نرخی ههژموون و رێگەی سەروەری: رەنگدانەوەکان لەنێو بڵاوبوونەوەی بڵێسەی جەنگ دا
ئێستا لهكاتێكدا مۆبایلە زیرەکەکەت دهكهیهوه، لەوانەیە لە ماڵەوە بیت لە هەولێر و لە گورزێکی دیکەی هێرشی ئاسمانی خۆت بپارێزیت. یان رەنگە بە دڵەڕاوکێیەوە هەواڵەکان بخوێنییەوە و پرسیار بکەی ئایا ئهم شەڕە لە داهاتوودا لە کوێی دیکە بڵاودەبێتەوە. لە چیاکانی سلێمانیەوە تاوەکو دەشتەکانی نەینەوا، هەرگیز ئەم خاکە بهشێوهیهكی تهواو لە یادەوەری شەڕ ئازاد نەبووه.
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جارێکی دیکە لە گێژاوەیەکی قووڵ دا گیرۆدە بووە. ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی سەربازییان بۆ سەر ئێران دەستپێکردووە، ئەو کارانەی کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پاساویان نییە و ململانێیەکان بەردەوامن لە پەرەسەندن و فراوانبوون. ئەو شارانەی کە رۆژانێک گەشەیان دەکرد، ئێستا لە ژێر رەشەبای مووشەکەکاندا دەلەرزن. ئەو كاره بازرگانیانهی کە بە ساڵانێک لە کاری قورس بنیاتنراون ئێستا رووبەڕووی داڕمان دەبنەوە. ژیانی ئاسایی کە بە وردی لە ماوەی دەیان ساڵ دا بنیاتنراوە، لە چەند ساتێکدا تێكدهشكێت. لە شەڕێکدا کە هەرگیز نەدەبوو رووبدات، هەست بە خەمی قووڵ دەکەین بۆ ئازارەکانی گەلی ئێران. کاتێک ئاسمانەکانی سەر تاران بە تەقینەوە رووناک دەبنەوە، کاتێک منداڵان لە ترسدا خۆیان دهشارنهوه، کاتێک بەساڵاچووان ناچار دەبن لە ماڵەکانیان دهربچن، ههر کەسێک کە بەهای ژیانی مرۆڤایەتی بزانێت، ناتوانێت بێباکانە بمێنێتەوە.
له جهنگدا بهڕاستی كهس براوه نییه
لە تارانەوە بۆ بەغدا و لە دیمەشقەوە بۆ بەیروت، گەشتە ئاسمانییەکان هەڵدهوهشێنهوه و وەبەرهێنانی دەرەکی کەمی کردووە و گەشتوگوزاریش بە تەواوی وەستاوه. بهداخهوه ساڵانێک لە گەشەکردن ئێستا لە ژێر قورسایی شەڕدا به لاوازی دهبینرێت. وەکو یەکێک له بازرگانانی ناوچەکە دەڵێت "هەموو ئەو شتانەی کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا دروستمانکردن، دەکرێت لە شەو و رۆژێكدا برووخێن". ئەمە واقیعی سەختی شەڕی چەکدارییە.
لە پشت ئەم وێرانکارییەوە، لۆژیکی بێسنووری سیاسەتی هێز هەیە. کاتێک دەوڵەتێک پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگوێدەخات و هێرش دەکاتە سەر دەوڵەتێکی دیکەی خاوەن سەروەری و، کاتێک بە هەر بیانوویەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی خۆی بکات، بە ئازادی دەستوەردان لە کاروباری ناوچەکەدا دەکات، هەژموون لە واقیعدا بەم شێوەیە دەردەکەوێت. ئەمە پەیوەندی بە بەرەوپێشبردنی ئاشتی یان سەقامگیرییەوە نییە. بەڵکو پەیوەستە بە سەپاندنی ئیرادە لە رێگەی هێزەوە.
ئازارەکانی ئەمڕۆی گەلی ئێران، ئازارەکانی گەلی عێراق کە دەیان ساڵە بەرگەی گرتووە و ئازارە بەردەوامەکانی گەلی فەلەستین، هەموویان هەڵگری هەمان وانەن: هیچ نەتەوەیەک ناتوانێ ئاسایش و کەرامەت لە ژیان دا لە ژێر سێبەری هەژموونی دا بدۆزێتەوە.
