کۆتا وەک مووچەخۆران
لە کاتی یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی زۆنی سەوز و زەرد، یەکێتی و پارتی هەڵمەتێکیان بۆ دامەزراندنی خەڵک دەستپێکرد، هەردوولا لە ململانێی یەکدی دەستیان کرد بە دامەزراندنی خەڵک، ئەمەش چەندین زیانی بە خەڵک و هەم بە حکومەت گەیاند، تەنیا قازانجێک کە هەیبوو دەنگی هەندێ لە مووچەخۆرەکان بوو لەکاتی هەڵبژاردن. لە رووی پاشخستنی کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان گەورەترین زیانی بە ئابووریی هەرێمی کوردستان گەیاند، لە بواری ئاژەڵداریی زیانی گەورەی لێکەوتەوە، گوندەکان چۆڵ بوون و هەندێکیان کوێربوونەوە.
ئەمانە هەمووی بەهۆی دامەزراندنی بێشووماری دەستی کاری گەنجان کە پێشتر شوانی، جووتیاریی و باخدارییان دەکرد و گوندەکانیان ئاوەدان کردبووەوە. لەگەڵ ئەوەدا هێزێکی بەرخۆرییا دروست کرد کە جگە لە دەوامێکی ئاسایی هیچ بەرهەمێکیان نەبوو. خەڵکیان فێرکرد مانگانە مووچەیەک وەربگرێت و چەند رۆژێک دەوام بکات کە کاریان پێی نەبوو، ئەمەش بێکاریی رووپۆشکراوی دروست کرد، هەڵاوسانی لە ژمارەی فەرمانبەران گەورەتر کرد. سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی خۆماڵی کەمبووەوە و گەیشتە نزیک سفر، قەبارەی بودجە و خەرجیی حکومەت گەورەتر بوو و ئاڵۆزتر بوو. لەگەڵ ئەوەدا حکومەت لە وەرگرتنی باج و خەراج بێبەش بوو.
دوای زیاتر لە 25 ساڵ تاوەکو ئێستا زیان و لێکەوتەکانی بەردەوامن.
ئێستا مژارێکی دیکە هەیە کە هاوشێوەی ئەم کەیسەیە، ئەویش دەنگدانە بە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراق، پارتی و یەکێتی لە هەڵبژاردنەکان بەبێ ئەوەی لێکەوتەکانی بخوێننەوە دەستیان بە ململانێیەکی تازە کردووە کە پێکهاتەکان سووتەمەنیی ئەم ململانێیەن. تەنانەت لایەنی دەرەکی پەلکێشی ململانێکە کراوە، لە دوایین هەڵبژاردن ئەمە بە روونی دەرکەوت کە چۆن لایەنێکی کوردستانی پشتیوانی لە بەربژێرێک کرد لە قازانجی پارتەکەی رەیان کلدانی، ئەمەش بە قازانجی شیعەی دەسەڵاتدار.
دوایین دوو هەڵبژاردن نیشانی دەدەن ئەو دوو هێزە سەرەکییە چەند دەستیان خستووەتە نێو ئەم مژارە، لە شوێن و جوگرافیای جیاجیا کریستیان یان تورکمان دەنگ دەهێنن کە پانتایی و جوگرافیای ئەوان نییە.
ئەمە دیسان دەبێتە هەڵاوسانێکی دیکە، بەڵام لە رووی سیاسی، ئیتنی و گۆڕینی دیمۆگرافی، دەبێتە پێشێلکردنی مافی ئەم پێکهاتە جیاجیایانە، ئەوان ئێستا دەنگ نادەن، کەسانێک لە بری ئەوان بڕیار دەدەن کە هیچ پەیوەندییەکیان پێیانەوە نییە. ئەمە لە داهاتوو کێشە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و حوکمڕانی دروست دەکات، ئەم ژمارە زۆرەی پێکهاتە لە داهاتوو پشکیان دەوێت، جوگرافیایان دەوێت، ئیمتیاز و هەموو شتێکی تایبەت بەخۆیان دەوێت. لە رووی نێودەوڵەتییەوە دیسان کێشە دروست دەکات، ئەوان دەتوانن بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە (ساختەیە)ی کە هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان حیساب و کتاب بکەن، لێیان بپرسنەوە و داوایان لێ بکەن.
سەرەڕای ئەوە رەنگە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێی خۆش نەبێ، کریستیان بکەونە ژێر کاریگەری شیعەی حوکمڕان کە سەر بە ئێرانن. ئەمە جیاوازە، ئەم پێکهاتانە، نە خانەنشین دەبن و نە مووچەیان کەمدەکرێتەوە و نە مووچەبڕ دەکرێن، تەنانەت ناتوانیت لە کارەکانیان دەریان بکەیت. پێکهاتەیەک کە رێژەیەکی دیاریکراوە لە هەرێمی کوردستان و حیزبێک بۆ ململانێی و دەستشکاندنەوەی حیزبەکەی دیکە ژمارە و رێژەیەکی دیکەی پێ دەدات، دەبێت هەموو مافێکی پێ بدات.