گشتپرسی و كاردانەوەی یەكێتیی ئەوروپا
دەوڵەتی داهاتووی سەربەخۆی كوردستان تەواو لەگەڵ بەرژەوەندی و جیۆسیاسیی یەكێتی ئەوروپادا یەكدەگرێتەوە! چۆن؟
یەكێتیی ئەوروپا كە لە 28 وڵاتی ئەوروپی پێكهاتووە و وەك ناوچەیەكی كۆنفیدراڵی یاخود رێكخراوێكی سیاسی و ئابووریی گرینگ لە دونیادا دامەزراوە، لە رووی ئابووری و داهاتی ناوخۆییەوە بە گرینگترین و دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهان هەژمار دەكرێت، لە رووی سیاسی و سەربازیشەوە خاوەنی نزیكەی نیوەی وڵاتانی پێنج كۆ یەكە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و باڵانسی هێزی جەمسەرە كاریگەرەكەیە لە دونیادا لەژێر ناوی رۆژئاوا.
لای هەموو لایەك روون و ئاشكرایە یەكێتی ئەوروپا لەسەر پرەنسپی یەكسانی و ئازادیی بۆ تاك و پاراستنی مافی نەتەوەكان دامەزراوە. وشەی نەتەوە وەك چەمكێكی سیاسی لە سەردەمی ریفۆرم لە ئەوروپا سەریهەڵدا، لەو كاتەوە بەشێوەیەكی گشتی لە ئەوروپا دەستكرا بە جیاكردنەوەی مانا و چەمكی گەل و نەتەوە لە یەكتر. وەك زانای ناوداری رووسی ئەلێكساندەر دووگین دەڵێ، چەمكی نەتەوە سیاسییە، بەڵام گەل مێژووییە.
هیچ گومانێك نییە لەوەی كە كورد گەلە، بەڵام بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان لە باشووردا نابێت پشت بەو سیاسەتە ببەسترێت كە كوردستان تەنیا وڵاتی كوردان دەبێت، بەڵكو كۆمەڵێك نەتەوەی تر هاوبیر لەگەڵ گەلی كورد كاردەكەن لەپێناوی ئەو دەوڵەتە كە تاوەكو ئەمڕۆ ناوی ئەم دەوڵەتە لەدایكنەبووە كوردستانە، بەهەمان شێوە ئەرمەن و ئاشوور و توركمان و باقی ئەوانی تر دەبنە خاوەنی.
لەم ساتەوە بەشێوەیەكی فراوانتر و بەردەوام كار دەكرێت لەسەر پێكەوە كاركردنی نەتەوەكانی جیهان. رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نموونەیەكی زیندووی ئەم كاركردنەیە.
هەر ئەوەی ئەمڕۆش پێی دەگوترێ یەكێتی ئەوروپا بەرهەمی ئەو ریفۆرم و بیركردنەوانەیە كە لە كۆتاییەكانی سەدەی 17 دەستیانپێكرد، دواتر رێكخراوی یەكێتی ئەوروپایان لە نێوان دەوڵەت و نەتەوەكانی ناو كیشوەری ئەوروپا لێ پێكهێنا، بە لەبەرچاوگرتنی پاراستن و رێزگرتن لە بەها و ماف و ئازادییەكانی مرۆڤایەتی كە مەرجی سەرەكیی بوونە بە ئەندام لەم یەكێتییەدا.
رێكخراوی یەكێتیی ئەوروپا نەك تەنیا لەناو دەوڵەتانی ئەندام، بەڵكو لە سەرتاپای جیهاندا رۆڵێكی گرینگ دەگێڕێ لەڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازی و دابینكردنی ئاسایشی نیشتمانی و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ. لەهەمان كاتدا بەشێوەیەكی دیار و ئاشكرا باری ئابووری و ئاسایش و بارودۆخی وڵاتان راستەوخۆ كاریگەریی هەیە لەسەر وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، ئەویش لەبەر بەهێزیی باری ئابووری و دابینكردنی ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانی وڵاتەكانیان.
بینیمان لە كاتی تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی باكووری ئەفریقا چۆن بە لێشاو كۆچبەر روویان لە وڵاتانی ئەوروپا دەكرد و چۆن كاریگەریی نەرێنی خستە سەر ئەو وڵاتانە هەم لە رووی ئاسایش و خۆشگوزەرانی هەمیش لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە.
