جه‌هه‌په و کۆبانی: مێژوو ئاوه‌ژوو ده‌بێته‌وه
به‌پێی مێدیاکان پارتی گه‌لی کۆماری (CHP) داوای هاوکاری به په‌له‌ی کردووه بۆ شه‌ڕڤانانی یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل و رێگرتن له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی کۆبانی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام (داعش)ه‌وه. له‌وباره‌یه‌وه ره‌خنه‌ی توندیان له ئه‌ردۆغان گرتووه و به‌وه تۆمه‌تباری ده‌که‌ن که ده‌بوو حکومه‌ته‌که‌ی ئاک‌پارتی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه رێڕه‌وی هاوکاری بۆ فریاکه‌وتن و فریاگوزاری خه‌ڵکی سڤیل بکردایه‌ته‌وه و چاره‌نووسی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی راده‌ستی کاره نامرۆڤانه‌ییه‌کانی داعش نه‌کردایه.
راستییه‌که‌ی هه‌ڵوێستی له‌و جۆره بۆ ساتێکیش بێت مرۆڤ دڵخۆش ده‌کات، به‌ڵام به‌گه‌ڕانه‌وه بۆ مێژووی ئه‌و حزبه و ساڵانی فه‌رمانڕه‌وایی جه‌هه‌په به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش له‌نێوان ساڵانی 1923- 1950 هه‌ر زوو مرۆڤ له‌و دڵخۆشییه په‌ژیوان ده‌کاته‌وه ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بێت له‌وه‌ی که ئه‌وه جۆرێک نییه له موزایه‌ده‌ی سیاسی به‌فۆرمی تورکی.
پارتی گه‌لی کۆماری بڕیارده‌ری یه‌کلایه‌نه بووه له نووسینه‌وه‌ی یه‌که‌م ده‌ستووری تورکیا له ساڵی 1924، بنه‌ما گشتییه‌کانی نێو ئه‌و ده‌ستووره گه‌لێک هێڵی سووریا‌ن له‌ڕێگای داننان به مافی نه‌ته‌وه و که‌مینه‌کانی تری تورکیا داناوه که به‌پێی ئاماره‌کان نزیکه‌ی 26 نه‌ته‌وه‌ی جیاواز له‌نێو جوگرافیای سیاسی تورکیادا ده‌ژین.
مادده‌ی 3ی ده‌ستووری تورکیا که دوای 17 جار له هه‌مواری ده‌ستووری و 4 جار نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووره‌که هیچ گۆڕانکاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، مادده‌که بنه‌مایه‌کی جێگیرکردووه که ده‌ڵێ (تورکیا یه‌ک نه‌ته‌وه، ئاڵا و زمانی هه‌یه).
له‌وکاته‌وه تائێستا هیچ هێزێکی سیاسی نه‌یتوانیوه به‌ئاشکرا باس له گۆڕانکاری له‌و مادده‌یه‌دا بکات، ته‌نانه‌ت پارتی داد و گه‌شه‌پێدانیش که له ساڵی 2002ه‌وه یه‌کلایه‌نه فه‌رمانڕه‌وایی تورکیا ده‌کات به‌ڕوونی باس له گۆڕینی ئه‌و مادده‌یه ناکات ئه‌گه‌رچی ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌ک ده‌ستوور بنووسێته‌وه که تا ئه‌ندازه‌یه‌ک دڵی کورده‌کانیش رازی بکات.
له بیبلۆگرافیای سیاسی پارتی گه‌لی کۆماری دۆزی کورد دۆزێکی دانپێدانراو نه‌بووه، یه‌که‌م سه‌رۆکی جه‌هه‌په مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورک، پاشان عیسمه‌ت ئونونو که دووه‌م سه‌رۆکی جه‌هه‌په و کۆماری تورکیایه تا ده‌گاته ده‌نیز بایکال که به‌هۆی سکانداڵه سێکسیهکهیهوه له مایۆی 2010 له سه‌رۆکایه‌تی جه‌هه‌په وازیهێنا و بۆ ئێستایش که که‌مال کلیچدار ئۆغڵو سه‌رۆکه بۆچوونی روونیان سه‌باره‌ت به دۆزی کورد نه‌بووه، ته‌نانه‌ت له پرۆژه‌که‌ی ده‌نیز بایکال سه‌باره‌ت به‌چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ (باکووری کوردستان) چاره‌سه‌رکردنی دۆزی کورد له چاکسازی له بواری کشتوکاڵ و بازرگانیدا کورت کرابووه‌وه.
هه‌ڵوێستی ئێستای جه‌هه‌په سه‌باره‌ت به‌هاوکاریکردنی کۆبانی و ره‌خنه‌گرتن له سیاسه‌ته‌کانی ئه‌ردۆغان ته‌نیا یه‌ک ره‌هه‌ندی ئاماژه‌کانی گۆڕانێکی تاکتیکی نییه له سیاسه‌تی جه‌هه‌په، به‌ڵکو هۆکاری تریشی هه‌یه که ده‌کرێت به‌کورتی له‌سه‌ری بووه‌ستین:
یه‌که‌م: ئاماژه‌ی پێده‌که‌مه‌وه که سیاسه‌تی ئێستای جه‌هه‌په به‌رانبه‌ر به کۆبانی سیاسه‌تێکی ستراتیژیی نییه، به‌ڵکو تاکتیکییه له‌پێناو قۆناغێکی تری سیاسی که له ناوه‌ڕاستی 2015 به‌هۆی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی تورکیاوه ده‌ستپێده‌کات.
