40 ساڵ دوای چۆرنۆبیل؛ ئەو تەقینەوەیەی کۆتایی نەهاتووە
بەرەبەیانی 26ی نیسانی 1986، دوو تەقینەوە ریاکتەری چوارەمی وێستگەی ئەتۆمیی چۆرنۆبیلیان لە ئۆکراینا لەنێوبرد. ریاکتەرەکە بە تەواوی وێران بوو. بەگوێرەی زانایان، کۆی بڵاوبوونەوەی تیشکی رادیۆئەکتیڤ 30 هێندەی بۆمبە ئەتۆمییەکەی هێرۆشیما بوو. هەورێک لە تۆزی رادیۆئەکتیڤ بەسەر ئەوروپادا بڵاوبووەوە.
بەڵام تەقینەوە سەرەکییەکەی ئەو شەوە، تەقینەوەی ریاکتەرەکە نەبوو. تەقینەوە سەرەکییەکە درۆ بوو.
بۆ دوو رۆژ، جیهان هیچی لەبارەی کارەساتەکەوە نەدەزانی. یەکەم زەنگی ئاگادارکردنەوە لەلایەن دەوڵەتی سۆڤیەتەوە لێنەدرا، بەڵکو لەلایەن ئامێرەکانی پشکنینی تاقیگە ئەتۆمییەکانی سکاندەنەیڤیاوو بوو، کە خۆیان تیشکە بیانییەکەیان دەستنیشان کرد و بەمەش مۆسکۆیان ناچار کرد دان بە راستییەکاندا بنێت. تەنیا کاتێک بێدەنگی چیدیکە ئەستەم بوو، تەلەڤیزیۆنی ناوەندیی سۆڤیەت چوار رستەی وشکی پێشکێشی جیهان کرد — بێ هیچ ئاماژەیەک بە ئاستی مەترسییەکە، بێ ناوهێنانی قەبارەی بڵاوبوونەوەکە و بەبێ یەک ئامۆژگارییەک بۆ دایکان و پزیشکان.
لە 1ی ئایاری 1986، با بەرەو کیێڤ هەڵیکرد و ئاستی تیشکدانەوە لە پایتەختی کۆماری سۆسیالیستی سۆڤیەتی ئۆکراینادا بە خێرایی بەرزبووەوە. هەر لەو بەیانییەدا، دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت سەدان هەزار کەسیان - لەنێویاندا قوتابیانی قوتابخانەکان بە گوڵەوە - هێنایە سەر شەقامی سەرەکیی خرێشچاتیک بۆ نمایشی نەریتیی جەژنی کرێکاران. مۆسکۆ رەتیکردەوە نمایشەکە هەڵبوەشێنێتەوە. خەڵک لەژێر بارانێکی رادیۆئەکتیڤی نەبینراودا رێیان دەکرد تەنیا لەبەر یەک هۆکار: تاوەکو پروپاگەندەی سۆڤیەت بتوانێت بە جیهان بڵێت کە هیچ شتێکی مەترسیدار لە چۆرنۆبیل رووینەداوە.
یەکەم لێدوانی گشتیی سەرکردەی وڵات لە 18ـەمین رۆژی دوای تەقینەوەکە، لە 14ی ئایاردا بوو - پەیامێکی تەلەڤیزیۆنی لەلایەن میخائیل گۆرباچۆڤ، سکرتێری گشتیی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعیی یەکێتیی سۆڤیەتەوە. پەیامەکە هیچ داوای لێبووردنێکی تێدا نەبوو بۆ گەلەکەی خۆی. لەبری ئەوە، رەخنەیەکی پێچەوانەی تێدا بوو کە ئاراستەی رۆژئاوا کرابوو. رێگەم بدەن وشەکانی وەک خۆی بگێڕمەوە: "رووبەڕووی کێوێکی راستەقینە لە درۆ بووینەتەوە — بێ شەرمانە و بە مەبەستی خراپ..." چل ساڵ دواتر، هەمان ئەو دەستەواژەیە - ئێمە قوربانیی درۆی کەسێکی دیکەین، نەک سەرچاوەی درۆکە - لە هەموو کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی وەزارەتی دەرەوەی رووسیای ئەمڕۆدا دەبیسترێ. ئەمە رێکەوت نییە. ئەمە دەستی هەمان ئەو رژێمەیە کە لە دوو نەوەی جیاوازدا دەنووسێت.