لەم چوارچێوەیەدا یەكێتیی ئەوروپا بە پێچەوانەی دەوڵەتە زلهێزەكانی ترەوە هیچ كاتێك لە بەرژەوەندییاندا نییە باری ئەمنیی ئەم ناوچانە تێكبچن و شەڕ و ئاژاوە تێیاندا بەردەوام بن بۆ ئەوەی چەك و تەقەمەنی و فڕۆكە و مووشەكیان پێ بفرۆشن، یاخود سەرقاڵیان بكەن بە یەكتر و لاوازیان بكەن لە رووی ئابووری و سەربازی و سیاسی بۆ ئەوەی نەگەن بەو ئاستەی دژ بە جیۆسیاسییان بوەستنەوە لە دونیادا.
بەڵكو بە پێچەوانەی بەرژەوەندیی زلهێزەكان، تێكچوونی باری ئەمنی و لاوازیی ئابووری وڵاتانی جیهان یەكێتی ئەوروپا رووبەڕووی نەهەماتی و كێشەی گەورە دەكاتەوە وەك ئەمڕۆ پێوەی دەناڵێن بەهۆی تێكچوونی ئاسایشی جیهان و قەیرانی ئابوورییەوە.
كوردستانی باشوور لە ماوەی رابردوودا ئەوەی سەلماندووە كە بووەتە زامنی ئاسایش و ناوچەیەكی ئارام بۆ كاری بازرگانی و دیپلۆماسیی جیهانی، بەجۆرێك تا ساڵانی پێش 2014 خەڵكانێكی زۆری وڵاتانی دەوروبەر و ئاسیای ناوەڕاست و باشوور روویان تێدەكرد بۆ كاركردن، تەنانەت زۆرێك لە كوردە نیشتەجێبووەكانی یەكێتی ئەوروپا گەڕانەوە زێدی باب و باپیرانیان. ئەم راستیانە لای وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا شاراوە نین و ئاگاداری تەواوی گۆڕانكارییەكانن.
هەروەها بینیشیان لە دوای ساڵی 2014 و تێكچوونی بارودۆخی ئەمنی و ئابووریی كوردستان و ناوچەكە بەهۆی سەرهەڵدانی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا هات و چۆن بە لێشاو خەڵكی ئەم ناوچانە روویان لە وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا كرد. ئەم رووداوانە بوونە هۆكاری گۆڕینی دیمۆگرافیا و تا رادەیەكیش كولتوور و بەرزبوونەوەی هەستی ناسیۆنالیستی لەناو وڵاتانی ئەوروپادا كە پێچەوانەی پرەنسیپەكانی یەكێتیی ئەوروپایە.
دەوڵەتانی ئەوروپا باش لەوە تێدەگەن كە ئەمڕۆ بەهۆی رێكخراوی تیرۆریستی داعشەوە زۆر دەوڵەت لە باری لاواز و ناجێگیردان. لاشیان ئاشكرایە هۆكاری سەرهەڵدانی داعش تەنیا سیاسی و سەربازی نییە، بەڵكو بەشێكی گرینگی پەیوەندی بە لایەنی ئابووری و خراپ دابەشبوونی سامان و داهاتە بەسەر دەوڵەتانی ناوچەكەدا، ئەمە جگە لە هۆكارە مەزهەبی و ململانێ ئاینییەكان كە لەم ناوچانەدا هەن و بوونەتە هۆكاری دروستبوونی ئەم بارودۆخە كە زۆربەی وڵاتانی جیهان پێوەی دەناڵێنن، ئەوروپاش وەك قوربانیی یەكەم سەیر دەكرێت لەم رووەوە.
فاكتەری كورد و كێشەی نەبوونی دەوڵەتی كوردستان هەمیشە وەك بۆمبێكی تەوقیتكراو باس دەكرێت و لە كات و ساتدایە بۆ تەقینەوە. بە تەقینەوەی ئەم بۆمبە بە دڵنیاییەوە رووداوی زۆر كاریگەر و مەترسیدارتر روودەدەن كە لە شەڕ و نەهامەتی و كاریگەرییەكانی داعش بۆ سەر ئەم ناوچانە و دواتر ئەوروپا هەموو جیهان زۆر زیاتر زەرەرمەند دەبن.
بۆیە یەكێتیی ئەوروپا لەگەڵ چارەسەركردنی پرسی كوردە لەناو هەموو ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، بەتایبەتی لە باشوور كە ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی تایبەتدایە وەك ئەڵتەرناتیڤی شەڕ و پێكدادانی قەومی كە ئەگەرێكی بەهێز و چاوەڕوانكراوە بەهۆی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە حوكمڕانییەی لە عێراقدا دەكرێت، كاركردنی حكومەتی هەرێم وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ و نەگەڕانەوە بۆ بەغدا لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و كۆنتراكتە ئابوورییەكان و هێزی سەربازیی جودا و دوور لە دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی.
