هەنگاوە نیشتمانی و دیبلۆماسی و سیاسییەکانی کۆسرەت رەسول لە گشتپرسیدا
بۆ تێگەیشتنی ورد لە جووڵەی هەندێک لە کارەکتەرە سیاسییەکان، کۆسرەت رەسول وەک نموونەیەکی گەورەی قۆناخەکانی سیاسەتکردن.
سرووشتی ناکامڵی پارتە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان، لە روانگەی رووبەڕووبوونەوەی دەنگی تووڕە و ناڕەزایی خەڵک، کێشەی راسیزم و ناوچەگەرێتی و ئاستی هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی کارەکتەرە سیاسییەکان و خەڵک، هەمیشە پارتە سیاسییەکانی لەنێو کۆنفلێکتی سارددا هێشتووەتەوە.
سرووشتی یەکێتی لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال بەتایبەتی چووە قۆناخێکی دیکەوە، کە یەکێتی خۆشی لێی ناڕازییە، دۆست و نەیارەکان بەهەمانشێوە بە جووڵەی ئێستای یەکێتی هێندە ئاسوودە نین.
جووڵەی کۆسرەت رەسول لە هەوڵدان بۆ شکاندنی بەستەڵەکی سیاسی و رەوینەوەی تەمی نامتمانەیی، تادێت بەشێوەی جیاواز و کارێزماییتر دەردەکەوێت، لە ئیدامەدان بە هەنگاوەکان و درێژکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و نەرمینواندن لە هەندێک خاڵی چارەنووسازی نێوخۆ و دەرەوەی یەکێتی، بەشێکە لە نهێنییەکانی ئەو کارێزمایی بوونە.
کۆسرەت رەسول دەیەوێت مێژووی قوربانییەکانی خۆی و یەکێتی و گەلەکەی نەکەوێتە ژێر پرسیار و مەترسی زیاترەوە. خۆ لە سیاسەتکردندا هەموو کەسێک کەم تا زۆر کاریگەرییەکی بەردەکەوێت، بەڵام هەرگیز یارییە سیاسییەکان موڵکی هەموو کارەکتەرێک نین، تا لە گۆڕەپانی سیاسەتدا یاری و جووڵەی نادروست بکەن.
نەزانین لە سیاسەت وەک یاریکردن بە ئاگرە و هەروەک رمێکی دوو سەرە، گەر نەیبڕی، بێگومان دەتبڕێ، مەرج نییە هەموو وڵات خەریکی کاری سیاسی بێت، ئاخر هەرگیز نابێت کیسنجەر رووبکاتە سینەما و شێخ سمایلیش سیاسەت.
تەرکیز لە سەرکردەیەک بکەینەوە، کەوا چۆن سەرکردە کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە جێدەهێڵێت. جووڵەکانی دوێنێ و بەتایبەتی ئێستای کۆسرەت رەسول لەگەڵ پارتی، مامەڵەکردنێکی سیاسیانە و راستگۆیانەیە، چونکە وەک تێبینی دەکرێت، بەڕای کۆسرەت رەسول لە دەرگاوە بچینە ژوورەکان نەوەک لە پەنجەرەکانەوە، گەلەکەمان چیدی بەرگەی موماتەلە و تەڵەکەبازی و مەد و جەزرکردن ناگرێت، بۆیە سیاسەتی کۆسرەت رەسول لە هەموو خاڵەکان حەکیمانە دەبیندرێت.
رەنگە لێرە و لەوێ ناتێگەیشتن و پەلاماری کوێرانە هەبووبێت، بەڵام لە دواجاردا ئەزموون دەریدەخات و مێژوو تۆماری دەکات، ئەگەر کۆسرەت رەسول بەمشێوەیە مامەڵە نەکات، وڵات لە لێواری نغرۆبوون نزیک دەبێتەوە، کە ئەو دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت بەلەمی ئەزموونەکەمان بەسەلامەتی بگاتە کەنار و بەسەرکەوتوویی لەنگەر بگرێت.
بۆیە ئێستا کۆسرەت رەسول هەم بۆ پارتی نهێنییەکی گرنگی پەیوەندییە سیاسییەکان و راگرتنی باڵانسی پێکەوەییە، لەهەمانکاتدا بۆ خودی یەکێتی کلیلێکی گەورەی رابەرایەتیکردنە، بۆیە لەنێوخۆدا دەبێتە مەرجەع و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا دەبێتە سەرچاوەی راوێژپێکردن و بەهەندوەرگرتنی، کەواتە لۆژیکیانە لەو نهێنییانە بڕوانین و فام بکەین، کۆسرەت رەسول بۆ سەربەخۆیی، بۆ چاککردنی بژێوی خەڵک و گەڕانەوەی ژیانی خەڵک، بۆ دۆخی ئاسایی و دروستکردنی متمانەی سیاسی کارێزمایەکی قۆناخەکە و سەرچاوەیەکی گەورەی چارەسەرییەکان دەبێت، ئەم گەورەییانە، گەورەیی گەورەکان دەپارێزێ، نەوەک لە بەهایان کەمبکاتەوە!
بەشداریکردنی کۆسرەت رەسول وەک کارەکتەرێکی بەهێز لە گۆڕەپانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، هاوکێشە و ئاراستەکانی گشتپرسی لە ئەگەری مەرگی گشتپرسی بۆ گیان بە بەرداکردنی گشتپرسی گۆڕی. کۆسرەت رەسول سیاسییانە هەم مێژوو و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی پاراست، هەم باڵانسی نێوان هێزە سیاسییەکانی لە تووڕەیی و ناکۆکییەوە بۆ سرووشتێکی دیموکراسی گۆڕی.
لە هەنگاوە نیشتمانی و دیبلۆماسی و سیاسییەکانی کۆسرەت رەسول لە گشتپرسیدا:-
- دوورکەوتنەوەی کورد لە ئەگەری دووئیدارەیی.
- دوورخستنەوەی کورد لە روودانی شەڕی نێوخۆ.
- سوربوونێکی دیکە و نوێبوونەوەیەکی دیکە، کەوا بەڵێ کەرکووک کوردستانییە، هەروەها جارێکی دیکە دەمکوتکردنی نەیارانی کەرکووک .
- ناردنی دەیان نامە کەوا سیاسەت کاری سیاسییەکانە.
- ئیسپاتکرنی یەکێتی کەوا "لە ئاشتیدا کۆتری سپی و شنەی باین، لە شەڕیشدا پڵنگین و رەشەباین".
- رووسوورکردنی یەکێتی و خودی کەسایەتی خۆی کە لە پرسە نیشتمانی و نەتەوەیییەکاندا نەوەک هەر دژ نییە، نەوەک هەر بینەر نییە، بەڵکو هاوڕێبەر و خولقێنەر و دەمڕاست و پاڵپشتی راستەقینەیە.
- سەلماندی کە کارەکتەر و سەرکردەی هەموو رۆژگار و قۆناخەکانە.
- کۆسرەت رەسول لە گشتپرسی ئایندەی یەکێتی رۆشنکرد و یەکێتی جگە لە نیشتمان بە هیچ بابەتێکی دیکە نەبەستەوە.
- گفتوگۆ و دیالۆگی کردە هەوێنی برایەتی و تەبایی، نەوەک خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکی و بەرد خستنە دەستی خەڵک.