زمانی ناسیۆنالیزم و زمانی زانست
زمان دەکرێ بەشێکی گرینگی ناسنامەی نەتەوەیی بێت، هۆکارێک بێت بۆ هەستکردنی نەتەوەیەک بە جیاوازیی خۆی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا. لە مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستاندا، بەتایبەتی لەو بەشەی کوردستان کە بە دەوڵەتی عێراقەوە لکێنراوە، هەمیشە داننان بە زمان وەک بابەتێکی گرینگی دانوستاندن مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. تەنانەت لەو کاتانەدا کە ئاسان نەبووبێت مافە سیاسییەکان بهێنرێنە دی، هەوڵدراوە مافە کولتوورییەکان و لەنێویشیاندا خوێندن و نووسین بە زمانی دایک بچەسپێنرێ. لەو بارەشدا، سەرکەوتنێک بەدی هاتووە. ئەمە تەنانەت بۆ خەباتی سیاسی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش راستە. لە کوێدا خەبات هەبووبێت، پێداگیری کراوە لەسەر داننان بە زمانی نەتەوایەتی.
بۆ پرۆژەی هاوچەرخی ناسیۆنالیزمی کوردی زمان خزمەتی ئەرکێکی سەرەکی کردووە، مەبەست هێشتنەوەی جیاوازییەکانی کوردە لەگەڵ دراوسێکانیدا. خۆ ئەگەر زمانی لێ بهێنیتەدەر، کورد وەک نەتەوە هاوبەشیی زۆری هەیە لەگەڵ دراوسێکانیدا. بۆ وێنە باوەڕداربوون بە هەمان دین، ئەگەر تەنیا لە ئاستە کولتووریەکەشدا بێت، هاوبەشییەکی روونە. راستە وردە جیاوازیی زۆر هەیە لە نێوان کورد و عەرەب و فارس و تورک (مەبەست وەک کۆمەڵگا و کولتوور)، بەڵام زمان هەمیشە وەک جیاوازیی هەرە زەق دیارە لە نێوان ئەو میللەتانەدا. هەربۆیەشە، بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی هەمیشە زمانی وەک ئامرازێکی سەرەکی خستووەتەگەڕ بۆ هێشتنەوەی جیاوازییە نەتەوەییەکان لەگەڵ نەتەوە هاوسێکانیدا.
سەرەڕای ئەوەی گوترا، لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵی رابردوودا، ئێمە لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی جۆرێک لە دژیەکی بووینەتەوە لە پەیوەندی لەگەڵ زماندا. لەلایەک زمان وەک بەشێکی هەستیاری هەستی نەتەوایەتی سەیر کراوە و پاراستن و پەرەپێدانی بە ئەرک دانراوە، لەلایەکی دیکەشەوە درکمان بەو راستییە تاڵە کردووە کە زمانی کوردی ناکرێ وەک زمانی زانست مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ.
پێویستە ئەوە روون بکەمەوە کە من ناڵێم زمانی کوردی ناتوانێ ببێتە زمانی زانست، بەڵکو ئەوەی گەرەکمانە بیڵێین، ئەو راستیەیە کە تا ئێستا هەژارییەکی رەها بەدی دەکرێ لەڕووی کتێب و نووسراوی زانستی بە زمانی کوردی. رەنگە هەموو کتێبخانە و داتابێسە ئەلیکترۆنییەکان بگەڕێیت چەند ناونیشانێکی کوردیت دەستنەکەوێت لە بواری پزیشکی، یان فیزیا، یان جیۆلۆجیا. لە بواری زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکانیشدا بارودۆخەکە زۆر باشتر نییە. بەشێوەیەکی گشتی، نووسینی زانستی لەو بوارانەدا ئێجگار دەگمەنە. لەم چەند ساڵەی رابردوودا هەندێ هەوڵ دراوە بۆ وەرگێڕان لە زمانی دیکەی وەک عەرەبی و فارسی و تا رادەیەکیش ئینگلیزییەوە. سەرەڕای گرنگیی ئەو هەوڵانە، نابێ دیسان ئەو راستیە فەرامۆش بکرێ کە وەرگێڕان تائێستا نەبووەتە هەوڵێکی بە دامەزراوییکراو لە کوردستاندا.
