ترسی كوردبوون نەما بەڵام..


رووداو و گۆرانكارییەكانی هەفتەی رابردوو لە باكووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان گەواهیدەری ئەوە بوو كە دۆخی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناخێكی دیكەوە. ئێستا كورد لێكگرێدراو و پشتبەیەكبەستوون لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، كە پێشتر لە سەدەی رابردوو بووبوونە جێگەی بەدبەختی بۆ خۆیان.

لە سووریا، كورد هەرێمێكی خودموختاریان راگەیاند. لە توركیاش ئەردۆغانی سەرۆك وەزیران وشەی كوردستانی بەكارهێنا و بەڵێنی بەردەوامبوونی "پڕۆسەی ئاشتی"دا.

هەردوو رووداوەكە لەلایەن زۆربەی خەڵك بە رووداوی مێژوویی ناوزەندكران و بەسترانەوە بە ئاریشەی كورد لە سووریا، توركیا و عێڕاق، ئەمەش بەهۆی پەیوەندی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان. خاڵی بنەڕەتی لێرەدا ئەوەیە، كە مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانی عێڕاق و سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كە پشتگیری لە پڕۆسەی ئاشتی ئەردۆغان دەكات، بەبڕوای هەندێك خەڵك بارزانی بەو سەردانەی بۆ ئامەد هەوڵەكانی ئەردۆغانی بۆ پڕۆسەی ئاشتی خستە قۆناخێكی مێژووییەوە. لەهەمانكاتدا نەیاری خۆی بۆ راگەیاندنی هەرێمە ئۆتۆنۆمییەكەی كوردستانی سووریا نیشاندا، كە ئەم راگەیاندنە بە مێژوویی لێیدەڕوانرێت.

كامەران قەرەداخی، رۆژنامەنووس و نووسەری دیاری كورد، كە زۆر كاری لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان كورد و تورك كردووە، لە رۆژی سەردانەكەی بارزانی بۆ ئامەد دەنووسێت كوردەكان لە "كارت"ی دەستی زلهێزەكانی هەرێمەكە، گۆڕان بۆ "یاریچییەكان"ی هەرێمەكە. 

پەیوەندییە ناجێگیرەكانی نێوان هەردوو حیزب PKK و پارتی و جیاوازی تێڕوانینیان لەسەر كیشە گەورەكان ئەگەری ئەوەی هەیە دووبارە كورد بكاتەوە بە "كارت". توركیا و ئەمریكا زەرەرمەندی سەرەكی دەبن ئەگەر هەندێك لەم راستەیانە قبوڵ نەكرێن.

سەنگی بارزانی زۆر گرنگە، بەڵام بارزانی ئەو لایەنە نییە كە توركیا بیەوێت ئاشتی لەگەڵ بكات، بەڵكو ئەو لایەنانە بریتین لە PKK و ئۆجەلان و قەندیل.

كوردی سووریا پێویستە چاو لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی نەوەتەكان بكەن و بڕیاری خۆیان بدەن. PYD پێویستە لەخۆی بپرسێت كە ئایا توانای رووبەڕووبوونەوەی لایەنەكانی دیكەی هەیە؟ یان پێویستە لەگەڵ لایەنەكانی دیكە رێكبكەوێت لە حوكمداری هەرێمەكەدا.

ئەمڕۆ باردۆخ بۆ هەندێك لە كوردان بەئاشكرا گۆڕاوە و بۆ ئەوانەی دیكەش لەگۆران دایە. لە راستیدا كورد بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون. كوردی عێراق لەژێر فشاردان تاوەكو هاوشێوەی دەوڵەتێك رەفتاربكەن، ئەمەش بەهۆی ئەو رێكارە دەستووری و یاساییانەیە كە كوردانی عێڕاق لە هەرێمەكەیاندا هەیانە. بەشی دووەمیان بەجۆرێك رەفتار دەكەن وەك بڵی تاوەكو ئێستا دركیان بەوە نەكردووە كە كوردانی عێراق چیان بەدەستیان هێناوە. 

ئەمەش لەوانەیە لەبەر ئەوەبێت كە تاوەكو ئێستا بیر لە هەبوونی "كوردی باش و كوردی خراپ" دەكەنەوە لە هەرێمەكەدا. جیاوازی بەها و گرنگی ئەم رووداو و گۆڕانكاریانەی هەفتەی رابردووش دەكەوێتە سەر ئەوەی كە وەكو كوردێك خۆت لەكام بەرەدا دەبینییەوە.