تەمەن درێژترین رۆژنامەی کوردی : رییا تازە
کاتێک باس لەو ناوچانە دەکەین کە کورد لێیان نیشتەجێبووە، ناتوانین روومان لە ئەرمەنستان و گورجستان وەربگێڕین. بەتایبەتی ئەو کوردانەی کە دوای ساڵی 1915لە دەوروبەری ئاگری، قەرس، ئیدر، بەدلیس، ساسۆن، مووش و وانەوە روویانکردە ئەوبەری چیای ئاگری (ئارارات)، رووباری ئاراس و ناوچەکانی یەریڤان و تفلیس و لەوێ نیشتەجێبوون. کاتێک کورد پەڕینەوە بۆ ئەوبەری رووباری ئاراس، زۆر خێڵ و عەشیرەتی کوردی لەوێ دەژیان.
زۆرجار بوومەتە گۆڤان (شایەد)ی دیوەخان و کۆڕ و کۆمەڵی کوردانی یەریڤان، ئابۆڤیان، ئەلەگەز، هۆکتەبریانێ و تفلیس. لەو جڤات و مەجلیسانەدا هەمیشە پێیاندەگوتم کاتێک باو و باپیرانمان لە سەرحەدەوە ناچاربوون کۆچ بکەن بۆ ئەوبەرەی ئاراس، کورد پیشتر لەو ناوچەیە هەبوون و لە زۆر شوێنی ئەو ناچەیە نیشتەجێبوون . کەواتە زۆر روونە کە لە سەردەمانی کۆنەوە یەریڤان یان (رەوان) میرنشینێکی گرنگی کورد بووە.
دەوڵەتی کوردیی شەدادی کە پایتەختەکانی شارەکانی گەنج، ئانی و دوین بوون، یەریڤانیشی خستووەتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. ئەمڕۆ ئانی لەم بەری رووباری ئاراسە و دوین لەوبەری رووباری ئاراسە. دوین ئێستا تەنیا 30 کیلۆمەتر لە یەریڤانەوە دوورە. ئانی لەسەر سنووری ئەرمەنستانی ئێستایە و 80 کیلۆمەتر لە شاری قەرسەوە دوورە. ئەمە بابەتێکی تایبەتە و با بۆ مێژوونووسانی بەجێبێڵین.
بەڵام با بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەمان، واتە بگەڕێینەوە سەر مژاری رۆژنامەی رییا تەزە Riya Teze ( رییا تەزە بەپێی نووسین و گۆکردنی کوردانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران و رییا تازە بەپێی گۆکردنی کوردانی پارچەکانی دیکەی کوردستان) کە لە سەرانسەری جیهان دا تەمەن درێژترین رۆژنامەی کوردییە. ئەم رۆژنامەیە ئەمڕۆش هەر دەردەچێت و تەمەنی 96 ساڵە.
دەتوانین بە سەربەرزییەوە بڵێین بە پشتیوانی یەکێتی سۆڤیەت، لە بوارەکانی کولتوور، هونەر، وێژە و زمان دا هەنگاوی گەورە نران و کاری هێژا کران. لە ساڵانی سییەکانی سەدەی رابردوودا، لە یەریڤان هەوڵ هەبوو بۆ دامەزراندنی رادیۆی کوردی و بەرنامەی کورت پێشکێشکراون، بەڵام لە سەردەمی ستالین دا، لەگەڵ کاری رادیۆ دا تەواوی کار و چالاکییەکانی چاپەمەنی، کولتووری و هونەری کوردی راگیران. بەڵام دوای مردنی ستالین و هاتنەسەرکاری خروشۆڤ، داوودەزگا کوردییەکان دووبارە کەوتنەوە کار. بەشی کوردیی رادیۆی یەریڤان و رۆژنامەی (رییا تەزە)ش چاپ و بڵاوکرایەوە.
لە لێواری داخراندایە
سەرەڕای پەراوێزخستن، نەبوونی و سەختییەکی زۆر، رۆژنامەی (رییا تەزە) لە ساڵی 1930ەوە بەردەوامە لە وەشان و بڵاوبوونەوە و ئێستا تەمەنی بووەتە 96 ساڵ. لەبەر ئەوە ، ئەم رۆژنامەیە مایەی شانازییە بۆ کورد. مخابن ماوەیەکی درێژە رۆژنامەکە لە هەلومەرجێکی زۆر سەختدایە و هەوڵی بەردەوامبوونی بڵاوبوونەوەی دەدات و ئێستا لە لێواری داخراندایە.
