ئابووریی ئیسرائیل لە درێژەکێشانی شەڕدا
لە بەیانییەکی سێشەممە لە کۆتایی شوباتی 2026دا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە سەرانسەری تەلئەڤیڤ لێدرا کاتێک یەکەم هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل گەیشتنە ئاسمانی ئێران. تاوەکو کاتی ئاوابوونی خۆر، بەرپرسانی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل لە پشت مێزەکانیان خەریکی لێکدانەوەیەکی زۆر جیاوازبوون: نەک لەبارەی ئەندازەی هێرشەکان یان رێژەی بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکان، بەڵکو خەریکی تۆمارێکی گەورەی زیانە ئابوورییەکان بوون. وەڵامەکەی ئەوان، کە لە 4ی ئاداردا بڵاوکرایەوە، 9.4 ملیار شیکڵ بوو کە یەکسانە بە 3 ملیار دۆلار بۆ هەر حەوت رۆژ کە ئیسرائیل لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیی ناوخۆییدا بمێنێتەوە. نەک بۆ هەر مانگێک، بەڵکو بۆ هەر هەفتەیەک.
ئەمە جۆرە ژمارەیەکە کە مرۆڤ دەخاتە بیرکردنەوەی قووڵەوە. وەزارەتی دارایی راستەوخۆ نامەی بۆ فەرماندەیی بەرەی ناوخۆ نووسی و داوایکرد رێکارە مەدەنییەکان کەم بکرێنەوە. نامەکە ئاماژەی بەوەدەکرد کە ئابووری وڵات ناکرێت بۆ ماوەیەکی نادیار لەنێو پەناگەی دژە بۆمبەوە بەڕێوەبچێت.
بۆ تێگەیشتن لە واتای راستەقینەی ئەو سێ ملیار دۆلار هەفتانەیە، دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ دواوە و لەنێو چیرۆکێکی زۆر درێژتر و گرانتردا بیخوێنیتەوە، چیرۆکێک کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە دەست پێدەکات و، بەنێو وێرانکارییەکانی غەززەدا تێدەپەڕێت، لە حوزەیرانی رابردوودا دەگاتە لووتکەیەکی تووندی 12 رۆژەی جەنگی ئاسمانی لەگەڵ ئێران و، ئێستا لە نوێترین بەشی دا دەکرێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ کاتێک بۆ کۆتایی هاتنی دیاربێت.
کاتێک حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشیکرد، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی GDP ئیسرائیل لەو چارەکەدا بە رێژەی 21.7% دابەزی، ئەوەش تووندترین پاشەکشەی چارەکییە لە مێژووی نوێی ئیسرائیل دا. هەڵبەت هێندە کاتی نەخایەند تاوەکو ئابووری ئیسرائیل خۆی راستبکاتەوە. چارەکی دواتر، واتە چارەکی یەکەمی 2024، ئابووری ئیسرائیل بەشێکی زۆری دابەزینەکانی قەرەبووکردەوەو بە رێژەی 14.1% گەشەی کرد. هۆکاری ئەو بووژانەوەیە بازدانی 26%ی قەبارەی بەکاربردن بوو لەلایەن کەرتی تایبەتەوە، هەروەها بەرزبوونەوەی وەبەرهێنان بوو بەڕێژەی 49%ی لەو ماوەیەدا. ئەم ماوەیە لە ئابووری ئیسرائیل بە جووڵەی "سپرینگ ئاسا" ناوزەدکرا کە رووبەڕووی پاشەکشەی خێرا بووەتەوە و بەرەو هەڵسانەوەی خێرا چووە.
راستە گەشەی ئابووری گەڕایەوە، بەڵام ژمارە گشتییەکان هەڵخەڵەتێنەرن. لەژێرەوە باری قورسی دارایی شەڕی غەززە خەریکی هەڵمژینی سەرچاوە داراییەکانی ئیسرائیل بوو. بودجەی بەرگری لە 19.23 ملیار دۆلارەوە لە ساڵی 2023 بۆ 31.74 ملیار دۆلار لە 2024 بەرزبووەوە، واتە 87% زیادبوون لە تەنیا یەک ساڵ دا. بودجەی بەرگری ئیسرائیل هێشتا لە 2025 دا زیاتر بەرزبووەوە بۆ 37.83 ملیار دۆلار. تەنیا لە ساڵی یەکەم دا 300,000 سەربازی یەدەگ بانگهێشتکران، کە تێچووی هەر یەکێکیان مانگانە نزیکەی 16هەزار دۆلار بوو. کرێکارە فەلەستینییەکان، کە یەک لەسەر سێی پیشەسازی بیناسازی ئیسرائیلیان پێکدەهێنا، لە یەک شەودا لە شوێنی کارەکانیان دیار نەمان. وەزارەتی دارایی دواتر هەژماری کرد کە تەنیا تێچووی هەفتانەی سەربازانی یەدەگ گەیشتووەتە 211 ملیۆن دۆلار.
