ئەمریكا رادیكاڵانە تاكتیكی خۆی دەگۆڕێت: كوردەكان پڕچەك دەكات
ئەمریکا بەشێوەیەکی رادیکاڵانە، ستراتیجی خۆی دەربارەی کۆبانێ دەگۆڕێت. تورکیا کە هاوپەیمانی ئەمریکایە، رێگر بوو لەوەی هاوکاری کوردە شەڕکەرەکانی نێو کۆبانێ بکات. هەربۆیە ئەمریکا لە جیاتی ئەوە کوردەکان پڕچەک دەکات.
مرۆڤ دەتوانێت بڵێت، ئەمریكا دەستبەرداری یاسایەكی كۆنی خۆی دەبێت، ئەویش سیاسەتی دڕدۆنگانەی ئەو وڵاتەیە لە هاوكاریكردنی كورد. بۆیە پەنجەرەیەك بەڕووی شەڕڤانانی كوردی سووریا دەكاتەوە، رێگایان دەدات هێڕش بەرن تا بەرنامە و پلانەكەی سەرۆك ئۆباما رزگاربكەن و بتوانن بەسەر داعشدا لە كۆبانێ سەربكەون.
شەڕڤانانی كورد لە YPG، دەگوترێت وەكو میلیسی سەرۆك ئۆباما هەڵسوكەوت دەكەن لە خەبات دژی داعشدا.
ئەوەش گۆڕانكارییەكی دراماتیكییە لە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر كوردەكان، گۆڕانكارییەك كە دەبێتە هۆی تووڕەبوون و دڵەڕاوكێی توركیا.
ماوەیەكی درێژە سوپای توركیا وەكو تەماشاكەرێك سەیری رووداوەكانی نێو كۆبانێ دەكات، كە دەكەوێتە خوارووی سنوورەكانییەوە. ئەم درامایە، توركیاش پەوەندیدار دەكات كە نزیكەی 200 هەزار پەنابەری خەڵكی كۆبانێی وەرگرتووە، ئەگەر گرووپی تیرۆریستی داعش كۆبانێ داگیر بكات ئەوا یەكێك لە وەحشیترین رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دنیا دەبێتە هاوسنووری توركیا و ناتۆ و مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەوروپاش.
توركیا هێزی وشكانی هەیە كە بتوانێت هاوكاری هێزە كوردییەكان بكات، كە لەنێو شارەكەوە دژی داعش دەجەنگن. بەڵام نایكات.
بەلای توركیاوە گرێدراوی سیاسی دیكە هەن، كە بەلایەوە گرنگترن. ئەمریكا زۆر هەوڵیدا كە توركیا بەشێك لە پاراستنی كۆبانێ بخاتە سەرشانی خۆی، بەڵام توركیا نایەوێت هاوكاری كوردەكان بكات.
هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەرێنێتەوە، كە پێیوایە ئەو هێزە چەكدارانە سەربە رێکخراوی جوداخوازی پەکەکەن یانیش نزیكن لێیەوە، كە بەلای توركیا، ئەمریكا و ئەوروپاوە، گرووپێكی تیرۆریستییە.
توركیا هەمیشە لەوە ترساوە كە هێزە كوردییەكانی سووریا پڕچەك بكرێن. توركیا ترسی ئەوەی هەیە ئەو چەكانە بكەونە دەستی PKKو بەدژی توركیا بەكاربهێنرێنەوە.
بەڵام ئەوەی كە ئێستا روودەدات ئەوەیە ئەمریكا چەك و تەقەمەنی دەنێرێت بۆ هێزەكانی YPG لە نێو شاری كۆبانێ. ئەمەش وەكو پێشكەوتنێكی گەورە بۆ كوردەكان هەژماردەكرێت لەو گێژاوەی ناوچەكەی تێكەوتووە.
مرۆڤ تێدەگات كە سەركردایەتی ئەمریكا لەو كەللەڕەقییەی توركیا توورەبووە. ئۆباما پلانێكی بۆ كێشەی كۆبانێ هەیە كە لەسەر بنەمای بەشداریكردنی هێزی توركیا لە پاككردنەوەی داعش هەڵچنرابوو، لە مانگی رابردووەوە لە لایەن هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانانەوە بۆردوومان دەكرێن.
ئەمریكیا هیوای بە توركیا هەبوو كە پەرلەمانەكەی چەند هەفتە پێش ئێستا بڕیاری ئەوەیان دا، كە رێگا بە سوپای توركیا بدرێت بچێتە نێو سووریاوە . زۆركەس پێیوابوو توركیا وا دەكات، بەڵام هێزە بەرگرییكارە كوردەكان لە نێو كۆبانێدا بەتەنیا هێڵرانەوە.
