فرمێسكێك لەسەر هەڵەبجە

پەندێكی پێشینان هەیە دەڵێ "فرمێسكی پیاوان بەهادارن". بەو بەهادارییەوە بەبیرم نایێت لەو ساڵانەدا هیچ فرمێسكێكم لەچاو هاتبێت . هیچ فرمێسكێكم لە چاوەكانم نەڕشتوون ، تەنانەت لەسەر میسریش ئەوكاتەی ئیخوانەكان هەڵبژاردنەكانیان بردەوە. دڵ و چاوەكانمان لەسەر ئەو كارەساتانە راهاتوون كە بەسەر گەلانی ئێمە دێن . ئەو كارەساتانە دەمانخەنە پێكەنینەوە لەجیاتی ئەوەی توڕەمان بكەن یان ئازارمان بدەن . منیش لەو گۆشەیەدا هەر ئەوە دەكەم . بەڵام چەند رۆژێك پێش ئێستا نەمتوانی رێ لە فرمێسكەكانم بگرم كاتێك ئەو دیمەنە سینەماییەم بینی كە لە فیلمی كوردی (هەڵەبجە : منداڵە ونبووەكان )دا هەبوو ، لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەن . زۆر لە فیلمە كوردییەكان وایان لێهاتووە ركابەری فیلمی سعودی (وجدە) دەكەن لەڕووی بەجێهانیبوون و كوالیتییەوە، هەرچەند لەڕووی دۆخ و گاڵتەئامێزییەكەییەوە لەدوای ئەوەوە بن . لەبەرئەوەی كورد هیچیان نییە لە ژیانیاندا كە بیانخاتە پێكەنینەوە.

(هەڵەبجە : منداڵە ونبووەكان ) ، فیلمێكە لە دەرهێنانی ئەكرەم حیدۆ ، پشتی بەو فیلمە بەڵگەنامەیی و ئەو دیمەنە سرووشتی و ئەو دیدارانە بەستووە كە لە رزگاربووانی ئەو كارەساتەوە بەدەستكەوتوون، كە سەدام بە بەكارهێنانی چەكی كیمیایی ئەو كارەساتەی لەدژی گەلەكەی ئەنجامدا.

دوای ئەو هێرشە هۆڤانەیەی كە كرایە سەر هەڵەبجە ، ژمارەیەكی زۆر خێزانی كورد بوونە قوربانی ، كە لە دوای خۆیان زۆر منداڵی بێ سەرپەرشت و بێ نەوایان بەجێهێشتن . ئێران خێرا لەسەر سنوور نزیكەی پەنجای لەوانە كۆكردنەوە، لە كچ و كوڕ. ئەوانیان بردنە ئێران و بەخێویانكردن و پەروەردەیانكردن . كارێكی خێرومەندانەی جێگەی سوپاس بوو ، بەڵام . ئەگەر نەیانڕفاندبان و بیانگەڕاندبانەوە بۆ كەسوكار و شارەكەیان . چونكە كرداری رزگاركردن بووە كرداری رفاندن . منداڵەكان بوونە نێچیر لەجیاتی ئەوەی قوربانی شەڕبن . كەسوكار و حكومەتی كوردی هەوڵێكی زۆریاندا بۆ دۆزینەوەیان و گەڕاندنەوەیان ، بەڵام بێهودە بوو . بەڵام چەند لەو منداڵانە ، چیرۆكەكەی خۆیان بۆ ئاشكرابوو و رەچەڵەكی خۆیان بۆ روونبووەوە ، بەوشێوەیەش ویستیان بگەڕێنەوە شارەكەیان و بەدوای خێزان و خزمەكانیاندا بگەڕێن . ژمارەیەكی كەمیان توانییان لەوەدا سەركەوتووبن .

فیلمی ئەكرەم حیدۆ بەدوای ئەو مەرگەساتەدا دەچێت .

گەنجێك گەڕایەوە بۆ دۆزینەوەی كەسوكاری . پێنج خێزان بە هەڵەداوان گوتیان ئەوە كوڕی ئێمەیە ، بە پشتبەستن بە شیمانە و نیشانەكان . بڕیاردرا پشكنینی DNA بۆ گەنجەكە بكرێت و ، بەراوردبكرێت بە خوێنی ئەو پێنج خێزانە.

ئەوە كرا و پزیشكەكان گەیشتنە ئەنجام . پێنج خێزانەكە بانگ كران بۆ كۆبوونەوەیەكی ئاشكرا ، كە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵكی شارەكە تێیدا ئامادەبوون . پێنج خێزانەكە لە ریزی پێشەوە دانیشتن و ، هەموویان لە لووتكەی دڵەڕاوكێی دەروونیدا بوون بۆ بیستنی ئەنجامەكە . ئایا ئەوە كوڕی منە یان پیاوێكی نامۆیە ؟ سەرئەنجام پزیشكەكە هات و ئەنجامی پشكنینەكەی خوێندەوە. گوتی ئەنجامی پشكنینەكە دەڵێ كە 98% لە نیشانە و خاڵەكان دەڵێن كە ئەو كوڕە لە تۆوی فلان خێزانە . بەوشێوەیە كۆبوونەوەكە تەقیەوە ، لەنێوان ئەوەی هەلهەلە لێدەدا و خۆی دەخاتە سەر گەنجەكە و نقومی دەكات لە ماچ و باوەشپێداگرتن و بۆنكردن و، لەنێوان ئەو چوار خێزانەی دیكەدا كە نقومی حەسرەت و خەمەكانیان بوون .

 خۆم پێڕانەگیرا بەرامبەر ئەو دیمەنە ، جگە لەوەی فرمێسك لە چاوەكانمەوە بڕێژم . چی لەوە ناخۆشترە مرۆڤ رووبەڕووی خۆشی بكرێتەوە ، بەڵام مژدەكە بە حەسرەت و ناكامی دەورەدرابێت .
 
 
سەرچاوە : رۆژنامەی( الشرق الاوسگ )
وەرگێڕانی : رووداو