان.
ئەوە باش دەبێت ئەگەر ئەو بڕوابەخۆبوونە زیاد لە پێویستەی ئیدارەی جۆرج بۆش بە بیری خوێنەران بهێنمەوە کاتێک لە ساڵی 2003ـدا عێراقی داگیرکرد. بۆش و راوێژکارەکانی، بەتایبەتییش دیک چینی کە جێگری سەرۆک بوو لەگەڵ ئەو نەریتخوازە نوێیانەی کە لە وەزارەتی بەرگری بوون، بەبێ بیرکردنەوە ئەو ئەگەرەیان پشتگوێخست کە رەنگە ئێران سوود لە لەسەرکارلادانی دوژمنە لەمێژینەکەی وەربگرێت، تەنانەت هەندێک کەس وا بیری دەکردەوە کە عێراق دەبێتە هۆی ئەوەی پەرە بە ئاشتیی نێوان وڵاتە عەرەبیەکان و ئیسرائیلیش بدرێت، لە کاتێکدا کە ئێران لەسەردەمی حوکمی سەدامدا چەکدارە شیعەکانی عێراقی لە خۆدەگرت و رێکیدەخستن. کۆندۆلیزا رایس کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی جۆرج بۆشدا راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو و دواتریش بوو بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ساڵی 2016 دوای ئەوەی کە دەستی ئەمریکا گەیشتە باشووری عێراق، بەم نووسەرەی گوت کە ئەو هێشتا بڕوای وایە عێراق بتوانێت "رۆلێکی وەکو ئەڵمانیای دیموکرات یان یابانی دیموکرات لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی بگێڕێت".
بەڵام دیموکراسی بەنێو ناوچەکەدا بڵاونەبووەتەوە و لە عێراقدا بە لاوازی ماوەتەوە. کات زۆر درەنگە بۆ نەهێشتنی کاریگەریی دراوسێ رۆژهەڵاتییە بەهێزەکەی کە مێژوویەکی سەخت و سنوورێکی 1400 کیلۆمەتری لەنێوانیاندایە. بەڵام رەنگە هێشتاش دەرفەت هەبێت کە بۆ هەبوونی داهاتوویەکی خۆشگوزەرانتر و سەربەخۆتر هەلێک بە عێراقییەکان بدرێت. بە لایەنی کەمەوە، ئەمە پێویستی بەوەیە ئەمریکا خۆی لە بەکارهێنانی خاکی عێراق وەکو گۆڕەپانی جەنگ لە دژی ئێران بەدوور بگرێت. ئەوەش واتای ئەوە دەگەیێنێت کە دەبێت ئیدی هێرش نەکاتە سەر ئەو میلیشیا عێراقییانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و ئیدی بەرپرسانی ئێرانی نەکوژێت وەک ئەو هێرشەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی تێیدا قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبیی عێراقی، لە 3ی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران. هەرچەندە رەنگە ئارامکەرەوە بێت کاتێک دەبینیت ئەوانەی دەستیان بە خوێنی چەندین کەسی خەڵکی ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سوور بووە لەنێو دەبرێن، بەڵام تۆڵەسەندنەوە ستراتیژییەک نییە.
ئەوهێرشانە سەریان کێشا بۆ بڕیاری نامولزەمی پەرلەمانی عێراق لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق. دەگوترێت هەندێکیان عێراقیان بەجێهێشتووە، هەندێکیشیان شوێنەکانیان لە بنکە سەربازیەکانی نێو هەولێر و نزیک بەغدا پتەو کردووە. کۆڤید-19 و نیگەرانییەکانی پاراستنی هێزەکان وایانکردووە کە مەشقەکان و ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش بوەستن لە کاتێکدا کە وا بڕیارە ئەم هێزانەی ئەمریکا ئەو کارانە بکەن. ئیدارەی ترەمپ رازیبووە لەبارەی رێککەوتنێکی نوێ بۆ جێگیرکردنی هێزەکان بە شێوەیەک کە شوێنی رێککەوتنەکەی ساڵی 2008 بگرێتەوە و یاسای نوێ دابنێت بۆ مانەوەی سەربازی، دیبلۆماسی و ئابووریی ئەمریکا [لە عێراق] لەگەڵ کازمی گفتوگۆ بکات. هەروەها ئەمریکا مۆڵەتی هاوردەکردنی گازی سرووشتیی ئێرانی بۆ عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ دریژکردەوە بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە لە هاوینێکی دیکەی گەرمدا سووتەمەنی بۆ کەرتی کارەبای عێراق دابینبکرێت.
