هەمووی بۆ کوردە !
پزیشکم زۆرە، بەڵام بەوردی دیاریکردن و پەنجە خستنەسەر نەخۆشی زۆر کەمە.. بۆیە تەنها چارەسەر ئەو دەرمانەیەو لە فڵان دەرمانخانەش بیکڕە.
رۆژنامە و رۆژنامەنوسم زۆر زۆرە، بەڵام زۆریان، زیاتر هەواڵەکان دەگەیەنن، ئێمەش شیکردنەوە زۆر نابینین -ئەوان نایکەن ـ نایزانن، یان با بڵێین شیکردنەوە و پێشبینی پێویست ناکات شتەکان خۆیان روونن!!، بۆیە لاپەڕەکان پڕن لە سەرچاوەیەکی بێ ناو و"نەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت".
هونەرمەندم هەر فرە زۆرە، بەڵام ئاستی هونەرم نزمەو داهێنەر و داهێنان زۆر کزە، بۆیە هەندێک جار تۆپەڵێک کۆدەکرێنەوەو فڵان دەزگا ئاوڕیان لێدەداتەوەو ئاستی هونەری دەچێتە قولەی قافەوە!.
مەلا و مزگەوتیش لە خوای گەورە بەزیابێت زۆرە، بەڵام تێگەیشتنی هەندێکیان بۆ ئاینی پیرۆز کەمێک نادرووستە، بۆیە ئاستی دەنگ بەرزە و فەتوا هاوردەکراوە و چاولێداخراوە و سەری بۆدانەوێنراوە.
ژمارەیەکی زۆر زانکۆم هەیە و هەر زیاد ئەکات، بەڵام دەرچوانێکی زۆری زانکۆکانم ئاستی رۆشبیریان هەر کەم ئەکات. محامیەکەم عەرەبی نازانێت، لە کاتێکا بە عەرەبی یاسا دەخوێنن.
رێژەی مۆڵەتی شۆفێری بەرزئەبێتەوە، بەڵام رەوشتی لێخوڕین نزم ئەبێتەوە. ئەگەر لێی بپرسیت، ئەڵێت "شەقامەکان کۆنن و قیرتاوەکەیان خراپە. ئەمە کەی وڵاتە"!.
پۆرتاڵی ئینتەرنێت و کەناڵی راگەیاندن ئەوەندە زۆرە، بەڵام فێرکردن کەمە و پێشڕەوی هەر زۆر کەمە. ناو و نازنامە تێکەڵە، "شەهید" و"کوژراو'' یەکسانە!.
لەم زۆر و کەمەمان زۆر زۆرە، هەروەها دیاریکردنیان زۆرە، بەڵام کردار کەمە!.
کاتێک ئەو هەموو دکتۆر و ئەندازیار و رۆژنامەنوس و ئەدیب و هونەرمەند و زانکۆ و شوفێر و محامی و سایتی ئینتەرنێت و سەتەلایت و تەلەفزیۆن و قوتابی زانکۆ و بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت ولێکۆڵەوەرو ... ئەم هەموو شتە باشانەم هەبێت، ئەی بۆ بە گشتی ئاستی رۆشنبیری نزم و گەندەڵییەکی زۆر و چەپڵەلێدانی بێشومار هەیە؟
بێگومان ئەو هەمو شتانەی سەرەوەو زۆر شتی تریش بەرهەمی دو شتی سەرەکین.. سیاسەت لە بوارە جیاجیاکاندا و ئابوریش لەسەر ئاستی ئابوری دەوڵەت و سیاسەتی ئابوری و بیرکردنەوەی سەرمایەداران.
زۆرێک لە سیاسەتمەداران ئەڵێن “لە پێناوی سەرفرازی گەلا ”
زۆرێک لە سەرمایەداران ئەڵێن “لە پێناوی گەشەکردنی وڵاتا”
زۆرێک لە سیاسەتمەداران ئەڵین “لە پێناوی ئازادی وسەروەری نەتەوەیا”
زۆرێک لە سەرمایەداران ئەڵێن “لە پێناوی پێشکەوتن وجوانکردنی شارا”
زۆرێک لە سیاسەتمەداران ئەڵێن “لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا بڕیار ئەدەم، تەنانەت ئەگەر زیانی بۆ خۆشم هەبێت، بەڵام چش، خاک ونیشتمان شایەنێتی”!
