هەڵاتن لە بەهەشت
دایک و باوکێک منداڵە شیرەخۆرەکەیان دەدەنە دەست سەربازانی ئەمریکا لەسەر دیواری تەلبەندی فڕۆکەخانەی حامید کارەزای لە کابوول بۆ ئەوەی هەمان چارەنووسی ئەوانی نەبێت و ژیان لەژێر سایەی حوکمڕانی تاڵیبان بەسەر نەبات، ژنێکی دیکە بە گریانەوە هانا دەبات بۆ سەربازە ئەمریکییەکان و هاوار دەکات "تاڵیبان هات" بۆ ئەوەی رزگاریان بکەن، ژمارەیەکی زۆری ئەفغانی هەر چۆنێک بێت خۆیان گەیاندووەتە نێو فڕۆکەخانەی کابوول و بەهەر نرخێک بێت دەیانەوێ راکەن لەدەست تاڵیبان، دوو هاوڵاتی ئەفغانی لەترسی حوکمی تاڵیبان خۆیان بە فڕۆکەیەکی ئەمریکی هەڵواسی و دوای ماوەیەک فڕین کەوتنە خوارەوەو خەونەکانیان بوونە زیندە خەون، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیانی ئەفغان لەسەر سنوورەکان بەبێ گوێدانە هیچ مەترسییەک هەوڵی راکردن لە بەهەشتەکەی تاڵیبان دەدەن بۆ ژیانی کولەمەرگی ئاوارەیی و غەریبی ..هتد
ئەمانەی سەرەوە ئەو دیمەنانەی ئەفغانستانن کە بەردەوام لەو رۆژانەی دواییدا لە ئەفغانستانەوە بۆمان دەگوازرێنەوە، زۆر لە خەڵکی موسڵمانی ئەفغانستان بە هەموو توانایان رادەکەن و گوێ بە هیچ مەترسییەک نادەن و تاکە ئامانجیان هەڵاتنە لە دەست تاڵیبان؟
من کە ئەو دیمەنانە دەبینم سەرم سووڕ دەمێنێت و چەندین جار دووبارەو سەیری دیمەنەکان دەکەمەوەو دەکەومە پرسیارکردن لە خۆم: ئەو خەڵکەی رادەکات زۆرینەی رەها موسڵمانن، ئەوانەی لەدەستیشیان رادەکەن هێزێکی ئیسلامی جیهادین، ئەرێ ئەو موسڵمانانە بۆ هەڵدێن لەدەست موسڵمان و رادەکەن بۆ باوەشی رۆژئاوا؟!
ئەو هێزە هەمیشە بانگەشەی دادگەری و جێبەجێکردنی شەریعەت و گێڕانەوەی حوکمی خوا دەکەن، ئەوە بۆ ئەو موسڵمانانە رازی نین بە حوکمی خوا و هەموو ئاواتیان حوکمی رۆژئاواو یاساکانیانە کە زۆرجار لەلایەن زۆر لە موسڵمانانەوە بە دژە ئیسلام وێنا دەکرێن؟!
وێنای ژیان لە سایەی ئەو شێوازی حوکمڕانییەی تاڵیبان بەهەشتە، بەڵام خەڵکی موسڵمانی ئەفغانستان قوربانی نەک هەر بە هەموو شتێکی گرانبەها بەڵکو تەنانەت بە رۆحیشی دەدات لەپێناو هەڵاتن لەو بەهەشتە بەرەو نادیار، کولەمەرگی، گیان لەدەستدان لە رێگە، مەینەتی ناو کەمپەکانی پەنابەران، چاوەڕوانی زۆری وەرگرتنی مافی مانەوەو وڵاتینامەو ..هتد کە خۆی لە خۆیدا دۆزەخێکە بۆ خۆی، بەڵام بۆ دەبێ موسڵمانی ئەفغانی لە بەهەشتەکەی تاڵیبان رابکات بۆ دۆزەخەکەی رۆژئاوا؟!
کاتێک بیر لە وەڵامی ئەو پرسیارانە دەکەینەوەو بەدوای وەڵامەکانیاندا دەگەڕێین ئاوڕێک لە بەهەشتەکەی تاڵیبان و چەند گرووپێکی جیهادی رادیکاڵ دەدەینەوە بزانین ئەو بەهەشتەی لە خەیاڵدانی ئەواندایە چۆنە؟
سەرەڕای قەیرانی نەبوونی زانیاری و ژمارەی درووست لەسەر قوربانیانی ئەو جەنگانەی ئەو گرووپانە هەلیان گیرساندووە، بەڵام لە چەند سەرچاوەیەکەوە هەندێک لەو ژمارانە دەخەینەڕوو بۆ ئەوەی وێنە راستەکەی ئەو بەهەشتەیان ببینین: نووسەری پەرتووکی (ژمارەی لاشەکان) ژمارەی قوربانیانی سیڤیل لە جەنگی ئەفغانستان 2001ـەوە بە سێ ملیۆن کەس ئەژمار دەکات.
