ترس و مێژوو
(كەسایەتی مستەفا بارزانی لە هزری رووناكبیرانی شاری سلێمانیدا) ، ناونیشانی ئەو كۆبەرهەمەیە كە ئێستا كەوتووەتە بەردەستی خوێنەران و نێو كتێبخانەی كوردی . ماوەیەكی درێژ كاتم بۆ نووسین و ئامادەكردنی ئەو كتێبە تەرخانكرد ، تاوەكو تەواومكرد.
لەوكاتەوەی پەیوەندیم لەگەڵ رۆشنبیر و نووسەران و مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی دروستبووە ، لە هەمووانیش زیاتر پسپۆڕانی بواری مێژوو، هەمیشە باسیان لەوە دەكرد كە بارزانی لەم شارەدا، پێگەیەكی رێزدار و بەهێزی لەنێو دڵی خەڵكدا هەبووە و هەیە، خاوەنی مێژوویەكی شكۆدارە لە سلێمانی . بەداخەوە خەریكە ئێستا هەندێ بۆ خاتری بەرژەوەندی تەسكی حیزبی، ئەو مێژووە وندەكەن و نەوەی هاوەڵی بارزانی و بارزانییەكانیش ، یان ئەوانەی ئاگاداری ئەو رۆژگارەن، یان بەساڵداچوون و وردە وردە بەرەو لێواری كۆچكردن دەچن، لەگەڵ خۆشیاندا زانیاری و یادگارییەكانیشیان وندەبێت .
ئەو كەسایەتییانەی لێیانەوە نزیكبووم و تێكەڵیان بووم، بوونە هاندەرێكی سەرەكی تاوەكو پڕۆژەیەكی گرنگی مێژوویی بەوشێوەیە ، وەك بەرهەمێكی بەڵگەیی ئامادە بكەم ، پاشانیش بیرم لە دیاریكردن و تۆماركردنی كاتی بەرهەم و بەسەرهاتەكان كردەوە، بەتایبەت لەسەردەمی ساڵانی كۆتایی سییەكانی سەدەی رابردوو، كە بنەماڵە و كەسانێكی شۆڕشگێڕ لە بارزانییەكان، لەسەر هەڵوێستی كـوردپەروەری و خەباتگێڕی، دەربەدەری شاران كراون و لەو نێوەندەشدا ماوەیەك هێنراونەتە سلێمانی و چەند ساڵێك لە گەڕەكەكانی ئەم شارەدا نیشتەجێكراون و لەگەڵ كەسایەتی و بنەماڵە كوردپەروەرەكاندا تێكەڵاوییان پەیداكردووە ، خەڵكی سلێمانیش هەمیشە بە چاوی رێز و خۆشەویستییەوە لێیانڕوانیون و هاوكارییان كردوون، چونكە خەڵكی كوردپەروەری سلێمانی هەمیشە هاوكاری شۆڕشگێڕان بووە و بارزانییەكانیش لەسەر شۆڕشكردن لەپێناو ئازادی كورد و كوردستاندا دوورخرابوونەوە .
لە ماوەی هەشت ساڵدا، توانیم سەبارەت بە لاپەڕە پڕشنگدارەكانی ئەو سەردەمانە، بەرهەمێك ئامادەبكەم، بە شێوازی دیدار و هەڤپەیڤینی راستەوخۆ لەگەڵ چەندین كەسایەتی ناسراوی سلێمانیدا، كە زۆربەیان كەسانی ئەكادیمی و شارەزای مێژوو و ئەدەب و سیاسەتن . ئەوان سەبارەت بە بارزانی دواون و بیرەوەری خۆیان گێڕاوەتەوە، لەگەڵ كۆكردنەوەی چەندین شیعری دەگمەنی بڵاوكراوە و بڵاونەكراوەی شاعیرانی ناسراوی سلێمانی لەسەر بارزانی و شۆڕشگێڕیی بارزانی .
لەگەڵ چەندین بەڵگەنامەی گرنگ و چەندین وێنەی دانسقە و دەگمەن و بەسوود، كە زۆربەیان بڵاونەكراونەتەوە و هەوڵمانداوە كۆیانبكەینەوە، بەردەوام وێڵبووم و گەڕیدەئاسا بەدوای ئەو بەرهەمانەدا گەڕاوم، كە دەتوانم بڵێم لە فەوتان رزگارم كردوون و هەموویان پەیوەستن بە ژیانی بارزانی و كەسایەتییەكانی سلێمانییەوە، كە كاتی خۆی لەبەر هەر هۆیەك بێت بڵاونەكراونەتەوە، سەرجەم ئەو بەرهەمانە (هەرهیچ نەبێ ئەوانەی دەست من كەوتوون) لەو كتێبەدا بڵاومكردوونەتەوە.
بەڕاستی هەندێك كەس زانیاری زیاتریان لەلابوو، هەروەها نامەی بارزانی و وێنەی دەگمەنی بارزانیان هەبوو، بەڵام ئامادەنەبوون بیاندەنە من بۆ بڵاوكردنەوە ، لە ترسی بارودۆخی سیاسی، دەترسان لەلایەن كەسانێكی سیاسی سەر بە لایەنی دەستڕۆشتوو لە سلێمانی دووچاری كێشە و گرفت ببن . هەروەها هەندێ شاعیر هەبوون شیعریان هەبوون ، نەیاندەویست بڵاوبكرێنەوە بۆ ئەوەی گرفتیان بۆ دروستنەبێت.
لەم پڕۆژەیەدا، تاوەكو پێمكرابێ ئەو كەسانەم دواندوون كە دوورن لە ئایدۆلۆژیای حیزبی بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان. تاوەكو رادەیەك كەسانی بێلایەنن، چونكە ئەگەر حیزبی و لایەنگری پارتی بوونایە، رەنگە كەسانێك بۆچوونی ئەو كەسانەیان زۆر بەلاوە گرنگ نەبێ كە قسە لەسەر بارزانی بكەن، بۆیە پەنام بردووەتە بەر ئەو كەسایەتییانەی كە ئینتیمای حیزبییان نییە و پارتی نین .
لەم بەرهەمەدا هەوڵمداوە، زیاتر كەسانی پسـپۆڕ و ئەكادیمی و شـارەزای بـواری زانست و مێژوو و رامیاری و كۆمەڵایەتی بدوێنم، بۆ ئەوەی بەرهەمێكی پشت پێبەستراوبێت بۆ دەیان لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی لە داهاتوودا .
ئەم كتێبە پێكهاتووە لە دوو لێكۆڵینەوە بە ناوەكانی (راگواستنی بارزانییەكان بۆ شاری سلێمانی- ژیانی بارزانی لەو شارە و چۆنییەتی دەربازبوونی لە سلێمانییەوە بۆ دەڤەری بارزان).
(30-10-1958 رۆژێكی شكۆدارە لە مێژووی شاری هەڵمەت و قوربانییدا- مستەفا بارزانی سەردانی شاری سلێمانی دەكات) و، چوار بەشی سەرەكی دیكەش، بەوجۆرە: (بەشی دیدار و گفتوگۆكان، بەشی شیعرەكان، بەشی دیكۆمێنتەكان، بەشی وێنەكان).
هیوادارم بەو كتێبە خزمەتی مێژووی بارزانی و شۆڕشی كوردستان و شاری سلێمانیم كردبێت .