" مامۆستایەكی ئایینی لە سەر نامووس كوژرا "

كاتێك مرۆڤ ئەم هەواڵە و سەردێڕی هەندێ لە مانشێت و گوێ بۆ چەند سەرچاوەیەكی دی دەگرێ (مامۆستایەكی ئایینی لە سەر نامووس كوژرا!!)‌ راستەوخۆ  تێڕوانینێكی خراپ و خوێندنەوەیەكی نێگەتیڤانەی لا دروستدەبێت لە سەر ئەو شەریحە كاریگەرەی نێو كۆمەڵگەكەماندا.
 
تەنیا لە رۆژی ئەو كارەسات ئامێزەدا كە تێیدا مرۆڤێكی بێتاوان و ئیماندارێك دەبێتە قوربانی، چەندان هەواڵی بێ بنەما و ناو زڕاندن و لێدان لە كەڕامەت دەبنە ناونیشان و خوانی گەرمی كۆڕی خەڵك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەبێ بەدواداچوون یان تەحقیقكردن لە راستی هەواڵەكە و چۆنیەتی رووداوەكە! بۆیەش دەڵێم مامۆستای دووجار زوڵملێكراو، چونكە جارێك بەناحەق دەكوژرێ‌. جارێكیش بە ناحەق دەكەوێتە بەر كەوانی كینە و زمانی بوغز و تەنزئامێزان!
 
حەقیقەتی رووداوەكە بە كورتی: رەحمەتی (مەلا بازید) ساڵێك لەمەوبەر داخوازی كچێكی كردووە بۆ كوڕەكەی. دیارە ماڵی كچە رازی نابن،‌ لە ئاكامدا كچەكە خۆی سووتاندووە! پاش ساڵێك، برای كچە‌كە لە بازاڕ (مەلا بازید) دەكوژێت و ئەم تاوانە گەورە ئەنجام دەدات! ئەمە خولاسەی باسەكە‌یە.  

سەیری ناوەڕۆكی رووداوەكە و بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە بكە‌ چۆن لە سەر زانیاری نادروست و بێ بنەما وەك ئاگرێك كە بەر بووبێتە پووش و پەڵاش ئاوا خێرا هەواڵەكە بە نێو زاری خەڵك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوبوویەوە، لەگەڵیدا زمانەكان و نووكی چەند قەڵەمێكیش گڕدران بەوەی كەوتنە داوی هەڵەی هەواڵەكە لە بری هەڵوەستەكردن و بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە سەر بابەتەكە،‌‌ بە پێچەوانەوە تیژانە و بێ تێڕامان و بیركردنەوە لە چۆنیەتی رووداوەكە دووان.

ئەم كەتنە،‌ كەتنێكی باوە‌‌ لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا، بەڵكو لە رووی دینی و یاسایی و ئەخلاقی و كۆمەڵایەتیش كردارێكی ناپەسەندە و بە كرێت و قێزەون لە قەڵەم دراوە. بەداخەوە ئەمە وەك‌ عورفێكی باوی نێو میدیاكان و نێوەندە كۆمەڵایەتیی و تەنانەت بووەتە دەردێكی‌ كوشندەی كایەی رۆشنبیرانیش‌.

ئازیزان، رۆحی ئاینپەروەریی‌ و پەروەردەی تەندروست و ئەكادیمی ئەوەی فێركردم كە هیچ هەواڵێك بڵاونەكەمەوە بەبێ بوونی بەڵگە و بە دواداچوون و زانیاری تەواو. ئەوەتا خودای گەورە وەك قاعیدەیەكی زانستی و ئیمانی و ئەخلاقی پێمان دەفە‌رمووێ: ((یا أیها الذین ‌وامنوا إن جا‌وكم فاسق بنبإٍ فتبینوا أن تصیبوا قوما بجهالە فتصبحوا علی ما فعلتم نادمین)) واتە (ئەی ئەوانەی كە باوەڕتان هێناوە گەر كەسێكی فاسق/ متمانە پێنەكراو/ هەواڵێكی بۆ هێنان یان هەواڵێكی بڵاوكردەوە، ئێوە دەستبەجێ بڕوای پێ مەكەن و هەواڵەكە بە راست مەزانن‌، بەڵكو تێڕامان بكەن و سەرنج بدەن تا راستی هەواڵەكەتان بۆ دەردەكەوێ ‌كە چۆنە، نەوەكو بە نەزانیی خۆتان خەڵكی دوچاری گیروگرفت و ناخۆشی بكەن. دواتر پەشیمان دەبنەوە لەو كارەی كە كردووتانە‌). ‌چەندە بەرز و جوانە ئەو تەوجیهات و ئاگاداریی و هۆشیارییە ئیلاهیە.‌‌

بەبیرمە پرۆفیسۆرێكمان هەبوو لە ئەمریكا لەكاتی وانە‌ وتنەوەدا هەمیشە ئەمەی دوپاتدەكردەوە: Haw you know what do you know؟

واتە بەڵگەت چییە بۆ ئەو قسەی دەیكەیت، رێك وەك ئەو پەندە كوردییەی كە دەڵێ (گولـلە بە تاریكی وەنان)!
پەروەردەی زانستی و ئیمانیی/ ئەخلاقی، فاكتەری بەرگری بەهێزن‌ لە بەردەم سەرهەڵدانی رۆحی خراپەكاری لە ئینسانەكاندا، بەڵكو تاكە فاكتەرن بۆ گەشەسەندنی هۆشیاریی تاك و بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست و بەختەوەرانە.

