سیسەمی یەك نەفەری
وەكو كیلۆ و مەتر "یەك نەفەر"یش بۆ ژماردن و پێوانەی شتەكان بەكاردێت. یەك نەفەر كەباب چوار شیشە و ئەگەر كەبابچیەكە لێزان بێ، خۆشترین ژەمی دونیایە. لە گەراجیش، یەك نەفەر مەحبوبترین كەسە كە سەرنشینی پاس و تەكسی چاوەڕێی دەكەن تا بەڕێبكەون. بەڵام لە ژیاندا یەك نەفەربوون شتێكی ناخۆشە.
سروشتی هەموو گیانەوەران بە مرۆڤیشەوە وایە كە حەز دەكەن جووت بن. جووتبوون رێگەی زۆربوون و بەردەوامیی ژیانە. هەر لەبەر ئەوەشە كەشتیەكەی نوح تەنها بۆ جووتەكان بوو. بێگومان مرۆڤ جار جار پێویستی بەتەنیایی هەیە، بەڵام هیچ مرۆڤێكی ئاسایی نایەوێت تا مردن بەتەنیا بژی و ئینگلیز گوتەنی سینگڵ بێ.
بەپێچەوانەی گۆرانیەكەی شێركۆ تاڵبەوە كە دەڵێت "سەرینەكەم بۆ دوو كەسە، دوو كورسی تامەزرۆم هەیە، دوو پیاڵەشم هەیە بۆ چا"، مرۆڤی سینگڵ شتەكانی ژیانیشی زۆربەیان یەك نەفەرین. بەتانیی یەك نەفەری و سیسەمی یەك نەفەری. ئەگەرچی شت زۆرە تەنیابوون بیری سینگڵەكان بخاتەوە، بەڵام هیچ شتێك هێندەی كات و شوێنی خەو تەنیابوون بیری سینگڵەكان ناخەنەوە. مرۆڤ چەند رقی لە سیسەمی یەك نەفەرییە ئەوەندەش حەزی لە سیستەمی یەك نەفەریە.
بە پێچەوانەی سیسەمی یەك نەفەرییەوە كە مرۆڤ ئازادیی كەمترە و توانای جووڵەی زۆری نییە، سیستەمی یەك نەفەری دەسەڵاتێكی زۆر بە یەك نەفەر دەدات.
ئەگەر ئەو یەك نەفەرە لەلایەن خەڵكەوە هەڵبژێردرێت پێی دەگوترێ دیموكراسی و ئەگەر ئەو نەفەرە بەزۆر خۆی بسەپێنێ پێی دەگوترێ دیكتاتۆری و ئەگەر لە باوانیشیەوە دەسەڵاتی بۆ بمێنێتەوە ، پێی دەگوترێ پادشایەتی. مرۆڤ حەز دەكات هەموو دەسەڵاتەكان بەدەست خۆی بێت. مێژووش هیچ نییە جگە لە چیرۆكی هەوڵدانی كەسەكان بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و مانەوە تێیدا.
