هیوای من و ڕەنج

دیاره ڕۆژی 23/5/2019 بەڕێز کاک ڕەنج سەنگاوی بەرنامەیەکی بۆ قسە کردن لەسەر کەم و کوریی و خزمەتگوزاریەکان لە گەڵ هەندێ لە بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقامەکان سازدا؛ هیوادارم ئەم بەرنامەیە کاریگەری خۆی هەبێ و لە مەو دوا زیاتر گوێ لە بەڕێوەبەرەکان بگیرێ؛ چونکە ئەوان گرفتەکانی ناوچەی خۆیان زیاتر لەمس دەکەن. هەرچەندە بەرنامەیەکی چەند خولەکی ناتوانێ بێتە جێی ستراتیژ و سیاسەت دانانی کاری ئاڵۆز و بەربڵاوی دەوڵەت. بەڵام بەم شێوەیەش هەر خشتێک دێتە سەر دیواری چاکسازی و هیوام ئەوەیە ئەم بەرنامە سنوردارانەش لە ئاستێکی قووڵتردا کار بکەن خۆیان لە سەتحیگەرایی دوور بکەنەوە.

بە داخەوە لەم وڵاتەدا ئاستی سیوات و خوێندەواری زیاتر لە ڕێگای گوێچکەیە نەک خوێندنەوە، بۆیە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی کاریگەری لە دەیان کتێب و پڕۆژەی نووسراوی کار لەسەرکراو زیاتره. خۆزگە وەزیرە بەرێزەکان وەک چۆن گوێبیستی بەرنامەیەکی ڕاگەیاندن دەبن کەمێکیش گوێگری یەکە کارگێڕییەکان بن چونکە ڕەنگە هەندێ لە بەڕێوەبەری یەکە کارگێڕیەکان بیرۆکەیان بۆ ڕەونەق و گەشەپێدانی ناوچەکان هەبێت بێ ئەوەی زۆر بکەونە ژێر کاریگەری نەبوونی پارە و بودجە.

لە ڕاستیدا ئەم بەرنامەگەلە بۆ گرفتە خێرا و سەتحیەکان باشن و دەتوانێ ورووژاندنێکی خێرا بۆ گرفتێکی ئێستایی بنێتەوە و لەبەر کاریگەری ڕاستەوخۆ زووتر چارەسەر بکرێت. بەو پێیەی کە سەرۆک وەزیری ڕێزدار کەسێکی عەمەلگەرایە، وەزیرە بەڕێزەکان لە ڕێگەی ئەم بەرنامە تەلەفزیۆنیانە دەتوانن پرس و بیرۆکەکان باشتر بگەیێنن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی حکومەتی کوردی باشتر خۆی بنوێنێ. وێڕای سوپاس بۆ کاکە ڕەنج هیوادارم بە ڕەنجی هەموومان بگەینە گەنج و پێم خۆشە ئەم بەرنامەگەلە بتوانێ کەمێک دەستی بەڕێوەبەرەکان ئاوەڵا بکات بۆ ئەوەی بتوانن خێراتر کاری خزمەتگوزاری بکەن.

ئەگەرچی ئەم جۆره بەرنامانە جێی خۆیان هەیە و شایستە و پێویستن، بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەم بەرنامە دەتوانێ تەنیا خزمەت بە کاری خزمەتگوزاری بکات یان دەتوانێ لەسەر گەشەسەندن و پەرەپێدانیش کاریگەری هەبێت؟ ئایا ئەم بەرنامەیە دەتوانێ ستراتیژ و سیاسەتی بەڕێوەبردن بە شێوەیەکی ڕیشەیی ساز بکات یان تەنیا بەرنامەیەکی ورووژێنەری ژورنالیستی و تاکڕەهەندیە؟ لە وەڵامدا گریمانە ئەوەیە ڕەنگە ئەم بەرنامەیە تەنیا ورووژاندنێکی ئەرێنی و باش بێت بۆ کارێکی دیاریکراو بەڵام دووربڕ نەبێت؛ چونکە چاککردنەوەی کاری بەڕێوەبەری و کاری خزمەتگوزاری بە شێوەیەکی کاناڵێزەکراو بە مەبەستی گەشەسەندن و دروستکردنی هەستی دەوڵەت- نەتەوە پێویستی بە کاری زانستی و قووڵ هەیە و دەبێ کەسانی کارامە و پیتۆلی سیاسی لە سەری بێنە گۆ نەک ڕۆژنامەنووسێک.