فەرمایشت و رێنمایی‌ بەرزی‌‌ نەبەویمان هەیە بۆ پرۆسە و ژیانی هاوسەرگیریی،‌ گەر بێتو لە ژیانی رۆژانەماندا تەتبیقیان بكەین بێگومان بەختەوەر دەبین‌ و ئاكامی رەوشەكانیش بەخێر دەگەڕێن نەك بەرەو ئاشوب و شەڕ و خراپەكاری، لەوانە:

إذا أتاكم مَنْ تَرْضَوْنَ دينَهُ وَخُلُقَهُ فَزَوِّجُوهُ، إلاّ تَفْعلوا تَكُنْ فِتنةٌ في الأرض وفسادٌ كبير

 واتە/ گەر كەسێك هاتە داخوازی كچەكانتان، ئێوە لە دین و لە ئەخلاقیان (واتە/ لە عەقڵ و سلوكیان) رازی بوون، رەتی مەكەنەوە و خزمایەتیان لەگەڵدا بكەن. خۆ ئەگەر وانەكەن واتە "دین و ئەخلاق"تان لە بەرچاو نەگرت ئەوە ئاشوب لە سەر زەوی تەشەنە دەكات و فیتنە و فەسادێكی بێ سنوور پەرەدەستێنێ!

ئەمە زۆر راستەو دوا رووداوی كوشتنی (مامۆستا مەلا بازید)ی مەزڵومیش بەڵگەیەكی حاشا هەڵنەگرە لە سەر راستی ئەم فەرموودە كە چۆن فیتنە و فەساد سەرهەڵدەدات لەم‌ رووداوانەدا. فەرموون بەراوردی بكەن لەگەڵ رووداوەكە و چەندان رووداوی دیكەی لەمشێوە‌ كە چ شەڕ و ئاشوب و فیتنەیەكی بەدوای خۆیدا هێناوە لەناو میللەتەكەماندا. كاتێك كچێك یان‌ كوڕێك، واتە هەردووكیان بە پاكی‌ دەیانەوێ ببن بە هاوسەری ژیانی یەكتری، نابێ هیچ كەس لە خانەوادە و كەس و كار و خزم و ناسیاوەكانیان ببن بە لەمپەر و كۆسپ لەبەردەم بەیەكگەیشتنیان، چونكە ئاكامەكەی تراژیدی دەبێ! بێگومان لە دینیشدا هەردوولا سەربەست كراون‌ و تەواوی ئازادیان پێدراوە لە‌ پرۆسەی هاوسەرگیری. بەبێ رەزامەندی كچەكە زەواجەكە رەتكراوەیە.

زۆربەی گیروگرفتەكانی پرۆسەی ژیانی هاوسەرگیریش لە سەر ئەوەن كە رەزامەندی‌ كچ وەرنەگیراوە و وەرنا‌گیرێ‌. دەرەنجامەكەشی سووتان و كۆتاییهینان بە ژیان و كوشتنی بە ناحەقە. لێرەدا نەدەم دەبێتە میوان ((فاصبح من النادمین)) بۆ بابای بكوژ و ئەوەشی كە كۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێ لەبەر بێ ئومێدی و نەبوونی هیچ تروسكاییەك لە ژیانیدا! ئینجا پەشیمانی پشك و بەشی ئەو كەسەش دەبێ‌ كە هەواڵی بێ بنەما و نادروست بڵاو دەكاتەوە بۆ ورووژان و لێدان لە كەڕامەت و ئاوەژوكردنەوەی رووداوەكان، رێك وەك ئایەتەكە دەڵێ: ((فتصبحوا علی ما فعلتم نادمین)).  ‌

بەو ئومێدەی هەموو لایەكمان دان بەخۆدا بگرین و رۆحیەتی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون و پێداچوونەوە لە گەیاندنی هەواڵ و گوفتار و رەفتار و ئاكار و هەڵسوكەوتەكانماندا بكەین‌ بۆ ئەوەی هەم لە لای خودای مەزن و دلۆڤان، هەم لە لایەنی یاساییەوە، ویژدانمان ئاسودە و تاوانبار نەبین.