هەر لەو مانگی ئایارەی ساڵی 1986دا، وەزارەتی تەندروستیی گشتیی یەکێتیی سۆڤیەت رێنماییەکی دەرکرد: لە دۆسیەی پزیشکیی ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەی ئاشکرای نەخۆشیی تیشکدانەوەیان هەبوو، پزیشکان دەبوو دەستنیشانی "خۆبەخۆیی دەمارە خوێنبەرەکان" بنووسن — کە دەستەواژەیەکی سۆڤیەتی بوو بۆ شاردنەوەی راستییەکان و بەکاردەهات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی گشتی پێی بگوترێت "دەروونی". خەڵک بەهۆی تیشکدانەوە دەمردن و تۆمارە پزیشکییەکانیان بوونی تیشکدانەوەیان رەتدەکردەوە. ئەمە کێشەیەکی کاتی نەبوو لە سیستمەکەدا. ئەمە سیستمەکە بوو؛ سیستمێک کە لەسەر بنەمای درۆ بنیات نرابوو.
هەمان شێوازی کارکردن - لە بەرەکانی جەنگی ئەمڕۆدا
یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی 1991 هەڵوەشایەوە - لەنێو هۆکارەکانی ئەو هەڵوەشانەوەیەدا، وەک مێژوونووسانی رووسیش ئێستا دانی پێدا دەنێن، خودی کارەساتی چۆرنۆبیل بوو. بەڵام شێوازی حکومڕانی کە تێیدا درۆ جێگەی ویژدانی دەوڵەت دەگرێتەوە، وەک میرات بۆ رژێمی دواتر مایەوە.
هەمان ئەو دەوڵەتەی کە لە ساڵی 1986 لە دۆسیەی پزیشکیی هاووڵاتییانیدا لەبری "نەخۆشیی تیشکدانەوە" نووسیبووی "خۆبەخۆیی دەمارە خوێنبەرەکان"، لە ساڵی 2014 بە جیهانی گوت "ئێمە لەوێ نین" سەبارەت بە کریمیا و لە شوباتی 2022 پێداگریی دەکرد کە "ئێمە هێرش ناکەینە سەر هیچ کەسێک" تەنیا چەند کاژێرێک پێش داگیرکردنی ئۆکراینا. هەر لە یەکەم رۆژی ئەو داگیرکارییەدا، هێزەکانی رووسیا کە لە خاکی بێلاڕووسەوە پێشڕەوییان دەکرد، ناوچەی قەدەخەکراوی چۆرنۆبیلیان گرت و کارمەندانی وێستگەکەیان بە بارمتە گرت. سەربازانی رووسیا لە دارستانی سووردا — یەکێک لە پیسبووترین پارچە زەوییەکانی سەر گۆی زەوی بە تیشکی رادیۆئەکتیڤ — خەندەقیان لێدا و بڕێک تیشکیان لێدا کە فەرماندەکانیان، هەروەک 40 ساڵ پێشتر، خۆیان ماندوو نەکردبوو بە ئاگادارکردنەوەیان. کاتێک لە ئاداری 2022 پاشەکشەیان کرد، هێزەکانی رووسیا 169 ئەندامی گاردی نیشتمانیی ئۆکراینایان رفاند کە پاسەوانیی وێستگەکەیان دەکرد، و بردیانن بۆ بێلاڕووس و پاشان بۆ رووسیا. هێشتا هەموویان نەگەڕاونەتەوە ماڵەوە.