سیستەمی یەك نەفەری مەرج نییە باش بێـت یان خراپ بێت. بەشێكی زۆری مێژووی مرۆڤایەتی لەژێر سایەی سیستەمی یەك نەفەریدا بووە. ناوە گەورەكانی مێژووش، ئەوانەی لە بیرەوەریی مرۆڤایەتیدا ماون، دەسەڵاتداری سیستەمی یەك نەفەری بوون. لەم جۆرە سیستەمەدا، كەسایەتی و كارەكتەری دەسەڵاتدار كاریگەری گەورەی لەسەر رووداوەكان دەبێت. ئەگەر زۆر باش بێت، شتی زۆر باش روودەدات و ئەگەر خراپیش بێت، شتی زۆر خراپ دەقەومێت. ئەفلاتون لە "كۆمار"دا رژێمەكان دابەش دەكات بۆ پێنج جۆر: ئەریستۆكراسی، تیمۆكراسی، ئۆلیگاركی و دیموكراسی و تیرانی. ئەریستۆكراسی و تیرانی هەردووكیان دەسەڵاتی یەك نەفەرین، بەڵام یەكێكیان باشترین و ئەوی تریان خراپترین جۆری حوكمكردنە. ئەریستۆكراسی دەسەڵاتی "پادشای فەیلەسوف"ە كە تێیدا كەسێكی ژیر و خاوەن توانا دەسەڵاتی هەیە، بەڵام تیرانی بریتییە لە دەسەڵاتی یەك كەسی سەركوتكەر كە بە ترس و تۆقاندن حوكم دەكات و پابەند نییە بە هیچ رێسا و یاسایەكەوە. ئەفلاتون پێیوایە دیموكراسی نزیكترین سیستەمی حوكمكردنە لە تیرانی، چونكە دیموكراسی سەر بۆ ئاژاوە دەكێشێ و لە ئاژاوە و نەبوونی دەسەڵاتێكی روونیشدا، خەڵك ئامادەن دەست لە ماف و ئازادییەكانی خۆیان هەڵگرن لەپێناوی ئاسایش و پاراستنی سەر و ماڵ و موڵكیاندا. دەسەڵاتدار لە سیستەمی تیرانیدا ناتوانێ دەست لەدەسەڵات بەربدات، چونكە هەموو بوون و ژیان و مانەوەی بەندە بە دەسەڵاتەكەیەوە.
15ی ئەم مانگە ساڵیادی ئیمزاكردنی ماگنا كارتا بوو. ماگنا كارتا كە بە لاتینی واتە "پەیڕەوە گەورەكە"، بە یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكانی هەنگاونان بەرەو دیموكراسی دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. بەپێی ئەم رێككەوتنە كە لە 15ی حوزەیرانی 1215 ی زاینیدا ئیمزا كرا، بۆ یەكەم جار پادشای ئینگلتەرا لەژێر فشاری نەیارەكانیدا بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سنوورداركرد. نەیارەكانی پادشا خەڵكی ئاسایی نەبوون، بەڵكو ئەو كەسانە بوون كە دەسەڵاتی ئابوورییان هەبووە و چیدی ئامادەنەبوون ملكەچی هەموو بڕیارێك بن.
بەپێچەوانەی گەنجەكانیەوە كە خەون بە سیسەم و بەتانیی دوو نەفەرییەوە دەبینن، حیزبەكانی كوردستان خواستێكی گەورەیان هەیە بۆ سیستەمی یەك نەفەری، بەڵام هەمووشیان دەزانن لە سیستەمی یەك نەفەریدا تەنها یەك نەفەر حوكم دەكات، هەر بۆیە ئێستا زۆرینەی حیزبەكان سیستەمی پەرلەمانی داوا دەكەن و دژایەتی سیستەمی سەرۆكایەتی دەكەن. بابەتی سیستەمی یەك نەفەری دەبێت خەریكی سیستەمەكە بێـت نەك نەفەرەكە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەبینرێت، قسەكردن نییە لەسەر سیستەمەكە بەڵكو قسەیە لەسەر نەفەرەكە كە ئەمەش تەنها گرژی و كینەی سیاسی لێدەكەوێتەوە. كوردستان لەبەردەم دووڕیاندایە، دەكرێت لەوە باشتر بێت كە ئێستا هەیە و دەشكرێت لەوە خراپتر بێت كە ئێستا هەیە. ئەگەری خراپتربوونیشی لە باشتربوونی زیاترە. نەگبەتی ئەوەیە زۆرێك بەناوی بەدەستهێنانی باشترەوە ئامادەن خراپترەكەش هەڵبژێرن. سیستەمی یەك نەفەری واقیعە. دەكرێت سیستەمەكەش بگۆڕین و دەكرێت نەفەرەكەش بگۆڕین. یان دەكرێت یەكێكیان بگۆڕین و یەكێكیان بهێڵینەوە. بەڵام لە هەموو سیستەم و نەفەرەكان گرنگتر، ئاسایش و بوون و مانەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە.