هەرێمی كوردستان چی جیاوازە لە ئەفغانستان؟!
لە سەرەتا دەمەوێت بڵێم ئەمریكا بۆ بەرژەوەندیی خۆی دەچێتە شوێنێک و لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیشی لێی دەكشێتەوە، چەمكەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی دەبێت خزمەتی پرۆژە ستراتیژییەكانی ئەو بكەن، خاتر خاترانێ و دۆستایەتی و هاوپەیمانی لای ئەو ناخوات ئەگەر دژی سیاسەتەکەی بوون.
ئایا ئەمریكا هەرێمی کوردستان بەجێدێڵێت؟
هەر لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای دەستی بەسەر ئەفغانستان دا گرت و 20 ساڵ تێیدا مایەوە و هەر لەپێناو ئەو بەرژەوەندییەش ئێستا لە ئەفغانستان كشایەوە، بەو شێوە دراماتیكییەی كە بینیمان. ئەمەش چەند راستییەكمان بۆ دیار دەخات:
1- مانەوەی زۆری ئەمریكا لە ناوچەیێک، مانای ئەوە نییە كە ئیدی تەواو پێبەندییە ئەخلاقی و سیاسی لەسەر فەرزكرا بۆ ئەوەی تاوەکو هەمیشە لەو شوێنە بمێنێتەوە و بیپارێزێت! نەخێر ئەمریكا بەو شێوە رۆمانسییە بیر ناكاتەوە، پراگماتیانە سیاسەتی دونیا بەڕێوەدەبات، دەریهێنا دەمێنێتەوە، دەرینەهێنا یەك چركە ناوەستێ!
2- كشانەوەی خێرای لە ئەفغانستان "وەهمێكی" چەسپاوی گەورەی لە مێشكی لایەنگران و هاوپەیمانانی "هەڵتەكاند" و تێیگەیاندن كە ئەمریكا پاسەوانی كەس نییە و كەسیش بە دۆست و هاوپەیمانی هەمیشەیی خۆی نازانێ لە ناوچەكە بێجگە لە ئیسرائیل! دەبێ درك بەو راستییە بكەن و چیدی بەدوای سەرابدا وێڵ نەبن!
رووداوەكانی ئەفغانستان كۆتایی بە قۆناخێك هێنا و پێی نایە قۆناخێكی دیکە، جیاواز لە هەموو قۆناخەكانی دیکە!
بۆئەوەی مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا بكەیت، دەبێ شتێكت هەبێ پێشكێشی بكەی، واتە بەرژەوەندیی لات هەبێ، ئەگەر نەشتبوو ئەوە دەبێ پەیدای بكەیت!
ئەفغانستان لە زۆر رووەوە لە هەرێمی كوردستان دەچێت:
1- هەردوولا دەوڵەمەندن لە داهاتەكانی ژێر زەوی
2- هەردوولا شوێنەكەیان چیاییە
3- ناوچەیەكی جیۆپۆلۆتیكیی گرنگیان هەیە، هەردوو رۆژهەڵاتی ناوەند و ئاسیای ناوەند
4- كۆمەڵگەی هەردوولا خێڵەكییە، ئەوەش رەنگدانەوەی راستەوخۆی هەبووە لەسەر ئاستی رۆشنبیری و بڕیاری سیاسییان
سەرەڕای ئەو لێكچوونانە زۆر شتیشیان لێك جیایە؛ ئەوان "دەوڵەت"یان هەیە و ئێمە نیمانە! حكومەتی ئەشرەف غەنی لادرا و تاڵیبان هاتە شوێنی. واتە ئەفغان شوێنی ئەفغانی گرتەوە نەك پاكستانی یان هیندی ببێتە حاكمی كابوول؛ بەڵام لە دۆخی هەرێمی کوردستان دا لایەنێكی كوردى نییە شوێنی پارتی و یەكێتی بگرێتەوە بێجگە لە میلیشیاكانی شیعە یان سوننەی عەرەب! دەبێ ئەوە بكەینە هەڵقە و لە گوێمانى هەڵواسین!
بەڵام پرسیارە ترسناكەكە كە لای زۆر كەسان دروستبووە؛ ئایا ئەمریكا هەر كات ویستی بەجێت دێڵێ؟ وەڵامەكەی بە خێرایی و بێ بیركردنەوەی زۆر؛ "بەڵێ"یە! لای ئەو ئاساییە و زۆر ئاسانە؛ بای بای-ت لێ بكات و.. هەموو شتێک كۆتایی پێبێ! بەجێتبێڵێ و پرسیشت پێنەكات! ئەوەش نابێ ببێتە سوپرایز، بەتایبەتی بۆ كورد، چونكە لێی بینیوە و ئەزموونی تاڵی لەگەڵ هەبووە! دەبێ لە پلانەكانی دواڕۆژمان ئەوە دانێین كە ئەمریكا لە ناكاو پێمان بڵێ؛ بای بای!
ئەگەر:
1- هەرێمی کوردستان هێزی پێشمەرگەی رێكنەخست! ئەوەیان زۆر زۆر گرنگە لای ئەمریكییەكان و هاوپەیمانیی ناتۆ لەپێش چاكسازی و رێزگرتن لە بنەماكانی یاسا و دیموكراسیش دێت. نازانم بۆچی وەستاون، كەی قسە دەكەن بە كردەوە؟ كەی بەڵێنەكانیان دێننە دی؟ رۆژانە هەندێک بەرپرسی سەربازی لە كەناڵەكان بە هیوایەكی نادروست خەڵكەكە شەحن دەكەن، لە ئەرزی واقیعیش دا هیچ لەئارادا نییە!
2- بەردەوامبوون لە ململانێی حیزبی و بەروە رووننەبوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران.
3- ئەگەر حكومەتی بەغدا بە فەرمی داوای كشانەوە بكات لە هەرێمی کوردستان، بەداخەوە تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە عێراق، لەو دۆخەدا دەبێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دیپلۆماسیی خۆیان بخەنەگەڕ لەگەڵ كازمی و حكومەتەكەی تاوەکو هەرێمی کوردستان لە بڕیاری كشانەوە جيابكەنەوە، ئەوەش زەحمەتە، بەڵام موستەحیل نییە!
4- ئەگەر ئەمریكا بۆ رازیكردنی ئێران و لەپێناو رێككەوتنە ئەتۆمییەکەی لەگەڵیداا وادەی كشانەوەی پێبدا.
ئەفغانستان پێگەی سیاسی و ئابووری و جیۆپۆلۆتیكی نزیكە لە پێگەی هەرێمی کوردستان، ئەگەر گرنگتر نەبێ، وڵاتێكی دەوڵەمەندە لە كانزاكانى (یۆرانیۆم ــ لیپیوم کە پاتریی لێ دروستدەكرێت) بریلیۆم (بەكاردێت بۆ دروستكردنی مۆبایل و فڕۆكە و رۆكێت)، ئاسن و زێڕ و.. هتد. كەچی زۆر بە ئاسانی ئەمريكا رادەستی هێزێكی ئیسلامیی تووندڕەوی كرد. بۆچی؟
توێژەر و ناوەندە ستراتیژییەكان چەند ئەگەرێكیان (احتمالات) داناوە بۆ كشانەوەكە كە جیهانی هێنایە شۆك، هەرچەندە لای ئەفغانەكان و خەڵكی دیکە سورپرایز بوو، بەڵام لای حكومەتی ئەمریكی سورپرایز نەبوو، چونكە بڕیارەكە دەمێك بوو درابوو و له 15ى ئۆگۆستيش جێبەجێ كرا، ئەوەی سورپرایز بوو، داڕمانی خێرای حكومەتی ئەفغانی و سوپا 300 هەزارییەكەی بوو!
تۆێژەرەكان هەندێك لەو ئامانجانەی ئەمریكا لە كشانەوەكەی دەستنیشان دەكەن:
1- بۆئەوەی بەرەیەكی سوننی بەرامبەر بەرەی شیعیی ئێران دروستبكات لە هەمان توخمی خۆی (مەلا بەرامبەر مەلا، پیاوانی ئایینی دژی پیاوانی ئایینی)
2- وەرگێڕانی رووی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی گڕگرتوو بەدەست ئێرانيیەكانەوە بەرەو ئاسیای ناوەند (ئەفغانستان)، چونكە لای ئەمریكا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر گرنگترە لە ئاسیای ناوەند.
3- بۆ پاراستنی دەوڵەتی ئیسرائیل.
4- بۆ تێکشکاندنی پڕۆژەی "پشتوێنی چینی" كە پێشتر پێیان دەگوت (رێگەی پەمۆ) كە بە كابوولی پایتەخت دا تێدەپەڕێت.
5- نامەیە بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی بنكەی سەربازیی ئەمریكیی لێیە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، ببێتە دەرس كە ئەمریكا سەرچاوەی هێمنی و سەقامگیرییانە، ئەگەر لەگەڵ مەرج و رێنوێنییەكانی ئەمریكا نەگونجێن، ئەوە سزایان دەدات وەك ئەفغانستان و دەیانخاتە ژێردەست تووندڕەوترین گرووپی چەكدارى! هەڵبەت ئەوە كوردستانیش دەگرێتەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان، ئەمریكا هەوڵی زۆری داوە تاوەکو هێزی پێشمەرگە یەكخات، بەڵام سوودی نەبووە تاوەکو ئێستا!
پێشنیاز دەكەم سەرۆكی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە شەخسی خۆی بە كاری نزیكخستنەوە و یەكخستنی پێشمەرگە هەڵبستێ و رادەیەک بۆ ئەو كەمتەرخەمی و سستییە دابنێت، چونكە كەسێكی پەسندە لای هەمووان، بەتایبەتی لای پارتی و یەكێتی، توانیویەتی تاوەکو ئێستا زۆر لە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكات و رێگە لە تەقینەوەیان بگرێت.
ماقول نییە تاوەکو ئێستا هێزی پێشمەرگە یەكینەگرتووە، دوای رووداوەكانی ئەفغانستان و وادەی كشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریكا لە عێراق لە 31ی دیسەمبەری ئەمساڵ، بە قسەی شێخ جەعفەر بێت، دەبێت "لە ساڵێک زیاتر تێپهڕێت یان تێنهپهڕێت کە هێزەکانی پێشمەرگە بە تەواوی یەکبگرنەوە"! ئەمە مانای نەكردنیەتی! ئەگەرنا بۆچی ئەوەندە درەنگ؟ كارەكە خۆی "سیاسییە" و پێویستی بە بڕیارێكی سیاسییە تاوەکو بە چەند رۆژێک، نەك چەند مانگێک، كۆتایی بێت. خۆ دەبینین گۆڕانكارییەكانی دونیا چۆن روودەدەن! داگیركردنی عێراق و لەسێدارەدانی سەدام حوسێن چەند هەفتەیەكی پێچوو! رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی ناوچەكە لە "بەهاری عەرەبی"دا بە خێرایى ساروخ رووخان! بە 10 رۆژ تاڵیبان دەستی بەسەر هەموو ئەفغانستان دا گرت! بۆیە تكا لە سەرۆكی هەرێمی کوردستان دەكەم بەو كارە پیرۆزە هەڵسێ و دەستكەوتێک بخاتە نێو دەستكەوتە زۆرەكانی پێش ئەوەی ئەمریكا لە عێراق بكشێتەوە.
* ئەمە پووختەى هەڤپەیڤینێکی منە لەگەڵ رادیۆی دەنگی ئەمریكا لە رۆژی 21/8/2021