لە ڕوانگەی (ئۆشۆ)وە
(18)
ئەگەر پێوەندیی نێوانتان بەرهەمی ئارەزووی جەستەیی نەبێت، ڕۆژ لە رٶژ بەهێزتر و قووڵتر دەبێت، ئاخر بایەلۆجیا، ئەوەی مەبەست نییە، پێکەوە دەمێننەوە یان نا، نەوەخستنەوەی بە لاوە گرینگە، ئەوەیش حەوجەی بە خۆشەویستی نییە، چونکە دەتوانن منداڵ بەرهەم بهێنن، بەبێ ئەوەی خۆشەویستی لە نێوانتاندا هەبێت. ئاژەڵان سەروەختی سێکسکردن خەمبار دێنە پێش چاو، هەر دەڵێیت هێزێک ناچاریان دەکات، کە پیاوێک و ئافرەتێکیش پێکەوە دەبینین، ئەگەر گەردی خەم لە سیمایان نیشتبوو، ئەوە ژن و مێردن، بەڵام ئەگەر دڵشاد دیاربن، ئەوە عاشقی یەکدین.
کە ژن و مێرد خەمبار دیارن، هی ئەوەیە بایەلۆجیا فریوی داون، دونیا بەهۆی هاوسەرگیرییەوە خەمناکە، بەبێ ئەوەی دەرکی بە هەوێنی ئەو خەمبارییە کردبێت. خۆشەویستی ئەوە نییە ژن و مێرد پێکەوە گرێدراوبن، ئەوە نییە موو بە نێوانیاندا نەچێت، ئەوە نییە ئەمیان ئەویانی بەرزەفت کردبێت، ئەوەیە زەریایەک بکەوێتە نێوانیانەوە، ئاخر با ژن و مێردیش بن، هەر دوو کەسی جیاواز و سەربەخۆن، نابێت هیچیان ئەوی تریان داگیر بکات، کە یەکێکیان درەنگ گەڕایەوە، نابێت ئەوی تریان گومانی لێ بکات، ئاخر لە خۆشەویستیدا، بەدگومانی نییە، ئازادی هەیە، ئەو ئازادییەیش کاتێک دێتە گۆڕێ، ئەگەر هەر تاکێکیان ڕێزی لە دونیای تایبەتی ئەوی دیکەیان گرت.
ئەوە خۆشەویستی نییە، ئەگەر پیاوێک لە سۆنگەی ئەوەوە ژنەکەی دەم بە پێکەنینەوە دوو ڕستەی لەگەڵ پیاوێکی دیکەدا گۆڕیوەتەوە، ژیانی لێ بکات بە دۆزەخ، خۆشەویستی ئەوەیە، ژن و مێرد متمانەیان بە یەکدی هەبێت و ڕێی پێکەنین لە یەکدی نەگرن. ئەگەر ژن و مێرد ئازادبن، ئەگەر خاوەنی دونیای تایبەت بە خۆیان بن، خۆشەویستی نێوانیان قووڵتر دەبێتەوە و زیاتر لە یەکدی نزیک دەبنەوە. ژن و مێرد ئەگەر ڕێز لە ئازادیی یەکدی نەگرن، گوڵی خۆشەویستی لە نێوانیادا سیس دەبێت و هەڵدەوەرێت. ئینسان دەبێت خاوەنی دونیای تایبەت بە خۆی بێت، تەنانەت ئاژەڵیش ناوچەیەکی تایبەت بە خۆی هەیە و لێ ناگەڕێت ئاژەڵێکی دیکە، پێ بنێتە ئەو ناوچەیەوە.
تاگوور رۆمانێکی هەیە، ناوی لێ ناوە: دوا هۆنراوە، باسی خۆشەویستیی نێوان کچ و کوڕێک دەکات کە نیازی هاوسەرگیرییان هەیە، بەڵام کچە کە ڕۆشنفکر و دەوڵەمەندیش دەبێت، بە کوڕە دەڵێت: بە مەرجێک شووت پێ دەکەم، لە هەمان باخچەدا، هەر یەکێکمان خاتووی تایبەت بە خۆی هەبێت، ناوبەناو یەکدی ببینین، پیاسە بکەین و داوەتی یەکتری بکەین، تەنانەت بۆمان هەبێت داوەتی یەکتری ڕەتیش بکەینەوە، ئاخر بەبێ ئازادی، خۆشەویستیمان نە بەردەوام دەبێت و نە تازە دەبێتەوە.
جوبران خەلیل جوبران و تاگوور داوایان لێ دەکردین، خۆشەویستی لە قەفەزدا دیل نەکەین، پێیان وابوو: خۆشەویستی خەڵاتە، بەبێ بەرانبەر بە یەکتری دەبەخشین، ئەگەر خۆشەویستی کە بەبێ ئازادی هەڵناکات، لە نێوانماندا نەبێت، با لە ژوورێکیشدا بژین، پردی لێک تێگەییشتن لە نێوانماندا نابێت و وەک ئەوە وایە، هەر یەکی لە ئەستێرەیەک بژین. خۆشەویستی گۆمێک نییە لە شوێنێکی دیاریکراودا قەتیس بووبێت، زەریایەکە شەپۆل دەدات، بەبێ شەپۆل کە ڕەمزە بۆ ئازادی، پێوەندیی نێوان ژن و مێرد، وەک ڕۆتینێکی بێزارکەری لێ دێت.
