قەیرانی شوناسی کوردبوون

 
هەوڵدان بە ئاراستەی دیاریکردنی شوناسی کوردبوون لەژێر رۆشنایی عەقڵیەتی داگیرکاریی رژێمە داگیرکارەکانی خاکی کورد، هەڵوەستەکردنێکی وردی گەرەکە.
 
بنەمای قەیرانی پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گرێدراوی ئەو عەقڵیەتە خۆسەپێنەیە زیاتر لە سەدەیەکە کورد دەچەوسێنێتەوە. بونیادی خودی ئەم عەقڵیەتەی لەپشت ئەم چەوساندنەوەیەدایە گیرۆدەی قەیرانێکی زاتییە.
 
بۆ باسکردنی پرسی کورد، پێویستیمان بە توێژینەوە و وردبوونەوەیە لەو عەقڵیەتەی پشت ئەم سیاسەتی داگیرکارییە کە بەردەوام ئاراستەی هزر و فکری چەوساندنەوە و ئاوێتەکردنی کورد دەکات لەنێو بۆتەی نەتەوەی سەردەستەدا و بە بچووککردنەوە و بە کەم سەیرکردنی کورد، فەرهەنگ، دابونەریت، شوناس و کەرامەتی کوردبوونی کردووەتە ناواخنی درووشمێکی رەگەزپەرستانەی هەڵگری دەمارگیریی قەومییەوە.
 
پرسی کورد نە پرسێکی ئەخلاقییە نە یاسایی، نە ئابوورییە و نە سیاسیی رووت؛ بەڵکو پرسێکی فەلسەفییە و پەیوەستە بە ماهیەتی بوون یان نەبوونی کورد وەکو خۆی و لە چەشنی یەکەیەکی نەژادیی سەربەخۆ و پەیوەندیی هەیە بە سەرلەبەری مێژوو یان فەلسەفەی بوون و مێژووی هاتنەکایەوەی وەکو نەتەوە.
 
ناشێت پرسی کورد بە سوودوەرگرتن لە ئایدیۆلۆژی و چەمکەکانی چەپ و راست و ناسیۆنالیزمی ئایینەوە دیاری بکرێت.
 
سەرلەبەری پرسی کورد هەڵگری تایبەتمەندییەکی رۆشن و دیارە و پەیوەستە بە بوون یان نەبوونی فەرهەنگ و ئایدیۆلۆژیی کورد بوون.
 
پرسی کورد وەکو یەکەیەکی یەکانگیری نەتەوەیی و نەژادی، بابەتێک نییە بەدەر لە خۆی شرۆڤەی بۆ بکرێت؛ بەڵکو ئەم پرسە لە چەشنی هەر پرسێکی دیکەی نەتەوەیی و بونیادییەوە لەوەتەی مێژوو نووسراوەتەوە، گیرۆدەی رووداوەکانی مێژووی دەرەوەی خۆی بووە و بەردەوام کەوتووەتە ژێر کاریگەری و هەژموونی ئایدۆلۆژی و هزر و قوتابخانە فکرییەکانی سەردەمی خۆیەوە و نەیتوانیوە سنوورەکانی ئەم تەوقە ببەزێنێت و گەورەتر لە خۆی بیربکاتەوە و هەنگاو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بنێت.
 
بۆیە هەر جۆرە هەوڵێک بە ئاراستەی گەڵاڵەکردنی شوناسێکی یەکپارچە بە سوودوەرگرتن لە کەرەستەکانی توێژینەوە و شرۆڤەکاری بەبێ لەبەرچاوگرتنی قەیرانە مێژووییەکانی تایبەت بە قۆناخە جیاجیاکان و بونیادی عەقڵانیەتی دەسەڵاتی داگیرکارانەوە، هەوڵێکی بێسوودە و دەرەنجامی دڵخۆشکەر و زانستی بەدەستەوە نادات.
 
نەیارانی کورد لەوەتەی هەن، هەوڵی دابڕانی کوردیان داوە لە رێڕەوی نووسینەوەی مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و دەرکردنی کورد لە هەر حیساباتێکی سیاسی و مرۆیی و یاساییەوە.
 
داگیرکەرانی کوردستان لە پاڵ هەوڵدان بۆ گۆڕینی شوناسی کورد لە چەشنی نەتەوەیەکی یەکپارچە و یەکڕەنگ و خاوەن یەک دیدگای نەتەوەیی، هەر بە وێرانکردنی فیزیکی خاکی کوردان نەوەستاون؛ بەڵکو بە درێژایی دیرۆکی جووڵانەوەی رزگاریخوازی کورد ئەوپەڕی هەوڵ و تەقەلاکانیان بۆ درزخستنە نێو ریزەکانی کورد و نانەوەی رق و قین و دووبەرەکی خستووەتەگەڕ و تەنانەت سڵیان لە گۆڕین و کاریگەری کردنە سەر سایکۆلۆجیای تاکی کوردیش نەکردووەتەوە و بەم دەردەی ئێستایان گەیاندوون.
 
هەڵبەت دەرنەکەوتنی کوردیش وەکو یەکەیەکی نەتەوەیی هاوئاهەنگ و یەکدەست و گیرۆدەبوونی بە پەتای فیتنە و دووبەرەکی و ناوچەگەرێتی و هەڵواسینی دۆزە رەواکەی بە ناوچە و عەشیرەت و خێڵ و تیرە و تائیفە و بەرژەوەندیی فڵانە دەوڵەتەوە، هێندەی دیکە قوڕی ماڵوێرانیی ماڵی کوردانی خەستتر و چارەنووسیانی لێڵتر و تەماویتر و ناشرینتر کردووەتەوە.
 
ئەم دابەشکاریەی حاڵی حازر لە بونیادی هزر و فکر و ئایدیۆلۆجیا و حیزب و گرووپگەلی سیاسی و جیاوازیی ئامانج و خواستەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا زۆر بە زەقی دەرکەوتوون جێگەی داخە.
 
ئەم دابەشکاریە فرە رەهەندە تاکی کوردی گەیاندووەتە لووتکەی نامۆبوون بە یەکتر بە هاوسێ و دراوسێ و شار و ناوچەکەی تر و کوردانی ئەمبەر سنوورە جوگرافیە دەستکردەکانەوە.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخەش، ئەم سەرمایەگوزاریە گەورەیەی نەیارانی یەکگرتوویی کورد و زەمینە سایکۆلۆجی و فکری و کۆمەڵایەتییە گونجاوەکەی خودی کوردە، وای کردووە وا بە ئاسانی یاری بە پیرۆزی و ژیان و دۆز و چارەنووسیەوە بکرێت.
 
ئەم دۆخە پڕ لە نائومێدیەی ئێستا کورد تێیکەوتووە، دەرەنجامی زیاتر لە سەدەیەک سەرمایەگوزاریی بێ پچڕانی نەیارانی کوردە و مەخابن ئێستاکە لێکەوتە و دەرەنجامە دڵتەزێنەکانی زۆر بە زەقی دەرکەوتوون و دۆخی کوردانی لە جاران زیاتر خستووەتە نێو گێژاوێکی ترسناک و تاقەتپڕوکێنی بێ کۆتاوە.