پلانی چین بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگییەکان و دروستکردنی داهاتوو به‌یه‌كه‌وه‌

لە ئێستادا، خولێکی نوێی ململانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل تووند دەبێتەوە و ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداری لە نێو خەڵکی سڤیلیدا لێکەوتووەتەوە، ئێمە زۆر دڵتەنگین بە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززە و له‌ سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە، چین پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هه‌بووه‌‌، هەڵوێستەکانی خۆی راگەیاندووە و لە زۆر بۆنەدا چالاکانە دانوستانەکانی ئاشتیی پێشخستووە.
 
پرسی فەلەستین هەر وەک ناوەکی پرسی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەمێنێتەوە و، برینێکی خوێناوییە کە تائێستاش لە جیهانی ئەمڕۆدا کراوەیە. ئەم ململانێیە جارێکی دیکە، زۆر کارەساتبارانە، سەلماندی کە رێگای سەرەکیی دەربازبوون بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین لە جێبەجێکردنی تەواوی "چارەسەری دوو دەوڵەت"دایە، دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئاشتیی راستەقینە به‌ زووترین کاتدا و بەدیهێنانی مافە رەواکانی نەتەوەی فەلەستین. چین دەستپێشخەری زۆری بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین خستووەتەڕوو لە هەوڵێکدا بۆ پێشخستنی چارەسەرێکی گشتگیر و دادپەروەر و بەردەوام بۆ ئەم پرسە. لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا، شی جینپینگ، سەرۆکی چین دیدگایه‌كی سێ خاڵی بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین خستەڕوو، جەختی لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین و زیادکردنی پەرەپێدان و یارمەتییە مرۆییەکان بۆ فەلەستین كرده‌وه‌ و، پابەندبوون بە ئاڕاستەیەکی دروستی دانوستانەکانی ئاشتی، کە پشتگیرییەکی بەرفراوانی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەرگرتووه‌.
 
جیهانی ئەمڕۆمان گۆڕانکاریی گەورەی بەسەردا دێت کە لە ماوەی 100 ساڵدا هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌، کێشەی هەمەچەشنی کۆن و نوێ و دژایەتییە ئاڵۆزەکان کارلێک لەگەڵ یەکدی دەکەن. پرسه‌ گه‌رمه‌كانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوبەناو پەرەدەسەنن و، دەستوەردانی دەرەکیش هۆکارێکی گرنگه‌ کە ئاشتی و سەقامگیری تێکدەدات و کاریگەری لەسەر ئاسایش و سەلامەتیی هەمیشەیی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت. لە هەندێک ناوچەدا مافی مانەوە و گەشەپێدان کە بەشێکی بنەڕەتیی مافەکانی مرۆڤن، ماوەیەکی زۆرە سنووردار كراوه‌، ئەمەش بووەته‌ هۆی ململانێی توندووتیژ و رووبەڕووبوونەوەی سەربازی. بە سەیرکردنی جیهان، کاتێک پرسە جیهانییە گەرمەکان پەرەدەسەنن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێت بگاتە کۆدەنگی، حیکمەت و پلانی چین رۆڵی ده‌بێت.
 
چین لە رێگای هاودەنگی و هاوئاهەنگییەوە به‌رده‌وام  پشتیوانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی كردووه‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئاسایشی هه‌رێمی و، پاڵپشتیی گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سەربەخۆ رێگەکانی گەشەپێدانی خۆیان بدۆزنه‌وه‌، چین هاوئاهەنگی له‌گه‌ڵ وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ده‌كات بۆ دروستکردنی پشتێن و رێگەیه‌كی بەهێز و جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی گەشەپێدانی جیهانی بۆ گەیشتن بە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانیی هاوبەش و، جێبەجێکردنی دەستپێشخەریی ئاسایشی جیهانی بە مەبەستی بانگهێشتكردن بۆ دامەزراندنی هه‌یكه‌لێكی ئەمنیی هاوبەش و گشتگیر و بەردەوام لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. دەستپێکردنەوەی پەیوەندییه‌ دیپلۆماسییه‌كانی نێوان سعودیە و ئێران بە نێوەندگیری چین لە رووی مێژووییەوە بەدیهات، لێره‌شدا حیکمەت و پلانی چین به‌شدارییان له‌ چارەسەرکردنی پرسه‌ گەرمەکانی ناوچەکەدا كرد لە رێگای سیاسەتەوە. راستییەکان سەلماندوویانە کە تەنیا بە پابەندبوون بە چەمکی کۆمەڵگەیەک خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی، كاركردن به‌یه‌كه‌وه‌، پشتیوانی و هاوکاریکردنی یه‌كتر، دەتوانین هه‌ماهه‌نگییه‌كانمان بەرز بکەینەوە و، بەسەر سەختییەکاندا زاڵ بین و به‌یه‌كه‌وه‌ داهاتوو دروست بکەین.
 