لێرەدا پێویستە ئێمە گرفتەکان دابەشی دوو جۆرە پرسی سەرەکی بکەین؛ پرسە ڕیشەییەکان و پرسە ئیدارییەکان. ئەم بەرنامەیە زیاتر باسی گرفتە ئیداریەکان بوو. بەڵام پێدەچێ تاکوو پرسە ڕیشەییەکان چارەسەر نەکرێن و کاری ئیداری لەسەر لۆژیک و عەقڵ سیستەماتیک نەکرێن کاری سەتحی بەڕێوەبەری و خزمەتگوزاری هەر لاواز و لالەنگ بن.

لە ڕاستیدا کاری دەوڵەتداری دەبێ بۆ دوو مەبەستی سەرەکی لە هەرێمی کوردستاندا سیستەماتیک بکرێن. مەبەستێک ئەوەیە کە دەبێ بیر لە پەرەسەندن و گەشەسەندنی وڵات بکرێت و مەبەستی دووەم ئەوەیە کە بە ئامرازی چاکسازی و خزمەتگوزاری و پەرەسەندن و هەستی دەوڵەت- نەتەوە کاری فەرهەنگسازی ئامانجدار بکرێت بۆ ئەوەی لە هەلێکی لە باردا بتوانین لە تەوقی شەرمەزاری و ژەنگاوی عێراقیبوون ڕزگارمان بێت و بگەینە ئامانجی سەربەخۆیی. ئەگەرچی کاری حکومەتی و دروستکردنی دەوڵەت دوو چەمک و کاری لێکجیاوازن، بەڵام بۆ ئەوەی هێزی جەماوەری بەتین و هەستی دەوڵەت- نەتەوە ساز بێت دەبێ کاری حکومەتداری بە ئامێر و پاڕادایمی حوکمڕانی باش بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەڕێ بکرێت. کلیلی سەرەکی ئەم ئامانجانە بیرکردنەوەیە لە شایستەسالاری و پێویستە حکومەتێک درووست بکەین کە هەموو کارەکتەرەکانی کەسانی شیاو و شایستە بن.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەم باسە بە چەند نموونەیەک لەسەر شارۆچکەیەکی وەک خەلیفان ئەپڵای بکەم. دیارە ناحیەی خەلیفان بەڕێوەبەری ناحیەی هەیە و مەرجی بەڕێوەبەری ناحیەش ئەوەیە کە دەبێ دەرچووی بەشی یاسا بێت. ئەمە خۆی گرفته؛ چونکە یاسازانێک بە تەنیا بەس نییە بۆ بەڕێوەبەری شارۆچکەیەک؛ بەڵکوو دەبێ سەرلەبەری یاسا کۆنەکان بەڕۆژ بکرێنەوە و دیاریکردنی بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام لەسەر بنەمای تیژزەینبوون و زانایی و خوێندەواری و ئەزموون و کۆمەڵناسی و فەرهەنگناسی و مودیریەتی شار بێت نەک زانینی چەند یاسایەکی لە قالبدراو و تاکجەمسەر. ئەمە خۆی کێشەیەکی ڕیشەییە کە ناشایستەسالاری پێوەیە و دەبێ چارەسەر بکرێت.

گرفتێکی سەرەکی تر ناڕێکیە لە سیستەمی دامەزراوەکانی حکومی. بۆ وێنە یەکێک لە کێشەکان لە وڵاتی ئێمەدا ئەوەیە کە شارەوانیەکان دەسەڵاتیان کەمە و پێویستە کاری شارسازی و خزمەتگوزاری و فەرهەنگی بدرێتە شارەوانیەکان. لە ڕاستیدا کاری بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقامەکان دەبێ تەنها درووستکردنی هەماهەنگی بێت و پڕۆژەی نیشتیمانی ئەنجام بدەن و ببنە سیمبولی دەسەڵاتی حکومەت یان حزبی حاکم. شارەوانیەکان کە دامەزراوەیەکی نیوە دەوڵەتی و نیوە جەماوەرین دەتوانن کاری خزمەتگوزاری بکەن و لە بەرانبەر حکومەت و خەڵکدا بەرپرسیار بن. شارەوانیەکان دامەزراوەیەکی نیوە جەماوەرین بۆیە دەتوانن پەرە بە تەمرینی دیموکراسی بدەن و هەستی دەوڵەت- نەتەوە دروست بکەن و پێداویستیەکانی شار باشتر بناسن و خزمەتی زیاتر بکەن.

گرفتێکی ڕیشەیی تر ئەوەیە کە ئێمە پۆتانسیێل و توانای ناوچەکان نازانین و هەر بەرێوەبەرێک ماوەیەک لە شوێنێک کار دەکات و دواتر لە شوێنێکی تر هەمان کاری ڕۆتینی ئیداری دەکات. پێویستە حکومەتی کوردستان توانای ناوچەکان بناسێت و هەر ناوچەیەک ببێتە سەرچاوەی داهات بۆ حکومەت. پێویستە پێوەری ناسینی ناوچەکان ئەنجام بدرێت و ناوچەیەکی وەک خەلیفان کە لە زۆر لە قەزاکانی دەوروبەری خۆی زیاتر و گەورەترە، پێویستە بە چاوێکی جیاواز لێی بڕوانرێت.

