حەکیم کاکەوەیس، هەواری خەم، رووباری وشەی جوان

دواجار کاک حەکیمم بینی، لە نەخۆشخانەی یەڤلە (Gävle) بوو، ئەو شارەی لە سوێد تێیدا دەژیا. 16 ئوکتۆبەری 2018 بوو. کاک ئۆمیدی کوڕی ویستی عارەبانەکەی باوکی بباتە خوارەوە و منیش هەر دەمگوت نەخێر خۆم دەیبەمە خوارێ. ژوورەکەی کاک حەکیمی تێدا بوو، لە نهۆمی دەیەمی نەخۆشخانەکە بوو و بۆ جگەرەکێشان دەبوو بچووبایە خوارێ و لە دەرێی نەخۆشخانەکە جگەرە بکێشێت. کاک حەکیم وەک هەموودەم تامەزرۆی جگەرەکێشان بوو، هەموودەم بە چێژەوە مژی لێدەدا و تەنانەت لەو رەوشەیشیدا هەردەبوو بیکێشابا. 

ساڵانێک بوو، رێک لە ساڵی 1989 بە دواوە، کە ئیدی بۆ خۆم وازم لە جگەرەکێشان هاوردبوو، هەمیشە هەوڵم لەگەڵ دەدا بۆ ئەوەی واز لە جگەرەکێشان بهێنێت، چون من بۆ خۆم دەردی جگەرەکێشانم دیتبوو و بەهۆیشیەوە گیرۆدەی گەلێ ناساغی بووبووم. ئەو هەوڵانەی من لەگەڵ کاک حەکیمدا، هەرگیز سوودی نەبوو و هەمیشە دەیگوت: "بەخوا ئەوە خوویەکی خراپە لە تۆدا، کە هەمیشە باسی دەستبەردابوونم لە جگەرەکێشان دەکەیت". حەزمدەکرد جێینەهێڵم و زۆرترین کات لەگەڵی بم، بۆیە گەرەکمبوو هەر خۆم بە عارەبانەکەوە بیبەمە خوارێ، بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر قسان بکەین. ئیدی لە ژوورەکەیەوە تا نێو ئەسانسۆرەکە و بڕینی دە نهۆم بۆ خوارەوە و لەوێشەوە بۆ دەرێی نەخۆشخانەکە و کێشانی جگەرەیەک و هەندێ دەردەڵ و قسەگۆڕینەوە و دیسان گەڕانەوەمان بۆ ژوورەکەی، نزیکەی سێچارەکە سەعاتێکی پێدەچوو و ئیدی ئەوە بۆ خۆی دەرفەتێک بوو، بۆوەی پتر قسە بکەین. سێ جاران ئەو جگەرەی کێشا و منیش لەگەڵیدا چوومە دەرێ. 

بۆ سبەینێی رۆژی دواتر 17ی ئۆکتۆبەر، دەبوو بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە یەکەم چوونە خوارەوەماندا، بە روویەکی خۆش و دەم بە خەندەوە پێی گوتم: "دەزانی گەلێ دڵخۆشم"، گوتم: "یاخوا هەمیشە دڵخۆش بیت"، گوتی: "دەزانی لە خودا پاڕامەوە، هێزم بخاتەوە بەر و ژیانم لێ نەستێنێ، تا رۆمانەکەم تەواو دەکەم، خودا بە هانامەوە هات و نزاکەمی قبووڵکرد و ئەو بەشەی کۆتایی ئەم دواڕۆمانەم، کە ساڵانێکە خەریکیم، تەواو کرد، ئیدی ئەگەر بشمرم چ کێشەیەک نییە و بە ئارامی و دڵخۆشی سەردەنێمەوە، چونکە لە نووسینی رۆمانەکەم بوومەوە و ناردیشمەوە بۆ کوردستان"، گوتم: "هیوادارم هەر بمێنی و دەیان رۆمانی دیکەش بنووسیت". 

گوتی: "نا نا ئەوە ئیتر، کە نابێت، من تەواو و هیچم نەماوە". ناڵێم هێندەی کاک حەکیم، بە تەواوکردنی رۆمانەکەی دڵخۆش بووم، چونکە ئەوە داهێنان و رۆمانی ئەو بوو، لێ دنیایەکم پێ خۆش بوو و حەمکەیەک بەو هەواڵەی گەشامەوە و دەمزانی بێگومان کارێکی جوان و داهێنانێکی کردووە و ئەوەش دەبێتە ستوونێک و کۆڵەکەیەک، بۆ ژێر دەوار و ماڵۆچکەی ئەدەبیاتی کوردی. 

