پارتی و بایکۆت


ئەوەی لە بیست و سێی حوزەیران لەپەرلەمانی کوردستان گوزەرا ،بۆ پارتی و زۆری دیکەش چاوەڕوانکراو نەبوو ،ئاخر لە دوای یەکگرتنەوەی دوو ئیدارە، هێزو هەژمونی پارتی بەسەر سەرجەم دەزگاکانی حومڕانیدا لەبەرچاو بوە بۆ ناوخۆو دەرەوەش ،هەر بۆیە بایکۆتی پارتی و دەرەنجامەکانی ،زیانی لە پێگەو ناوبانگی پارتی لەناوخۆو دەرەوە دا .بەڵام ئەو پرسیارەی گرنگە کە پارتی ئیستا لە بەرزترین ئاستەوە بیکات ئەوەیە هۆکارەکانی ئەو شکستەی پارتی چی بوو؟ئایا پلان و گەلەکۆمەکێ لەپارتی کرا وەک هەندێک لە پارتیەکان دەڵێن یان هەڵەی نەخوێندنەوەی واقعی سیاسی ئەمڕۆی کوردستان و هەڵەی خودی بیرمەندو بڕیار بەدەستەکانی پارتی بوو؟

ئەگەر پارتی دوێنێ بایکۆتی کۆبونەوەکانی نەکردایە و لەجیاتی ئەوەی لە ڕۆژی پێش کۆبونەوە بە داواو تکاو بە هیممەت و بەقیمەت هەوڵی پەکخستنی کۆبونەوەکەی دا و بۆی نەچوەسەر( کە بەڕای من ئەوە لە خودی خوێندنەوەی پڕۆژە یاساکە لە ناخی پارتی و سەرکردایەتیەکەیدا بەئازارترە) ،لە باتی ئەوە بەشداری کۆبونەوەکەی بکردایە باشتر نەبوو ؟

ئەگەر پارتی بەشداری کۆبونەوەکەی بکردایە نە پێویستی بەتکاو ڕجا هەبو لە کەس نە لەبەرچاوی دنیا وەک هێزێک کە دەکرێ بەبێ ئەویش پرۆسەی کاری پەرلەمانی بڕوات دەردەکەوت ،نە خۆشی وەک هێزێکی دەرەوەی ئیجماعی پێنج حزبەکە دەردەخست نە هەموو یان زۆربەی کارتە سیاسیەکانی دەستی ئاشکرادەبون کە دوێنێ هەموو یان زۆربەیانی بەکار هێنا . هەر بۆیە دەبوایە دوێنێش پارتی وەک خاوەن ماڵ مامەڵەی لەگەڵ پەرلەماندا بکردایە و هەرگیز بواری بۆ تیڤیەکان نەڕەخساندایە کە وێنەی کورسیە چۆڵەکانی فراکسیۆنەکەیان بگرن .

چارەسەری دۆخی ئێستاش ئەوە لە پارتی دەخوازێ کە بڕیاری بایکۆتکردنەکە هەڵبسەنگێنێت و دەست نیشانی دروستی یان هەڵەی بڕیارەکە بکا ئەگەر گەیشتە ئەوەی کە بایکۆتەکە هەڵە بوە ئەوە داننان بەو هەڵەیە یەکەم هەنگاوی ڕاست کردنەوەی دۆخەکەیەو نیشانەی ئامادەیی ئەوحزبە دەردەخات بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دروست بۆ خودی هەڵەکەو بۆ کۆی قەیرانی سیاسی لە هەرێم و هێزێکی مەعنەوی دروستیش دەخاتەوە ناخی جەماوەرەکەی و دوریان دەخاتەوە لە چاندنی تۆوی ڕق و کینە بەرانبەر لایەنەکانی تری گۆڕەپانەکە کەئەمەش بۆ ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگە .

لەلایەکی دیکەشەوە پێویستە لەسەر چوار لایەنەکەی تریش ئەوەی دوێنێ گوزەرا وەک کارێکی ئاسایی پەرلەمانی سەیری بکەن نەک وەک بردنەوەی جێمی یەکەمی یاریەکە چونکە ئەم یاریە براوەو دۆڕانی تیانیە یان هەمومان براوە دەبین یان هەمومان دۆڕاو.