قۆناخێکی نوێ بۆ سوریا و رۆژئاوا

شەڕی گرتنەوەی حەلەب لەم چەند هەفتەیەی دوایی شەڕێکی وەرچەرخانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بوو بۆ قەیرانی شەش ساڵەی سووریا. شەڕی حەلەب پێمان دەڵێت مانەوەی ئەسەد و رژێمەکەی لە جاران زیاتر مسۆگەرەو دەبێت پێشبینی گۆڕانکاری نوێ بکەین.

کۆنترۆڵکردنی حەلەب وەکو دووەم گەورەترین شار گرنگی زۆری هەیە بۆ زاڵبوونی دەسەڵاتی لایەک بەسەر لایەکی تردا لە شەڕی ناوخۆیی سووریادا. لە راستیدا، ئێران و رووسیا زیاتر لە رژێمەکەی ئەسەد کاریان بۆ سەرخستنی ئەم شەڕە کرد و تەنانەت بەرپرسانی ئێران، بەقەوڵی خۆیان، بە کۆتایی هاتنی هەوڵەکان بۆ دابەشکردنی سووریا و خەونە مەزنەکەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوینیان دانا. 

شەڕی حەلەب تەنها بردنەوەی شەڕی ناوخۆیی سووریا و پاراستنی رژێمی ئەسەد نییە، بەڵکو بەهێزکردن و رەوایەتیدانی زیاترە بەهێزی رووسیا و ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەیشتن بەو ئامانجە ستراتیژیانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیانە. بێ کردەیی ئەمریکا و پشتکردن لە گرووپە میانڕەوەکان، کۆتاییان بە رۆڵی کاریگەریانەی ئەمریکا لە سووریا هێناوە و ئێستا ئەمریکا جگە لە لێدانی گرووپە تووندڕەوەکان هیچ ئەرکێکی بەرچاوی بۆ خۆی دیاریی نەکردووە. 

لە دوای ئەم شەڕەوە، ئەسەد بە پێگەیەکی بەهێزترەوە دانووستاندن لەگەڵ نەیارەکانی دەکات. لەڕاستیدا، ئەسەد ئێستا لە بەهێزترین پێگەی خۆیەتی لەوەتەی 2013ەوەو ئۆپۆزیسیۆنیش لەوپەڕی لاوازیدایە. ئیتر ئەسەد لە پێگەی بەهێزییەوە قسە دەکات و هەروەک خۆی وتی، ئەمە شەڕێکی وەرچەرخان بوو لە مێژوویی تازەی سووریا. 

لەوەش خراپتر، سەرکەوتنی ئەم شەڕە هێندەی دیکە متمانەی پێداوە کە دەتوانێت بە پاڵپشتی رووسیا و ئێران و حیزبوڵڵا ناوچەکانی تریش کۆنترۆڵ بکاتەوە. بەرەی رووسیا-ئێران-ئەسەد هەر لە رۆژانی سەرەتای جەنگی ناوخۆی سووریاوە کاریان کرد بۆ لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەو و رێگایان خۆشکرد بۆ پەرەسەندنی گرووپە تووندڕەوەکان (لەوانە داعش)، تاوەکو دواجار لە نێوان رژێمی ئەسەد و گرووپی ئیسلامییە تووندڕەوەکان، گەلی سووریا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، ئەسەد هەڵبژێرن. لەمەودواش، ئەم بەرەیە بە هاوشانی ئەمریکا، کار دەکەن بۆ لەناوبردنی داعش. ئەوەی جێگای داعشیش پڕ دەکاتەوە تەنیا رژێم و گرووپەکانی سەر بەم بەرەیەیە. 

شەڕی حەلەب بە ئاگاداریی و رەزامەندی حکومەتی تورکیا بەڕێوەچوو و حکومەتی ئەو وڵاتە هەر زوو فەرمانیان بە هێزە وەلائدارەکانی خۆیان، بەتایبەتی ئەوانەی هێزی تورکمانین، کە لە حەلەب بکشێنەوە. بە ناوبژیوانی کردنیشی لەم رۆژانەی دوایی بۆ ئەوەی هێزە چەکدارەکانی رۆژهەڵاتی حەلەب بەپێی ئاگربەستێک بکشێنەوە، لە خۆڕا نەبوو. بگرە، فشاری تورکیا لەسەر ئەو هێزانە بۆ ئەوەی ئاگربەست رابگەیێنن و بگوازرێنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە، بە واتای رێککەوتنێک دێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی ئەو گرووپانە لەلایەک و رژێمی ئەسەد لەولاوە.

نەرمی نواندنی تورکیا لە شەڕی حەلەب تەنها بەرامبەر بە یەک شتە: رۆژئاوای کوردستان. بەراورد بە ساڵێک پێش ئێستا هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر بە ئەسەد زۆر نەرم بووە (کاتێک پێداگری لەسەر رۆیشتنی ئەسەد دەکرد) و بەرامبەر بە پەیەدە و یەپەگەش زۆر تووندتر بووە (لە مانگی شوباتی 2015 سوپای تورکیا لە رێگای کۆبانێوە و بە هاوکاری یەپەگە هەستان بە گواستنەوەی گۆڕی سولەیمان شای عوسمانییەکان).