ماڵمان لە گەڕەکی هێلێنەلووند(Helenelun)ی شاری ستۆکهۆڵم بوو، پاش شێو، ئێوارەیەکی کۆتایی هاوین یا دەسپێکی پاییزی 1984بوو، دۆست و هاوڕێم کاک فەرهادی عەبدولقادر(فەرهاد ئازاد)، زەنگێکی بۆ لێدام، ئەودەمی تەلیفۆنی ماڵان هەبوو، دوای چاک و خۆشی و ئەوانە، گوتی: "بۆ نایەن بۆ ئێرە، بۆ ماڵی خۆمان، هاوڕێیەکی کەرکووکیی خۆمانەیش، کە تازە هاتووە لێرەیە و پێمخۆشە لە نزیکەوە یەکتر بناسن". منیش پرسیاری ناویم کرد و ئەویش پێی گوتم: "ناوی حەکیم عەبدوڵڵایە". منیش بە کاک فەرهادم گوت: "مادام کەرکووکییە، بێگومان خۆمانەیشە، ئەوە ئیدی بەرامەی گەرمیانی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، ئەو هاوڕێیە میوانی تۆیە، میوانی منیشە و ئێوە کەستان میوان نین و ئێوە بفەرموون بۆ لای ئێمە و ماڵ ماڵی خۆتانە، لە خزمەتتاندا دەبین و لەڕووی کردەییشەوە من ئۆتۆمبێلم نییە و هاتنی ئێوە ئاسانترە". ئیدی لە کاک فەرهاد خوڵک لە من خوڵک، کاک فەرهاد کاری راست بێ، قایل بوو و خۆی و خێزانی و هەردوو کوڕە گچکەکانی و کاک حەکیمیش خۆی و خێزانی و هەردوو کوڕە گچکەکانی هاتن. ئێمەیش "سوعاد"ی خێزانم و "ناز"ی کچم، کە ئەودەمە تەمەنی هەر حەفت هەشت مانگێک دەبوو، کاک حەکیم، تازەکی لە کوردستانەوە هاتبوو و ئەو بەرامەی باران و دۆمەڵان و گوڵاڵەسوورە و گڕە و گەردەلوولی گەرمیان و نێرگزی کوێستانی کوردستانی لەگەڵ خۆیدا هاوردبوو. وێکڕا ئێوارەیەکی خۆشمان بەدەم باسی کەرکووک و گەلێ شتی دیکەوە بەسەر برد و هەر دەتگوت دەیان ساڵە لەگەڵ کاک حەکیمدا یەکدی دەناسین. ئەوە یەکەم دیداری کاک حەکیم عەبدوڵڵا، کە دواتر عەبدوڵڵاکەی نەما و بوو بە حەکیم کاکەوەیس و بەندە بوو، ئیدی لەو دەمیەوە(1984) تا ئەو رۆژەی لە ژیاندا بوو (17-11-2018) و رۆژی دواتر بەجێیهێشتین، کاک حەکیم، دۆست و هاوڕێیەکی گەلێک نزیکم بوو و بە درێژایی ئەو هەموو ساڵانە، نێوانمان تا دەهات خۆشتر و گەرمتر دەبوو و هەرگیز بۆ یەک چرکەیش زویری یا لێکتێنەگەیشتن نەکەوتە نێوانمانەوە.