خۆشەویستی پرسێکی ئەوەندە سەختە، تا ڕۆشنتری بکەینەوە، تەمومژاویتر دێتە پێش چاو، تا ئاسانکاری لەبارەیەوە بدرکێنین، ئاڵۆزتر دەبێت. ئەگەر بێدەنگ دەبیت، هاوژینەکەت دەپرسێت: خێرە وا کز و خامۆشیت؟ ئەگەر دێیتە قسە و خۆشحاڵ خۆت پێشان دەدەیت، دەپرسێت، چی تازە هەیە، وا گەش دیاریت؟ نزیکەی بەردەوام هاوژینەکەت، بەد لێت حاڵیی دەبێت! کە خوڵکی پرسیارکردنی نامێنێت، کە شەڕت پێ نافرۆشێت، ئەوە بەو مانایە نییە، لێت ڕازییە و خۆشی دەوێیت، نیشانەیە بۆ ئەوەی لێت بێزارە و بە تەواوی تاقەتی لێت چووە.
خۆشەویستی مەتەڵێکی ئەوەندە ئاڵۆزە، هەرچی بکەین وەڵامی دروستی بۆ نابینینەوە. مەتەڵێکە بە جۆرێک داڕێژراوە، تا زیاتر لێی ورد ببینەوە، ئاڵۆزتر دێتە پێش چاومان و ناتوانین هەڵیبهێنین. هاوسەرگیری کۆبوونەوەی دوو کەسی جیاوازە، هەر یەکە ڕوویان لە جێیەکە، ئاخر هەر یەکە بە هەلومەرجێکی تەواو جیاوازدا تێپەڕیون. هەموو پێوەندییەک کێشەی خۆی هەیە، ئەگەر پێوەندی بە جێیەک گەییشت هیچ کێشە نەنێتەوە، ئەوە بەو مانایە دێت، پێوەندییەکە کۆتایی پێ هاتووە، هەردوو لا هەم بە دەست یەکدییەوە ماندوو بوون و هەم لە یەکدیش بێزار بوون، ئەوەندە لە یەکدی وەڕز بوون، نە حەوسەڵەی شەڕیان ماوە، نە قسە، ئاخر بڕوایان بەوە نەماوە، بتوانن هیچ لە دۆخەکە بگۆڕن.
کە ژن وا هەڵسوکەوت دەکات و وا دەپەیڤێت کە مێردەکەی دەخوازێت، ئەوە بەو مانایە نییە، کێشە لە نێوانیاندا نەماوە، نیشانەیە بۆ ئەوەی ژنەکە بە زەبری سەرکوتکردن، کەسایەتیی خۆی لە دەست داوە و وەک ئامێرێکی لێ هاتووە، ئیدی بەختەوەرییش لەو ماڵەدا نامێنێت و پیاو بەدوای ژنێکی دیکەدا دەگەڕێت! ئەگەر پێت وایە لە ژیانی هاوسەرگیریدا بەختەوەریت، ئەوا هیچ گومانت نەبێت، بە هەڵەدا چوویت، ئاخر تەنیا دیوی دەرەوەی شتەکان دەبینیت. بۆچی ژن و پیاو پێکەوە ناگونجێن؟ چونکە نازانن ڕامان بەری چ دارێکە و خۆیان نەناسیوە. ئەوە وەک مەحاڵ وایە، بێ ڕامان و بێ خودناسین، بتوانین یەکدیمان خۆش بوێت، ئەوەی ساڵانێک پێکەوە دەژین، پێوەندییە، خۆشەویستی نییە. ئەگەر خۆمان نەناسین، کەسێکی شڵەژاومان لێ پەیدا دەبێت، کەسێک کە کێشە دەخوڵقێنێت و کێشە گەورەتر و ئاڵۆزتر دەکات.
کە ئینسان بە تەنیا بژی، کێشەیەک لە گۆڕێدا نییە، چونکە هەست بە کەموکووڕییەکانی خۆی ناکات، کە شوو دەکات، یان ژن دێنێت، هاوژینەکەی وەک ئاوێنەیەکی لێ دێت، خەوشەکانی پیشان دەدات، ئیدی چونکە کەس ددان بە هەڵەی خۆیدا نانێت، کێشە بەردەوام دەبێت. پیاو کە خەوشەکانی خۆی لە ئاوێنەی ژنەکەیدا دەبینێت، لەبری ئەوەی سوپاسگوزاری هاوژینەکەی بێت کە لە خەوشەکانی ئاگاداری کردووەتەوە و بەڵێنی چارەسەرکردنیان بدات، تووڕە دەبێت و دەڵێت: من جوانم، ئەوە تۆیت ناشیرین دەمبینیت، ژنەیش هەروەها.
ئینسان کە دەکەوێتە داوی (خۆشەویستی)یەوە، بایەخ بە ڕامان نادات، ئەوە بۆیە هەر زوو تووشی کێشە دەبێت. چارەسەر ئەوەیە، بەدەم خۆشەویستییەوە سەرقاڵی ڕامان بین، ئەگەرنا خۆشەویستی بە تەنیا هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، خۆشەویستی بەبێ ڕامان وەک مەلێکمان لێ دەکات، باڵێکی شکابێت، ئەوە بۆیە کە باسی خەوشێکمان دەکرێت، هاوسەنگیمان تێک دەچێت. خۆشەویستی کۆسپ نییە لەبەردەم ڕاماندا، ئاخر ئاسۆی بیرکردنەوەمان بەرینتر دەکات و یارمەتیمان دەدات چاکتر خۆمان بناسین. تەنیا ئەو وەختە دەتوانین پارێزگاری لە هاوسەنگیی خۆمان بکەین، کە بە دوو باڵی خۆشەویستی و ڕامان دەفڕین.
13ی دێسەمبەری 2016
(1) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیە.