سەر و سمێڵ تاشین رەفتاری چ تاقمێكە؟

 
دوو رۆژە، میدیاكان سەرقاڵی سمێڵ ‌و سەرتاشینی پێشمەرگەیەكی كاكەیین. ئەم رەفتارەش، لەلایەن سێ‌ كەسی حەشدی شەعبیەوە، لە یادی (7) ساڵەی دامەزراندنیان، ئەنجامدراوە. لە كوێ‌؟ لە ئامرلی لای كفری كە ئەگەر بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە نەبووایە، شیعەكانی ئەو ناوچەیە، تەفروتونا دەكران.
 
لێرەدا ناچمە ناو هەڵدانەوەی قەتماخەی سیاسی ‌و عەسكەری، ئەمەیان بۆ مێژوو با بمێنێت‌. ئەوەی لەلام گرنگە، رەفتارەكەی سێ‌ كەسی حەشدی شەعبییە.
 
جارێ‌ با بپرسین، لەدوای سەرهەڵدانی داعشەوە ئایا تاقە كاكەییەكیش لە هەموو جیهاندا بووەتە داعش؟ بێگومان نەخێر. ئەی هەموو ئەوانەی بوونەتە داعش ئایا موسڵمان نەبوون؟ بەڵێ‌ تووندڕەوترین موسڵمان بوون! كەچی ئەم سێ‌ حەشدە لەبری ئەوەی رێزی كاكەییەكان بگرن كە تاقە كەسێكیشیان نەبوونەتە داعش‌ و دەستیان لە رشتنی خوێنی هیچ موسڵمانێك‌ و مرۆڤێك نەژەنیوە، چاكەیان بە ئەتككردن دەدەنەوە.
 
ئەم رەفتارە، رەنگدانەوەی پەروەردەی ئەو كەسانەیە ئەنجامیان داوە كە ئەم پەروەردەیە رەگوڕیشەی لەنێو ئەقڵیەتی فاشیانەدا رۆچووە. بە رای من، مشتێك نموونەی خەروارێكە، هەموو كوردێك لە ناوچە كێشە لەسەرەكان دەبێت بزانن، كورد لەمە زیاتر بێخاوەن بكەونە بەردەستی ئەم تاقمانە، جگە لە تەعریبی بەردەوام، ئەتكی بەردەوامیش دەكرێن.
 
ئەو كاربەدەست ‌و بەرپرسانەی هەڵوێستی لێبڕاو دژی ئەم رەفتارە قێزەونانە دەرنابڕن، بێگومان بەرامبەر تاوانی گەورەتریش لە ئایندەدا، دەستی هەلپەرستییان بەكڵاویانەوە دەگرن! سەر ئەنجامی بێدەنگی بەرامبەر رەفتاری سەر و سمێڵ تاشین.. كارەساتی گەورەتری لێدەكەوێتەوە!