رۆژنامەی (رییا تەزە ) لە سەرەتاوە واتە لە ساڵی 1930تاوەکو ساڵی 1937 بە ئەلفوبێی لاتینی دەردەچوو. پاشان وەک سیاسەتێکی فەرمیی یەکێتی سۆڤیەت، بە ئەلفوبێی کیریلی درێژەی بە وەشانی کوردیی خۆی دا.
کاتێک لە نێوان ساڵانی 2001بۆ 2002لە یەریڤان سەردانی رۆژنامەکەم کرد، ئەمەریکێ سەردار کە خەباتکار و تێکۆشەری 40ساڵەی رۆژنامەکە بوو، پێیگوتم ئەوە ساڵێکە گەڕاوینەتەوە سەر ئەلفوبێی لاتینی. واتە ئەو رۆژنامەیە 96 ساڵەیە کە ساڵانی سەرەتا بە لاتینی دەردەچوو، دوای 75 ساڵ لە وەشانی کیریلی، ئەو 25 ساڵی کۆتایییە بە پیتی لاتینی درێژە بە وەشانی کوردیی خۆی دەدات.
ئەم ساڵ ، رێک ئەمڕۆ کە 22ی نیسانی 2026ە، کە دەبێتە 128ەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی. لە 22ی نیسانی 1898دا، رۆژنامەی(کوردستان) بە ژمارەی یەکەمی خۆی، لە قاهیرەی پایتەختی میسر و بە سەرپەرشتیی میقـداد میدحەت بەدرخان دەستی بە وەشان کرد.
(کوردستان) یەکەمین رۆژنامەی کوردە، بەڵام ( رییا تەزە) تەمەندرێژترین رۆژنامەی کوردییە. من تائێستا لە زۆر گۆڤار و رۆژنامەدا لەسەر (رییا تەزە ) نووسیومە، فیلمێکی دۆکیۆمێنتاریم لەبارەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەکرد و لە کتێبەکەم دا بە ناوی (گەڕا پێنووسێ (Gera Pênûsê بە شێوەیەکی بەرفراوان باسی ئەو رۆژنامەیەم کردووە.
فەرموون با بگەڕێینەوە سەر مێژووی دامەزراندن و بەسەرهاتی رۆژنامەی (رییا تەزە) .
لە ساڵی 1929دا، عەرەبێ شەمۆ و ئیسحاق ماراگولۆڤـ ی ئاشووری بە پیتی لاتینی دەستیان بە کارکردن کرد لەسەر ئەلفوبێ و نووسینی کوردی. لە قوتابخانە و گوندە کوردنشینەکاندا دەستیان بە پەروەردە و فێرکردنی زمانی کوردی کرد. هەندێک جیاوازی لە نێوان ئەلفوبێی ئەوان و ئەلفوبێی جەلادەت بەدرخاندا هەبوو. بەهۆی ئەوەی لەو سەردەم دا خوێندەواری لەنێو کورد دا کەم بوو، پێویستی بە رۆژنامەیەک هەبوو. ساڵێک دواتر، واتە لە ساڵی 1930دا، لەژێر چەتری دەوڵەت دا رۆژنامەی (رییا تەزە ) لە یەریڤان دەستی بە وەشان کرد بە زمانی کوردی.
ژمارەی یەکەمی (رییا تەزە 1930)
فەرموون با کەمێک لەبارەی بەرگ، شێواز و نووسینەکانی سەر یەکەمین ژمارەی (رییا تەزە) تان بۆ باس بکەم:
یەکەمین ژمارەی لە 25ی ئاداری 1930، لە رۆژی سێشەممە دەرچووە. بە ناوی (رییا تەزە) کە بە شێوەی ئۆرجیناڵ بەم شێوەیە دەنووسرا: Rya Təzə، دروشمێکی هەمیشەیی بەوجۆرەی لەسەر بوو " پرۆلیتاریای جیهان یەکگرن ".
لە ناوەندی ژمارەی یەکەم دا، وێنەیەکی گەورەی دامەزرێنەر و بونیادنەری یەکێتی سۆڤیەت، ڤلادیمێر لێنین دانراوە. لە ژێر ناوی رییا تازە و لەسەر وێنەکەی لێنین، ئەم وتەیەی لێنین نووسراوە: "ئەلفوبێی نوێ لە رۆژهەڵات دا شۆڕشێکی گەورەیە. — لێنین".