گرفتە سەتحی و لاوەکیەکانیش لە سیستەمی بڕۆکراسی ئێمەدا زۆر و زەوەندن. ڕۆتین ئەوەندە زۆرە بە جۆرێک کە ساڵێکە بە مەبەستی گەشانەوەی خەلیفان، بۆ کەڵە پرۆژەیەکی گەشتیاری نەتوانراوە تەنانەت ڕەگەزی زەویێک بگۆردرێت و بۆ واژۆیەکی کارمەندێک چەندین جار دەبێ ڕێگەی پایتەخت بپێوین و بەنزین بسوتێنین و ژینگە پیس بکەین و بکەوینە مەترسی. لە کاتێکدا ئەم کارە وردیلانە دەبێ بە دەوڵەتی ئەلیکتڕۆنی بسپێردرێن نەک هێزی بازو و چەنە لێدان. ئەگەر سەرنج بدەینە ئەم بەرنامەیە، دەبینین وەزیرەکان باسی دەرخستە و ڕۆتین دەکەن و دووبارە ڕێڕەوی ڕۆتینی دەست و پێ گرێدەر دەپێون. لەم بەرنامەیەدا گوتیان وەزارەت داوای دەرخستە دەکات لە کاتێکدا دەرخستە بۆ سێکتەرێکی وەک ڕێگاوبان دەبێ لە بەرێوەبەرایەتی گشتی سەر بە وەزارەت بکرێت و بەردەوامیش داوامان کردووە. هەروەها وەزارەتی شارەوانی دەڵێ دەرخستە بنێرن، ئەمە لە کاتێکدایە کە نەک هەر دەرخستە نێردراوە بەڵکوو دەرخستەیەک بە نزیکەی پێنج میلیارد دینار بۆ کۆنکریتی شەقامەکانی خەلیفان لە وەزارەتی شارەوانی نووستوە.

لەم بەرنامەیە پێمان گوترا کە بەپێی پێویستی و سەرەکی بوون داوای پرۆژە بکەن؛ ڕاستە دەبێ بۆ پڕۆژەکان بە پێی توانای ئێستای حکومەت سەرەکیاتبەندی بکرێت بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە کەرتە سەرەکیەکانی خزمەتگوزاری هەمیشە پێویستن و بە پێداویستی سەرەتایی دادەنرێن کە لەم چەند ساڵە بە گشتی تووشی تێکچوون بوونە و هەموویان پێویستن و دەبێ کاری بە پەلەی بۆ بکرێت.

بە گشتی ئەم بەرنامە سنووردارە شارۆچکەیەکی وەک خەلیفان تێراو ناکا و پێویستە بۆ هەر شوێنێک کۆنفڕانسێکی گەشەسەندن بەپێی توانا خۆماڵیەکان ئەنجام بدرێت و بەڕێوەبەری سەرەکی ناوچەیەک بە چەکی شارەزایی و زانستی بەرێوەبردنی شار گرفت و پڕۆژەکان بگەیێنێتە شوێنی خۆی و کاری پێویست ئەنجام بدات. 

لە کۆتاییدا دەڵێین خۆزگە خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەک کرابان کە بەڕێوەبەری یەکە کارگێرییەکان تەنیا نیمادی دەوڵەت بان و بیانتوانیبا کاری هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکانی حکومەت بکەن و پرۆژەی نیشتیمانی، وێرای پرۆژەی فەرهەنگی و کۆمەلایەتی و سیاسی ئەنجام بدەن. بە هیوای ئەوەی دامەزراوەکانمان بەڕۆژ بکرێنەوە و یاساکان نوێ بکرێنەوە و دەوڵەتی ئەلیکتڕۆنی دابمەزرێت. هیوادارم بە دڵسوزی و شارەزایی هەموو لایەک بگەینە دەوڵەتێکی شایستەسالار و بە پێی زەمین و زەمان لە سیستەمی سوننەتی سەپاو دوور بکەوینەوە و لەسەر بنەمای دیموکراسی حکومەتی دامەزراوەیی و نوێ و خۆماڵی و سیستەماتیک پتەو بکەین. ئەم هیوایەش ڕەنجی ڕەنجدەرانی دەوێ.

کاروان کەریمخان، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان لە میانەی بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو کە شەوی پێنجشەممە پەخشکرا و قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی هەرێمی کوردستانی کۆکردبووەوە سەبارەت بە کیشە و گرفتی ناوچەکانیان