ئارامبوونەوەی گشتیی گرژیەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران لەنێو عێراقدا لە سوودی حکومەتی کازمی رەنگدانەوەی دەبێت، چونکە ئەوە کاتی زیاتری پێدەدات بۆ سەرەدەرکردن لەگەڵ ئەو میلشیا عێراقیانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریان لێدەکرێت، هەروەها کاتی زیاتریشی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گەندەڵیی ئابووری دەبێت. رەنگە ئەوە پێشبینییەکی زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە بێت ئەگەر بێتو چاوەڕێی ئەوە بکەین ئیدارەی ترەمپ کە بە کشانەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و سەپاندنی سزای قورس بەسەریدا بووە هۆی هەڵگیرسانی تووندوتیژی لە عێراق و ناوچەکە، بە 180 پلە ئاراستەکەی بگۆڕێت و کەمپینی "ئەوپەڕی گوشار" لەسەر ئێران سووک بکاتەوە. بەڵام دەبێت عێراق لە دەرەوەی سنووری ئەو کەمپینە بهێڵێتەوە و جەخت لە هێزی نەرمی ئەمریکا لەوێ بکاتەوە. عێراقییەکان بە پەرۆشەوە دەڕواننە ئەوەی ئەمریکا وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازەکەیاندا بکات، بە هەمان شێوە لە کەرتی خوێندن و پەروەردە و تەندروستیشدا. بەتایبەتیش عێراقییە گەنجەکان وا دەردەکەون کە داهاتوویەکی وایان هەبێت کە کەمتر مەزهەبگەرایی پێوە دیاربێت. ئەوان ئێستا هەستێکی نیشتمانپەروەریی بەهێزتریان هەیە و ئاگاداری دەستوەردانە سیاسییە بەهێزەکەی ئێران و بەکارهێنانی میلشیاکان و پڕکردنی بازاڕەکانی عێراقن لە بەرهەمی ئێرانی. کوشتنی قاسم سولەیمانی بە دیاریکراوی کاتەکەی ناگونجاو بوو، چونکە لە کاتێکدا هات کە چەندین مانگ بوو عێراقییەکان خۆپیشاندانیان لە دژی ئێران دەکرد، ئەمەش وایکرد ئەمریکا لە جیاتی ئێران بکەوێتە بەر رقی نێوخۆیی عێراق.
سەختە بە هەلی سەرکەوتنی کازمی لە بەهێزکردنی کۆنترۆڵی حکومەتی ناوەندی بەسەر میلشیاکاندا کە لە ساڵی 2003ـوە هەن و لەدوای دەرکەوتنی داعشیش لە ساڵی 2014وە چالاکتربوون، گەشبین بین. کەتائیبی حیزبوڵڵا کە یەکێکە لە میلیشیا هەرە گەورەکان، دژی ئەوە بوون کازمی بکرێتە سەرۆکوەزیران و بە تێوەگلان لە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس تاوانباریان دەکرد. لە دامەزراندنیەوە لە ساڵی 1979وە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو عەرەبە شیعانەی بەکارهێناون کە لە جیهانی زۆرینە عەرەبیی سوننەدا رووبەڕووی چەوساندنەوە بوونەتەوە. شێوازی کارکردنی ئێران بە جۆرێکە کە پشتگیری ژمارەیەکی زۆری پێکهاتە و میلیشیاکان دەکات بۆ ئەوەی دڵنیایان بکاتەوە کە ئەگەر بێتو هەر کامەیان سەربکەوێت، لەلایەن تارانەوە ئاراستە دەکرێت. لە کاتێکدا کە لەدەستدانی قاسم سولەیمانی کە لە 20 ساڵی رابردوودا ئەندازیاری ئەم ستراتیژییە بووە، زەبرێکی گەورەبوو لە دژی ئێران، ئەو شێوازی کارکردنە بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
ئێران بە تێچوویەکی کەم وەبەرهێنانێکی کردووە کە بووتە هۆی ئەوەی چەندین دابەشکاری بۆ ئێران بڕەخسێن، تەنانەت بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایی ژمارەیەکی زۆری ئێرانییەکان هەروەها عەرەبە سوننەکان و کوردەکانیش.
لە کاتێکدا کە ئەمریکییەکان بە کێشەکانی خۆیانەوە سەرقاڵن، زۆربەیان وا بیردەکەنەوە کە کاتی ئەوە هاتووە کەلوپەلەکانیان هەڵگرن و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پێکهاتەکانی ناوچەکە بەجێبهێڵن، بەڵام ئەمریکا پێویستی بەوەیە بەردەوام پاڵپشتیی عێراقییەکان بکات، چونکە بە تێچووی خوێنی هەزاران ئەمریکی و عێراقی حکومەتەکەیانی گۆڕیوە.
17 ساڵ دوای داگیرکاریی ئەمریکا، پێویستە ئەمریکا و عێراق بڕیاربدەن کە چییان دەوێت و دەتوانن چاوەڕێی چی لە یەکدی بکەن. کازمی لەم دایەلۆگەدا بۆ سەرکردایەتیکردنی بەرەی عێراقی بژارەیەکی باشە و ئیدارەی ترەمپیش دەبێت هاوکاریی بکات و ئەرکە قورسەکەی پەکنەخات.
*باربارا سلاڤین، رۆژنامەنووسیکی ئەمریکییە و شارەزای کاروباری دەرەوەی ئەمریکایە، لە ئەنجوومەنی ئەتلەسیدا بەڕێوەبەری "دەستپێشخەریی داهاتووی ئێران"ـە