جێندەر بۆ دەستەبەرکردنی ماف یان بەهانەیەک بۆ شێواندنی ناسنامە

جۆن ویلیام مۆنی نووسەر و زانای دەروونناس و سێکسناسی نیوزلەندی بەهۆی لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ناسنامەی سێکسی و بایۆلۆجیی رەگەز، بە باوکی دۆزینەوەی جێندەریزم ناسراوە. ناوبراو یەکەم توێژەر بوو کە تیۆرییەکانی لەسەر کاریگەریی بنیاتەکانی کۆمەڵایەتیی رەگەز لەسەر پێکهاتنی تاکە کەسی ناسنامەی رەگەزی بڵاوکردنەوە، بەڵام تاوەکو سەرەتای ساڵەکانی نەوەدەکان جێندەرناسی بە پرۆسەیەکی خاوو بەنێو نێوەندە ئەکادیمییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، ئاوڕێکی لە رابردوو بوو، چاوێکیشی لە داهاتوو، بەڵام دوایی جێندەر لە دیسپلینێکی ئەکادیمی گۆڕدرا بۆ نۆرمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بگرە ئابوورییش.
 
جیاوازیی پێناسەی نێوان جێندەر و سێکس یان رەگەز ئەوەیە کە رەگەز تەنها مێ لە نێر لەیەکدی جیاواز دەکاتەوە، ئەم پۆلینکردنەش پەیوەستی بە گۆڕانکاری لە سیفەتە بایۆلۆجییەکان هەیە کە سێکس پێکدەهێنن و چۆنێتیی دەربڕینی ئەو سیفەتانە لە یەکدی جیادەکاتەوە؛ بەڵام چەمکی جێندەر ئاماژەیە بۆ رۆڵ و رەفتار و دەربڕین و ناسنامەی کچان، ژن، کوڕ، پیاو و کەسانی رەگەزی جۆراوجۆر کە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بینا دەکرێن. بە مانایەکی دیکە و زۆر بە کورتی پێناسەی سێکس ئاماژەیە بۆ "تایبەتمەندییە بایۆلۆجی و فیسیۆلۆجییە جیاوازەکانی نێر و مێ، وەکو ئەندامی زاوزێ، کرۆمۆسۆم، هۆرمۆن و هتد." بەڵام جێندەر ئاماژەیە بۆ "تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییە بنیاتنراوەکانی ژن و پیاو - وەکو نۆرم، رۆڵ و پەیوەندییەکانی گرووپەکانی دیکە لەنێوانیاندا بەم وشانە رەگەزی مرۆڤەکان پێناسە دەکات مێ، نێر، ئینتەرسێکس، ترانس، ناتەبایی، کەسی و ئیونۆک.
 
ئەوەی لە ئێستادا زۆر باو و بگرە بە یاساش رێکخراوە ئەوەیە چیدی هاووڵاتی لە بەشێکی زۆری جەمسەری باکوور (رۆژئاوا) ناچار نییە کە خۆی وەکو نێر یان مێ پێناسە بکات، ئەم هەنگاوەش زیاتر لە 30 ساڵە کاری لەسەر دەکرێت، لە سەرەتادا لە ئەمریکا و دواتریش لە ئەوروپا و ئێستا ئەم چەمکە بەرەو وڵاتانی جیهانی سێیەم یان تازە پێشکەوتوو هەنگاو دەنێت.
 
هەرچەندە جێندەر لە بنەڕەتدا هیچ پەیوەندیی راستەوخۆی بە جووڵانەوەی فێمینیزم نییە و بگرە دوو بابەتی زۆر جیاوازیشن بۆ؛ نموونە جێندەر لە حەفتا ساڵی رابردوودا لە قووڵایی توێژینەوە زانستی و ئەکادیمییەکان لەدایکبوو لەوێشەوە بازیدا بۆ نێو کۆمەڵگە و سیاسەتدا، بەڵام بە پێچەوانەی جێندەر، فێمینیزم جووڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریی مێینەیە کە سەرەتای ئەم جووڵانەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1848 بۆ یەکسانی و دادپەروەریی نێوان نێر و مێ، مافی دەنگدان دەستەبەرکردنی مافە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکان، مافی خاوەندارێتی موڵک بۆ ئافرەتان دەستیپێکرد.
 
