ترەمپی نوێ و درۆی پۆپۆلیزم
پاش دوو سەدە لە مێژووی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هیچ یەكێك لە خولەكانی ئەم پرۆسەیە وەكو هەڵبژاردنی نۆڤەمبەری 2016 ، گەلی ئەمەریكای بەسەر دوو سەنگەر و دوو تێڕوانینی تەواو دژ بەیەك و شەڕانگێز تا ئاستی رەتكردنەوەی یەكدی، دابەش نەكردووە. كێبڕكێی سەرۆكایەتی نێوان هیلاری كلینتۆنی دیموكرات و دۆناڵد ترەمپی كۆماری، سەختترین جەنگی پێكدادانی نێوان هەژار و دەوڵەمەند، نوخبەی رۆشنبیر و پۆپۆلیست، رەوەندی ئەنگلۆسەكسۆنی خۆبەخاوەنماڵزانی ئەمەریكا و نەتەوەكانی دیكەی دەرەوەی ئینگلیزی زمان و هەمیشە بە میوان دانراو لە ئەمەریكا، جەنگی نێوان سپیپێست و چاوشین و چینی نازدار و دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵاتی ئەمەریكا لەگەڵ رەشپێست و سەرڕەش و ئەسمەر و رەگەزە كەنارخراوەكانی ئەمەریكای تەقاندەوە.
پێش هەشت ساڵ، باراك ئۆباما خەونە ئەمەریكاییەكەی قەشە مارتن لۆتەر كینگی رەشپێستی هێنایە دی و بۆ جارێك هەموو ئەمەریكای لەگەڵ یەكدیدا ئاشت كردەوە بەوەی هەموو ئەمەریكییەك بە جیاوازیی ڕەنگ و رەگەز و زمان و ئاینییەوە، دەتوانێت خەونی سەركەوتن بەرجەستە بكات، بەڵام دوای هەشت ساڵ جارێكی دی دۆناڵد ترەمپی پۆپۆلیست ئەمەریكای گەڕاندەوە ناو بازنەی دوژمنایەتییەكی سەختی یەكدی ، ئەوەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا روویدا، پێكدادانی ئەمەریكییەكان بوو بە شێوەیەكی ترسناك و تا ئاستی رق لە یەكدی بوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی وەهمی یەكشوناسیی ئەمەریكا، دابەشبوونی نێوان دوو جیهانبینی جیاواز و دژبەیەك كە دەرئەنجامەكانی نەك هەر مەترسی بۆ دەرەوەی ئەمەریكا هەیە بەو پێیەی هیچ وڵات و كۆمەڵگەیەكی جیهان نییە بە شێوەیەك لە شێوەكان نەكەوێتە ژێر كارلێكەریی ئەمەریكاوە، سیاسی، سەربازی، ئابووری یان كولتوری بێت، بەڵكو مەترسی بۆ خودی ئەمەریكا خوڵقاند كە جەنگی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بەمانا ترسناكەكەی لە نێوان دوو حیزب و رووبەڕووبوونەوەی دوو كاندیدەوە گواستەوە بۆ پێكدادانی شەڕانگێزی نێوان تەواوی كۆمەڵگەی ئەمەریكی و دەنگدەرانیان. ترەمپ پرۆسەی دیموكراسی كردە جەنگی دابەشبوونەوە و لێكترازانی شوناسی ئەمەریكی.
بەڵام ئەوەی تراژیكۆمیدی بوو، هەر چەند خولەكێك لەدوای هەڵبژاردنی، ئەمەریكییەكان دۆنالد ترەمپێكی نوێیان بینی، تەواو پێچەوانەی ساتەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن و پێش ئاشكرابوونی ئەنجامەكان . وێنەیەك كە تا سەر ئێسقان نمایشێكی درۆزنانە و دیماگۆگی و فێڵاویی دۆنالد ترەمپ نمایش دەكات كە لە هەمان كاتدا نمایشی هەموو ئەو هێز و لایەنە پۆپۆلیستانەیە، لە ئەوروپا و رۆژئاوا سەریان هەڵداوە و لە ڕێگەی هەڵخەڵەتاندن و هەمیشە ترساندنی دەنگدەرانیان و بەڵێنی پاراستنیان لە هاونیشتمانییەكانیان كە دەشێت دراوسێ و هاوپیشە و هاونەتەوە و رەگەز و هاوئاینی خۆیان بن، دەنگدەران دەكەنە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ یەكدی، تەنها لە پێناوی گەیشتن بە دەسەڵات، ئەگەرچی بنەماكانی ئەو دەسەڵاتە لەسەر درۆش هەڵبچنرێت.