تاوەکو کاتی گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە لە تشرینی یەکەمی 2025، زیانە کەڵەکەبووەکان سەرسوڕهێنەر بوون. راپۆرتی ساڵانەی بانکی ناوەندیی ئیسرائیل، کە تەنیا دوو رۆژ لەمەوبەر لە 23ی ئازاردا بڵاوکرایەوە، بە راشکاوی ئاشکرای کرد گەشەی ئابوووری بەڕیژەی 8.6٪ دابەزیوە بەراورد بە گەشەی ئابووری پێش دەستپێکی شەڕ. واتە کورتهێنانێکی نزیکەی 47 ملیار دۆلاری. کۆی تێچووی شەڕ، بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و مووچەی سەربازانی یەدەگ و قەرەبووی هاووڵاتیانی زیانلێکەتووەوە، گەیشتووەتە 68 ملیار دۆلار. کورتهێنانی بودجە کە پێش شەڕ تەنیا 0.6% بوو، لە ساڵی 2024دا گەیشتە 6.8%ی کۆبەرهەمی ناوخۆیی. قەرزی گشتی لە 60%ی کۆبەرهەمی ناوخۆییەوە بۆ 68.5% لە کۆتایی 2025 بەرزبووەوە. سێ ئاژانسی پۆلێنی متمانەی دارایی ، Fitch، Moody's و S&P خەمڵاندنی خۆیان لەسەر متمانە بە قەرزەکانی حکومەتی ئیسرائیل دابەزاند.
هیچ کام لەمانە ئیسرائیلی نەڕووخاند. سیاسەتی ئابووریی ئیسرائیل لەماوەی دوو دەیەدا پێکهاتەیەکی دارایی بەهێز و خۆراگری دروستکردبوو. بەپێی پڕۆژەی "تێچووی شەڕ" کە لێکۆڵینەوەیەکی زانکۆی (براون)ـە، دەرکردنی قەواڵەی دارایی فریاگوزاری کە لە 2024دا 75 ملیار دۆلاری تێپەڕاند و کۆکردنەوەی باجی 15%ی کتوپڕ لەسەر قازانجی بانکەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی وەبەرهێنان و 21.7 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی ئەمریکا لەنێوان تشرینی یەکەمی 2023 و ئەیلوولی 2025، کۆڵەکەی سەرەکی ئەو پێکهاتە داراییە بەهێزەبوون.
13ی حوزەیرانی 2025، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شێری هەستاو"ی دەستپێکرد، هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ژێرخانی ئەتۆمی و سەربازی ئێران. ئێران بە زیاتر لە 590 مووشەکی بالیستی و زیاتر لە 1,000 درۆن وەڵامی دایەوە. 12 رۆژ دواتر، ئاگربەست راگەیێندرا. تێچووەکەی نزیکەی 6.5 ملیار دۆلار خەرجی سەربازی راستەوخۆ بوو، واتە 542 ملیۆن دۆلار بۆ هەر رۆژێک. ئەمەش پێنج هێندەی تێکڕای شەڕی غەززە بوو.
پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتمانی (INSS) رایگەیاند تەنیا لە دوو رۆژی یەکەم دا، تێچووە ئەمنییە راستەوخۆکان لەنێوانیاندا کاتەکانی فڕین، تەقەمەنی، یەدەگە بانگهێشتکراوەکان گەیشتە 1.76 ملیار دۆلار. بانکی JPMorgan شەڕی 12 رۆژی بە "خاوبوونەوەیەکی کاتی" لە ئابووری ئیسرائیل ناوزەدکرد. بانکەکە راستی کرد، پێش ئەوە کاریگەرییە نەرێنییە تووندەکان لەسەر ئابووری ئیسرائیل دەرکەون، ئاگربەست راگەیێندرا. لە چارەکی دووەمی 2025دا گەشەی ئابووری ئیسرائیل نزیکەی 1% کەمیکرد، بەڵام ئابووری ئیسرائیل دووبارە هەستایەوەو گەشەی ساڵانەی ئابووری لە 2025 بەرزبووەوە بۆ 2.9%.
ناسم عەبدولکەریم، پرۆفیسۆری ئابووری لە زانکۆی ئەمریکی ئەوکات هۆشداریدا "ئەوەی ئیسرائیل لە دوو ساڵدا لە غەززە لەدەستیدا، ئەگەر شەڕەکە زیاتر لە 12 رۆژی خایاندبووایە لە دوو مانگدا لەدەستی دەدا"، بەوپێێەش شەڕی 12 رۆژی زیاتر لەوەی کە سەرکەوتن بێت بۆ ئیسرائیل تاقیکردنەوەیەک بوو بۆ بەرگەگرتن.
28ی شوباتی 2026. شەڕی 2026ی ئێران بە کوشتنی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی دەستیپێکرد و هەڵمەتێکی وەڵامدانەوەی سەرتاسەری ئێرانی بەدواداهات کە تەنگەی هورمزی وەک چەکێکی ئابووری کێشایە نێو شەڕەکەوە. شەڕی ئەم جارە، شەڕی 12 رۆژی نییە. تەنانەت شەڕی غەززەش نییە، شتێکی تەواو جیاوازە.
تەنیا قەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان لەبەرچاو بگرن. رۆژنامەی Jerusalem Post ئاشکرایکردووە هێزەکانی ئیسرائیل رۆژانە نزیکەی 1,000 کەرەستەی جەنگی بەکاردەهێنن و نزیکەی 150 فڕۆکە بە ئاسمانی ئێران دا دەفڕن. سوپای ئیسرائیل خەمڵاندوویەتی کە هێزەکانی بەرگری تەنیا لە 15 رۆژی یەکەمدا نزیکەی 6.41 ملیار دۆلاریان خەرجکردووە کە هاوتایە بە کۆی تێچووی شەڕی 12 رۆژییەکە. بودجەی بەرگری حکومەت لە 35.9 ملیار دۆلارەوە بۆ 56.7 ملیار دۆلار بەرزکرایەوە، واتە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیادی کردووە.
هاووڵاتیانی ئیسرائیل دەستبەجێ هەستیان بەو بارە قورسە داراییە کردووە. سنوورداکردنی گەشت و جووڵەی هاووڵاتییان، داخرانی قوتابخانەکان و بەشێکی زۆری چالاکییە بازرگانییەکان بەپێی وەزارەتی دارایی ئیسرائیل، زیانی هەفتانەی وەزارەتی دارایی 3 ملیار دۆلاری لە ئابووری داوە.
شۆکی ئابووری گەورە (Macroeconomic) سەرسوڕهێنەرە. لە کانوونی دووەمی 2026دا، بانکی ئیسرائیل پێشبینیی گەشەی ساڵانەی 5.2%ی کرد کە بووژانەوەیەکی چاوەڕوانکراو بوو دوای دوو ساڵ شەڕ. سندوقی نێودەوڵەتی دراو (IMF) پێشبینی 4.8%ی دەکرد. کۆمپانیای Allianz Trade، 3.5% و JPMorgan، گەشەی 5% ـی بۆ چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ کرد، بەڵام لە سەرەتای ئادار، JPMorgan پێشبینی چارەکی یەکەمی بۆ 1% کەمکردەوە. جیاوازی نێوان ئەو دوو ژمارەیە بریتییە لە تێچووی هەفتەکانی یەکەمی شەڕ.
سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل بە ئاشکرا پشتڕاستیکردەوە کە شەڕەکە لە قۆناخی سەرەتایدا 2.86 ملیار دۆلار تێچووی هەبووە. شرۆڤە سەربەخۆکانی رۆژنامەکانی Calcalist و Jerusalem Post ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆی تێچووی شەڕ دەکرێت بگاتە 16 ملیار دۆلار بەپێی ئەوکاتەی کە رەنگە بخایێنێت. بەپێی خێرایی ئێستا، رەنگە ئەم خەمڵاندنە زۆر کەم بێت. سندوقی نێودەوڵەتی دراو پێش ئەوەی یەک بۆمب لەم شەڕە نوێیەدا بهاوێژرێت، هۆشداری دابوو کە "بەبێ چاکسازی زیاتر، قەرزی گشتی بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە". قسەکانی (یارۆن)، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئیسرائیل لە 23ی ئاداردا ئاماژەیەکن بۆ هەستیاربوونی باری دارایی ئیسرائیل ئەگەر شەڕەکە زیاتر درێژە بکێشێت.
ژمارەیەک هەیە کە لە هیچ کام لە هەڵسەنگاندنەکانی تێچووی هەفتانەی وەزارەتی دارایی یان پێشبینییەکانی بانکی ناوەندیی ئیسرائیل دا دەرناکەوێت، بەڵام بەردەام ئەو دامەزراوانە بەبیری خۆیانی دەهێننەوە. لە ساڵی 1973دا، دوای شەڕی یۆم کیپور، ئیسرائیل کەوتە نێو 10 ساڵ لە سستی ئابووریی، هەڵاوسانی یەکجار بەرز، وەستانی گەشە و نزیکبوونەوە لە داڕمانی ئاستی بژێوی. ئەو دەرەنجامە بەرهەمی ئابوورییەک بوو کە کەمتر هەمەچەشن بوو و زیاتر لە مەترسیدا بوو بەراورد بە دۆخی ئابووری ئەمڕۆی ئیسرائیل. ئەمە ئەو ئەنجامەیە کە هەموو شارەزایەکی ئابووری وەک خراپترین سیناریۆ لەبەرچاوی دەگرێت.
68 ملیار دۆلار تێچووی شەڕی غەززە بوو، دوو هێندەبوونی بودجەی بەرگری و، کێشانەوەی 300,000 سەربازی یەدەگ لە بازاڕی کاردا نەبووەتە هۆکار بۆ ئەوەی ئیسرائیل تووشی قەیرانی دارایی ببێت. بازاڕی قەواڵە داراییەکانیش هێشتا کڕیاری زۆرە. شیکڵ، دراوی نیشتمانی ئیسرائیل لە ساڵی 2025دا 15% بەهێزبووە. پلەی متمانەی دارایی دوای سێ جار دابەزین، هێشتا جێگیرە. بەڵام هەڵسەنگاندنی شوباتی 2026ی سندوقی نێودەوڵەتی دراو راشکاوانەیە: قەرزی گشتی بەردەوام دەبێت لە بەرزبوونەوە ئەگەر چاکسازی دارایی نەکرێت. پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئیسرائیل دوو رۆژ لەمەوبەر دەستەواژەی هەستیاری بۆ دۆخی دارایی بەکارهێنا. کۆمپانیای راوێژکاری Capital Economics لە 9ی ئاداردا هۆشداریدا کە شەڕێکی درێژخایەن دەکرێت نرخی نەوتی برێنت بۆ 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بکاتەوە، کە ئەوە خاڵێکە زیان بەهەموو ئابووری جیهان لە نێوانیاندا ئیسرائیل دەگەیێنێت.
شەڕی 2026ی ئێران بەهەبوونی زیانی هەفتانەی 3 ملیار دۆلار، مانگانە 12 بۆ 13 ملیار دۆلار تێچوو دەخاتە سەر دەستی حکومەت و لە ئەگەری درێژەکێشانی بۆ ماوەی 3 مانگ بەو پێوەرە، تێچووەکەی لە کۆی تێچووی یەک ساڵی شەڕی غەززە زیاتر دەبێت. بە پێچەوانەی شەڕی غەززەوە کە زیانەکانی شەڕ دوولایەنەو سنوورداربوون، شەڕی 2026 بووەتە هۆی شۆکێکی گەورە لە بازاڕی وزەی جیهان دا. داخرانی تەنگەی هورمز و ئەگەری بەرزبوونەوەی هەڵاوسان، توانای بانکیی ئیسرائیل سنووردار دەکات بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود و پاراستنی ئابووری ناوخۆ، کە ئابووری ئیسرائیل زۆر پێویستی بەوەیە و بەدرێژکێشانی شەڕ ناتوانێ بیکات.