ناوی لێنین لە ژێر ئەم وتەیەدا بە پیتە بچووکەکان نووسراوە. لە تەنیشت وێنەکەی لێنین، نووسینێک هەیە کە سەردێڕەکەی بەم شێوەیەیە: "شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ئەلفوبێی نوێ". لە لایەکەی دیکەی وێنەی لێنین، دوو کورتە نووسین لە دوو ستوون دا هەن کە سەردێڕی هەردووکیان بریتییە لە: "پیرۆزبایی".
وەک لە سەرەتادا ئاماژەمان پێدا، لە پەنای ناوی رۆژنامەکەدا، رۆژ-ساڵ-مانگ نووسراوە :25ی ئاداری 1930، سێشەممە. لە تەنیشت ئەمەشەوە، لە ستوونێکدا ئەم زانیارییانەی رۆژنامەکە نووسراون : ئۆرگانی ئەنجوومەنی نەتەوە بچووکەکان، لە کۆمیساریای مەعاریفی ئەرمەنستان و کۆمیتەی ئەلفوبێی نوێی کورمانجی — ژمارە: 1.
لە ساڵی 1932دا، چەند ژمارەیەکی (رییا تەزە) و چەند کتێبێکی کوردی (کورمانجی) کە لە یەریڤان چاپکرابوون، دەگەنە دەست جەلادەت بەدرخان. جەلادەت بەدرخان لە گۆڤاری (هاوار)دا (ژمارە 8، ئەیلوولی 1932) باس لەو ژمارانەی (رییا تەزە) و کتێبە کوردییەکان دەکات. بە ڕاستی لەو سەردەمە و لەو رەوشە سەختانەدا، ئەمە پرسێکی مێژووییە. وەک دەزانرێت، ناوێکی دیکەی جەلادەت بەدرخان (هەرەکۆڵ عەزیزان) بوو. ئەو نووسینەی ساڵی 1932 لە ژمارە 8ی هاواردا بە ناوی هەرەکۆڵ عەزیزان بڵاوکراوەتەوە، بەوشێوەیە:
"رۆژنامەیەکی کورمانجی، بە پیتە نوێیەکان و بە کورمانجییەکی تەواو، لە رەوانێ (یەریڤان) بە شێوەیەکی جوان و رێکوپێك دەردەچێت. ئەم دوواییانە چەند ژمارەیەکی گەیشتنە دەستی ئێمە . چاوەکانمان پێی روون بوونەوە و دڵمان پێی خۆش و گەش بوو. کورمانجەکانی رەوان جگە لە رۆژنامە، چەند کتێبێکیشیان دەرکردووە. سێ چوار رۆژ خۆمان پێیانەوە سەرقاڵکرد. لەنێو لاپەڕە تێر و تەسەل و تازەکانیاندا، بۆنی گوڵاڵەکانی چیای ئەلەگەز و بای زۆزانەکانی سەرحەدیان لێدەهات. لەنێو وێنەکانیاندا، شەل و شەپکی کوردی، خەنجەر و پشتێنەی باو و باپیرانمان دەبینران.
رییا تەزە، وەک ناوەکەی تازەیە، نوێیە و نۆبەرەیە، بەڵام لە (هاوار) کۆنترە و تەمەنی لەو گەورەترە. دوایین ژمارەی کە گەیشتووەتە دەستمان، ژمارە 59یە. بەوپێیەی رییا تەزە رۆژنامەیەکی ١٠ رۆژییە، دیارە ساڵێک و هێندێکە دەردەچێت."
لە سەرەتادا ئەرمەنییە کوردزانەکان لە (رییا تەزە)دا کاریان دەکرد
لە چەند ساڵی یەکەم دا، بەهۆی ئەوەی لەنێو کورد دا کەسانێک نەبوون بتوانن سەرپەرشتی کارەکان بکەن، رۆژنامەکە تاوەکو ساڵی 1934 لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی چەند ئەرمەنییەکدا دەردەچوو، کە ئەمە ناوەکانیان بوون : گیڤۆرک پاریس، هراچیا کۆچار و هاروچی میگردیچیان؛ کە ئەمانە ئاوارە و دوورخراوەکانی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا بوون و کوردییان زۆر بەباشی دەزانی.
دوای بەرپرسیارێتیی ئەو سێ کەسە ئەرمەنییە، ئیتر لە ساڵی 1934بەدواوە بەرپرسیارێتییەکە کەوتە دەست کورد. لە ساڵی 1934 تاوەکو 1937 جێردۆیێ گەنجۆ بەرپرسیارێتیی رۆژنامەکەی گرتە دەست . ساڵی 1937، سەردەمی ستالین بوو و شەو و رۆژ لە کوردان تێکدرابوو. هیچ شتێک بە ناوی کوردەوە نەدەکرا. هەموو شتێک قەدەخەکرا؛ نە رادیۆ ما و نە رۆژنامەش...