ئەم ساڵ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ 10یه‌مین ساڵیادی راگه‌یاندنی چەمکی بونیادنانی کۆمەڵگەیەک خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایه‌تی، له‌لایه‌ن سه‌رۆك شی جینپینگه‌وه‌. لە 26ـی ئەیلوولدا، چین كاخه‌زێكی سپی بە ناونیشانی "کۆمەڵگەیەک خاوه‌ن داهاتوویه‌كی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی: پێشنیار و رێوشوێنەکانی چین"ـی بڵاوکردەوە، کە بە شێوەیەکی گشتگیر چەمکی قووڵی کۆمەڵگەیەکی خاوەن داهاتوویه‌كی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی روون دەکاتەوە و، کورتەیەک لە دەستکەوتە گەورەکانی ماوه‌ی ئه‌م ده‌ ساڵه‌دا كورت ده‌كاته‌وه‌‌ و، ئاماژە بە رێگا دەکات بۆ هەموو مرۆڤایەتی بۆ بونیادنانی جیهانێکی باشتر به‌یه‌كه‌وه‌. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، پراکتیکی بونیادنانی کۆمەڵگەیەک خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی بەردەوام پێشکەوتووە و ئەنجامێکی گشتگیر و پێشەنگ و بەرهەمداری بەدەستهێناوە و دەستپێشخەری پشتێن و رێگا نموونەیەکی زیندووە بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەک خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی.
 
لە 17 و 18ـی ئۆکتۆبەردا، سێیەمین دانیشتنی کۆڕبەندی پشتێن و رێگە بۆ هه‌ماهه‌نگیی نێودەوڵەتی لە پەکین بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، نوێنەرانی زیاتر لە 140 وڵات و زیاتر لە 30 رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆبوونەوە بۆ بەشداریکردن لەم چالاکییە گەورەیه‌ و ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا سه‌باره‌ت به‌ ئاینده‌. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، دەستپێشخەریی پشتێن و رێگا زیاتر لە سێ لەسەر چواری وڵاتانی جیهانی بۆ به‌شداریكردن بۆ خۆی راکێشاوە، هاندانی وەبەرهێنان بە بڕی نزیکەی یه‌ك ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی كردووه‌، زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژەی هه‌ماهه‌نگی پێکهێناوە،   420 هەزار هەلی کاری بۆ وڵاتانی بەشداربوو رەخساندووە و، توانیویه‌تی نزیکەی 40 ملیۆن کەس لە هەژاری رزگار بكات. لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، هه‌ماهه‌نگیی پشتێن و رێگا دوای قۆناخی داڕشتنی هێڵکارییەکان چووەتە قۆناخی جێبەجێکردنی وردەکارییە وردەکانەوە کە سوودی بەرجەستە و خۆشگوزەرانی بۆ گه‌لانی وڵاتانی به‌شداربووی دابینكردووه‌. 
 
سەرۆک شی جینپینگ لە گوتارە سەرەکییەکەیدا ئاماژەی بەوەدا، نەمریی رێگای ئاوریشمی کۆن لە مێژوودا بەند نییه‌ بە ئەسپ و رم و کەشتیی جەنگیی زرێپۆش و تۆپی قورسەوە، بەڵکو بە کاروانی حوشتر و نیازپاکی و کەشتیی بارهەڵگر و دۆستایەتییه‌وه‌ پەیوەستە و، رۆحی رێگای ئاوریشم كه‌ بریتییه‌ له‌ ئاشتی، هه‌ماهه‌نگی، کراوەیی، ئاڵوگۆڕی زانیاری، سوود وه‌رگرتن له‌ یه‌كتر و قازانجی هاوبه‌ش  گرنگترین سەرچاوەی هێزه‌ لە هاوئاهەنگیی بونیادنانی " پشتێن و رێگە". بۆ داهاتووش، لایەنی چینی هەشت هه‌نگاوی راگه‌یاند کەوا چین ده‌یگرێته‌به‌ر بۆ پشتگیریکردن لە بونیادنانی "پشتێن و رێگا" بە کوالێتیی بەرز.
 
لە ساڵی 2015ـدا، چین و عێراق بەڵگەنامەیەکی هه‌ماهه‌نگییان واژۆکرد بۆ به‌شداریكردن له‌ بونیادنانی پشتێن و رێگە بە هاوبەشی. لەو کاتەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بووەتە ئەندامێکی گرنگی خێزانی دەستپێشخەری پشتێن و رێگە، هەروەها کۆمەڵێک پڕۆژەی کوالێتیی بەرز له‌ چوارچێوه‌ی پشتێن و رێگە لە هه‌رێمدا جێبەجێ كراون. چین ئامادەیە دەرفەتی میوانداریکردنی سەرکەوتووانەی ئەم کۆڕبەندە بقۆزێتەوە بۆ بەشداریکردنی چالاکانە لە شەپۆلی گەورەی بیناسازی و گەشەپێدان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا و، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی کارکردنە دەست له ‌ناو دەست لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ بەرزڕاگرتنی چەمکی كۆمه‌ڵگایه‌ك خاوه‌ن داهاتوویه‌كی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی لەپێناو پێشخستنی بونیادنانی جیهانێكی کراوە و گشتگیر و پاک و جوان خاوه‌ن ئاشتیی هەمیشەیی و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هاوبەش.