بەڵام دیارە داواکاری لە خەباتی فێمینیزم بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە و بەپێی سەردەم داواکارییەکان و تێکۆشانی ئەم جووڵانەوەیە بە ئاراستەی پاراستن یان بەهێزکردنی رۆڵی ئافرەت هەنگاودەنێت کە بە دەگمەن ئەم گۆڕانکارییانە بەرژەوەندیی پیاو یان نێرینەی لەبەرچاو گرتوە. بە مانایەکی دیکە ئامانجەکانی جێندەر هەمەجۆرە و چەمکی یەکسانی و دادپەروەری بۆ مرۆڤایەتی کردووەتە دروشم، بەڵام فێمینیزم بزوتنەوەیەکی نایەکسان و توخمی رەگەزییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی فێمینیزم زیاتر لە هەر جووڵانەوەیەکی دیکە توانیویەتی سوود لە جێندەریزم وەربگرێت، بگرە بە شێوەیەک لە شێوەکان فێمینیزم خۆی بە خاوەنی بیرۆکە و ئامانجی جێندەریزم دەزانێت، کە ئەمەش وایکردووە لە هەندێک شوێنی دونیا ئافرەت بەتایبەتی و کەسانی دیکە لەژێر دروشمی جێندەربازی یان سیاسەتی تووندی فێمینیزم قورسترین باج بدەن.
 
ئەوەی لە ئێستادا لە کوردستان باسی لێدەکرێت، بەتایبەتی لەلایەن بانگخوازانی ئیسلامی سیاسی و بەناو کەسانی پارێزگار لە بەها و بنەما کۆمەڵاتییەکان ئەوەندەی پەیوەستی بە بەها تەقلیدییەکان و فکری ئایینی هەیە، ئەوەندە پەیوەست نییە بە لایەنی زانستی کۆمەڵایەتی و فیسیۆلۆجی و ئەناتۆمی، پێدەچێت ئەمەش لە بەرژەوەندیی رەوتی ئیسلامی سیاسیدا بێت، چونکە لە کۆمەڵگەیەک کە زۆرینە چاوی لە کەمینەیەکە بۆ دەستکەوتنی زانیاریی زۆر ئاسانترە بۆ بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگەیەک کە بەردەوام بەدوای بەهانەیەک دەگەڕێت بۆ دوورکەوتنەوە لە راستییەکان، کە بێگومان مەرج نییە راستییەکان لەگەڵ ئەو نۆرم و نەریتانە یەکبگرنەوە کە مرۆڤەکان لەگەڵی راهاتوون.
 
ئەوەی لە کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان و ناوەندە راگەیاندنە سێبەرەکان لەسەر ئەم بابەتە باس دەکرێت، رووبەڕووبوونەوەیەکی بانگخوازی ئیسلامییە سیاسییەکانی کوردستانە بەرامبەر بە هەندێک لە فێمینیستە تووندڕەوەکان، لایەنی یەکەم بە بیانووی پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و پارێزگاری لە ئایین بە ئەندازەیەک زێدەڕۆی لە شوناسی جێندەر و بابەتی وابەستە بە سیکسۆلۆجیا دەکەن کە جگە لە دروستکردنی ژینگەیەکی هەڕەشەئامێز و مەترسیدار و نادروست بۆ دوورخستنەوەی کۆمەڵگە لە راستییەکان هیچی دیکە دەستەبەر نابێت، کە لەم نێوەندەشدا هەموو بەها کۆمەڵاتییەکان کە لەسەر دونیای هاوچەرخ لە کوردستان بنیات نراون نامۆ کراون بە ئەندازەیەک کە سەنتەر و ناوەندە هونەری و ئەکادیمیەکانی ئافرەتان بە شوێنی لەشفرۆشی لەلایەن بەشێک لە بانگخوازانی ئیسلامی ناوزەند کراون! ئەگەر لە هەر وڵاتێکی دیکە بێت بە یاسا مامەڵەیەکی تووند لەگەڵ ئەو کەسانە دەکرێت کە کەسایەتیی کەسانێک یان کەسێک بریندار دەکەن. لە لایەکی دیکە هەندێک لەوانەی لە کوردستان خۆیان بە رابەر و پێشەنگ لە پارێزگاری لە مافی ئافرەت دەبینن لەژێر چەمکی فێمینیزم بە ئەندازەیەک رەگەزی پیاوی کوردیان ناشیرین کردووە کە پیاوی کورد هەندێک جار وەکو دڕندەیەک بینا کراوە، دیسان ئەمەشیان جگە لە کاردانەوە و دژبەیەکداچوون هیچی دیکەی بەدەستنەهێناوە و لە داهاتووشدا بەم تێڕوانینە هزری نێرینە بەرامبەر بە مێینە بە ئاراستەیەکی ئەرێنی ناگۆڕێت.
 