تاوەکو ساڵی 1955بارودۆخی کوردانی ئەرمەنستان بە نالەباری مایەوە. لە ساڵی 1955دا، لەگەڵ بەشی کوردیی رادیۆی یەریڤان و چەندین داوودەزگای دیکە (رییا تەزە )یش دووبارە بڵاوکرایەوە .
لە ساڵی 1955تاوەکو 1989 (میرۆیێ ئەسەد)، بۆ ماوەی 34ساڵ بەرپرسیارێتی یان بە وتەی کوردانی قەفقاز "سەرکاریی" رۆژنامەکەی کرد. دوای ئەو، بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک (تیتالێ ئەفۆ) بووە بەرپرسیار. لە ساڵی 1991تاوەکو 2006(ئەمەریکێ سەردار) بۆ ماوەی 16 ساڵ سەرپەرشتیاری گشتیی رۆژنامەکە بوو، بەڵام پەیوەندی ئەو بە رۆژنامەکەوە زیاتر لە ٥٠ ساڵ بوو؛ لەبەرئەوەی ئەمەریکێ سەردار ساڵی ١٩٥٩ وەک بێژەر چووە رادیۆ، دوو ساڵ لە رادیۆدا کاری کرد و ساڵی 1962 بووە ئەندامی دەستەی نووسەرانی (رییا تەزە). پێش ئەوەی ببێتە سەرپەرشتیاری گشتی، ساڵانێکی زۆر وەک جێگری سەرپەرشتیاری گشتی کاری کردبوو. ئەمەریکێ سەردار کە ساڵی 1935لە گوندێکی دەوروبەری چیای ئەلەگەز بە ناوی (پامپا کوردان - ئێستا پێی دەڵێن سیپان) لەدایک ببوو، لە ساڵی 2018 لە یەریڤان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
رۆژنامەی فەرمیی دەوڵەت
(رییا تەزە ) لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت دا، یەکەمین رۆژنامەی کوردی بوو لە ئەرمەنستان. تاوەکو ساڵی ١٩٩٤، هەفتەی دوو جار دەردەچوو. بەڵام ئێستا بەهۆی کێشەی داراییەوە، هەندێک جار مانگێ جارێک و هەندێک جاریش دوو سێ مانگ جارێک چەند ژمارەیەکی پێکەوە بڵاودەکرێنەوە.
رۆژنامەکە لە چوار لاپەڕە پێکهاتووە. تاوەکو ساڵی 1990 کە یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوە، چوار رۆژنامەی فەرمیی سەرەکی لە ئەرمەنستان دا هەبوون؛ ئەوانیش بە زمانەکانی: ئەرمەنی، رووسی، ئازەری و کوردی بوون. رۆژنامە کوردییەکە (رییا تەزە) بوو. لەو سەردەمەدا (رییا تەزە) تەنیا لە ئەرمەنستان بڵاونەدەکرایەوە، بەڵکو لە سەرانسەری یەکێتیی سۆڤیەت دا بڵاودەبووەوە. تەنانەت دەگەیشتە ئەورووپا، ئەمریکا و کەنەداش.
وەک رەحمەتی ئەمەریکێ سەردار لەکاتی خۆیدا پێیگوتم؛ لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دا تیراژی رۆژنامەکە چوار هەزار دانە بوو و هەمووی لە رێگەی ئابۆنەوە بڵاودەکرایەوە. دوای هەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەت، ئێستا تەنیا لە ئەرمەنستان بڵاودەکرێتەوە و تیراژەکەی دابەزیوە بۆ 500 دانە. ئەمەریکێ سەردار لە هەڤپەیڤینەکەیدا لەگەڵ من دا ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو ٥٠٠ دانەیەش لە گوندە کوردنشینەکاندا بە خۆڕایی (بێ بەرامبەر) دابەش دەکەن.
هەر لەوێ و لەو ژوورە بچووکەی رۆژنامەکەدا زانیم کە (میرازێ جەمال)ـی شاعیر و پەیامنێر، کە ئەوکات تەمەنی لە 60 ساڵ تێپەڕیبوو، گوند بە گوندی کورد دەگەڕا بۆ ئەوەی رۆژنامەکە بگەیێنێتە دەستی خەڵک.