دووه‌م: دۆزی کورد فۆرمێکی جیهانیی وه‌رگرتووه، ده‌رکه‌وتنی کورد له‌نێو سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا (که سه‌ره‌تاکه‌ی له هاوکاری و پاراستنی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستانه‌وه ده‌ستیپێکرد) به‌رچاوی زۆر که‌س و هێزی رونکرده‌وه که سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک کورد ده‌بێته کاره‌کته‌رێکی سه‌ره‌کی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
سێیه‌م: ناڕوونی سیاسه‌تی ئاک‌پارتی له دژایه‌تیکردنی تیرۆر و تۆمه‌تبارکردنی به بوونی په‌یوه‌ندی حکومه‌ته‌که‌ی داود ئۆغڵو له‌گه‌ڵ داعش، بوونه بابه‌تی باش به‌ده‌ست حزبه‌کانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیای له وێنه‌ی جه‌هه‌په و مه‌هه‌په، تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی له‌کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری تورکیا که‌مال کلچدار ئۆغڵو بهئاشاکرا وتی ئه‌ردۆغان هاوپه‌یمان و پشتیوانی داعشه.
چواره‌م: ئه‌و هه‌ڵوێسته لاکردنهوهیهکه به‌لای شه‌قامی کوردی به‌وه‌ی پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان ئاماژه‌یه‌ک بخه‌نه‌ڕوو که جه‌هه‌په له‌گه‌ڵ بوون و مافی کورده و ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ستبهێنێت ده‌توانێت کاری جددی بۆ چاره‌سه‌ری دۆزی کورد بکات.
پێنجه‌م: ره‌نگه جه‌هه‌په بیه‌وێت به‌و هه‌ڵوێسته‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریکا بباته پێشه‌وه و خۆی وانیشان بدات که ئه‌و هیزێکی شیاوه بۆ ئه‌وه‌ی رێبه‌رایه‌تیکردنی تورکیا بکات به‌وه‌ی هه‌ردوولایان پێچه‌وانه‌ی ئاک‌پارتی و ئه‌ردۆغانن و پێیانوایه په‌یه‌ده هێزێکی تیرۆریستی نییه.
راسته کاتێک جه‌هه‌په ده‌یه‌وێت خاوه‌ندارێتی له هه‌ڵوێستی دروستی شه‌قامی تورکی سه‌باره‌ت به‌هاوکاریکردنی کۆبانی بکات مێژوویه‌کی پڕ له چه‌وساندنه‌وه و دژوه‌ستانه‌وه‌ی مافی کورد له‌لایه‌ن ئه‌و حزبه‌وه ده‌بینین، به‌ڵام ئایا نابێت بڕوامان به‌گۆڕانکاری هه‌بێت له سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست؟
ئه‌وه‌ی جه‌هه‌په ده‌یکات، سه‌ره‌ڕای زۆر سیاسه‌تی نادروستی له‌ئێستایشدا به‌رانبه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد له تورکیا، به‌ڵام ئاماژه‌یه‌کی باشه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێده‌چێت ئاک‌پارتی و سه‌رۆک کۆماری تورکیا ناچار به گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تێکی دروست به‌رانبه‌ر به کۆبانی و کوردانی رۆژئاوای کوردستان بکه‌ن.
ئێمه ده‌بینین هه‌ڵوێستی جیاواز به کۆبانی و په‌که‌که له تورکیا هه‌یه، ئاک‌پارتی هه‌ردووکیان به تیرۆریست ده‌زانێ، به‌ڵام جه‌هه‌په جیاوازی له‌نێوانیان ده‌کات و پێیوانییه په‌یه‌ده هێزێکی تیرۆریستی بێت.
ئه‌م گۆڕانه، به‌وه‌ی په‌یه‌ده هێزێکی ئازا و بهرخۆدانکار و کۆبانی-یش پێویسته هاوکاری بکرێت له سیاسه‌تی جه‌هه‌په شتێکی باشه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاسۆبهخشه هاوکات کاریگه‌ری له‌سه‌ر باشتربوونی سیاسه‌تی ئاک‌پارتی به‌رانبه‌ر کۆبانی و رۆژئاوا ده‌بێت و کوردان دوورده‌که‌ونه‌وه له ئه‌گه‌ری روودانی جینۆسایدێکی تر له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک. له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌کانیشدا نابێت دڵنیابین له‌وه‌ی ئه‌وه‌ی جه‌هه‌په سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستێکی ستراتیژیی به‌رانبه‌ر دۆزی کورد.
*به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌نیستتیوتی نارین بۆ توێژینه‌وه و بڵاوکردنه‌وه