پێشنیازێك بۆ چارەسەری گرفتی دەرماڵەی قوتابیان و خوێندكاران

 
بەو پێیەی ساڵانێك بەرپرسیارییەتی كاروباری قوتابیانم لە زانكۆ لە ئەستۆ بووە، ئاگاداری بەشێكی زۆر لە گرفت و موعاناتی قوتابییانم. لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی قەیرانی دارایی، بەشێكی زۆریان بارودۆخێكی ناخۆشیان لە زانكۆكاندا بەڕێكرد و زۆر بە زەحمەت دەیانتوانی پێداویستییە سەرەتاییەكانی وەكو پارەی تەكسی و پێداویستیی رۆژانەی خوێندن و پارەی لەفەیەك و نانخواردنێكی سادەی نیوەڕوان دابین بكەن. لەم قۆناخەی تەمەنیاندا هەندێ قورس بوو چاو لە دەستی باوك و كەسوكاریان بن بۆ ئەوەی رۆژانەیەكیان لێوەرگرن و پێداویستیی ئەو رۆژەیان پێ دابین بكەن. راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاگاداری گوزەرانی بەشێك لەو قوتابییانە بووین و بەداخەوە نەشماندەتوانی وەك پێویست هاوكاریان بین. پێشتر كە دەرماڵە هەبوو، نەك تەنها پێداویستیی رۆژانە، بەڵكو ئەو كەلێنە دەروونییەشی لای زۆرێك لە قوتابییان پڕكردبووەوە و بەبێ ئەوەی چاویان لە دەستی كەسوكارییان بێت بەو دەرماڵەیە خەمی بەشێكی زۆر لە پێداویستیی رۆژانە و خواردن و كرێی تەكسییان لە كۆڵ ببوەوە و بە دەروونێكی ئارامتر دەچوونە ناو هۆڵەكانی خوێندن. 
 
حكومەتی هەرێمی کوردستان بە پلانێكی ورد دەتوانێ گرفتی دەرماڵە چارەسەر بكات و وا بكات قوتابییان تەركیزی زیاتریان لە سەر خۆپێگەیاندنی زانستی هەبێت و بەشێكی گرفتی داراییان لەسەر سووك بكات، بەم شێوەیە:
 
1. ئامارێكی وردم لەبەر دەستدا نییە، بەڵام ئەگەر ژمارەی قوتابییانی زانكۆ حكومییەكان نزیكەی 150 هەزار قوتابی بێت و مانگانە بڕی 80 هەزار بۆ قوتابیانی ناوەوەی شار و 120 هەزار بۆ قوتابیانی دەرەوەی شار دابین بكات، ئەگەر تێكڕای 100 هەزار بۆ هەر قوتابییەك وەربگرین، ئەوە مانگانە 15 ملیار دینار (نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار) و ساڵانە، ئەگەر نۆ مانگ دەرماڵەیان پێ بدرێت (قوتابیانی زانكۆ نزیكەی نۆ مانگ دەوام دەكەن)، 135 ملیار دینار (نزیكەی 90 ملیۆن دۆلار) لەسەر حكومەت دەكەوێت.
 
2. لە زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان بە پلانێكی تۆكمە پارە و باجی زیاتر لە كۆمپانیا گەورەكان وەردەگرن و لە بەرامبەریدا یارمەتیی كەمدەرامەتەكانی پێ دەدەن. لە كوردستان كۆمپانیای زەبەلاح و قازانجویست زۆرن و بەو پێیەی زۆربەشیان لە دەسەڵات و دەسەڵاتداران نزیكن، حكومەت توانای فەرزكردنی باجی زیاتر و بڕیاردانی لەسەر ئەو كۆمپانیایانە هەیە (لە هەندێ وڵاتە پێشكەوتووەكان حكوومەت تاوەكو 70٪‏ ی قازانجی كۆمپانیا گەورەكان وەكو باج وەردەگرێتەوە) و دەتوانی بە بەرنامەیەكی ورد بەشێكی كەمی پارەی ئەو دەوڵەمەندانە بخاتە خزمەتی بەشێكی زۆری قوتابییە كەمدەرامەتەكان و كۆتایی بە گرفتی دەرماڵە بهێنێت.
 
3. ئەگەر ئەوە بكرێت، لایەنی كەم دەتوانن پێداویستیی رۆژانەیان لەسەر ئەركی خۆیان پێ دابین بكەن و چاویان لە دەستی كەسوكاریان نەبێت و پێموایە كاریگەرییەكی زۆر باشی بۆ سەر ئاستی زانستیی قوتابییانیش دەبێت و باشتر و زیاتر بایەخ بە خوێندن و فێربوون دەدەن.