کاک حەکیم، لە یەکەمجاری یەکتر ناسینمانەوە، ئیدی نەک هەر تەنی هاوڕێی من بوو، بەڵکە هاوڕێی منداڵەکانیشم بوو و منیش هاوڕێی منداڵەکانی ئەو بووم. کە دەهاتە سەردانمان، کچەکانم، ناز، راز و پەری، لە ئێمەی گەورەکان زیاتر کەیفساز دەبوون و دەگەشانەوە. کە لەم دواییەدا لە نەخۆشخانە بوو، کچەکان گەلێک بە پەرۆشەوە بوون، سەردانی بکەن و لە نزیکەوە چاویان پێی بکەوێ و هەر بەو جۆرەشمان کرد و وێکڕا چووینە سەردانی. کە راز و پەری بینین، ماشەڵڵای دەکرد و دەیگوت؛"ماشەڵڵا ئەو کچانە چەندە میهرەبان و رێکوپێکن و کێ دەزانێ ئەوانە منداڵەکانی جارانن. ئەو پەرییە، کە سێزدە و چواردە ساڵان بوو، جارێکی جلکی پەڵەپەڵەی کەسکی سەربازی لەبەر کردبوو و جووتێ کەوش (پۆستاڵ)ی ئەستوور و قەبەی سەربازیی لەپێ کردبوو، ئەودەمە کەس نەیدەوێرا قسەی لەگەڵ بکات، کەچی ئێستا ئەم مرۆڤە نیان و میهرەبانەی لێ دەرچووە". لەگەڵ (ڕاز)ی کچمدا نزیکییەکی پتری لە کچەکانی دیکەم هەبوو. ئەوەش بۆ خۆی چیرۆکێکە. راز، هێشتا شەش حەفت هەشت مانگان بوو، لە گالیسکەی منداڵاندا دادەنیشت، ئەگەر هەموو رۆژێک نەبووایە، زۆرینەی رۆژەکانی حەفتە و بۆ ماوەی چەند مانگێک، لەگەڵ دایکی و لەگەڵ مندا، دەچووینە سەردانی نەخۆشخانەی کارۆلینسکا(Karonliska)، لە گەڕەکی سۆڵنا (Solna)ی شاری ستۆکهۆڵم، بۆ سەردانی کاک ئازاد موستەفا، کە ئەودەمی لەوێ بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکەی، کە شێرپەنجە بوو، دەمایەوە. راز، گچکە بوو و لەو چەند سەعاتەی لەوێ دەبوو، لەنێو گالیسکەکەیەوە، بەدەم هەموو ئەو کەسانەی سەردانی کاک ئازادیان دەکرد، پێدەکەنی و دەگەشایەوە و ئەوانیش بە خەندە و بزەیەک بەرسڤیان دەدایەوە. راز، لەگەڵ کاک حەکیمدا پێوەندییەکی تایبەتی پەیدا کردبوو و نێوانیان گەلێک خۆش بوو. ئەو پەیوەندییەی کاک حەکیم و راز، هەر بەردەوام بوو، تا ئەو رادەیەی لە خۆشەویستیی رازەکەی من، کاک حەکیم ناوی رازی لە تاقە کچەکەی خۆی نا. دواجار، کە چوومە لای کاک حەکیم، (راز)ی کچم، بە مندا ئاوی زەمزەمی بۆ نارد، کاک حەکیم گوتی: "مادام راز بۆی ناردووم، باوەڕم پێیەتی و بە هیوای چاکبوونەوە، دەیخۆمەوە". ئەو چەند جارانەی دوایی، کە چوومە سەردانی، خورماوڕۆنم بۆ دەبرد، دەمزانی ئەوە جوانترین دیارییەکە، کاک حەکیم دڵخۆش دەکات و هیچ شتێک لە سەرووی ئەوەوە نییە، دەمگوت: "کاک حەکیم، خورماوڕۆنم بۆ هێناوی، خورماوڕۆن، یەکەمی بێ رکابەر و دەرمانی حەوت دەردان" ئای کە پێی خۆش بوو، ئای کە پێی دەگەشایەوە. دەیگوت: "ئەشهەدو وایە و زیاتریش...".  

هەر جارێک نامەم بۆ ناردبا یا بە تەلیفۆن قسەمان کردبا، دەمگوت: "کاک حەکیم سڵاوم بە هەموو کاکەوەیسان بگەیەنە" و ئەویش سڵاوی بۆ هەموو شاکەلییان دەنارد. من ئەوم وەک یەکێک لە شاکەلییان و ئەو منی وەک یەکێک لە کاکەوەیسان دەبینی و دەژمارد. ئەو لە ماڵی ئێمەدا و من ماڵی ئەواندا نامۆ نەبووین، خۆیی بووین و پێویستیمان بە خوڵک و فەرموو فەرموو و ئەوانە نەبوو. کاک حەکیم، خۆشەویستی و رێزێکی تایبەتی بۆ باوکم هەبوو و باوکیشم خوێنەرێکی باشی نووسینەکانی ئەو بوو و هەموو جارێ بە ئەرێنی باسی دەکردن و دەیگوت: "بەخوا رێک لەبنی هەمبانەکە دەدات و قسەی دڵی ئێمە دەکات". 

دوو شتی یەکجار گرنگی هاوبەشی نێوان کاک حەکیم و من، کە دانیشتن و دیدار و قسەوباس و تەلیفۆن و نامە و کرۆکی هەموو بوونمانیان داگیرکردبوون، کەرکووک و خورما بوون. سەدلەسەد لە هەموو باسوخواس و دید و بۆچوون و بیروڕایەکماندا لەمەڕ کەرکووک و خورماوە، کۆک بووین و موو بە نێوانماندا نەدەچوو و هاوڕا بووین، تەواو هاوڕا. ئێمە کە باسی کەرکووک و خورمامان دەکرد، وەک دوو عاشق، وەک دوو دڵدار، چۆن باسی مەعشووق و دڵدار و خۆشەویستەکانیان دەکەن، بەو جۆرە باسمان دەکردن. جارێک لەم ساڵانەی دواییەدا بۆ یەکەمجار لە کەرکووک پێکەوە بووین و پیاسەیەکی باشی ئیمام قاسم و قەڵا و کەمێکیش رەحیماوا و ئەو ناوەمان کرد. بۆ کەرکووک دەسووتاین و دنیایەک تێبینی و سەرنج و بیرۆکە و نەخشەمان هەبوون، لێ لە خۆمان زیاتر تاکە سیاسییەکی هەوساربەدەستی کورد، هەرگیز گوێی لە ئێمە و خەڵکانی مانەندی ئێمە نە دەگرت و نە دەگرێ. کاک حەکیم، هەموو جارێک لێی دەپرسیم: "ئەگەر خودا کاریکی وا بکات و بچێتەوە عێراق و لەنێو دەسەڵاتی بەغدادا کارێکت پێ بسپێرن، ئیدی وەک وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و ئەوانە، حەز دەکەیت بکرێی بە چی؟". دەمگوت: "کاک حەکیم تا مشەخۆر و مەراییکار و کاسەلێس هەبن، کەسانی مانەندی تۆ و من و ئێمەئاسا چۆن دەکرێین بەوەزیر یا بەڕێوەبەری گشتی! تۆ لە خودات گەرەکبێ دارکاریمان نەکەن". دەیگوت: "دەی ئەمە دنیایە و لەوانەیە هەڵە بکەن و لە دەستیان دەرچێ و کارێکی وەهات پێ بسپێرن". بێ یەکودوو دەمگوت: "وەزیری خورما". دەیگوت: "ئەی ئەگەر بەڕێوەبەری گشتی بێت". دەمگوت: "بەڕێوەبەری خورما". دەیگوت: "ئەی لەوە خوارەوەتر". دەمگوت: "هەرشتێک پێوەندی بە خورماوە هەبێت دەیکەم". ئیدی هەر خەیاڵم بۆ کارێکی سەر بە خورما و پەیوەند بە خورما دەچوو و بە دەوری خورمادا دەسووڕایەوە و لە بازنەی خورما نەدەهاتە دەرێ. دەیگوت: "دەی ئەگەر ئەوانە نەبوون".دەمگوت: "کەی کێشەیە، وردەوردە دێمە خوارێ تا خورمافرۆشیی سەر عارەبانەشم قەبووڵە، مادام پێوەندی بە خورماوەیەوە و هاوڕێی خورمام". ئیدی سەدان خەیاڵی هاوبەشمان لە دەوری خورما و جۆرەکانی خورما و خورماوڕۆن، تا رادەی رواندنی "دارخورماوڕۆن"، هەڵدەچنین و بە سەعاتان لەسەر ئەو باسە درێژەمان بە قسان دەدا. وەنەبێ ئەوە تەنیا یەکجار روویدابێ، بەڵکە هەر کە یەکدیمان دەدی یا زەنگمان بۆ یەکدی لێدەدا یا نامەمان بۆ یەکدی دەنارد، کەرکووک و خورما، دوو بابەت بوون، هەرگیز لای ئێمە کۆتاییان نەدەهات و لەبن نەدەهاتن.

کاک حەکیم، وەک خێزان و ماڵبات، سەر بە چینێکی دەشتەکی ئاوایینشینی وەرزێری هەژاری جڤاکی کوردستان بوو و کوڕی باوکێک بوو، کە کۆمۆنیست بووبوو و باپیرێکیش، کە هەر وەک کۆمۆنیست، لەلایەن جەلالییە دژەکۆمۆنیستەکانەوە سەیر کرابوو، لێ کاک حەکیم بۆ خۆی، رێچکەکەی ئەوانی نەگرتبووەبەر و وەک ئەوان بیری نەدەکردەوە و لەو بازنەیە هاتبووە دەرێ. ئەو خۆی لەنێو "فێرگەی بیری نەتەوەیی کوردی"یدا دۆزیبووەوە، کە ئەو سەردەمانە کاژیک و دواتریش پاسۆک خۆیان بە نوێنەر و دامەزرێنەری ئەو فێرگەیە دەزانی لە کوردستاندا. تەواوی خولیا و هویری کاک حەکیم، لەنێو و بەدەوری ئەو دیدەدا دەخولایەوە. جیهانبینی کاک حەکیم و هەڵسەنگاندنی ئەو بۆ سیاسەت و هەموو بزاڤی مرۆڤایەتی و گوڕانکارییەکانی جیهان، لە دەلاقەی کورد و کوردبوون و کوردستانەوە دەبینران. 

خوێندنەوەی ئەو بۆ مێژوو و دەوروبەر و مرۆڤایەتی، خوێندنەوەیەکی نەتەوەییانە بوو. کرۆکی هزرین و پێوەری ئەو، بۆ هەموو گۆڕانکارییەک و رووداوێکی ئەم جیهانەی، لە چاوی کوردێکەوە دەبینی و هەموو شتێکی بە باڵای کورد دەگرت، جا ئەگەر کورتی بهێنایە، پێی خراپ بوو و پێچەوانەکەیشی باش، ئەو، هێندەی نەتەوە و کورد و کوردبوونی، مەبەست بوو، هێندە سۆراخی کێشەی هەژاری و چینایەتی نەدەکرد. 

لەنێوان بیرکرنەوەی کاک حەکیم و مندا، ئەو جیاوازییە هەبوو. من کێشەی چینایەتیم هەرگیز لە کێشەی خاک و وڵات و نیشتمان و نەتەوە، جودا نەدەکردەوە و پێموابوو و وایە، دەبێ ئەوانە شان بە شانی یەکدی بڕۆن و خەباتیان بۆ بکرێ، چون باسنەکردن و خۆلەقەرەنەدانی هەژاران و چەوساوان و چینەکانی خوارێی پلیکانەی جڤاک و کێشەی چینایەتی، خۆلادانە و دوورەپەرێزییە لە باسی دادوەری و یەکسانی مرۆڤ. رزگاربوونی کورد و یەکبوونی کورد و رزگاربوون و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان، پرسێک بوو، بەندە سەدلەسەد لاریم لێی نەبووە و نییە و هەموو دەمێکیش بە هەموو توانستێکی خۆم لەگەڵیدام و بۆی دەکۆشم، کاک حەکیمیش ئەوەی دەزانی، لێ بیری تەسکی نەتەوەیی و پێداهەڵدان و بڵندکردنەوەی کورد بۆ حەلحەلەی ئاسمان و تێزی سڕینەوەی خەڵکی دیکەی ناکورد و شۆخیکردن بە نەتەوە و گەلی دیکە و بیر لە چێکردنی کوردستانێکی سەرمایەداریی، نیوولیبرالی و بازاڕی ئازاد، کە تەنێ چینەباڵاکانی کۆمەڵی کوردستان لێی سوودمەند بن و تەنێ بۆ کورد، من ئەوەم پێ هرس نەدەکرا و ناکرێ. کوردستان بۆ من تەنێ هی کورد نییە، هی کورد، تورکمان، ئاشووری، سریان، ئەرمەن، کلدان، عەرەب، ئێزدی (ئەوانەیشی کە خۆیان بە کورد نازانن)، موسڵمان، شیعە، سوننە، کریستیان، یارسان و هەموو ئەوانی دیکەشە. 

کوردستان بۆ من تەنێ هی دەوڵەمەند و سەرمایەدار و بەرپرسی حیزب و دەسەڵات نییە، بەڵکە هی نەدار و چەوساوە و هەژار و خەڵکە زەحمەتکێشەکانی جڤاکی کوردستانیشە. کاک حەکیم کاریگەری مەسعود موحەممەد، جەمال نەبەز، کاژیک و پاسۆکی لەسەر بوو و ئەوانە بنەمای پاشخانی فەرهەنگی و سیاسیی کاک حەکیم بوون. ئەو باوەڕی وابوو، بیری نەتەوەیی کورد، لە بیری نەتەوەیی نەتەوەکانی سەردەستە و ئەوانەی خودانی دەوڵەتن، جیاوازە، چون کورد سەربەخۆ نییە. من دەمگوت: "مادام نەتەوەکانی دەوروبەری کوردستان، خودانی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیانن و دەستبەرداری دەوڵەتی نەتەوەیی نابن، کوردستانیش مافی خۆیەتی و دەبێ خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، بۆ هەموو دانیشتووانی کوردستان، لێ گەیشتن بە وەها ئامانجێک بە بزاڤێکی نیشتمانیی کوردستانی، خاوەنی تیۆری و تێزێکی شۆڕشگێڕانەی رادیکالی نیشتمانپەروەرانەی یەکسانیخواز و پارێزەری چینە ستەمدیدەکان و بەرژەوەندەکانی ئەوان، گەلێک واقیعبینانەترە، لەوەی مرۆڤ تەنێ باس لە کوردبوون و نەتەوایەتییەکی بێ هیچ بنەما و فەلسەفە و تیۆرییەک بکات". 

من ئەودەم و ئێستاش پێموایە ئەو بیرە نەتەوەییەی کاژیک و پاسۆک باسیان لێوە دەکرد، تەنیا کوردایەتی و کوردەواری و کوردبوون، چەقی بیروڕا و قسەکانیان بوو، ئیدی بێ داڕشتنی چوارچێوەیەک یا تیۆریزەکردنی ئەو بیرە لە بەرنامەیەکی هەمەلایەنە و فرەڕەهەنددا. بە من هەموو بیرکردنەوە نەتەوەییەکان، لە دیرۆکی هەموو مرۆڤایەتیدا، کە بۆ خۆیشیان مێژوویەکی گەلێ کۆن و درێژیان نییە، هەر رەنگ و دەنگێکیان هەبێت، لە کۆتاییدا و کاتێک دەبنە دەسەڵات و هێز و هەژموون، ئیدی هەڵگری یەک پەیامن و هەموویان ئاو بە یەک ئاسیاودا دەکەن. کاک حەکیم وای بۆ نەدەچوو و ئەو جیاوازییەشمان هەرگیز لەیەکدی دووری نەدەخستینەوە و بە کەرکووک و خورمایەکەوە یەکدیمان دەگرتەوە و چەند نوکتە و قسەیەکی خۆش و مەزەداری "حاجی خەلیل"یشمان، حاجی خەلیلی کاکەوەیس، مامی کاک حەکیم، بەسەردا دەکردن، ئیدی کەشێکی پڕ پێکەنین و گەش و خۆشی بەسەرماندا زاڵ دەبوو و بۆ ساتێک مەستی دەکردین.   

ئەو هویرە نەتەوەییە خەستە، گەلێ جار وای لە کاک حەکیم دەکرد، کە سیاسییەکی کوردی دەستکردی بیانی، کۆنەجاش و ناپاک، کە زۆرترینی تەمەنی خۆی لە خراپەدا لەهەمبەر کورد و کوردستان و لە خزمەتی نەیارانی کورددا گوزەراندووە، لەبەر ئەوەی لە ساتێکدا، دەماری کوردبوونی رەپ دەبێت و گوتارێک یا کتێبێک دەنووسێت و رەخنە لە نووسەرێکی نەتەوەیی عەرەب دەگرێت، کە شتێکی ناپەسەندی لەمەڕ کوردەوە نووسیوە، لێ دەبووە پیاوچاک و کوردێکی ساف و بێگەرد و عەیار 24، تەنێ لەبەر ئەوەی جارێک لە جاران"لە پلکەی تسیوە" و بۆ چەواشەکردنی نەتەوەکەی، قسەیەکی نەتەوەییانەی کردووە یا نووسیوە، ئیدی هەموو ئەو خراپەکاری و ناپاکییەی، لەهەمبەر کورد و کوردستانەوەی کردووە، لای کاک حەکیم دەسڕایەوە و هیچ گوناە و تاوانێکی نەدەمان، تەنێ لەبەر ئەوەی لەو ساتەدا، ئەو سیاسییە کوردە، نەتەوەییانە بیری کردووەتەوە و نووسیویەتی. 

جاری وا بووە، سەرکردەیەکی مرۆڤکوژی، بێجگە لە خۆی و خەڵکی شارەکەی خۆی، کەس بە کورد نەزانێ، لێ دەبووە پێشەنگی هەژاران و چەوساوان، تەنێ لەبەر ئەوەی جلکێکی سادەی بێ کەشوفشی لەبەر کردووە. یا جارنا قەڵەم بەدەستێکی کەللەپووچی، مێشک بەتاڵی، چەواشەکاری، لەمیش و مشەخۆری، تەنێ لەبەر ئەوەی بڕێک نەتەوەییانە دەپەیڤێ، لێ دەبووە خەباتکار و تێکۆشەری مەیدانی رزگاریی کورد و کوردستان. دەمەوێ بڵێم گەلێ جار، تەنێ تاکە هەڵوێستێکی بچووکی کەمبایەخی نەتەوەییانە، لەکن کەسێک، نووسەرێک، سیاسییەک، چالاکڤانێک، ئیدی خۆفرۆش و پاشەڵپیسیش بووبێت یا مرۆڤکوژ و تەوربەدەست، یا پێداهەڵدان بە بەژنی نەتەوەدا، ساتێک یا تاکە جارێک، لەلایەن تەنانەت کەسێکی چرووک و بەرژەوەندخواز و خۆپەرست و خۆویستەوە، لەکن کاک حەکیم و کەسانێکی نەتەوەیی و ئەوانەی خۆیان لە بازنەی ئەو فێرگەیەدا دەدۆزییەوە، دەبووە جێ سەرنج و پێداهەڵدان و مایەی سەرسامبوون و رووی دێزە و پۆخڵی ئەوانیان سپی دەکردنەوە. ئەو هەڵوێست و لێکدانەوە تیژپەڕ و سەرپێییە، گەلێ جاران، هەموو کاغەزەکانی لەکن کاک حەکیم و ئەوانەی سەر بەو فێرگە نەتەوەییە بوون، تێکەڵ دەکرد و هەموو سمێڵ سوورێکیان لێ دەبووە هەمزەئاغا. فرەجاران، کە باسی بابەتێکی لەو جۆرە دەکەوتە نێوانمانەوە یا ناوی کەسێک لەوانە دەهاتە گۆڕێ، دەمگوت:" بە خوا رقم لێیەتی..". ئەو لە دەسپێکدا بڕێک، ئەو بەخوا رقم لێیەتییەی منی، پێ گران بوو، لێ بە تێپەڕبوونی کات، وایلێهات، کە من دەمگوت: "بەخوا رقم لێیەتی"، ئەویش دەسبەجێ بە دووی مندا دەیگوت: "بەخوا منیش رقم لێیەتی..". 