گاڵتەجاڕییەكە ئەوەبوو، یەكسەر دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ترەمپێكی داماڵراو لە پێستەكەی خۆی كە نمایشی ترەمپی ساتەوەختەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی نەدەكرد، خۆی نمایش كرد.
ئەو شەڕانگێزە تووڕە و بازاڕییەی كە بەڕاشكاوی جنێو و سووكایەتی دابەش دەكرد بەسەر چەندین توێژ و پێكهاتە و رەوەندی ئەمەریكی و نەتەوەی دەرەوەی ئەمەریكاشدا، گوتارە سیاسیەكانی گاڵتەجاڕ و هەڕەشەئامێز و پۆپۆلیستانە بوو بۆ ترساندنی بەشێكی ئەمەریكییەكان لە هاونیشتمانیانی خۆیان، بۆ تۆقاندنی بەرەیەك و دڵخۆشكردنی بەرەیەكی پۆپۆلیستی، ئەو پیاوەی بۆ ئارامیی ئەمەریكا (چارەسەری كۆتایی) لەسەر میتۆدی نازیزم هەبوو كە هاوتای (هۆلۆكۆست و شوا) یە، هەڕەشەی زیندانیكردنی هیلاریی دەكرد، دیوارێكی بڵندی لە نێوان ئەمەریكا و مەكسیك بە پارەی مەكسیك بنیات دەنا بۆ رێگەگرتن لە مەكسیكییەكان كە بە تاوانبار و دز و تلیاكفرۆش ناوی دەبردن، هەموو بیانییە بەڕەگەز ئیسپانی و ئەمەریكی لاتینەكان و هەژارانی بێ كارتی مانەوە فڕێ دەدایە دەرەوەی سنوورەكانی ئەمەریكا، بێكارەكانی بە مشەخۆر و زیادە دادەنا، موسوڵمانەكانی ئەمەریكای دەناردەوە بۆ وڵاتانی خۆیان و لە مزگەوت و ماڵەكانیشیاندا چاودێریی دەكردن و رێگەی لە هاتنە ناوەوەی موسوڵمانی دیكە دەگرت بۆ ئەمەریكا، ئەو كە سووكایەتی بە ئافرەتان و نەخۆش و هاندیكاپ و هاوڕەگەزباز و هونەرمەندان و رۆشنبیران دەكرد، چارەسەری كۆتایی لابوو كە ئەویش بە ئاسایی پاكتاوكردنی ئەمەریكا بوو لە بوونەوەرە بێ كەڵكەكانی دەرەوەی توێژە سپیپێست و باڵا و قەشەنگەكەی ئەمەریكا. بەڵام ترەمپی شەڕانگێز چەند خولەكێك دوای هەڵبژاردنی بووە ترەمپێكی هێمن و مرۆڤپەروەر و ئایدیالیستی ئەمەریكا، لە یەكەم گوتاری دوای هەڵبژاردنیدا زۆر بە سادەیی و بە هێمنی و قورسایی سیاسییەكی عەقڵانییەوە لەسەر شانۆ دەركەوت و هیلاری بە كەسایەتییەكی خەباتگێڕ دانا، داوای یەكێتی لە هەموو ئەمەریكییەكان كرد و دەستی ئاشتبوونەوەی بۆ ئەوانەش درێژ كرد كە دەنگیان پێ نەدا، گفتی دا كە دەبێتە سەرۆكی هەموو ئەمەریكییەكان و پێگەو بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە دنیادا بەباڵایی رادەگرێت، بەڵام لەهەمان كاتیشدا ئامادەیە لەگەڵ هەموو دەوڵەتێكدا بە دانوستاندن و سازان كاربكات. ترەمپ ئەمریكییەكانی كردە دوژمنی یەكدی، كەچی وەكو سەرۆك بەڵێنی هێنانی خۆشبەختی و خۆشگوزەرانیی پێدان. ئەو كە ماوەی ساڵێكی رەبەقە كۆمەڵگەی ئەمەریكی لە یەكدی دەڕەنجێنێ، تازە درەنگە دوای هەموو درۆكانی بە درۆیەكی مەزنتر و نمایشی وێنەیەكی نوێی ترەمپی ئارام و كۆكەرەوەی هەمووان، بتوانێت چوار ساڵی ئارام لە نێوان ئەمەریكییەكاندا بەڕێ بكات.
