پارتی رێككەوتنەكەی یەكێتی و گۆڕانی دروستكرد
گەرمترین بابەتی رۆژی میدیاكانی كوردستان و ناوچەكە رێككەوتنە واژووكراوەكەی یەكێتی و گۆڕانە كە لە 17/5/2016 بە ئامادەبوونی تاڵەبانی لەلایەن كۆسرەت رەسوڵ و نەوشیروان مستەفاوە واژووكرا و بەگوێرەی بەندەكانی رێككەوتنەكە و قسەی سەركردەكانی هەردوولا، ژیانی سیاسی هەردوو حیزب بەرەو قۆناغێكی دیكە دەبا و بەیەكەوە دەتوانن گۆڕانكاری گەورە دروست بكەن.
لەم وتارەدا نامەوێ قسە لەسەر باش و خراپی، هۆكار و ئەنجام، دەرئەنجام و كاردانەوەكانی ئەم رێككەوتنە بكەم، بەقەد ئەوەی گەرەكمە قسە لەسەر رۆڵی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دروستبوونی ئەم رێككەوتنەدا بكەم.
بەر لە هەر شتێك و جیاواز لە هەموو خاڵەكان، ئەوەی تا ئێستا روونە و بە ئاشكرا قسەی لەسەر دەكەن و بگرە زۆر جار دەچێتە قاڵبی پاكانەكردن، ئەوەیە كە بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان هەمیشە دەڵێن ئەم رێككەوتنە دژی پارتی نییە و بۆ دژایەتی ئەو نییە، بەڵام لە جەوهەردا بەشێكی گرنگ لە رێككەوتنەكە ئەو دیدگایانەن كە پارتی دژیانە و دەمێكە هەوڵی بەرەنگاربوونەوە و لەباربردنیان دەدات، بۆیە پێویستە بەرپرسانی یەكێتی و گۆڕان ئازایانە قسەبكەن و نەڵێن ئەمە دژی پارتی نییە، باشتر وایە بڵێن ئەمە هەنگاوێكی كرداریە بۆ جێبەجێكردنی ئەجندای خۆمان و سوودگەیاندن بەم میللەتە ئەگەر پارتیش دژی بێ!
دێمەوە سەر ئەسڵی مەسەلەكە و هەوڵ دەدەم وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە كە بۆچی پارتی ئەم رێككەوتنەی یەكێتی و گۆڕانی دروست كرد؟
شاراوە نییە كە زیاتر لە دەیەیەكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەیەكەوە كاردەكەن و رێككەوتننامەی ستراتیژییان هەیە و بەگوێرەی ئەو رێككەوتننامەیە هەوڵیان دا لە حوكمڕانی، دابەشكاریی پۆست، پلەو ئیمتیازات هاوبەش و شەریك بن، بەڵام بەداخەوە هەمیشە (ی.ن.ك) هەستی بە مەغدوری كردووە و رەفتارەكانی پارتی وایان كردووە هەرگیز ئەو وێنەیە لە خەیاڵی كادیر و ئەندامانی یەكێتیدا دروست نەبێ كە ئەم دوو حیزبە شەریك و هاوپەیمانن.
هەموو ئەمانە بەلایەك و لەوانەیە كادیرانی پارتی بڵێن كەوایە یەكێتی بۆچی تا ئێستا قبوڵی كردووە و لێی بێدەنگ بووە، یان لەو پۆستانەی بەدەست یەكێتیەوە بووە و كەسەكان دەسەڵاتیان نەبووە بۆچی دەستیان لەكار نەكێشاوەتەوە، خۆ ئەمەش بەشێكی راستە، بەڵام دەبێ بپرسین یەكێتی كەی بە تەواوی لە پارتی بێ ئومێد بوو؟
ناكرێ لە كوردستان كەسێك هەبێ و ئاگاداری جموجۆڵە سیاسییەكان بێ و ئەوە نەزانێ كە گەورەترین هۆكاری ئەوەی یەكێتی پاشەكشە بكا و ببێتە هێزی سێیەم، مەسەلەی رێككەوتنی 30ی حوزەیران و درێژكردنەوەی ماوەی ویلایەتی بارزانی بوو بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرامبەر بە چی؟
ئاشكرایە لە رێككەوتنەكەی نێوان یەكێتی و پارتی بە واژووی كۆسرەت رەسوڵ عەلی و نێچیرڤان بارزانی، دوو ساڵ درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی لە بەرامبەر ئەوەدا بوو كە سیستەمی سیاسی ببێتە پەرلەمانی و سەرۆك لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت و دوای ئەم دوو ساڵە بارزانی بۆی نەبێ جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك و خۆی كاندید بكاتەوە.