روونتر بڵێین كاركردنی دوو دەوڵەت یان دوو حكومەت لە ناو یەك وڵاتدا، درەنگ یان زوو پێكدادانی لێدەكەوێتەوە. بە تایبەتی ئەو كاتانەی كارە دیپلۆماسی و ئابووری و سەربازییەكان تێكەڵ دەبن و بەژەوەندییەكان بەریەك دەكەون وەك ئەوەی ئێستا دەبینرێت.
سەردانیكردنی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بۆ یەكێتی ئەوروپا بە سەرۆكایەتی بارزانی و ئەنجامدانی كۆمەڵێك دیدار و چاوپێكەوتنی گرینگ و كاریگەر بە ئاڵای كوردستانەوە بەبێ ئاڵای عێراق لەگەڵ دەسەڵاتداران و ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا، گەواهیدەری ئەم راستیانەن، بە تایبەتی لەكاتی پرسیاركردنی ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا و زۆر جەختكردنەوە لەسەر داهاتووی هەرێمی كوردستان لەڕووی ئابووری و بارودۆخی سەربازی بۆ دوای ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان چۆن دەبێ و چ گەرەنتییەك هەیە.
وەك لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ كرد، بارودۆخی سەربازی و ئابووریی ئەم ناوچانە زۆر گرینگن بۆ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا، بەجۆرێك هەر پێكدادان و ناسەقامگیرییەك لەم ناوچانەدا رووبدات ئەوە لێشاوی كۆچ و كۆچبەران دەستپێدەكاتەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەمە جگە لە دەرهاویشتە چاوەڕوانكراوەكانی تری وەك تیرۆر و بێكاری و گۆڕینی دیمۆگرافیا و كاریگەرییە فەرهەنگییەكان لەسەر دەوڵەتانی ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا.
نابێت ئەوەشمان لەبیربچێ یەكێك لە هەرە مەترسییە راستەقینەكانی سەر هەڵوەشانەوەی یەكێتی ئەوروپا كۆچی بەلێشاو و تیرۆری نێودەوڵەتییە كە سەرچاوەكانیان ئەم ناوچانەن بەهۆی نەمانی سیادە و هێزی دیپلۆماسیی جێگای باوەڕ لە نێوان دەوڵەتان هاتووەتە ئاراوە.
سەلمێندراوە بە لە دایكبوونی دەوڵەتی كوردستان ئەمن و ئاسایش بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی بۆ زۆرێك لەم ناوچانە دەستەبەر دەبێ كە ئەمڕۆ بە ناوچەی نائارام دەبینرێن و دانیشتووانیان روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەكەن بۆ ژیانێكی باشتر. لەهەمان كاتدا دەكرێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان باڵانسی هێز جێگیر ببێت لەنێوان لایەنی سوننی و شیعی و دواتریش كورد و عەرەبی عێراق.
كەواتە بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان ئاسایش و خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتووانی ناوچەیەكی پان و بەرینی پڕ لە كێشە و شەڕ و نەهامەتی دابین دەكرێت و ئەوروپاش دەپارێزێ لە كۆچی بەلێشاو و دروستبوونی رێكخراوی توندڕەوی ئیسلامیی نوێ كە حكومەتی هەرێمی كوردستان شارەزاییەكی بێ هاوتای هەیە لەم رووەوە.
ئەمە جگە لە دەوڵەمەندیی كوردستان بە نەوت و گازی سروشتی كە هەمیشە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا پێویستیان بە بڕێكی زۆری سامانە سروشتییەكانە. ئەمن و ئاسایش و رۆڵی كوردستان لەناو بازاڕی نەوتی جیهاندا بەڵگەیەكی بەهێزی ئەم لایەنانەن. بەمەش یەكێتیی ئەوروپا دەگات بە جیۆپۆلیتیكی خۆی لە كوردستاندا.
دواجار ئەم فاكت و بەڵگانەی لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ كردن، ئەوەمان پێدەڵێن كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان تەواو لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ئەوروپا یەكدەگرێتەوە، هەر بۆیە پێشبینی دەكرێت وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دژ بە مافە رەواكانی كوردستانیان و جیۆسیاسیی خۆیان نەوەستنەوە لەم ناوچەیەدا.