وەرگێڕان بۆ کوردی، تا ئێستاش وەک هەوڵی تاکەکسی هەبووە. هەر کەسێک لە شوێنی خۆیەوە نووسینێک یان چەند نووسینێک وەردەگێڕێ. زۆرجار بەبێ پێداچوونەوەی زمانەوانی و زانستیی ورد، تێکستە وەڕگێڕدراوەکە تێدەپەڕێت و چاپ دەکرێت.
هاوشان لەگەڵ ئەوەدا، کێشەی چەمک و زاراوەی زانستیمان هەیە. تەنانەت لە بواری زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتیەکاندا، زۆرجار ماتەڵی چەمک و زاراوە دەبین بۆ هێنانە سەر کاخەز و قسەکردن لەسەر شتەکان. هەموو ئەوانەی ئەزموونی وانەگوتنەوەیان هەیە لە زانکۆکان، ئاگاداری ئەو راستیەن کە زۆر جار قوتابیانمان داوا دەکەن ناونیشانی کتێب و سەرچاوەی کوردییان پێبدەین. بەڵام ناتوانین، چونکە یان لەو بوارانەدا سەرچاوەمان نییە، یانیش ناتوانین بە تەواوی متمانە بە شتە وەرگێڕدراوەکان بکەین. ئەمە راستە بۆ بابەتە زانسییەکانی دیکەش. بۆ وێنە ئەگەر کەسێک گەرەکی بێت خۆی فێری ئینگلیزی بکات، هەر لە گووگڵدا چەندین بابەتی باشی دەستدەکەوێ. خۆ ئەگەر هەندێک زیاتر زەحمەت بکێشێ و سەرێکی بازاڕ بدات، دەیان و سەدان CD و DVDی زۆر سەرنجڕاکێشی دەستدەکەوێت. چەند جارێک هاتووەتە پێش، هاوڕێ بیانییەکان داوای ئامۆژگارییان لێکردووین بۆ فێربوونی زمانی کوردی. لەبەر نەبوون یان زۆر دەگمەنبوونی ماتریالی کوردی نەمانتوانیوە زۆر یارمەتییان بدەین.
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا هەندێ دەستکاریی سیاسەتەکانی خۆی کردووە بە ئاراستەی بایەخدان بە زمانی ئیگلیزی لە خوێندنی باڵادا. بۆ وێنە، داوای تاقیکردنەوەی باوەڕپێکراوی نێودەوڵەتی وەک تۆیفل و ئایلتس دەکەن لە کاندیدانی ماستەر و دکتۆرا. بە هەمان شێوە، لەم دواییەدا، دیسان داوای باوەڕنامەی باوەڕپێکراوی توانستی زمانی ئینگلیزی دەکەن بۆ ئەو کەسانەی داوا دەکەن ببنە مامۆستا لە زانکۆکاندا. لەوەش زیاتر لە رووی پرۆگرامەوە، هەندێ دەرسی ئینگلیزییان بۆ پرۆگرامی ساڵی یەکەمی زانکۆکان زیاد کردووە. هەموو ئەمانە بە ئومێدی پەرەپێدان بە زمانی زانستی ئەنجامدراون.
ئەمانە ئەوە دەردەخەن کە هەرچەندە زمانی کوردی بۆ ئێمە گرنگ و خۆشەویست بێت، ناتوانین نکۆڵی لەو راستییە بکەین کە ئێمە پێویستمان بە برەودان بە زمانێکی دیکە هەیە (لە کاتی ئێستادا ئینگلیزی) وەک زمانێک بۆ زانست و خوێندن.
لە راستیدا پێویستە لەسەر ئاستی باڵای سیاسیی هەرێمی کوردستان کار بۆ داڕشتنی سیاسەتێکی نیشتمانی بکرێ بۆ: یەکەم، بەزانستیکردنی زمانی کوردی و دووەم، بایەخدان بە زمانی ئینگلیزی لە بواری پەروەردەدا. ئەم دوو ئاراستەیە پێویستە لەگەڵ یەکدا بڕۆن. نابێ هیچیان ببنە جێگرەوە بۆ ئەویتریان. بەم شێوەیە، رەنگە بتوانین لەلایەک نەک هەر پارێزگاری لە زمانی کوردی بکەین، بەڵکو پەرەشی پێبدەین و لەلایەکی دیکەشەوە دەرگایەکی فراوان بکەینەوە بۆ ئاگاداربوون لە پێشوەچوونی زانستی کە بە زمانێکی دیکە دەستمان دەکەوێت. بەم شێوەیە، دەگونجێ زمانی ناسیۆنالیزم و زمانی زانست ئاشت بکەینەوە.