زۆرێک لە سەرمایەداران ئەڵێن “لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا پڕۆژە ئەنجام ئەدەم، تەنانەت ئەگەر سودی بۆ خۆشم نەبێت، بەڵام چش، وڵات وشار شایەنێتی”!
لە پێناوی پلە وپۆستدا، زۆرێک لە سیاسەتمەداران ئەڵێن “من لێی ئەزانم، من لێی تێئەگەم، من لێهاتوم، من خاوەن ئەزمونم، من پەیوەندی فراوانم هەیە، من ڕابردوم بێ گومانە،بەڵام بۆ خۆشگوزەرانی ئێوە، بۆ بەرگری لە ماف ودەستکەوتەکانی ئێوە، بۆ خۆشبەختی ئێوە، ئەی هاوڵاتیان، من لێپرسراویەتەکە هەڵئەگرم وئەتانپەڕێنمەوە، چش لەخۆم و لە ئیسراحەت”!
لە پێناوی دەستکەوت و پارەیا، زۆرێک لە سەرمایەداران ئەڵێن “من لێی ئەزانم، من لێی تێئەگەم، من خاوەن ئەزمونم، من پڕوژەی فراوانم هەیە، من جێ دەستم دیارە، من ڕابردوم بێ گومانە، بەڵام بۆ ئیوە دروستی ئەکەم، بۆ ئێوە ئەنجامی ئەدەم، بۆ ئێوە مانوئەبم، ئەی خەڵکی شار و وڵاتەکەم، چش لە خۆم و لە قازانج”!
لەم وڵاتەی ئێمەیا، هەندێک لەسیاسەتمەداران بازرگانن و، زۆرێک لە سەرمایەدار سیاسین. هەندیک سیاسی، بازرگان و سەرمایەدارە. هەندێک سەرمایەدار، بڕیاردەرو سیاسیە. هەندێک سیاسەتمەدارانم، بێ سەرمایەدارانی من، لێپرسراوێتی نیە.
هەندێک سەرمایەدارانیشم، بێ سیاسەتمەدارانی من، لات و پوتە.. جیاوازیان نیە.
کاتێک بڕیاردەر و دەوڵەتمەدارو سیاسەتمەدار و لێپرسراو سەرمایەدار و بازرگان یەک بەرژەوەندیان هەبێت یان بەرژەوەندیان تێکەڵاو بێت و وەک یەک بیر بکەنەوە، ئیتر چۆن گەندەڵی بنبڕ ئەکرێت؟. چۆن دەرچوی زانکۆ ئەتوانێت کار پەیدا بکات یان دائەمەزرێت؟ چۆن سەرەو نرخی بەنزین چاک ئەکرێت؟ چۆن داهێنانی هونەری پەیدا ئەبێت؟ چۆن تەلەفزیۆن و ڕاگەیاندن راستگۆ و فێرکەر ئەبن؟ چۆن بەمشێوەیە دەکرێت پزیشک و مەلا و ئەندازیارانم خەمخۆری ژیانی هاوڵاتیانم بن؟.
ئەگەر هەردولا بڵێن لە پێناوی گەل و میللەت و نەتەوە و نیشتمان وڵات و شار و خاکدا گیان فیدام و چش لەخۆم، ئەی بونی ئەو هەمو کەم و زۆرە بۆ وا زەقە؟ ئەی ئاستی هەست و تێگەیشتن لە مانای هاوڵاتیبون و تواناسازی مرۆڤ بۆ وا لاوازە؟ ئەی سیاسەتمەدار بۆ دەوڵەمەندە؟ ئەی سەرمایەدار بۆ بڕیاردەری گشتیە؟.
کاتێک هەندێک سیاسەتمەداری من ئەیەوێت بگات بە پۆست، تەکەتول دروست ئەکات. بەرژەوەندیە خوارەکان کۆئەکاتەوەو شتەکان ئەوەنەی تر بۆگەن ئەکات، تا مەرام بەدەست بێنێت. کاتێک هەندێک سەرمایەداری من ناگات بە مەرام، کە قازانجی زۆرە !!، تەکەتول ئەکات و بەرژەوەندیە تەسکەکان کۆ ئەکاتەوەو شتەکان خوارترو بۆگەنتر ئەکات، تا قۆرخکردنی هەردولا قوڵ بکاتەوەو بیسەلمێنێت، بەداخەوە هەموی بۆ کورده!.