حیساباتی كۆتایی ساڵ

دیسان ئەوكاتەی ساڵە، كە دەبێ لییەوە ئاوڕ بدەینەوە و لەهەمانكاتدا بۆ پێشەوەش بڕوانین. بە ئاوڕدانەوە ساڵی 2013 هاوراز و نشێوی خۆی هەبوون لە هەرێمی كوردستاندا.

لە رووی دیموكراتییەوە، هەڵبژاردنێكی زۆر سەركەوتوو ئەنجامدرا. هەڵبژاردنێك كە براوە و دۆڕاوی نەبوو، هەڵبژاردنێك كە سەلماندی كوردستان ناتوانرێ لەلایەن یەك حیزب بەڕێوە ببرێت و باشترین رێگای بەرەو پێشچوون حكومەتی بنكە فراوانە كە لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە دامەزرابێت.

بەڵام هێشتا ئەو حكومەتەمان نییە و هەموو لایەنەكان وا دەردەكەون كە كۆك بن لەسەر بەردەوام بوون لەسەر رێچكە باوەكە و كاتی زیاتر بدەن بە نێچیرڤان بارزانی راسپێردراوی فراكسیۆنی یەكەم بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان و دواتر لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بە فەرمی رابسپێردرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ئەمەش ئەمڕۆ وەك تاكە خاڵی كۆدەنگی سیاسی دەردەكەوێت لە كوردستان. نزیكەی هەموو حیزبێكی سیاسی خاوەن سەنگ وا دەردەكەون دووربكەونەوە لە ئەوانی دیكە بۆ زیادكردنی ئاڵۆزی زیاتر بۆ سیاسەتی نێوخۆی هەرێمی كوردستان.

لە بواری ئازادی راگەیاندندا، یاسایەك كە وادەكات مافی بەدەستهێنانی زانیاری بەدی بێت تێپەڕێنرا، بەڵام لەهەمانكاتدا چاوترسێنی میدیا بەردەوامە و رۆژنامەنووسێكی دیكە بەهۆی كارەكەیەوە كوژرا. هەرچەند لە دەرەوە هەرێمی كوردستان وادەردەكەوێت كە شوێنێكی باشتر بێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام دەكرێ ئەمە لەناوبچێت بەهۆی داینامیكە سیاسییە نێوخۆییەكان و بۆشایی فراوانی نێوان لایەنە جیاوازەكان.

ئەمە پەیوەستیشە بە پێشكەوتنی ئابووری هەرێمەكەوە كە ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردنی نەوت، یان لە هەناردەكردنی نەوت بەردەوامە بۆ توركیا، بەڵام زۆر پرسیار لەبارەی داهاتووی نەوت و داهاتەكەی بێوەڵام دەمێننەوە.
داینامیكە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێ ببنە هۆی دیاریكردنی چارەنووسی سیاسەتی نەوت و ئابووری لە داهاتوودا.

ساڵی رابردوو، لەهەمان ئەم كاتەدا، قسە لەبارەی ئەوەوە دەكرا كە كوردانی عێراق "پڕ دەنە سێوی" سەربەخۆیی، دیسان ئەو پرسیارە قوتبووەوە، كە ئایا ئامادەین؟
ئەمساڵ، كوردی عێراق نزیكتر دەردەكەون لە "پڕ دانە سێوەكە"، بەتایبەت، كە نەوت بەرەو توركیا هەناردە دەكرێت.
 
بەڵام ئەمجارە پرسیارەكە ئەوەیە: لەگەڵ ئەم فاكتەرە نوێیە، ئەگەرەكانی بەردەممان چین؟ ئایا دەبینە هەرێمێكی پەراوێزخراو (یان دەوڵەت) لە دەوروبەر و بەتەواوی پشتبەستوو بە توركیا؟ ئەگەر وابێت، ئایا ئەمە زەمینە خۆشكردن نییە بۆ دووبارەبوونەوەی بەشێكی تاڵ، كە بریتییە لە كەواندنمان لەلایەن دراوسێیەكەوە؟ یان ئایا ئەمە دروستكردنی كۆمارێكی مۆز نییە بۆ توركیا؟ ئەمە لە رووی دەرەوە.

لە رووی نێوخۆییەوە، مشتومڕی ئێستا ئەوەیە لەگەڵ هەموو ئەو پارەی نەوتە، ئایا بەرەو مۆدێلێكی وەكو نێجیریا دەچین یان نەرویج؟
ئایا هێندە گونجاوین كە وەك نەرویج بین؟ یان رێژەی ململانێی نێوخۆیی و گەندەڵی هێندە بەرزە كە بەس بێت بۆ ئەوەی دامانبەزێنێ بۆ ئاستی نێجیریا؟
ئارگومێنتی سێیەم كە هەندێك حەزدەكەن بیبینن ستایلی ئابووری و حوكمڕانی وڵاتانی كەنداوە.

نوخبەیەكی حوكمڕانی نابەرپرسیار كە پارە دەخەنە بەردەم خەڵك و كرێكاری بیانی بەكاردێنن بۆ ئەنجامدانی هەموو شتێك بۆیان.

لەراستیدا، هەندێك حەزیان لە گرتنەبەری ئەم بژاردەیەیە بە هەوڵدان بۆ بەراوردكردنی شارەكانی كوردستان لەگەڵ شارەكانی كەنداو.

لێرە پرسیارەكە ئەوە دەبێت ئایا كۆمەڵگای كوردی لەگەڵ هەموو مێژوو خوێنڕشتن و چەوساندنەوەی هاوشێوەی كۆمەڵگای كەنداوە؟ مۆدێلی كەنداو لێرە سەركەوتوو دەبێت؟
ئەمانە هەموویان پرسیارگەلێكن كە بیرمەند و سیاسییەكانمان پێویستە ئامادەبن بۆ ئەوەی قوڵتر لێیان وردببنەوە وەك چۆن دەچنە نێو ساڵی 2014.