ترەمپ دنیا بەرەو كوێ دەبا؟

(1)
دۆناڵد ترەمپ بووە 45ەمین سەركۆماری ئەمریكا. (خاڵێك دابنێ و بڕۆ سەرەتای رستە)
ئەگەرچی زۆربەی هەرەزۆری چاودێرانی سیاسی، رۆژنامەنووسان، ئەكادێمێسیەنەكان، ناوەندەكانی ڕاپرسی، ناوەندەكانی توێژینەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەناوخۆی ئەمریكا و لە دەرەوە، پێیانوابوو ترەمپ وەك كەسایەتییەكی بێ ‌ئەزموونی سیاسی، بێ ‌پلان و بێ ‌بەرنامە، بە بێڕێزیی بەردەوامی بەم‌ و بەو، بوونی گرفتی جددی لەگەڵ پرسی پەنابەرێتی، بە ئەدەبیاتێكی پۆپۆلیستی كە هەردەم لێرە شتێك دەڵێ و لەوێ شتێكی دیكە و دەیان خاڵی لەم چەشنە، ناتوانێ براوەی ئەم ماراتۆنە بێ، كەچی توانی بە تاقی ‌تەنیا، جەخت دەكەمەوە بە تاقی تەنیا، دێموكراتەكان و تەنانەت بەشێكی بەرچاوی ئەندامانی حیزبەكەی خۆیشی كە دژایەتییان دەكرد، وەلا بنێ و ببێتە سەركۆماری ئەمریكا. تەنانەت رای گشتی دنیا لە ئاستی باڵای سیاسیدا زمانی خێری پێدا نەدەهێنا و زیاتر مەیلە و هیلاری بوون.

چی روویدا؟

ئەوەی كە بۆچی هەموو پێشبینییەكان پێچەوانە دەرچوون، رەنگە بگەڕێتەوە سەر دۆخی ناوخۆیی ئەمریكا، واتە ئەوەی روویدا، جۆرێ دەنگهەڵبڕین بوو بە دژی "سیستم". ئانالیزە سەرەتاییەكان نیشان دەدەن كە بەشێكی بەرچاوی دەنگدەرانی ترەمپ ئەو سپیپێستە لادێییانە و چینی كرێكاری ئەم وڵاتە بوون كە بە سازكردنی ئەم شەپۆلە بەدژی سیستم (لێرەدا دەسەڵاتی سیاسی كە بەدەست دێموكراتەكانەوە بوو)، رق و تووڕەیی خۆیان لەهەمبەر ئەم سیستمە، بەتایبەتی لەباری ئابوورییەوە دەربڕی. ئەم ڕقە تا ئەو ئاستە دەڕواتە پێش كە چینی كرێكار ئەگەرچی لەگەڵ سەرمایەداری كێشەی هەیە، ئەم جیاوازییە مێژووییە وەلادەنێ و بە دژی سیستمی هەنووكەیی دەنگ دەدا بە سەرمایەدارە تۆخەكە!

رەنگە هۆكارێكی تریش ئەوە بێ كە ئەم خەڵكە زیاتر خوازیاری ئەوە بوون سیستم زیاتر ئاوڕ بۆ ناوخۆی وڵات بداتەوە. لەڕاستیدا دێموكراتەكان دەمێك ساڵە بەدووی ئەوەوەن كە بەرنامەی Pax Americana وەك مەبەستی سەرەكی لە سیاسەتەكانی دەرەوەیاندا بۆ برەوپێدانی دێموكراسی لە وڵاتانی دیكتاتۆریدا بخەنە واری جێبەجێكردنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش تیۆری جۆزێف نای:Smart Powerیان كردە كەرەسەی گەیشتن بەم ئامانجە بۆ دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتان.

بەڵام ترەمپ لەسەر بنەمای دروشمی America First جۆرێ سیاسەتی گۆشەگیركردنی ئەمریكای لەلا مەبەستە واتە Isolation. كۆماریخوازەكان - هەرچەندە هەموویان كۆك نین- دەیانەوێ بەم خۆدوورخستنەوەیە چیتر تێچوو بۆ وڵاتانی دیكە سەرف نەكەن. بۆیە پێداگریی ترەمپ لەسەر ناوخۆی وڵات بە نیسبەت دەرەوە، خەڵكی ئەم وڵاتەی بەو قەناعەتە گەیاند كە وا باشترە سەرۆكەكەیان هەر سەرۆكی ئەمریكا بێ نەك سەرۆكی جیهان!

(2)
دوو رووداوی برگزیت ( Brexit - چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا) و ئێستاش سیاسەتی تەریككەوتنەوە و ئایزۆڵێشنی ئەمریكا وەك هەرە گرینگترین دوو وڵاتی جیهان لە ئاستی سیاسی و ئابووری، زەنگێكی مەترسیدارن بۆ زۆر پرسی جیهانی و ناوچەیی.  چون لەڕاستیدا ئەوەی زۆر بووەتە جێی مشتومڕ، ئەوەیە كە سیاسەتەكانی ترەمپ بە نیسبەت دەرەوەی وڵات چۆن دەبێ؟

ترەمپێك كە ئێستا كۆنگرێسی بە سێنا و ئەنجوومەنی نوێنەرانیشەوە لەپشتە، پاش ئەوەی هەردووكیان كەوتوونەتە دەست كۆماریخوازەكان و ئەمەش لەساڵی 1929وە بێ‌ وێنە بووە، چۆن دەتوانێ ئەم بەڵێنانەی لە كاتی هەڵبژاردندا بە لایەنگرانی دابوو، جێبەجێ بكا و لەمانە گرینگتر لە ئەگەری جێبەجێكردنیاندا دنیا بەرەو چ ئاقارێك‌ دەڕوات؟

- ئایا رێككەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا دەدڕێنێ؟
- ئایا سنوورەكانی دادەخات و دیوارە بەناوبانگەكەی نێوان ئەمریكا و مەكسیك هەڵدەچنێ؟
- ئایا لە توانایدا دەبێ پرۆگرامی چاودێریی تەندروستیی ئیدارەی ئۆباما هەڵوەشێنێتەوە؟
- ئایا دەتوانێ لە عەرەبستان و وڵاتانی دیكەی كەنداو پارە بستێنێ چون هێزەكانی ئەمریكا پارێزگارییان لێدەكەن؟

- ئایا دەتوانێ رێككەوتنە ئابوورییەكانی لەگەڵ هەندێ وڵات وەك كەنەدا و مەكسیك هەڵبوەشێنێتەوە؟
- ئایا دەتوانێ رێكخراوی بازرگانیی جیهانی جێبهێڵێ؟
- ئایا دەتوانێ خۆ لە پەیمانی ناتۆ بێ‌ خاوەن بكا؟
- ئایا دەتوانێ رێككەوتننامەی پاریس سەبارەت بە ئاڵوگۆڕەكانی كەشوهەوا هەڵوەشێنێتەوە؟
و دەیان پرسیاری دیكە... دەبێ بە نیگەرانییەوە چاوەڕوان بین!