پێشتر بەپێی توێژینەوەیەکی کۆمەڵەی پزیشکان لەپێناو لێپرسراوێتی کۆمەڵایەتی (بی ئێس ئار) دەڵێ قوربانیانی جەنگی تیرۆر دەگەنە دوو ملیۆن کەس.
ئەو دیمەنی هەڵاتنە لەو بەهەشتە خەیاڵییەی گرووپە جیهادییە رادیکاڵەکان وێنای دەکەن تەنیا تاڵیبان نییە، بەڵکو هەموومان کەمێک پێش ئێستا لەگەڵ ئەو دیمەنانەی هەڵاتن لە بەهەشتی داعش ژیاوین، بەهەشتەکەی داعش زۆر کاولتر بوو لەوەی تاڵیبان، بزانین تەنیا چەند ژمارەیەک چۆن راستی ئەو بەهەشتەی داعشیشمان بۆ دەردەخەن:
حەیدەر عەبادی لە 10ی دیسەمبەری 2017 کاتێک سەرکەوتنی بەسەر داعش راگەیاند زیانی جەنگەکەی بە ١٠٠ ملیار دۆلار خەملاند. لەوکاتەی خەڵکی دیکە قەبارەی ئەو زیانە بە 200 ملیار دۆلار مەزەندە دەکەن.
بەپێی راپۆرتێکی نێونەتەوەییش کە لە 2016 بڵاوکرابووەوە ژمارەی قوربانیانی جەنگی داعش لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵی بەمشێوەیە بڵاوکردبووەوە: 19 هەزار کوژراو، 37 هەزار بریندار، 3.2 ملیۆن ئاوارە.
هەر لەوبارەوە پێشتر هۆشیار زێباری، وەزیری دەرەوەی پێشووتری عێراق تەنیا لە شاری موسڵ ژمارەی قوربانیانی سیڤیلی بە ٤٠ هەزار کەس مەزەندە کردبوو.
تۆزێکیش بچینە ئەولاترو سەیرێکی بەهەشتی بەرەی نوسرەو داعش و گرووپەکانی دیکەی جەنگی سووریا بکەین، یان ئاوڕێک لە بەهەشتی حوسییەکانی یەمەن بدەینەوە، یان بەدواداچوونێکی بۆکۆحەرام بکەین، یان ئەوانیدیکە دەبینین زۆربەی هەرە زۆری ئەو بەهەشتەی لە خەیاڵدانی ئەو گرووپانەدا هەیە جگە لە دۆزەخ شتێکی دیکە نییە، کێشە جدییەکە ئەوەیە ئێستاش لە کوردستان خەڵکێک خەون بەو بەهەشتە خەیاڵییەی ئەوانەوە دەبینن و بەحەسرەتەوە چاوەرێن رۆژێک دابێت هەمان بەهەشتی خەیاڵدانیان ببینن!
جگە لەوەی حەسرەتی زۆر بۆ ئەو هەموو قوربانییەی بەناو جەنگە پیرۆزانەوە دەخۆم، پێم سەیرە ئەو موسڵمانە جیهادیانە کەی تێدەگەن کە ئەوان جگە لە نەهامەتی و هەڵکردنی دۆزەخ بۆ خودی موسڵمانەکان بەر لەوانی دیکە شتێکی دیکەیان نەکردووە؟! کەی تێدەگەن کە کارەکەی ئەوان تەواو پێچەوانەی ئەو ئیسلامەیە کە بانگەشەی بۆ دەکەن، ئەرێ ئەوەی دەیکەن بەڕاستی ئەو رەحمەتەیە کە خوا دەفەرموێ (وما أرسلناك إلا رحمە للعالمین) ، یان رێک پێچەوانەی ئەو فەرموودەیە نییە کە پێغەمبەر (د.خ) فەرموویەتی (یسروا ولا تعسروا، وبشروا ولا تنفروا) واتە: ئاسانکاری بکەن نەک قورسکاری، موژدە بدەن خەڵک بە پیرتانەوە بێت نەک ترسێنەر بن و خەڵک لەبەر ئێوە رابکات؟!