دوای تەواوبوونی دوو ساڵەكە یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەیری كرد پارتی پابەندی هیچ یەك لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە نییە و دەیەوێ سەرلەنوێ دانوستاندن بكەنەوە و رێككەوتنەكەی 30ی حوزەیران و قوربانییەكانی یەكێتی چش.
كەواتە دوای ئەو هەموو قوربانیە و رەفتارەكانی پارتی، یەكێتی تێگەیشت كە پارتی مل نادات و یەكێتیش بە 18 كورسیەوە لە پەرلەمان هیچی بۆ یەكلا ناكرێتەوە، بۆیە لە پارتی بێ ئومێد بوو.
لەلایەكی دیكەوە، دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و نزیكبوونەوەی پارتی و گۆڕان لەیەكتر و ئەو هەموو سەردان و كۆبوونەوانەی سەری رەش و نەرمونیانیی پارتی بەرامبەر گۆڕان، ئەو وێنەیەی لای گۆڕان دروست كرد كە ئیتر گۆڕان بە 24 كورسیەوە دەتوانێ گۆڕانكاری بكا و پارتیش نەرمی دەنوێنێ لە زۆر شت، كەچی دوای رووداوەكانی 23ی حوزەیران و 19ی ئاب و 12ی ئۆكتۆبەر و ناردنە ماڵەوەی وەزیرەكان و رێگرتن لە سەرۆكی پەرلەمان و كۆتایی هێنان بە هەموو رێككەوتن و شتەكانی نێوانیان، گۆڕان تێگەیشت كە هەڵە بووە بەرامبەر پارتی و ئیتر ئەویش بێ ئومێد بوو.
هەربۆیە یەكێتی و گۆڕان لە ئەنجامی بێ ئومێدبوونیان لە پارتی و رەفتارەكانی، گەیشتنە ئەو باوەڕەی كە پێویستە بۆ لەمەودوا بەیەكەوە هەنگاو بنێن و بەهێزی زیاترەوە بەرامبەر پارتی دانوستاندن بكەن، ئەگینا بەجیا هیچیان ئەو قورساییەیان نابێ كە پارتی حیسابی بۆ بكا، بە تایبەتیش گۆڕان كە هێزێكی بێ چەكدار و زیاتر دروشمدارە وەك لە كردار، لەبەرئەوەشە بەبێ هیچ پێچ و پەنایەك پێویستە پارتی لەوە تێبگا كە ئەوە سیاسەتی بێ منەتی و عینادیی ئەو بوو ئەم رێككەوتنەی دروست كرد و زۆر ئاساییشە ئەگەر هەنگاوەكانی دوای ئەم رێككەوتنەی ئەو دوو لایەنە بەدڵی ئەو نەبێ و لەدژی خواستەكانی بێ و دواجاریش هەر دەبێ مل بۆ بەشێك لە شتەكان بدا و لە بەشێكی سیاسەتەكانی خۆی بێتە خوارەوە، ئەی ئەوكات چی روودەدا؟
ئاشكرایە ئەوكات یەكێتی و گۆڕان زۆر بێ باكانە رایدەگەیەنن كە بەڵێ رێككەوتنەكەیان سەركەوتوو بووە و توانیویانە زیرەكانە بجووڵێنەوە بەرامبەر پارتی و سیاسەتەكانی، لە بەرامبەریشدا پارتی لەوە تێدەگا كە چ هەڵەیەكی گەورەی بەرامبەر یەكێتی هاوپەیمانی كرد و بە شكاندنی رێككەوتنی 30ی حوزەیران هەم هاوپەیمانێكی لەخۆی كرد و هەمیش وا خەریكە واقیع بەسەریدا دەسەپێنێ كە دەبێ خاڵەكانی ناو رێككەوتنەكەی ئەوكاتی پارتی و یەكێتی بەواژووی نێچیرڤان بارزانی و كۆسرەت رەسوڵ جێبەجێ بكا، بەڵام ئەمجارە بەگوێرەی ئەم رێككەوتنە نا، بەڵكو لەبەرامبەر هێز و هاوپەیمانی گەورەتر.
masoudhawler@yahoo.com