راستە کوردستان چەندین جار تاوان و ناهەقی بەرامبەر بە ئافرەتان کراوە، لەسەر بابەتێکی بچووک یان بگرە تەنها قسەیەک ئافرەت خەڵتانی خوێن کراوە، بەڵام دیسان ئەمەش پەیوەستە بە هۆشیاریی کۆمەڵگە و دابونەریتە تەقلیدییەکان پاشان یاسا، کە بە هزرێکی تووند یان بە هزر و لێکدانەوەیەکی دەرەکی رەوتی فێمینیزم ناتوانێت ببێتە بەشێک لە چارەسەر، بگرە ئەگەر بە وریایی مامەڵەی لەگەڵ نەکرێت، کاریگەریی پێچەوانەی زیاتر دەبێت، بۆ نموونە جێگیرکردنی بڵندگۆکان لەسەر باڵەخانە گشتییەکان بۆ بانگەشەکردنی پاراستنی مافی ئافرەت، کە وایکرد کاردانەوەیەکی تووند و هەڕەشەئامێزی بەدوای خۆیدا هێنا و پاساوی زیاتر بۆ کۆکردنەوەی دەنگی ناڕەزایی بەرامبەر بە مافی مێینە لەخۆ بگرێت.
 
ئەوەی لە کوردستان پێویستە رووبدات ئەوەیە کە دیبەیتی زانستی، لەلایەن کۆمەڵناسان، ئایینناسان، پۆلەسی دروستکەرەکان لە حکومەتدا بۆ گونجاندن یان ناسینەوەی جێندەرناسی کە لەگەڵ نەریت و نۆرمی لایەنە کۆمەڵایەتییەکان بگونجێنێت دەستپێبکات، دیارە دوورکەوتنەوەی ئەکادیمیستەکان و زانایانی ئایینی و بێدەنگیی لایەنی پەیوەندیدار لەمە زیاتر، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان ساڵانێکە ئەم پرسە بووەتە پرسێکی ئەکادیمی و لەڕووی زانستییەوە کاری لەسەر دەکرێت، ئەوا وەکو دێبی هایتۆن دەڵێت: ئەگەر واز لە ئیفادەی پسپۆڕان بهێنین، رەنگە خۆمان لەژێر رەحمەتی هەر کەسێکدا ببینینەوە کە بە دەنگی بەرز هاوار دەکات.
 
ئەوا بێگومان بابەتی جێندەر لە چەمکێکی ئەکادیمی و رەوتێکی سیاسی دەگۆڕێت بۆ تووندڕەوی و گۆشەگیرکردنی بەشێکی کۆمەڵگە کە لەکۆتاییدا کۆمەڵگەی کوردستانی باجی گەورەتر دەدات.
 
*ماستەر لە پەرەپێدانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی نیوکاستل - نۆرسئەمبریا، نووسەر و شاره‌زا لە کاری رێکخراوەیی و خێرخوازی، شرۆڤەکاری سیاسی لە پەرەپێدانی مرۆیی