کۆبوونەوەی رۆژی 20ـی کانوونی یەکەمی 2016 لە نێوان تورکیا و رووسیا و ئێران جەختکردنەوە بوو لەسەر مانەوەی رژێمی ئەسەد و هەرەسهێنانی ئەو ئامانجانەی تر کە بۆ سووریا هەبوون. 

وەزیری دەرەوەی رووسیا ستایشی هاوکاری لەگەڵ تورکیا کرد و بە بەرهەمدارتر لە کۆبوونەوەکان لەگەڵ ئەمریکا وەسفی کرد. هەماهەنگی و دانووستاندنی نێوان رووسیا و تورکیا و ئێران لەبارەی سووریاوە، لەسەر حسابی کوردی رۆژئاوایە. 

سەر نواندنی تورکیا بۆ بەرەی رووسیا-ئێران-ئەسەد لە گرتنەوەی حەلەب، بەرامبەر بەوەیە ئەو سێ لایەنە چی تر رێگە بە ئیدارەی خودموختاری کوردی رۆژئاوا لە سووریا نەدەن. تورکیا ئامادەیە جارێکی دیکە دەسەڵاتی ئەسەد قبووڵ بکات و پشتیوانی بکات بەو مەرجەی رووسیا-ئێران-ئەسەد دەست لە پشتیوانیکردنی رۆژئاوا هەڵبگرن. 

ئەوان ئامادەن ئەم کارە بکەن ئەگەر تورکیا دەستبەرداری یارمەتیدانی گرووپە چەکدارە عەرەبی و تورکمانییەکانی باکووری حەلەب (سێکوچکەی باب و عەزاز و جەرابلوس) بێت. لەبەر ئەوەی دانووستاندنەکان هێشتا لە سەرەتادان جارێ روون نییە تا کوێ لایەنەکان بەرامبەر بە یەک تەنازول دەکەن، بەڵام مەعلومە مامەڵەی رووسیا-ئێران-ئەسەد لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان هەنگاوێکی تاکتیکی بوو لە جەنگەکە و بۆیان هەیە هەر دەقەیەک پشتی تێ بکەن. لەم دواییەشدا چەند جارێک ئەسەد جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لەگەڵ هێوربوونەوەی دۆخەکە، ئەو ئۆتۆنۆمییەی کوردی سووریا هەیەتی لێیان دەسەندرێتەوە.

سەرکەوتنی ترەمپیش کاریگەری بەسەر قۆناغی نوێی سووریاوە هەیە. ئەو چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە لەگەڵ رووسیا هاوکار دەبن بۆ دژایەتی کردنی تیرۆر لە سووریا. بەشێک لە هێزە نەیارەکانی ئەسەد ئومێدیان بە هیلاری کلینتن هەبوو بێتە سەر حوکم و چەکی پێشکەوتوویان بداتێ. بەڵام سەرکەوتنی ترەمپ رەنگە فشاریان بۆ بهێنێت کە رازی بن بە بێ مەرج دەست بە دانووستاندنەکان لەگەڵ رژێم بکەن. 

ئێستا تەنها ئەوەندە روونە کە ئەولەویەتەکانی ئیدارەی ترەمپ لەگەڵ ئەوانەی ئۆپۆزیسیۆنی سووری لە سووریا جیاوازن. بەلای ئەمریکاوە، لەناوبردنی تیرۆر، سەقامگیری هاوپەیمانە هەرێمی و ئەوروپییەکان، و تا رادەیەک، سەلامەتی هاووڵاتیانی مەدەنی لەناوەوەو دەرەوەی سووریا، گرنگن. 

نوێترین لێدوانی ترەمپ ئەوەیە کە نەوایەکی ئارام لە باکووری سوریا دروست دەکات، کە ئەمەش جگە لەوەی زەحمەتە بەدی بهێندرێت، زۆر هەماهەنگ و رێکە لەگەڵ داخوازی تورکیا. بەڵام هاوکاری ئەمریکا لەگەڵ رووسیا یەکسان نییە بە هاوکاری کردنی لەگەڵ ئێران، بگرە ئیدارەی ترەمپ زۆر هەڵوێستی تووندی دەبێت بەرامبەر بە ئێران کە هێشتا روون نییە سەبارەت بە سووریا چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

ئەمریکا، بۆ شکاندنی گرووپە تیرۆریستییەکان، دەبێتە هاوکاری بەرەی رووسیا-ئێران-ئەسەد. بەڵام هێشتا روون نییە هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر رۆژئاوای کوردستان چۆن دەبێت، بەتایبەتی لە دوای کۆتایی هێنان بە داعش، ئایا هەروەکو ئێستا پاڵپشتییان دەکات یان ئیتر مەرجەکانی ئەو پشتیوانیکردنە کۆتاییان دێت؟

قوتابی ماستەر لە سیاسەتی گشتیی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، سکوڵی بلاڤاتنیک بۆ حکومەت