هەموو ئەمانە لەسەر ئەو ترسەی توركیایە لەوەی كوردەكان بەهێزەوە لەم گێژاوە بێنە دەرەوە. ئەوەی كە ئەمریكا چەك دەدات بە كوردانی سووریا، دان پێدانانێكە بە گرنگی كوردەكان لە هەرێمەكەدا.
چەكەكان لە لایەن كوردەكانی عێراق (باشووری كوردستان)ـەوە دەنێردرێن، كە باكووری عێراق كۆنترۆڵ دەكەن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە ئەمریكا ئەم هێرشانە بەهاوكاری دوو جۆر رێكخراوی كوردی دەكات، لە دوو وڵاتی جیاوازدا. مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەمریكا ئەوەندە تەنگەتاوە لە بەرنگاربوونەوەی كۆبانێدا، بۆیەكەمین جارە كە لە ئاسمانەوە چەك بەردەداتەوە بۆ كورد كە لەلایەن كوردی دیكەوە نێردراوە.
سەرەڕای كێشە نێوخۆییەكانیان، كوردەكان بەتاسەی دەوڵەتێكی كوردییەوەن كە وڵاتەكەیان بەسەر توركیا، سووریا، ئێران و عێراقدا دابەشكراوە. تۆبڵێی گۆاڕنكاری لە هەڵوێستی ئەمریكا بەرامبەر كوردەكان، ئەو حەز و ئارەزووەیان بەدەی بێنێت؟
پرسیارەكە ئەوەیە، پەیوەندی ئەمریكا و توركیا لە داهاتوودا چی بەسەر دێت؟ ئەمریكا ئێستا بە روونی نیشانیداوە كە گوێ بە بیركردنەوەكانی توركیا نادات لە پشتیوانییەكانی بۆ كورد.
توركیا هۆكاری خۆی هەیە، كە دوودڵ بێت لە هاوكاریكردن لە كێشەی كۆبانێدا، ئێستا بازووەكانی كورد بەهێزدەكرێن. لە باشووری كوردستان، ئەوە كورد بوو كە توانی لەبەردەم هێرشەكانی داعشدا خۆیان رابگرن و ئێستاش دیسان كوردەكان كە لە باكووری سووریا (رۆژئاوای کوردستان) بەرخودان دەکەن. لەنێو كوردەكانی توركیاشدا خەڵك هەیە كە دەیەوێت سنوورەكان ببڕێت و بچێتە نێو كۆبانێ و پاڵپشتی كۆبانێ بكات دژی داعش، بەڵام توركیا سنوورەكانی داخستووە.
ئێستا توركیا لەگەڵ PKK ئاگربەستی هەیە و گفتوگۆ لەنێوانیاندا هەیە، بەڵام مەترسی دەستپێكردنەوەی شەڕ هەیە. هۆكارەكەشی ئەوەیە، كە كوردەكان ناڕازین لە هەڵوێستی توركیا بەرامبەر كوردەكانی كۆبانێ و هاوكاری هێزە كوردییەكان ناكات.
كۆبانێ بۆ ئەمریكاش گرنگە
ئەگەر داعش ئەو شارە بگرێت ئەوا وەكو شكستێكی گەورە لە تاكتیكی ئەمریكا بەرامبەر داعش دەژمێردرێت. لەم رۆژانەی دواییدا ئەمریكا هێرشە ئاسمانییەكانی چڕكردووەتەوە و ئەوەش هاوكارییەكی باش بووە بۆ كوردەكان تا بتوانن شەڕی داعش بكەن و لەهەندێك شوێندا پاشەكشەیان پێبكەن.
ئێستا سەرۆك ئۆباما هیوادارە كە كوردەكانی سووریا تا رادەیەك بتوانن جێگای ئەو هێزە سەربازییانە بگرنەوە، كە ئەوان نایانەوێ بینێرن بۆ سووریا. هەرچۆنێك بێ ئەوە تەنیا رێگایە، کە ئێستا لەبەردەم ئۆبامادایە.
هێزە كوردییەكانی نێو كۆبانێ رەنگە بتوانن هێزی پشتیوانییان بگاتێ ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی دووشممە 20ـی تشرینی یەکەمی 2014، توركیا بەڵێنی ئەوەی داوە كە رێگا بە پێشمەرگە بدەن لە نێو خاكی ئەو وڵاتەوە بچنە كۆبانێ. ئەمەش نیشانەیەكە بۆ ئەوەی كە توركیا دەبێت دەستبەرداری نكۆڵیكردنی كورد بێت تا سەركەوتن بەسەر داعشدا مسۆگەر بكرێت.
وەرگێڕانی لە سوێدییەوە: سالە كوردە