چین لە ئازارەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێدەگات. رەنگە هەندێک بپرسن: بۆچی چین، لە "دوو دانیشتنی" ساڵانەی خۆیدا، هەمیشە گرنگی بە گەشەپێدان و بژێوی ژیانی خەڵک دەدات؟ چین چۆن ئاشتی و سەقامگیری دەیان ساڵەی خۆی پاراستووە؟
چونکە خۆمان شەڕمان تاقیکردووەتەوە. مانای لاوازی و ستەم دەزانین. بە تەواوی تێدەگەین کە کاتێک میللەتێک نەتوانێت داهاتووی خۆی دیاری بکات، گەلەکەی ناتوانێت ژیانێکی شکۆمەندانە بژێت. بەبێ سەروەری سەقامگیری بوونی نییە. بەبێ خۆبەڕێوەبردنی ستراتیژی، کەرامەت بوونی نییە.
لەو دوو دانیشتنەدا کە ئەم ساڵ بەڕێوەچوون، نوێنەران پرسەکانی دامەزراندن، چاودێری تەندروستی و، پەروەردەیان تاوتوێکرد. بۆ خەڵکی ئاسایی توانای چوونە سەر کارەکانیان بە ئارامی و ناردنی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە بە سەلامەتی و خەوتن بە باشی لە شەوان دا گەورەترین دڵخۆشییە. رەنگە ئەمانە وەکو ئاواتی زۆر سادە دەرکەون، بەڵام رێک ئەوانەن کە ملیۆنان کەس لە ناوچە جێناکۆکەکاندا بێبەشن لێی. گەشەسەندنی چین دیاری هیچ هێزێکی دەرەکی نەبوو. بەڵکو بە ماندووبوونی بەردەوامی گەلی چین بنیاتنراوە. ئێمە رێگەی خۆمان هەڵبژارد و، لەسەر پێی خۆمان وەستاوین.
ئاگربەست لە یەکەم دا، سەروەری بۆ هەمیشە
لەبەرامبەر ململانێی بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا، هەڵوێستی چین بە روونی و جێگیری دەمینێتەوە. لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساڵانەی دوو دانیشتنی پەرلەمانی ئەورووپیی ئەم ساڵ دا، وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین جەختی لەوە کردەوە کە دەتوانرێت پەیامی چین بەشێوەیەکی سادە کورت بکرێتەوە: "گەیشتن بە ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە دووژمنایەتییەکان".مێژووی ئەم ناوچەیە چەندین جار سەلماندوویەتی کە هێز هەرگیز چارەسەرێکی بەردەوام مسۆگەر ناکات. ململانێی چەکداری تەنیا رق و کینەی زیاتر دروست دەکات و بە ناچاری قەیرانی نوێ بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
وانگ یی وەزیری دەرەوە، پێنج بنەمای بنەڕەتی بۆ دۆخی ئێستا پێشنیازکرد، کە بریتین لە هێزگرتن له سەروەری نەتەوەیی، رەتکردنەوەی خراپ به کارهێنانی هێز، دەستوەرنەدان له کاروباری ناوخۆ، پێشخستنی چارەسەرکردنی سیاسی پرسه گەرمەکان، دڵنیابوونەوە لەوەی کە وڵاتانی گه وره رۆڵی بنیاتنەر بگێڕن.
ئەمانە تەنیا بیرۆکەی تیۆری نین؛ بەڵکو تاکە رێگەی بژاردەن بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام. چین ئامادەیی تەواوی هەیه بۆ کارکردن لەگەڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەری ئاسایشی جیهانی، بە ئامانجی گەڕاندنەوەی سیستەم بۆ ناوچەکه و هێنانەوەی ئارامی بۆ گەلەکەی و، دەستەبەرکردنی ئاشتی له جیهان دا.
نێردەی تایبەتی چین بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی دانوستاندنەکانی ئاشتی، گەشتێکی بۆ ناوچەکە کرد. چین لە هەوڵەکانی بۆ ئاشتی راناوەستێت و بەردەوام دەبێت لە بەرزڕاگرتنی دادپەروەری و یەکسانی. چین وەک ئەندامێکی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆستێکی دڵسۆزی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گرنگییەکی زۆر بە خۆشگوزەرانی گەلانی ئەم ناوچەیە دەدات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش چین بڕیاریداوە هاوکاری مرۆیی بەپەلە پێشکەش بە عێراق، ئێران، ئوردن و لوبنان بکات- بۆ یارمەتیدانیان لە کەمکردنەوەی ئەو سەختییە راستەوخۆیانەی کە رووبەڕووی خەڵک دەبنەوە.
