"مردووەكە زیندوو بووەوە"
كاژێر دەوروبەری سێی ئێوارە بوو، نەخۆشە سەروو 50 ساڵانەكەیان هێنایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا، بەڵام دیاربوو كە خۆری ژیانی ئەو ئاوا بووە و چیدی هەڵنایەتەوە.
بەخێرایی لە حاڵەتی نەخۆشەكەم پرسی و بەدەم پرسیاركردنەوە خەریكی پێوانی نیشانەكانی ژیانی بووم، بەڵام هیچ نیشانەیەكم بەدی نەكرد. ئەوانەم لە چەند چركەیەكدا كرد، هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون زوو زوو دەیانپرسی: دكتۆر باوكمان چی لێهاتووە؟ هاوژینەكەم چۆنە؟ براكەم نامرێت؟ خێرا هەموومان وەك یەك تیم دەستمان بە كاری فریاكەوتنی بووژانەوەی دڵی كرد.
كاری بووژانەوەی دڵ لە نەخۆشخانەكان كاتێك دەكرێ كە نەخۆشەكە هیچ كام لە هەناسەدان و لێدانی دڵی نەبن. ئەمەش لەدوای كردنەوەی بۆڕیی هەناسەی، لە هەریەكە لە 30 جار شێلانی سەر سنگی و دواتر پێدانی دوو هەناسەی دەستكرد پێكدێت و بەپێی پێویست دووبارە دەكرێنەوە، تاوەكو لێدانی دڵ و هەناسەی كەسەكە دەگەڕێنەوە.
هەرچەندە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا وا ناسراوە، نەخۆشی هەناوی لێوەرناگیرێت، بەڵام لەكاتی هێنانی نەخۆشێكی لەم شێوەیە، ئیدی ناچاریت وەریبگریت و كاری پێویستی بۆ بكەی.
بە مەبەستی ئاسانكاری و كەمكردنەوەی گوشاری نەخۆش لەسەریان، نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن لە هەولێر دابەشكراون.
لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژئاوا، زیاتر نەخۆشانی سووتاوی، ئێسك و شكان، بەربوونەوە، نەشتەرگەریی جوانكاری، رووداوی هاتوچۆ و گوللە وەردەگیرێن. لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی ناوەند تەنیا پزیشكی هەناوی هەیە و نەخۆشانی دڵ و هەناو وەردەگیرێن. لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی رۆژهەڵاتیش نەخۆشانی هەناو، مێشك و دەمار، رووداوەكانی هاتوچۆ و بەربوونەوە، میزەڕۆ، چاو و نەشتەرگەریی قوڕگ و لووت و گوێ وەردەگیرێن.
كوڕی نەخۆشەكە گوتی: لە رۆژی پێشترەوە باوكیان سنگئێشەی هەبووە، دواتر بەرەبەرە تووشی هەناسەتەنگی بووە، ئەمڕۆش لەناكاو كەوتووە و دوای ئەوەی ماوەیەك هەوڵماندا هەستێتەوە، بەڵام ناچار هێنامانە نەخۆشخانە.
دوای زیاتر لە 30 خولەك ئەنجامدانی كرداری بووژانەوەی دڵ بۆ پیاوەكە، پێدانی چەندین دەرمانی تایبەت بە حاڵەتەكە و وەرگرتنی راوێژ لە پزیشكی چاودێریی چڕ و سڕكردن، دوای پشكنین لەڕێگەی ئامێری مۆنیتەری دڵ و هێڵكاریی دڵ، پاش ئەوەی زانیمان هیچ ئاماژەیەك نییە بۆ بوونی كارەبایی دڵی پیاوەكە، دڵنیابووینەوە كە پێش گەیشتنی بە نەخۆشخانە، مردووە. ئەوەمان بە خێزانەكەی گوت و رێكارەكانی دوای مردنمان بۆی جێبەجێكرد.
سنگئێشە لەلای چەپ و تیشكدانەوەی ئازارەكە لە شانی چەپ و لەگەڵیدا هەناسەتەنگی، بەشێكن لە نیشانەكانی جەڵتەی دڵ و پێویستە لەكاتی ئەم نیشانانەدا بەزوویی سەردانی پزیشك بكرێ، بەتایبەت بۆ نەخۆشێكی وەك ئەو پیاوە كە هەم قەڵەو و هەمیش تووشبووی شەكرە بوو، ئەم دووانەش لە فاكتەرە مەترسیدارەكانی تووشبوون بە جەڵتەی دڵن.
خێزانی پیاوەكە دوای ئەوەی زۆر گلەییان كرد كە باوكیان باشە و نامرێت، پاش ئەوەی گفتوگۆمان لەگەڵ كردن، رۆیشتن و ئێمەش دەستمان كرد بە چارەسەری ئەو نەخۆشانەی هەموویان بە گریانی خێزان، كوڕ و كچی پیاوەكە نەخۆشییەكەی خۆیان لەبیركردبوو.
پاش نزیكەی دوو كاژێر، كارمەندی پرسگە بەخێرایی هاتە ژووری فریاكەوتن و گوتی: دكتۆر ئەو پیاوەی گوتتان مردووە، زیندووە و هاتووەتەوە نەخۆشخانە، هێشتا نەهاتبووە ژوورەوە كە خانمە پزیشكەكەی هاوڕێم بانگی كردم و ئەویش گوتی: خێراكە وەرە دەڵێن پیاوەكە هۆشی هاتووەتەوە!
من سەرم سوڕمابوو، پزیشكەكەی هاوڕێم داوای كرد قسەیان لەگەڵ بكەم، بیرم دەكردەوە كە دەچمە ژووری ئەوان پیاوەكە بەپێی خۆی وەستابێت، یان لەسەر عارەبانەی نەخۆش دانیشتبێ.
كە چوومە لایان، كوڕەكەی و براكەی هاواریان كرد ئەو پیاوە نەمردووە، بەڵام بینیم لەسەر قەرەوێڵەكەیە و هەمان ئەو پیاوەی پێشووە و بۆ من هیچ شتێك نەگۆڕاوە، دەستم لەسەر باسكی نەخۆشەكە دانا بۆ ئەوەی هەست بە ترپەكانی دڵی بكەم، دواتر سەماعە پزیشكییەكەم خستە سەر دڵی، ئامێری مۆنیتەرەكەم خێرا لەسەر سنگی دانا، بەڵام زانیم كە نە ترپەیەك لە دڵی، نە لێدانێك و نە هیچ ئاماژەیەكی كارەبایی لە دڵی نەخۆشەكەدا نەماون.
پێمگوتن: بەداخەوە ئەو پیاوە مردووە، بەڵام بۆچی هێناتانەوە؟ چۆن دەڵێن ماوە؟ گوتیان "دكتۆر نەخۆشەكەمان جەستەی گەرمە! واتە نەمردووە".
گەرمیی جەستە بەهۆی سووڕی خوێنەوەیە، لەكاتی مردن و نەمانی سووڕی خوێندا جەستە سارد دەبێتەوە، بەڵام هۆكاری گەرمیی جەستەی ئەو پیاوە سووڕی خوێن نەبوو، بەڵكو بەركەوتنی تیشكی خۆر بوو بۆ ماوەی دوو كاژێر، ئەو كاتەی جەستەی بێگیانی ئەویان لە پشتی پیكابێكدا بۆ ماڵەوە درێژ كردبوو.