ئەو بیرکردنەوە نەتەوەییەی کاک حەکیم و زۆرێک لەوانەی هاوبیرانی، خەیاڵ و وەهمێکی وای لەکن ئافراندبوون و ئافراندوون، کە وەدووی زەردەشت و زەردەشتیەتی و زەردەشتیبوون و ئەو تێزەدا، وەک ئایین و مێژووی کورد، بگەڕێن. گەلێ جار ئەو باسە دەهاتە نێوانمانەوە و ئەو بە باسی زەردەشت و ئایینەکەی سەرسام بوو و مێژووی کوردی، بەو ئایینەوە گرێدەدا و پێیشیوابوو، دەشێ کورد بگەڕێتەوە بۆ ئەو پاشخانەی خۆی. من هەرگیز لەگەڵ ئەو بیرکردنەوەیەدا نەبووم و زەردەشت و زەردەشتیبوونیشم بۆ کورد، وەک زیندووکردنەوەی مردوو دەهاتە پێش چاو و زەردەشتیشم هەرگیز نە بە کورد زانیوە و نە دەیشیزانم، چونکە ئەگەر زەردەشت کورد بووایە و زەردەشتی ئایینێکی کوردی بووایە، ئێستا ئەویش وەک ئێزدیایەتی و یارسانی، ئایینی پاژێکی خەڵکی کورد دەبوو و هەر هیچ نەبێت بڕێک لە کورد، ئێستا زەردەشتی دەبوون. خەڵک ئازادە لەوەی چ ئایینێک پەیڕەو دەکات و دەپەرستێ، لێ ئەوەی ئێستا لەنێو کورددا باسی زەردەشت و ئایینی زەردەشتی دەکات و پەرستگە و رێکخراوی زەردەشتییانە دەکاتەوە و دادەمەزرێنێ و زەردەشتیەتی پەخش دەکات، بێجگە لە هاندان و دەستێک زیاتر، بێجگە لە کارێکی مژدەدەرانە زیاتر، بێجگە لە دووکان و فرۆشگەیەک زیاتر، کە لە پشتەوەی مەبەستێکی سیاسی هەیە، من هەرگیز ناتوانم وەک خۆرسک و بارێکی سرووشتیی هەڵقوڵایی جڤاکی کوردستانی وەرگرم. لە گرنگیدان بە زەردەشت و زەردەشتیەتی، کاک حەکیم ناوی یەکێک لە کوڕەکانی نا"زەروان"، بەمن ناوێکی خۆش بوو و لێم پرسی: "زەروان چییە و لە کوێوە هاتووە؟". دەیگوت: "زەروان.......زەردەشتە"، واتە: زەروان، کەسێکی زەردەشتە، ئێستا من لە یادم نەماوە کێی زەردەشت، بەڵام ئیدی وەک ئەو دەیگوت، مامی، لالەی، باپیری، نازانم شتێکی لەو جۆرەی زەردەشتە یا پێوەندێکی بە زەردەشتەوە هەیە! لێ من ئەوەم دەزانی، کە ئاواییەک لە دەوروبەری رواندز بە ناوی"زەروان" هەیە. 

کە لە نەخۆشخانەکەی کاک ئازاد موستەفای لێبوو، لەگەڵ کاک حەکیم و کاک ئازاددا، رۆژانە یەکدیمان دەدیت، جارێکی کاک حەکیم باسی وەرگێڕانی نووسینە عەرەبییەکانی مەسعود موحەممەدی هێنایە گۆڕی، کە بەڕاستی کاک ئازاد و منیش بۆخۆم، گەلێک پێمان باش بوو و بە پرۆژە و کارێکی زۆر نایاب و سوودبەخش هاتە بەرچاومان. کاک ئازاد، گوتی: "ئێوە هەردووکتان دەتوانن پێکەوە وەها کارێک بکەن و گومانیشم نییە باشی دەکەن و سەرکەوتوو دەبن". من دەمزانی کاک حەکیم عەرەبییەکی تا بڵێی جوان دەزانێت و دەتوانێت نەک وەرگێڕان، بەڵکە بۆخۆی کتێبیشی پێ بنووسێت، لێ من ئەو توانستەم لە خۆمدا وەدی نەدەکرد و پێم ئاسان نەبوو و داوای لێبوردنم کرد و گوتم: "عەرەبییەکەی مەسعود موحەممەد، عەرەب بۆخۆیان لێی تێناگەن، منێکی هەژار کوا ئەوەم پێ دەکرێ! هەرگیز خۆم ناخەمە ژێر ئەو بارەوە". من دەمزانی کاک حەکیم، عەرەبیزانێکی زۆر شارەزا و توانایە و دەمزانی کارێکی وا، مەگەر هەر بەو بکرێ.  کاک حەکیم، شانی دایە ژێری و مەسعود موحەممەدە عەرەبییەکانی، هەموو، کردنە کوردی و چ کوردییەکیش، بەڕاستی تۆ کە دەیانخوێنییەوە، هەر وا دەزانیت مەسعود موحەممەد بۆخۆی بە کوردی بەو جۆرەی نووسیوە.

کاک حەکیم، کوردیزانێکی توانا بوو، رووبارێک بوو لە دەربڕینی سفت و بەهێز و کوردانە و زەریایەک بوو لە وشەی جوان. هەرگیز بۆ وشە دانەدەما و وشە وەک تاوەبارانی بەهارێ، بە سەریدا دەبارین و ئەو لەژێر بارانی وشەدا خەنی دەبوو و دەیچڕین و ناوازەترینیانی هەڵدبژارد و گوڵڕستەی لێ دەکردن بە تاجەگوڵینە و بەرامەی خۆشی بۆ تۆ و بۆ من و بۆ خوێنەر دەبەخشییەوە. 