هەروەها چین هاوبەشێکی راستەقینەیە بۆ گەشەپێدانی درێژخایەن. بەدرێژایی ساڵان، هاوئاهەنگییەکانی نێوان چین و عێراق، بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە، بەشێوەیەکی بەردەوام گەشەی کردووە، لە ژێرخانی ئابووری و وزەوە بۆ هاوئاهەنگی مرۆیی و بەرنامەکانی راهێنان. ئەوەی چین پێشکەشی دەکات چەک و شەڕ نییە، بەڵکو دەرفەتی راستەقینەیە بۆ گەشەپێدان و پێشکەوتنی مرۆیی. ئێمە رێز لە هەر وڵاتێک دەگرین کە رێبازی خۆی هەڵبژێرێت. ئێمە پێمانوایە هەموو نەتەوەیەک ماف و هەروەها توانای ئەوەی هەیە کە داهاتووی خۆی بکێشێت.
لە جیهانێکی پڕ لە گێژاودا، دەنگی ژیر پێویستە
لەم ساتەدا رەنگە پرسیار بکەی: داهاتوو چی بۆمان هەڵگرتووە؟ ئەمە پرسیارێکە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە بەهای ئاشتی و کەرامەتی مرۆڤایەتی دەزانن.
وەک کونسووڵی گشتی چین لە هەولێر دەمەوێت بە دۆستانمان لە هەرێمی کوردستان بڵێم: ئەم خاکە بەرگەی زۆری گرتووە، ئێوەش لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە ئاسایشی راستەقینە ناتوانێ پشت بە بەڵێنی دەرەکی ببەستێت. پێویستە لە یەکگرتوویی ناوخۆ، لە گەشەسەندنی سەربەخۆ، لە بەهێزی دامەزراوەکانی خۆت و خۆڕاگری گەلی خۆتەوە بێت.
سەیری کارەساتەکانی رابردوو بکەن- هەڵمەتی ئەنفال، هەڵەبجە، دەیان ساڵ لە ئاوارەبوون و ئازار. سەیری ئەوانە بکەن کە ئێستاش ناچارن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. مێژوو هەمیشە سەلماندوویەتی کە پشتبەستن بە "پاراستن"ی دەرەکی زۆرجار دەبێتە هۆی ئازاری زیاتر. تاکە بناخەی متمانەپێکراو بۆ ئاشتی، سەروەرییە کە رەگ و ریشەی لە ئیرادەی گەل دا چێندراوه.
سەرەڕای دووکەڵی شەڕ، سەرئەنجام بەیانی ههر دێت
لە کۆتاییدا شەڕەکان رادهوهستن. ئاشتی دەگەڕێتەوە. کاتێک بۆ دواجار دووكهڵی شهڕ نامێنێت، مرۆڤە ئاساییەکان کە بەرگەیان گرتووە- ئەو کرێکارانەی كه لهسهر كارهكانیان ماونەتەوە، ئەو دایکانەی کە لە پەناگەدا منداڵهكانیان فێر كردووه، ئهو دهستانهی کە ماڵەکانیان لە وێرانكارییهوه ئاوەدان دەکەنەوە، ئەمانەن هێزی راستەقینەی ئەم خاکەن. نەک زلهێزە دەرەکییەکان. یاخود هێزی سەربازی. بهڵكو ئازایەتی بێدەنگی خهڵكه ئاساییەکان كه بڕیاریانداوه ژیانێکی باشتر بنیات بنێنر.
دەرگای کونسووڵخانەی گشتی چین لە هەولێر هەمیشە کراوەیە بۆ دۆستانمان لە هەرێمی کوردستان. ئێمە ئامادەین بۆ هاوبەشکردنی ئەزموونی گەشەپێدان، بۆ پشتگیریکردن لە هاوئاههنگی لە بوارهكانی پیشەسازی، پەروەردە، چاودێری تەندروستی و ژێرخانی ئابووری و، لەگەڵ ئێوەدا لەسەر رێگەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بڕۆین- ئهمه رێگەیەکه پێویسته خۆتان بیبڕن، بهڵام پێویست ناکات بە تەنیا پێیدا بڕۆن، چونکە ئێمە باوڕمان وایە بەبێ گوێدانە پاشخان، باوەڕ، یاخود ناوچە، خواستی ئاشتی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتییە. هەروەها بەدواداچوون بۆ کەرامەت و خۆبهڕێوهبردن.
تکایە ئاگاداری خۆتان و خێزانەکانتان بن. سەرەڕای دووکەڵی شەڕ، سەرئەنجام بەیانی ههر دێت. هیوادارین رۆژێک - زووتر نەک درەنگتر، ئەم خاکە دێرینە لە سێبەری هەژموون و لە تاریکی شەڕ و لە فرمێسکی ئاوارەبوون رزگاری بێت.