لە شوباتی 2025، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری رووسیا لە (بەرگی سەلامەتیی نوێی سەروو) ریاکتەری وێرانکراوی 4ی دا - کە گەورەترین پێکهاتەی ئەندازیاریی جووڵاوە لە جیهاندا و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تەنیا بۆ یەک مەبەست دروستکراوە، ئەویش رێگریکردنە لە دووەم بڵاوبوونەوەی تیشکی رادیۆئەکتیڤ. پاشان وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا هەیە، کە گەورەترین وێستگەیە لە ئەورووپا و لە بەهاری 2022 لەلایەن رووسیاوە دەستی بەسەردا گیرا: بۆ یەکەمجار لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، وێستگەیەکی ئەتۆمیی کارا لە دەستی دەوڵەتێکی دووژمنکاردایە. مینڕێژکردنی چوارچێوەکە، تۆپبارانکردن لەنێو حەوشەی وێستگەکە، رفاندن و ئەشکەنجەدانی کرێکارە ئۆکراینییەکان. زستانی رابردوو، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی رووسیا بەسەر هەر سێ وێستگە ئەتۆمییە کاراکەی ئۆکراینادا دەسووڕانەوە و هەر جارەو ئەوروپایان دەخستە لێواری کارەساتێکی نوێوە.
بۆچی هەمان ئەم درۆیە ئێستا گەیشتووەتە عێراق
خوێنەری بەڕێزی عێراقی، رێگەم بدە زۆر راستەوخۆ قسەت لەگەڵ بکەم. هەمان ئەو شێوازە کارەی رووسیا لە درۆکردن کە لە ساڵی 1986 لەسەر قوتابیانی قوتابخانەکانی ئۆکراینا لە نمایشی جەژنی کرێکاراندا تاقیکرایەوە، ئەمڕۆ، لە ساڵی 2026، لەسەر کوڕە گەنجەکانتان تاقیدەکرێتەوە.
لە ماوەی رابردوودا، تۆڕەکانی ناونووسین کە پەیوەندییان بە فیدراسیۆنی رووسیاوە هەیە، بە شێوەیەکی بەرچاو چالاکتر بوون. لە رێگەی نێوەندگری ساختە، سۆشیاڵ میدیا و "بریکاری کاری" ساختەوە، بە گەنجانی عێراق "کاری ئەمنی"، "خزمەتگوزاریی تەکنیکی"، یان "گرێبەست لە رووسیا" پێشکێش دەکرێ — لەگەڵ بەڵێنی مووچەی باش، کارئاسانیی وەرگرتنی بەڵگەنامە و دۆخی کاری سەلامەت. گەنجان بە متمانەکردن بەو بەڵێنانە گەشت دەکەن بۆ رووسیا —خۆیان لە بەرەکانی پێشەوەی دڕندانەترین جەنگدا دەبیننەوە کە ئەورووپا لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە بەخۆیەوە بینیویەتی. بەبێ راهێنان. بەبێ زانینی زمان. زۆرجاریش، بەبێ رێگەی گەڕانەوە.
ئەمە هەمان ئەو دەوڵەتەیە کە رۆژێک فێری ئەوە بوو دایکانی ئۆکراینی رازی بکات کە "هیچ شتێکی مەترسیدار رووینەداوە." تەنیا ئێستا هەمان وشەکان، بە هەمان تۆن، بە هەمان شێواز، ئاراستەی دایکانی عێراقی دەکرێن. ئەو دایکەی کە کوڕێک دەنێژێت کە بە فێڵ بۆ جەنگی کەسێکی دیکە براوە و ئەو دایکەی کە رۆژێک کارمەندێکی چۆرنۆبیلی ناشتووە کە لە بڕوانامەی مردنەکەیدا بە درۆ نووسرابوو "خۆبەخۆیی دەمارە خوێنبەرەکان"، - بە مانایەکی ترسناک — هەمان دایکن و دووژمنەکەشیان هەمان دووژمنە.
هەڵوێستێکی حکومەتی عێراق کە هیوام پێدەبەخشێت
من بە ئەرکی پیشەیی و مرۆیی خۆمی دەزانم کە بە روونی بیڵێم: حکومەتی کۆماری عێراق نە ئەم کێشەیە دەشارێتەوە و نە بە کەمی سەیر دەکات. وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی ناوخۆ و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی دیکەی عێراق بەردەوام هاووڵاتییان لە مەترسییەکانی "پێشنیازی کار" بۆ رووسیا ئاگادار دەکەنەوە؛ لێکۆڵینەوە لە چالاکییەکانی نێوەندگرەکان و تۆڕەکانی دامەزراندن دەکەن و ئەوانەی کە بە فێڵ گەنجانی عێراقی رەوانەی جەنگێکی بیانی دەکەن، دەبەنە دادگا. ئەمە هەڵوێستی دەوڵەتێکی پێگەیشتوو و بەرپرسە کە ئاگاداری هاووڵاتییانی خۆیەتی. ئەمە رێک ئەو شتەیە کە دەسەڵاتدارانی سۆڤیەت لە ساڵی 1986 بۆ ئۆکراینییەکانیان نەکرد - کاتێک زانیارییەک کە دەیانتوانی ژیانێک رزگار بکات بە فەرمی قەدەخە بوو و ئەوانەی بەدوایدا دەگەڕان، دەکرا بەهۆی هەوڵەکەیانەوە سزا بدرێن.
ئۆکراینا پێشوازی لەم هەڵوێستە پرەنسیپییەی حکومەتی عێراق دەکات و بێ دوودڵی پشتیوانیی لێدەکات. ئێمە ئامادەین هەموو ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندایە لەسەر شێوازەکانی دامەزراندن لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانماندا هاوبەشیی پێبکەین، بۆ یارمەتیدان لە لێکۆڵینەوە لە کەیسە دیاریکراوەکان و یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی ئەو نێوەندگرانەی کە لە رێگەیانەوە دەزگا ئەمنییەکانی رووسیا یاری بە هەستی خێزانە عێراقییەکان دەکەن. هەر گەنجێکی عێراقی کە لە بەرەکانی جەنگ رزگار دەکرێ، سەرکەوتنێکی بچووکی راستیی هاوبەشی ئێمەیە بەسەر فێڵی مۆسکۆدا.
ئەوەی داوای دەکەم لە خوێنەرانی عێراقی
یەکەم: ئەگەر کەسێک لە خێزانەکەتان، لەنێو دراوسێکانتان، لە شوێنی کارەکەتان یان لە زانکۆکەتان "گرێبەست لە رووسیا"، "کاری ئەمنی"، یان "پارەی خێرا لە رێگەی مۆسکۆوە"ی پێشکێش کرا — رایبگرن. پێیان بڵێن چی بەسەر ئەوانەدا هاتووە کە پێشتر باوەڕیان بەوە کردووە. یەک شتی سادەیان بۆ روونبکەنەوە: هەرکەسێک ئەمڕۆ بەم بیانووەوە سواری فڕۆکە بێت بۆ مۆسکۆ، لە راستیدا گەشت بۆ رووسیا ناکات — بەڵکو گەشت دەکات بۆ بەرەی پێشەوەی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا و زۆر کەم لەوانە لەوێوە دەگەڕێنەوە.
دووەم: لەم بابەتەدا، متمانە بە دەوڵەتەکەی خۆتان بکەن. کاتێک پۆلیسی عێراق شێوازێکی دیکەی دامەزراندن ئاشکرا دەکات، کاتێک وەزارەتی ناوخۆ خێزانەکان ئاگادار دەکاتەوە، کاتێک دادگاکان نێوەندگرەکان سزا دەدەن — دەوڵەتەکەتان کارێکی گرنگ دەکات و ژیانی گەنجانی عێراقی رزگار دەکات.
سێیەم، چۆرنۆبیلتان لەبیر بێت، چونکە بیرکردنەوە لە چۆرنۆبیل ئەمڕۆ چیدیکە کارێکی ئەکادیمی نییە لە مێژووی وزەی ئەتۆمیدا. بەڵکو وریاییە بەرامبەر خودی ئەو درۆیەی لە ساڵی 1986 لە مۆسکۆ لەدایک بوو، لە ساڵی 2014 بە کریمیاوە تێپەڕی، لە ساڵی 2022 بە داگیرکاریی تەواوی ئۆکراینا تەقییەوە و ئێستا لە دەرگای ماڵەکانی ئێوە دەدات — لە رێگەی ریکلامی ساختەی "کار لە دەرەوە".