خەیاڵێکی تا هزر بڕ بکات، فراوان و بەرینی هەبوو و چیرۆکی لێ دەچۆڕا، رۆمانی لێ شین دەبوو. کەسەکانی نێو چیرۆک و رۆمانەکانی کاک حەکیم، بۆخۆیان وەدووی کاک حەکیمدا دەگەڕان و دەیاندواند و لێیان دەپرسی و بە گوێیدا دەیانچرپاند و خەویان لێ دەزڕاند، بۆ ئەوەی بیانهێنێتە زمان و نەستیان بخوێنێتەوە و دواتریش گوێ بۆ دەردەدڵ و رازەکانیان شل کات. کەسەکانی ئەو، کەسە نزیکەکانی خۆی و تۆ و من بوون و ئەوانەن ئێمە رۆژانە دەیانبینین و دەیانناسین و زۆرجارانیش ئێمە خۆمانین. ئەو پاشخان و گیانە گوندی و دەشتەکییەی کاک حەکیم، لەتەک هەموو دەربڕین و دەستەواژەیەک یا وشەیەکی بەکاری دەهێنان، تێکەڵ دەبوون و  رەسەنایەتییان بە داهێنانەکانی دەبەخشی. کاک حەکیم، گەلێک چالاک بوو، دەیخوێندەوە، دەینووسی، بەردەوام دەینووسی. هەرگیز کاتی بە فیڕۆ نەدەدا و تەنانەت بەو باری نەخۆشییەیشییەوە، هەرگیز وچانی نەدەدا و هەمیشە شتێکی نوێی هەبوو و هەمیشە ئاوڕی لە باسوخواس و بابەتێک دەدایەوە. وەرگێڕانەکانی، هیچیان لە نووسینەکانی خۆی کەمتر نین، ئەوانیش شاکارن و رەنگینترین وشەی بەبەردا کردوون و هەر دەڵێی بۆ خۆی ئەو رۆمانانەی نووسیون. تاکە کارێکی هاوبەشی کاک حەکیم و من دیداری "ئەوەی نابێ بگوترێ، دەبێ بگوترێ"ی، پرسیارەکانی ئەو و وەڵامەکانی منن. کە "تەونی جاڵجاڵۆکە"کەیشی بڵاوبووەوە، رانانێکم بۆ کرد.

کاک حەکیم، پیاوێکی خاکەرای دەستپاکی سەربەرزی ئەو کوردستانە بوو. ئەو هەرگیز هێندەی رێزەیەک گیانی لەخۆباییبوون و لووتبەرزیی تێدا نەبوو، سەرباری هەموو سەختی ژیان و باری ئابووری و ناساغی و ناتەندروستی خۆی، هەمیشە سەربەرزانە دەژیا و بۆ جارێکیش گازندەی لە بەختی خۆی نەدەکرد. لە تەواوی ئەو 34 ساڵەی کاک حەکیمم ناسی و دۆستایەتیم لەگەڵدا هەبوو، لە نێزیکەوە ئاگام لە وێستگەکانی ژیانی ستۆکهۆڵم و یەڤلە و دارەتوو و حەساری بوو و دەمزانی چەندە دەستکورت و نەدارە، بەڵام دەشمزانی هێندەی کەژێک خۆڕاگرە و هەرگیز ناچەمێتەوە. کاک حەکیم، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی، مانەندی ئەو لەشکرە بە ناو "رووناکبیر" و "نووسەر"انەی لەنێو پارەوپووڵدا مەلە دەکەن و لەسەر خوانی حیزب و دەسەڵات دەلەوڕین، وەها کارێک بکات و ئەویش بۆ خۆی هەمیشە بوخچەی پڕ و خۆشگوزەران بژی، لێ ئەو پێچەوانەی ئەوان رەوتاری دەکرد، ئەو هەرگیز ئامادەی سەرنەویکردن نەبوو، ئەو ئامادەی ملکەچبوون بۆ هیچ جۆرە چێژێکی ماددە و سامان و پاشکۆکانیان نەبوو. ئەو سەربەرزانە، پشتڕاستانە، بێمنەتانە ژیا و مرد.

حەکیم کاکەوەیس، پاژێک بوو لە ئاگایی و ویژدانی نەتەوەی کورد. ئەو خەمی نەتەوە و خاک و نیشتمانەکەی، هەمیشە وەک کۆڵەپشتێک بە کۆڵەوە بوو و بۆ ساتێکیش کوردستان و کوردی فەرامۆش نەدەکردن. ئەو زوو بەجێیهێشتین، هێشتا مابووی، زۆری پێ بوون، کە هێشتا نەیگوتبوون، چیرۆک، رۆمان، پەخشان، وەرگێڕان و داهێنانی زیاتری مابوون. ئەو کوردستانیانە دەخەونی، هێز نەبوو خەونەکانی لەبیر بباتەوە و ناچاری دەستبەرداربوونیان بێت، مەرگ نەبێ. مەرگ خەون و گەیشتن بە ئامانج و مەبەست نازانێت، مەرگ لێنەگەڕا و ئەو و خەونەکانی و ئەو و ئێمەی لەیەکتر دابڕی و دوورخستەوە. داهێنان و کارەکانی ئەو هەمیشە بە زیندوویی دەمێننەوە و چرۆ دەکەن، گوڵی نوێ دەپشکوون و گوڵستانێک، بۆن و بەرامەی خۆش دەبەخشنەوە.