لە ساڵی( 1930)ەوە تائێستا: سەرنووسەر، تێکۆشەر و نووسەرانی (رییا تەزە)
لە سەرەتاوە تائێستا، ئەو ناوە دیارانەی کە ماندووبوون، کاریان کرد، یان لە بوارەکانی پیتچنین، سەرنووسەری، بەڕێوەبردن، دابەشکردن و نووسەریدا خزمەتیان کردووە ئەمانەن:
عەرەبێ شەمۆ، حەجیێ جندی، ئەمینێ ئەڤدال، جاسمێ جەلیل، هاروتیون میگردیچیان، جەردۆیێ گەنجۆ، قاچاخێ مراد، میرۆیێ ئەسەد، تۆسنێ رەشید، میکایلێ رەشید، گریشایێ مەمێ، ئەمەریکێ سەردار، شاکرێ خودۆ، ئەحمەدێ هەپۆ، شەڕەفێ ئەشیر، ئەسکەرێ بۆییک، عەلیێ ئەڤدیرەحمان، وەزیرێ ئەشۆ، تیموورێ خەلیل، بابایێ کەلەش، یوورایێ شاهۆ، پاشایێ ئەرفووت، ڤانیکێ ئەلیخان، عەگیدێ عەباسی، پۆرسۆرا سەبری، لەتیفێ ئەمەر، پریسکی میحۆیی، کارلێنێ چاچانی، تیتالێ مورادۆڤ، تیتالێ ئەفۆ، سیما سەماند، زەینەبا ئیبۆ، شامیلێ ئەسکەرۆڤ، خەلیلێ چاچان، باخچێ ئەرزۆ، لەتیفێ مەمێ، حەسەنێ قەشەنگ، عەگیدێ خودۆ، عەزیزێ ئیسکۆ، رزگانێ جانگۆ، میرازێ جەمال و تیتالێ کەرەمێ سەیاد.
لە سەرەتای ساڵانی 2000دا، رۆژنامەی (رییا تەزە) کارەکانی خۆی بە چوار کەس درێژە پێدا: ئەمەریکێ سەردار دەبێتە بەڕێوەبەری گشتی و سەرنووسەر. گریشایێ مەمێ، جێگری سەرنووسەر . رزگانێ جانگۆ ، سکرتێری نووسین. میرازێ جەمال پەیامنێر و دابەشکار.
دوای کۆچی دوایی ئەمەریکێ سەردار، گریشایێ مەمێ بۆ چەند ساڵێک بووە بەڕێوەبڤەری گشتی و سەرنووسەر. ساڵانێکی درێژ رەنج و ماندووبوونێکی گەورەی لەم رۆژنامەیەدا کێشا، بەڵام مخابن لە ساڵی 2024 بەهۆی نەخۆشییەکی سەخت لە یەریڤان کۆچی دوایی کرد.
دوای گریشایێ مەمێ، تیتالێ کەرەمێ سەیاد بووە بەڕێوەبەری گشتی و سەرنووسەر و میرازێ جەمال بووە جێگری سەرنووسەر. مام میراز، هەمان ئەو میرازەیە کە 28ساڵ لەمەوبەر پەیامنێر و دابەشکاری رۆژنامەکە بوو. ئێستا میرازێ جەمال تەمەنی 89 ساڵە و لە تەنیشت تیتالێ کەرەمێ سەیاد هەوڵدەدات ڕێگری بکات لەوەی ڕۆژنامەکە دەرگاکانی دابخات.
(رییا تەزە )لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دا( 11 ) ژوور و 25 کارمەندی هەبوون و، تاوەکو کاتی هەڵوەشانەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، ئۆرگانی پارتی کۆمۆنیست بوو. هەر بۆیە لەو ساڵانەدا، بارودۆخی رۆژنامەکە یەکجار باش بووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە کاتی خۆی ئەمەریکێ سەردار، گریشایێ مەمێ و میرازێ جەمال پێیانگوتم؛ لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت دا، لەو باڵەخانە ١٤ نهۆمییەی کە تێیدا بوون، نهۆمێکی تەواو واتە ( 11 )ژوور بۆ رۆژنامەکە تەرخانکرابوون، بەڵام مخابن ئێستا رۆژنامەکە تەنیا لە دوو ژووری بچووک دا هەوڵی بەردەوامبوون دەدات.
لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت دا 25 کارمەندی کورد لە (رییا تەزە) دا کاریان دەکرد، بەڵام ئێستا تەنیا دوو کەس ماونەتەوە: تیتالێ کەرەمێ سەیاد و میرازێ جەمال.