چاوەڕوان ناكرێت كە چوار ساڵی ئارامی ترەمپ لەگەڵ ئەمەریكیەكاندا تێپەڕێت لە كاتێكدا ئەو درۆی لەگەڵ هەموو ئەمەریكیەكاندا كرد، ئەوانەی دەنگیان پێ داوە و ئەوانەی نەیاریشی بوون. ترەمپ و ئەو هێزە پۆپۆلیستیەی كە ئێستا لەپێناوی دەسەڵاتدا میتۆدێكی نازیانە بەكاردێنن (درۆبكە، درۆبكە تا باوەڕت پێدەكەن) ، ناتوانن ئەو كۆمەڵگەیە بێننەدی كە بە گۆشەگیری و لەدەرەوەی ئەوانی دی تەنها بە بەها دیماگۆگیەكانی خۆی بژی، بەڵكو ئەم هێزانە شیرازەی ئەو كۆمەڵگایانە تێكدەدەن كە شوناسێكیان لەسەر تێكەڵاوی و پێكەوە ژیانی چەندین شوناس و كولتوری دیكە پێكهێناوە و دواجار ئەوانەی لەو گەمەیەدا دەخەڵەتێن، خودی ئەوانەن كە دوای گەمەی سیاسییەكان بۆ دەسەڵات، تەنیا دۆڕاوی و بە فیڕۆدانی دەنگەكانیان بۆ دەمێنێتەوە. ئەگەر ترەمپ كاندیدێكی كلاسیكی كۆماری میانڕەو و هاوتای كاندیدەكەی دیموكراتەكان بووایە كە بە شێوەیەكی تەقلیدی لە ساتی هەڵبژاردندا لێك تووڕە دەبن بێ بەزاندنی سنووری بەها مرۆییەكان و لە دوای هەڵبژاردن خۆیان بە نوێنەری هەموو ئەمەریكییەكان و كۆكەرەوەی دەزانن، دەكرا بوارێك بۆ لێبوردەیی بمێنێتەوە. بەڵام ترەمپ كە جنێوی بە زۆرینەیەكی ئەمەریكیەكان دەدا، كە دەیكردنە دوژمنی یەكدی، ئێستا بە چ روویەكەوە خۆی بە باوك و كۆكەرەوە و نوێنەری هەموو ئەمەریكیەكان دەزانێت.
ترەمپی ملیاردێر و بزنسمان لە كتێبەكەیدا كە باسی دەوڵەمەندبوون و سەركەوتنی خۆی دەكات، دەڵێت ئەو دەیەوێت ئەمەریكا وەكو كارگەیەك بەڕێوەبەرێت. ترەمپ كە خاوەنی گەورەترین كۆمپانیای بیناسازییە و ملیارەكانی لەسەر رەنچ و عارەقەی چەندین ملیۆن كرێكاری بیانی خستووەتە سەر یەك كە زۆرینەیان بێ كارت و نایاسایین و دەیەوێت دەریان بكات، ئەو كە دەیەوێت سنوورێك بۆ ئابووری و هێنانی كەرەستەی چینی بۆ ئەمریكا دابنێت، هەموو كارگەكانی خۆی بە بەرهەم و كەرەستەی چینی خستووەتە گەڕ. زۆر لە سەرۆكەكانی ئەمەریكا خاوەنی ئابڕووچوون بوون، بەڵام ئەمجارە ئەمەریكیەكان خاوەنی سەرۆكێكی دیماگۆگی و درۆزنن كە لەسەر بنەمای هەڵچنینی هەڵەمەتێكی هەڵبژاردن لەسەر درۆ، ئێستا لە شەقامدا ئەمەریكییەكانی كردووە بە گژ یەكدیدا و خۆیشی بە كۆشكی سپی شاد دەبێت. هەرچۆنێك بێت باشتر وایە ئەمەریكیەكان خۆیان لەنێو خۆیاندا ئاشت ببنەوەو ناچار بن بە سەرۆكێكی درۆزن رازی بن و هیوا بخوازن كە هەموو بەڵێنەكانی ترەمپی پێش بوونە سەرۆك درۆیەكەی گەورە بن و هیچی لێ نەهێنێتە دی. سەرۆكێكی درۆزن باشترە لە سەرۆكێكی شەڕانگێز و وێرانكەری ئەمەریكا و جیهان.